نەژاد عزیز سورمێ
لەو دیو جامخانە شینەکانەوە دەیانبینملەو دیو جامخانە شینەکانەوە دیتنملەو دیو جامخانە شینەکان،دەستیان لە پرچى شیعرم نابووئاگریان بەڕوودا دەپرژاندم
تێلنیشان
نەژاد عزیز سورمێ
ئایا باشتر نییە وەرگیر قاتلێک کەوى
تا وەگیر خەیاڵى ژنێکى هەوەسباز؟
(نیتچە)
(1)
سنوورى کۆچەریان لەو سۆزەوە دواى هات/ پێخوستى
ئەرخەوانى پێوە بوو.../ سۆماى چاوم مینا بوو/ سایە
بێهاوتا.... بێنەزیر/ کنێر پاڵپشت/ تەم بەرکۆژە.../ تۆ
نیگارێک نى مەکۆى سیحر و ئەفسانە/ تۆ بێشەڵانێکى،
جوانى و دڕەندەیت پێکەوە تێدایە.../
دنیا لە سەهەندى گومڕاییدا نووستووە،
ئەو پیاوە سادە و دڵپاکە نەبێ
دەڕوا پێ لەدڵى خۆى دەنێتەوە
دڵى شووشە
لەیارى پێکردندا شکابوو
مارەزیو،
دڕندەى جەنگەڵان، پەسیوى پیلان
مارەزیو شایانى تەلارى دڵ نەبوو
شایانى تەلارى مینابەند نەبوو مارە زیو.
(2)
(کارێ)، لە هەیوانى ڕوونایی/ فرمێسکباراندا هاتووە... /
/ ڕووبەندى هەواداریە/ گۆشەى ڕەشداگەڕاو/ چاو کەوشەنى
ئەوانى بڕیوە و بەردەوامە.../ (کارێ)، پاسارییە؟/ نا/ کارێ
هەناسەى ڕەشى سەردەمە؟/ بەڵێ.
نێرگسى گوڵڕەنگى بینایی بوو
فیراق نەورەسى تەنیایی
نەدیوارى خانەقا ما،
نەبەر ئاستانەى خەرابات
ئیدى مەدەدیار لەکامە ڕووگە
لەشەیدایان دەردەکەوێ؟
(3)
ژانرى چی دادڕەس؟/ درەختى مەوسیمە/ نادیدە.../ تیرى
غەدر لە بەیان دەگرێ/ تەتەر بە دەردیان نەخوارد/ مۆسیقا...
ئاواز/ لە کوێى مردنن؟
خۆزگەکانم گوڵیان دا
گوڵنار چەترى خەرامان بوو
ئەوە من نیم سنوورى تەم دەبڕم
ئەوە ئاوێنەى (کارێ)یە
شەوق لە سۆز دەداتەوە.
(4)
کێ واى کرد وێنەى خۆمان نەناسینەوە؟/ توحفەیێک بوو لە
مۆزەخانە/ بەڵام هەڵنەواسرا بوو/ هەڵپەسێردرا بوو.../
لافاویش هات/ ئێمە هەر تینووەکەى جارانین.../ زەنەکە.../
/زەنەکە... زەنەک /
چیا نایەڵێ بخەوم،
چیا نەیانهێشت بخەوم
چیا تەماشامان دەکەن،
چیا تەماشایان کردین،
چیا دەبینن چ دەکەین.
چیا بینیان چمان کرد...
چیا ئیتر باوەشمان بۆ ناکەنەوە
چیا ئیتر تێمانگەیین چ ماڵێکین
چیا نایەڵن بخەوم.
(5)
باران بوو خۆڵەمێشى دامرکاندەوە.../ بەى بوو/ قوببەى
هەڵداشتە فڕۆکەخانەکان.../ هەورازێکى سەخت نەبوو/
ئەگینا شەو هەر من دەزانم چی پێ دەکردین/ ئارێ!
ماسکفرۆش بازاڕیانە/ ئارێ (کارێ)یشى تێدا بەشدارە!
لەو دیو جامخانە شینەکانەوە دەیانبینم
لەو دیو جامخانە شینەکانەوە دیتنم
لەو دیو جامخانە شینەکان،
دەستیان لە پرچى شیعرم نابوو
ئاگریان بەڕوودا دەپرژاندم
بانگ هەر جارێک بوو:
خوداحافیز مەوسیمى خایین.
(6)
فیراق پێشوتارى کتێبێک بوو/ بە شەختە نووسرابووەوە.../
باڵ بە باڵدارانەوە.../ وچان بە سیماى ماندوو.../ (دیسان شەوهات)/
(کارێ) شەوبەشارە.../ ئەرێ ماندبوو نەبووى
کارێ؟/
سپێدە بەوازى ئێمە ڕوون دەبووەوە
سپێدە بەوازى ئێمە ڕوون ببووەوە
خەنەبەندانى ڕووبەند و
شینى سایەى ڕەشماڵان... بوو
سپێدە ئەى دڵ درێژدەبێتەوە
درێژدەبێتەوە، درێژ
تا دەستى بە بووڵێڵ ڕا دەگا و
نایەڵێ تاریک دابێ.