ما 2075 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 ئازاد کەریمی

کوردستان مێژوویێکی دوورودرێژی لە شەڕی ئایینیداهەیە، شەڕی سپینتە و ئەنگەرە، شەڕی ئەهورە مەزدا و ئەهرێمەنە،... بەڵام خۆی بکەری شەڕ نەبووە بۆ وێنە خەسرەوانی ساسانی بە نوێنەرایەتی ئایینی زەردەشتی لە گەڵ جوولەکەکان، مەسیحیەکان، میتراییەکان، دینەوەریەکان، بەدینەکان و بوداییەکان شەڕیان کردوە.

 

 

کاکەییەکان کێن؟ (٧)

ئازاد کەریمی

 

محەمەد کاتێ بانگەوازی دینەکەی خۆی کرد ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نوقمی ئەندێشەی سۆفیگەری بوو. عارفەکانی مەسیحی، جوولەکە،مەندایی (سۆفیەکانی یەحیا)، میترایی (مێهرانەکان)، زوروانی،مەزدایی (لایەنگرانی زەردەشت) گاور (سۆفیەکانی خدر)، هۆریانی (سۆفیەکانی ئیلیا)، دینەوەری (سۆفیەکانی مانی)، بەدینی (لایەنگرانی مەزدەک)، لە کوردستان، بابل و ئیسراییل خەریکی نووسینی کتێبە سۆفییانەکان بوون. ئایینی زەردەشتی (مەزدایی) ببوو بە داردەستی کۆمەڵی موپت وپیاوی ئایینی و دیوانی پاشایەتی ساسانی ببوو بە گۆڕەپانی ململانێی مۆپتەکان. هەرکەس بیویستبایە ڕێفۆڕم یان سەرهەڵدانێک دژ بە دەزگای ئایینی بکات بە شێوازێکی تۆقێنەر سزا دەدرا، ئەوەی بە سەر مەزدەک و لایەنگرانی هات وانەیەکی لەبیر نەکراو بوو بۆ هەموو ئەو کەسانەی وا لە سنووری دەسەڵاتداری ساسانیەکاندا دەژیان کە ئەگەر بیر لە گۆڕینی ڕەوشەکە بکەنەوە بە فتوای موپتەکان "گوژەستە" واتە نەحلەتی یان "ملعون" دەبن و سزای نەحلەتیەکان کوژرانە. بۆ وێنە لە شەوێکدا دوازدەهەزار مرۆڤی لایەنگری مەزدەک بە زیندوویی سەریان لە قوڕدا چەقاندن و کوژران.

مەزدەک لە کوردانی ماد و شاگردی زەردەشتی خۆریان مەشهوور بە زەردەشتی دووهەم بوو. زەردەشتی دووهەم ساڵانێک لە بیزانس ژیابوو موتاڵای لە سەر بیرو بڕوای مەسیحیەت وفەلسەفەی یۆنانی قەدیم و ئەندێشەی ئەفلاتون کردبوو. لە ڕووم بە "پۆندوس" ناوبانگی هەبوو، پاشان هاتبووە بابل و بانگەوازی بیر و بڕوای خۆی دەکرد. زەردەشتی خۆریان بیری لە چاکسازی ئابووری دەکردەوە. بەڵام مەزدەک ئەو بیرۆکانەی بە کرداری و بە کردەوەیی دابەزاند و خەڵکێکی زۆر لایەنگری بوون. مەزدەک بڕوای بە خێر و شەڕی هەتاهەتایی بوو، بڕوای بە سەرکەوتنی هەتاهەتایی ڕووناکی بە سەر تاریکاییدا بوو (گەڕانەوەی میترا و سەرکەوتنی هەتاهەتایی ڕووناکی بەسەر تاریکاییدا). هەروەها خۆی و شوێنکەوتووەکانی پارێزیان لە خواردنی گۆشت وگۆشتەمەنی دەکرد و "ڕووەک خۆر" یان "کاڵخۆر" بوون و بڕوایان بەوە بوو ئەوەی خودا لە زەویدا ئافراندوویەتی  دەبێ بە یەکسانی لە نێوان خەڵک دا دابەش بکرێت بەڵام کەسانێ پەیدا بوون کە ستەمیان کرد و بەشی خەڵکی دیکەیان هەڵگرتەوە بۆخۆیان بۆیە دەبێ لەوان بستێندرێتەوە و بدرێتەوە بە نەداراکان.

چیرۆکی مانی بەقەد سەرەنجامی مەزدەک ناخۆش و تاڵ بوو. مانی نیگارکێش ونووسەر،"کوڕی پاتکی هەمەدانی بوو. دایکیشی ناوی مەیرۆ لە ڕەگەزی خەسرەوانی ئەشکەنە (اشکانی) بوو. مانی بە ڕێچکەی باوکی واتە سۆفیگەری دا ڕۆییشت. سۆفی یان سۆفیا بە واتای زانایی هەتاهەتایییە. مانی وا بیری دەکردەوە زانایی نوورێکە و کەوتوەتە نغرۆیی تاریکاییەکان و دەبێ یارمەتی بدرێ تاکوو لە تاریکایی بێتە دەرەوە. مانی بڕوای بە سمسارا یان تناسخ واتە دەونادون بوو. هەروەها خۆی بە ئامۆژگارواتە پیەغەمەری ڕۆشنایی و نوور پێناسە دەکرد،لەبەر ئەوەی ئامۆژگاریەکانی دەنووسی و بە زمانی کوردی کۆن "زەند" یان تفسیر و شیکردنەوەی بۆ دەکرد بە زەندیک مەشهوور بوو، هەروەها لایەنگرانەکەشی بە "دینەوەر" ناوبانگیان دەرکردبوو. مانی چەند پەرتووکی وەک گەنجی زیندەگان، ڕازان و ئارتهەنگ (کۆمەڵگەی دادپەروەر) نووسیوە. مانی زمانی ئارامی ڕۆژهەڵاتی دەزانی. ئارامی زمانی کوردانی کۆنە وزمانی سۆفیەکان بوو هێما و ئەلفوبێی ئارامی هەر لە کۆنەوە هەتا ئەم ڕۆژەش کە ئەم بابەتە دەنووسرێت زمانی نووسینی دۆعا و وێرد و نووشتەی سۆفیەکانە و هیچ ئایینێک نەیتوانیوە ئەم زمانە و لانی کەم ڕێزمانی ئارامی لە ناو ببات. هەروەها زمانی سریانی کە زمانی پیرۆزی زەند یان تەفسیرکردنی سۆفیەکان بوو هەر لە کۆنەوە کوردەکانی مێزۆپۆتامیا و ئازەربایجان نووسراوە ئەستێرەوانیەکان و ئامۆژگارییە فەلسەفیەکانیان بە سریانی دەنووسی.سریانی زمانی نووسینی پتان واتە سەروەرانی پیرۆزی میترایی لە مەزرابۆتان (باکوور-ڕۆژاوای کوردستان) وزمانی نووسینی مەدان واتە وتارخوێنەکان یان هەمان مۆغانی میترایی لە ئازەربایجانی کوردیی (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) دا بوو. سۆفیەکانی بابل و شارەزوور (باشووری کوردستان) بە هەمان دەستوور زمانی ئارامی یان بەکاردەهێنا بۆ وێنە تۆمارەکانی هەورامان بە کوردی ئارامی نووسراون. (لەم تۆمارانەدا گرێبەستی کڕین و فرۆشتنی چەند پارچە زەوی و ڕەز و باخ نووسراون. هی سەدەی یەکەمی پێش زایینن).

ئایینی مانی ڕەنگدانەوەی لە سەر ئایینی ئیسلام و مەسیحی هەبوو لە بەر ئەوەی ڕێبازێکی سۆفیگەری بوو کە بە شێوازێکی سانا و ساکار خۆی دەگێڕایەوە و لە کوردستان و بابل ومسر، تورکستان و چین دا برەوی پەیدا کرد. بەڵام دوژمنی زۆری هەبوو زەردەشتیەکان بەهرام شای ساسانی یان خستە ژێر زەختەوە و ئەویش بڕیاری کوشتنی مانی دا. مەسیحیەکان بە کافریان لەقەڵەمدا و ئیسلام دینەوەریەکانی بە زندیق پێناسە کرد.لە بەر ئەوەی دینەوەریەکان ئاژەڵ کوشتن بەلایانەوە ناڕەوا بوو بۆ تاقی کردنەوەی لایەنگرانی مانی لە سەردەمی عەباسی دا بڕیار درا هەرکەس سەری کەڵەشێرنەبڕێ زندیق واتە زەندیک و دینەوەرە و دەکوژرێت. هەر کەس کەڵەشێری نەدەکوشت دەردەکەوت دینەوەرە و دەکوژرا. هەروەک پێشتر باس کرا میتراییەکان کەڵەشێر (خۆرئوژ)یان خۆش دەویست چونکە بانگدەری نوور و ڕووناکییە و کوشتنی کەڵەشێر بەلایانەوە حەرام بوو. مانی لە سەدەی دووهەمی زایینیدا کوژرا و لایەنگرانیشی کەوتنە بەر شاڵاوی پاکتاو کردن،بەڵام کەسانێکی بەناوبانگ شوێنکەوتووی ئەم ئایینە بوون وەک زەکەریای ڕازی، مەنسووری هەلاج، ڕۆژبەیان ی دادوەی ناسراوبە "ابن مقفع" وهەروەها سەرگەورەی دینەورەکانی کوردستان "شادوەرمز".

 کاتێ سوپای غازیە موسڵمانەکان پەلاماری وڵاتی ساسانیان دا، کوردەکان بە گوێرەی فەرهەنگی ئاشتی پەروەرانەی چەندهەزارساڵەی سۆفیگەرییەوە خەڵکێکی بڕوامەند بە ئاشتی و پەیمان بوون لە لایێکی دیکەوە خەڵک لە ساسانیەکان ماندوو ببوون. خەڵک شەڕی پینەدەکرا،ئەگەر بیانکردایە بۆ خۆیان دەکرد نەک بۆ ساسانیەکان.غازییەکان بە وشەی صلح واتە ئاشتییەوە هاتن ولەگەڵ کوردەکان بڕیاریان مۆر کرد بەڵام بە کردەوە دژ بە پەیمانی ئاشتی مۆرکراوی خۆیان هەڵسوکەوتیان کرد و لە هەر دەرفەتێک بۆ پاکتاو کردنی کوردەکان کەڵکیان وەرگرت.

 ڕاستە! کوردستان مێژوویێکی دوورودرێژی لە شەڕی ئایینیداهەیە، شەڕی سپینتە و ئەنگەرە، شەڕی ئەهورە مەزدا و ئەهرێمەنە، شەڕی ئیزەدان وئەمشاسپەندان لەگەڵ دێوان، شەڕی ڕووناکیی و تاریکیی، شەڕی چاکە و خراپە. شەڕە ئایینیەکان لە خاکی ئەودا کراوە بەڵام خۆی بکەری شەڕ نەبووە بۆ وێنە خەسرەوانی ساسانی بە نوێنەرایەتی ئایینی زەردەشتی لە گەڵ جوولەکەکان، مەسیحیەکان، میتراییەکان، دینەوەریەکان، بەدینەکان و بوداییەکان شەڕیان کردوە، بەڵام ئەوان نوێنەرایەتی کوردەکانیان نەکردوە ساسانیەکان کوردەکانیان بە کەمترلە خۆیان پێناسە دەکرد بۆ وێنە "نەوشیروان خەسرەو"فەرمانڕەوای ساسانی لەگەڵ "هوتانشا" فەرمانڕەوای کرماشان و گۆران  لەسەر درووست بوونی ناکۆکی ئایینی شەڕێکی یەکجار گەورەی دەست پێ کرد و  خەڵکێکی زۆری لە کوردستان کوشت. هوتانشا بڕوای بە ئایینی دینەوەری بوو. نەوشیروان شا دوژمنی پلە یەکەمی دینەوەرەکان و بەدینەکان بوو.سوپایێکی گەورەی هێنایە سەر کوردانی گۆران وسۆفییەکی زۆری لە دینەوەریەکان و مەزدەکیەکان لە کرماشان کوشت.

 کولتوری کوردایەتی و خاکی کوردستان شانازی بە خۆیەوە دەکات کانگە و لانکەی حەوانەوەی ئایینەکان و پێکەوە ژیانی لایەنگرانی هەموو ئایینێک بووە. بۆ وێنە تەلمود پەرتووکی دووهەمی جوولەکەکان لە کوردستاندا نووسراوە و کۆنترین پەرستگەی فلاکان وکۆنترین قورئانی موسڵمانەکان لە کوردستاندایە. زەردەشت کوردە و مەزداپەرستی لە کوردستان سەری هەڵداوە هەروەها مەزدەک و مانی کوردستانین و ئایینەکەیان لە کوردستان برەوی تەواوی هەبووە.یان مەنداییگەری وسۆفیگەری خدر، سۆفیگەری ئیلیا، سۆفیگەری نۆ،پەرهام،شیت و هەنوخ (نوح، ابراهیم، شیث، خنوخ) کە ڕەگەزی لە ویژدان و ناخ وهزری مرۆڤی کورددا مانای هەیە و ئەوڕاستیەیە دەدرکێنێ: چیروانۆکی نوور و تاریکی و دادوەری و زوروانی بێکۆتایی زۆر زیاتر لەوەی بیری لێدەکرێتەوە لەم خاکە دێرینەدا مێژووی هەیە و نەک "اساطیرالاولین" ئەفسانە نیە بە پێچەوانەوە لە دەسپێکی "ازل" ەوە هاتوە و هەتا کۆتایی" ابد" درێژەی هەیە ئەگەر وا نەبێ تاریکپەرستەکان ئاڵای ڕەش هەڵنادەن بۆ مرۆڤکوژتن وخراپەکاری بەو مەبەستەی "ڕزگاردەری هەتاهەتایی" زووتر بگەڕێتەوە بۆ ئەم دنیا و دادپەروەی بچەسپێنێ. یارمەتیدانی "ڕزگاریبەخش و ڕستیاری هەتاهەتایی" تەنیا بە کردەوەی چاک وڕاستبێژی و زانایی دەکرێت نەک بە پەرەپێدانی پیسی و چەپەڵی بۆ ئەوەی"ڕستیاری هەتاهەتایی" تووڕە ببێت و کاتی گەڕانەوەی بۆ ئەم دنیا پێش بخات وزووتر بگەڕێتەوە بۆجیهان. ڕەفتاری دادپەروەرانە بەستێنی گەڕانەوەی دادوەری گەورەی زوروان (خودا) دەڕەخسێنێ. ئەو دادوەرە گەورەی خودا واتە"سوشیانت" کاتێ دەگەڕێتەوە کە هێما ڕەشەکان لە ڕوخسار و سەر و مێشک و دەرک و دەروازە و دیوارو گرد وگۆڕو گۆڕەپانەکان دابگیرێنە خوارەوە وئومێد و ڕۆچنە بۆ دڵخۆش بوونی ڕستیاری هەتاهەتایی درووست ببێ و بگەڕێتەوە تاکوو دادپەروەری بچەسپێنێ.

 

 

گەڕان بۆ بابەت