ما 2791 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئازاد کەریمی 

کورتە چیرۆکی" زیندانی سەرۆک" خوێنەر ناهێنێتە پێکەنین، خوێنەر ناکاتە گریان، تووڕەیشی ناکات بۆ ئەوەی جوێن بدات بە سەرۆک و ئاگری تووڕە بوونی دامرکێنێ، هەستی خەمخۆری و یەکبوونیش سەبارەت بە چارەڕەشیی مێژوویی سەرۆکیش لە دڵی خوێنەردا نابزوێنێ... سەرۆک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرۆکە... وەک سەرۆکی چیرۆکی زیندانی سەرۆک... هەر ئەوەندە.

 

زیندانەکەی سەرۆک،گیرۆدەیی سەرۆک لە جیهانی سێهەم دا

ئازاد کەریمی

"... لای ئەو ئەدەبیات هی دڵ ناسکەکانە. ئەوانەی لە پشت وشەکانەوە خۆیان دەشارنەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە ئەرکەکان بشارنەوە. لە شۆڕش". ئەمە ڕستەیەک لە کورتە چیرۆکی "زیندانەکەی سەرۆک"، نوێترین بەرهەمی وێژەیی نووسەری کورد "فەڕۆخ نێعمەتپوور"ە.

 ئارەقی زەحلەی زیندانبانەکانی زیندانی سەرۆک لە دۆڵەکەدا ناونیشانی شوێنی ڕووداوی ماجەرای سەرۆکی چیرۆکەکەیە و، خوێنەر ناخاتە ناو گۆمەوە بۆ ئەوەی هەر پرسیار لە خۆی بکات و بڵێ ئاخۆ مەبەستی نووسەر کێ بێ؟ سەرۆکی کامە وڵات...؟ یان ئەوجۆرە پرسیارە کاتگرە لاوەکیانە.

 سەرۆکی وڵاتێکی لە شۆڕشدا خنکاوی سەر بە بەرەی جیهانی سێهەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیر دەکاتەوە، زۆر بیر دەکاتەوە و ئاساییە بیر بکاتەوە لەبەر ئەوەی ئەگەر بیری نەکردبایێتەوە ئێستا سەرۆک نەبوو. هەر چەندە خودی سەرۆک بە بیر کردنەوە دەڕوانێتە هەمووشت تەنانەت هەست و ڕامان، هەر بۆیە ڕقی لە ئەدەبیاتە و وێژەوانان بە فشە دەگرێ و ڕقی لێیانە، چونکە بە ترسەنۆکیان دەزانێ... ترسەنۆک لەبەر ئەوەی خۆیان لە ئەرکەکانی شۆڕش دەدزنەوە... ئەو شۆڕشەی وا هێشتا تەواو نەبووە و لە یەکەم وتاری ئەمساڵیدا بەڵێنی داوە بە هاوڕێکانی کەوا ئەوەندەی نەماوە بە یەکجاری شۆڕش سەربکەوێ.

ئەو بەڵێنەشی لە دوای خوێندنەوەی دەقە مێژووییەکان دەرهێناوە و، بە هاوڕێکانی ڕادەگەیێنێ.

سەرۆک، لیدێر، ڕێبەر... یەک چەمکی تاقانەی هەیە لە کولتوری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا: خاوەن بڕیاری هەمیشەیی... قسەی سەرۆک کۆتاییهێنەری هەموو باسەکانە و کەس بۆی نیە لەسەر بڕیاری ئەو قسە بکات. لە بەرانبەر ئیرادەی ئەودا یاسا کە ئیرادەی گشتییە و هێمای پابەندبوونی گشت بە بەڵێنێکی گشتییە تێک دەشکێ و تۆکمەیی ڕای گشتی پووچەڵ دەبێتەوە.

زیندانەکەی سەرۆک گێڕانەوەی بیرەکانی سەرۆکی وڵاتێکی شۆڕشاوییە وا دەبێ خەڵکەکەی شۆڕشگێر بن لەبەر ئەوەی دوژمن ستەمی لێکردوون و، دەبێ قەرەبووی ئەم ستەمکارییە بکرێتەوە، هەر بۆیە شۆڕش ڕزگاریدەرە لە ستەمکاریی دوژمن و لە ژێر سایەی چەمکی شۆڕشدا هەموو هەڵەیەک پاساوی هەیە و هەموو هەڵەیەک سزا دەدرێت هەر بۆیە پاساوەکان بەردەبازی بەخشینەکان دەبن و یاسا تەنیا دەبێ بە دەمخوارکردنەوەیەک بۆ "یاسادانان" کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیا لاسایی کردنەوەیەکی سووکبایی یاسادانانە وا وڵاتانی خاوەن یاسا دەیکەن و، وڵاتە شۆڕشاوییەکان لاسایی ئەوان دەکەنەوە. بەڵام بە دەمخوارکردنەوە واتە فشە کردن بەو لاسایی کردنەوە!

سەرۆک خایینەکان دەکوژێ، بەڵام کۆتاییان پێنایە... گازندە دەکات بڕیار نەبوو وا بێ، خایینەکان کۆمەڵە خەڵکێکی دیاریی کراون و دوای کوشتنیان بەهەشتە بەڵێندراوەکە بەرپا دەکرێ، بەڵام خایینەکان بە شۆڕش هەردواییان نایێ، بۆیە دەبێ هەر بکوژرێن و هەر بکوژرێن تاکوو نەمێنن، ئەوەش بەرپاکردنی بەهەشتەکە دوا دەخات... سەرۆک ڕقی لە زیندان و کوشتنە بەڵام بە ڕستەی تۆڵە کردنەوەی شەهیدان خۆی لە دادگەی ویژدان دەپەڕێنێتەوە... ئەمەشی بە تاوانی دوژمن دەزانی چونکە دوژمن هۆکاری شەهید بوونی خەڵکی چەوساوە و بێتاوان بوو،ئەی ئەگەر تۆڵەی شەهیدەکان نەکرێتەوە دادپەروەری چۆن دەچەسپێ...؟

کورتە چیرۆکی" زیندانی سەرۆک" خوێنەر ناهێنێتە پێکەنین، خوێنەر ناکاتە گریان، تووڕەیشی ناکات بۆ ئەوەی جوێن بدات بە سەرۆک و ئاگری تووڕە بوونی دامرکێنێ، هەستی خەمخۆری و یەکبوونیش سەبارەت بە چارەڕەشیی مێژوویی سەرۆکیش لە دڵی خوێنەردا نابزوێنێ... سەرۆک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرۆکە... وەک سەرۆکی چیرۆکی زیندانی سەرۆک... هەر ئەوەندە.

"زیندانەکەی سەرۆک"  کورتە چیرۆکێکی ڕیالیستییە... زمانی نووسینەکەی مۆدێڕنە، قسەی زیادەی تێدا نیە ڕێک دەتباتە سەر بنکە و بنەمای مەبەستی نووسەر... لەبەر ئەوەی سەری خۆی ئاسوودە کردووە لە شەڕەجوێنە باوەکانی ئەم سەردەمە، یان پێداهەڵگوتن و ئافەرین کردنە درۆزنییەکان وا خودی سەرۆک لە هەموو کەس زیاتر ڕقی لەم جۆرە فڵتە فڵت کردنە ڕسوا و ڕووتەڵە و بێ بایەخانەیە و، حەز دەکات بەیەک زەبر سەری ئەو شاعێرە چڵکاوچڵەپێنانەی دەور و بەری پان بکاتەوە... سەرۆک وەک هەموو مرۆڤەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایە: لە چنگی چارەنووسدا گیرۆدەیە، بەڵام ئەو جیاوازترە چونکە ئەوان ئاسایین و ئەم سەرۆکە، ئەو کەسەی وا ئیرادەی لە سەرووی ئیرادەی گشتی واتە یاسادایە.

 

لینکی چیرۆکەکە:

http://qelam.com/index.php/2014-07-30-15-32-35/761-2016-05-31-15-39-16

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت