ما 12090 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بۆنی بە پێز و خۆشی هاوڕێیەتی و لەیەک گەیشتن توانی هەزاران کیلومەتر ببرێ و، بەم شێوەیە من هەست بە هیچ چەشنە دوورییەکی رۆحی لە ئێوەی خۆشەویست نەکەم.

 

بۆ ئازیزان و بەرپرسانی 'خەڵاتی دکتۆر ئیبراهیم یونسی'

بۆ هەموو ئەو خۆشەویستانەی لە گەڵ ئەم خەڵاتە ماندوو بوون

 

سڵاو ئازیزان!

لە رێگای ئەم نامەیەوە و بە هەزاران کیلۆمەتر دوور لە وڵاتی خۆشەویستمان، دەستی ماندوو و پڕ لە سۆز و هەستتان دەگوشم و بە نۆرەی خۆم سوپاسی ئەرک و ماندووبوونەکانتان دەکەم. هیوادارم لە رێبازی ئەم کارە پیرۆزەی لە ئەستۆتان گرتووە، هەروا بەردەوام بن و لە داهاتوودا بتوانین شاهیدی سەرکەوتنی پتر و پڕ نێوەڕۆکترتان بین.

خۆشەویستان!

لە هەنگاوی یەکەمی خەڵاتەکەتاندا ناوی من وەک براوەی بەشی رۆمان هاتووە (رۆمانی باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام) و، بەم شێوەیە خۆشییەکی بێ ئەندازەتان خستە دڵ و دەروونمەوە. هەر چەند نووسەر وەک مامۆستا هێمن دەڵێ پیش لە هەر شتێ بۆخۆی و بۆ دڵی خۆی دەنووسێ، بەڵام بێگومان دەنگ و رەنگدانەوەی بەرهەم، چێژی تایبەتی خۆی هەیە، بەتایبەت لەو رووەوە کە نووسەر هەست دەکا توانیوویەتی جیهانی خۆی بۆ مرۆڤەکانی تر بگوازێتەوە، ئەوان لە خەم و ئارەزوو و هەست و نەستی خۆیدا بەشدار بکا و بەم شێوەیە لەم رێگایەوە جگە لە تام وەرگرتن لە چێژی تاکەکەسی کە تایبەت بە خودی نووسەرە لە کاتی بەرهەم هێنانی دەقدا، بگاتە تامی چێژ وەرگرتنێکی کۆیی کە ئەمە چێژ دەباتە قۆناغێکی ترەوە. بە وەرگرتنی ئەم خەڵاتە، لای من چێژی جۆری دووهەم گەیشتە لوتکە و بەم شێوەیە خۆم لە کۆیەکەی گشتگیرتردا بینییەوە. کۆی هەموو ئەوانەی وا بەدەم دەقەوە بیر لە ئەرکێکی قورسی وەک ژیان و پەیوەندیی لە گەڵ مرۆڤ دەکەنەوە. ئەویش لە سەردەمێکدا کە ئاڵۆزییەکان لە ناوچەی ئێمە دەگاتە لوتکە.

هاوڕێیان!

ئەگەرچی بە هۆی دۆخی ناهەمواری ژیان و پەڕیوەیی لە نیشتمان دەرفەتی ئەوە نەبوو بۆ خۆم راستەوخۆ لە گەڵ زەحمەت و ماندووبوونەکانتاندا بم، بەڵام بۆنی بە پێز و خۆشی هاوڕێیەتی و لەیەک گەیشتن توانی هەزاران کیلومەتر ببرێ و، بەم شێوەیە من هەست بە هیچ چەشنە دوورییەکی رۆحی لە ئێوەی خۆشەویست نەکەم.

خۆشەویستان!

تەرخانکردنی خەڵاتێکی لەم چەشنە بێگومان دەتوانێ تین و گوڕێکی زیاتر بخاتە ناو قەلەم بەدەستانەوە، ئەوەیکە شوێنێک هەیە کارەکان دەنرخێنێ و هەوڵدەدا نووسەر و بەرهەمەکانیان ببینێ، لەم قاقڕستانەی لای ئێمەدا دەرفەتێکی یەکجار بەنرخە.

جارێکی تر رێز و حورمەتی بێ پایانی من وەرگرن و، هیوای ژیانێکی پڕ لە خۆشی و چالاکی و سەرکەوتنی پتر بۆ هەموو ئازیزان دەخوازم.

هەر بژین بە کامەرانی و بە هیوای بەردەوامیی زیاتر

فەڕۆخ نێعمەتپوور

٢٣ مانی ژوئەنی ٢٠١٦

 

نۆروێژ

 

گەڕان بۆ بابەت