ما 1221 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئازاد کەریمی

جیاوازی مەزهەب، کوردەکانی لەیەک دانەبڕیوە، چ شێعە، سوننی، جوولەکە یان یارسانی و مەسیحی واتە فلا و ئێزدی و گاور بووبێتن ئەوان پێکەوە ژیاون و ئازادی ئایین و مەزهەب لەناو کورداندا هەبووە. ڕاز و هۆکاری سەرەکیی مانەوەی کۆمەڵگەی کوردی لە کۆنەوە هەتا ئێستا لە قەبووڵ کردنی یەکتردا بووە.

 

کاکەییەکان کێن؟ (دووابەش)

ئازاد کەریمی

لە باشووری کوردستان، یارسانەکان یان گۆرانەکان کە بە "کاکەیی" ناوبانگیان دەرکردوە، ئازاری زۆر و ئاپارتایدێکی هەمەلایەنەیان بینیوە. لە سەردەمی دەسەڵاتی حێزبی بەعسی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سەدام حسێن لە عێراقدا کاکەییەکان تووشی نەهامەتییەکی زۆرهاتن. گوندەکانیان لە ناوچەی گەرمیان کاول کرا و خەڵکێکی زۆریان پاکتاو کردن و تووشی ڕاگواستن و پرۆسەی جێنۆسایدی ئەنفالی ڕسوا و بەدناو هاتن و سەدان کەسیان بێ سەرو شوێن کران. لە عێراق و ئێران دا بە هیچ جۆرێ مافێک وەک ئایینێکی سەربەخۆ یان بە فەرمی ناساندنیان لە یاسای بنەڕەتی ئەم وڵاتانەدا ڕەچاو نەکراوە، هەر بۆیە لە پارلمانی ئەم دوو وڵاتەدا نوێنەری سەربەخۆیان نیە، تەنانەت لە پارلێمانی باشووری کوردستانیشدا بێ نوێنەرن. دیارە هۆکاری سەرەکی ئەم ڕەوشە ناشیرینەش بەدەر لە یاسا ئیسلامیەکان، کەمتەرخەمی لایەنی بەرپرسیاری یارسانی لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانە. بۆ وێنە لە سەردەمی سەدام حسێن دا هەندێ لە بڕیاردەرانی کاکەیی لە بەر ئەوەی خۆیان و کاکەیەکان لە شاڵاوی نەمان و پاکتاو ڕزگار بکەن ڕایانگەیاند ئەوان ئایینێکی سەربەخۆ نین و بەشێکن لە شێعە. ڕاستە لەسەردەمی عەلی کوڕی ئەبیتالبدا کوردەکان بەو واتا سیمبۆلیکە وا پێشتر گوترا شێعە بوون، بەڵام نەک هەتا ئەو ڕادەی تاکوو یارسانەکان ببن بەشێک لە شێعە دوازدە ئیمامیەکان...ئێستا ئەم خێرخوازییە بووە بە دارو  لە هەموو لایێکەوە دەیکوتن بە سەر مافە کۆمەڵایەتیەکانی ئەم کۆمەڵە خەڵکە کوردە لە عێراقدا و دیارە لە باشووری کوردستانیشدا. لە ئێرانیشدا بە هۆی توند بوونی هەڵسوکەوتی دەوڵەتە شێعەکان لەگەڵ ناموسڵمانەکان و موسڵمانانی ناشێعە هەمان دروشمی خێرخوازانە لە هەر دوو دینی کردوون! وە خاوەنی هیچ مافێکی کۆمەڵایەتیش نین و تەنانەت لە لایەن دەوڵەتی شێعەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە 'فرقە ضالە' واتە "گرووپی گۆمڕا" پێناسە دەکرێن.

بۆ ئەوەی دەنگدانەوەی زیاتری ئەم ستەمکارییە ببێت بە هۆی پاشەکشێی ئەو نایەکسانییە، هەموو ڕێکارێکی سیڤیل و ئاشتیخوازانە دەبێ بگیردرێتە پێش. لەوانە لەقاودانەوەی ئەم ستەمکاریەی ئێران یان مەجبوور کردنی دەوڵەتی عێراق لە ڕێگەی تەبلیغات و پڕۆپاگەندە و بەرپاکردنی کەمپەینی پشتگری لە یارسان و پەنا بردن بۆ کۆمیتەی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل، کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ سەربە نەتەوە یەکگرتوەکان، ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، ڕێکخراوی لێبوردەیی نێونەتەوەیی، کەسایەتی سێکرێتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، ڕێکخراوی یونێسکۆ کە ئەرکی پاراستنی کولتورە جیاوازەکانی لە ئەستۆ گرتوە، هەروەها یەکێتی ئەوروپا.لەسەروی ئەمانەشەوە ڕاپەڕینی هزریی و فکریی گەلی کوردە و پاشان یەکگرتوویی وتار و کرداری نەتەوەیی کوردی لە هەمبەر تاوانی پاکتاو کردنی فەرهەنگی و فیزیکیی کۆمەڵەی کۆردانی یارسانە وا بەشێکی دانەبڕاون لە کۆمەڵگەی کوردستان و نەتەوەی کورد.

جیاوازی مەزهەب، کوردەکانی لەیەک دانەبڕیوە، چ شێعە،سوننی، جوولەکە یان یارسانی و مەسیحی واتە فلا و ئێزدی و گاور بووبێتن ئەوان پێکەوە ژیاون و ئازادی ئایین و مەزهەب لەناو کورداندا هەبووە،ڕاز و هۆکاری سەرەکیی مانەوەی کۆمەڵگەی کوردی لە کۆنەوە هەتا ئێستا لە قەبووڵ کردنی یەکتردا بووە و تەنانەت ئیسلام لە ناو کورددا مەجبوور کراوە ئایینەکانی دیکە قەبووڵ بکات، بە پێچەوانەی تورکانی شێعە لە ئازەربایجان و تورکانی سوننی لە ئاناتۆلی، فارسە شێعەکان و عەرەبە شێعە و سوننەکان و ئەرمەنە مەسیحیەکان کە لە دەرفەتە جۆراوجۆرەکاندا دەستیان نەپاراستوە لە شەڕ و بارگرژی ئایینی و مەزهەبیدا.

پێویستە بگوترێ هۆکاری نووسینی مێژووی سۆفیگەری وەک پێشەکییەک بوو بە مەبەستی ناساندنی سەرچاوەی بیرۆکەیی و هزرمەندی ئایینی یارسان و جیاوازبوونی لەگەڵ ئیسلامدا. لەبەر ئەوەی چەند تەریقەتی سۆفیگەری ئیسلامی هەبوونیان هەیە وەک قادری، نەخشبەندی، سەفیعەلیشایی و نێعمەتوڵایی و... بەڵام موسڵمانن و لە تینیشت ئەوەی لە تەکیە و خانەقاکانیاندا دۆعا و پاڕانەوە لە لای خودا دەکەن دەچنە مزگەوت و نوێژی ڕۆژانەش دەکەن و بڕوایان بە قورئان هەیە بەڵام یارسانەکان ناچنە مزگەوت و هەروەها تەکیە و خانەقاشیان نیە و تەموورەی کوردیش بەکار دێنن بۆ سەما و زکرو وێردخوێندنیان، ئەوە لە کاتێکدایە مۆسیقا لە ئیسلامدا حەرامە... کاکەییەکان بڕوایان بە پیەغەمەرایەتی محەمەد نیە و کەڵەشێر ناکوژن و بڕوایان بە هامزا،هامسا، یان ئەمشاسپەند هەیە.

ئیسلام بڕوای بە جیلوە بوونی محەمەد، یان خولەفای ڕاشدین نیە، شێعەکان هەتا ڕادەی معصوم بوونی دوازدە ئیمامەکەیان هەنگاویان هەڵێناوە و ئەمەش پێشەکییە بۆ ئەوەی دوازدە ئیمامەکەیان بگەیێنە ڕادەی ئیزەدەکان و ئەمشاسپینتان. لەبەر ئەوەی عصمت یان دوور بوون لە پیسی جەستە و ڕۆح پێناسەی ئیزەدەکان و ئەمشاسپینتەکانە... بەڵام ئەوەی لە کردەوەدا دەیبینین ئەم مەزهەبە هەوڵ بۆ چاکسازی کۆمەڵایەتی ویارمەتیدانی ئەمشاسپینتەکان و ئیزەدەکانی خودا نادات بۆ ئەوەی "ڕەستیاری هەتاهەتایی" بگەڕێتەوە بۆ جیهان تاکوو دادپەروەری بچەسپێنێ.شێعەکان بڕوایان وایە ڕەستیارەکەیان ناوی محەمەد کوڕی حەسەن عەسکەرییە و نازناوی مەهدی یە ومەهدی لەدایک بووە و ڕۆییشتوە بۆ جیهانی نادیارو لە کۆتایی زەماندا دەگەڕێتەوە و لایەنگرانی ئەم ئایینە دەبێ بەستێن خۆش بکەن بۆ گەڕانەوەی مەهدی ئەوەش بەوە دەکرێ کە نابێ ئەم جیهانە خۆش و ئارام و هێدی بێ چونکە ڕزگاریبەخش یان ڕەستیاری هەتاهەتایی لە کاتێکدا دەگەڕێتەوە کە دنیا بە هۆی خراپەکارییەوە پیس وتاریک ببێ و، مەهدی مەجبوور ببێ بگەڕێتەوە بۆ ئەم جیهانە و شەڕ دژ بە خراپە دەست پێبکات.

 لەلایێکی دیکەوە سوننەکان دەڵێن "ڕەستیاری هەتاهەتایی" ناوی عەبدوڵا کوڕی محەمەدە و هێشتا لە دایک نەبووە. ئەو لە کاتی کۆتایی هاتنی ئەم جیهانەدا لە دایک دەبێت و لە مەککە پایتەختی مەعنەوی ئایینی ئیسلامدا سەر هەڵدەدات و شەڕ بۆ دادپەروەری دەکات... سوننەکان بڕوایان بە جیلوەی خودا و ئەمشاسپەند نیە و دەڵێن خودا سەرچاوەی نوورو ڕۆشناییە و مرۆڤ تەنیا ڕۆحە و جەستەی لە خاکدا بۆ درووست کراوە وشەیتان کار بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕۆحی ئینسان دەکات لە ڕێگەی خەڵەتاندنی هزر و هۆشیاری مرۆڤەوە بە هەڵگرساندنی ئاگری ئاواتە سووکباییەکانی وەک خواردن و خواردنەوە و سێکس... دادپەروەری لەم دنیادا بەدێ نایێ و ڕۆح لە دوای مردنی جەستە چاوەڕێی دادگایی کردن دەبێ تاکوو خێر و شەڕی هەڵدەسەنگێندرێ و محەمەد تکاکارە لە لای خودا بۆ ئەوەی موسڵمانەکان بچنە بەهەشت. بەهەشت شوێنێکە ئاوەدان و باخێکی بەرینە و پڕە لە خۆشی و کامەرانی و خواردنەوەی مەی و ئەنجامدانی سێکسی فرە و فراوان حەرام نیە و هەتاهەتایە وادەبێ. دیارە شێعەکانیش بڕوایان بەم ئامۆژگارییە هەیە و ئافراندن و کۆتایی مرۆڤ وا پێناسە دەکەن.

جیاوازی ئیسلام لەگەڵ ئایینەکانی دیکە لە جۆری وەرگێڕانی چیرۆکی ڕۆحدایە. ئیسلام لە دنیای مەعنەویشدا باسی چێژوەرگرتنە دنیاییەکانی ڕۆح دەکات، بەڵام لە هەموو ئایینەکاندا دوای مردن،ڕۆحی مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ لای خودا و پەیوەست دەبێتەوە بە سەرچاوەی ژیان واتە خودا یان ئافرێنەرو چێژوەرگرتن مانای نامێنێ کاتێ ڕۆح نوورێکە و دەچێتەوە بۆناو قوڵایی سەرچاوەی نوور واتە خودا.خودا یان زوروان کە ئافرێنەر و دەسپێکەر و کۆتاییهێنەرە بەڵام خۆی بێ کۆتایی و هەتاهەتاییە.

پەراوێزەکان

http://rojhelattimes.net/witar/394-%DB%8C%D8%A7%D8%AF%D8%AF%D8%A7%D8%B4%D8%AA.html?fb_ref=Default#sthash.6azNlIo4.dpuf١-

٢- نەسکی سێهەم،بەشی ٨٠،بەندکانی ٣و٤

 

٣- وێنەی تەموورژەنێکی یارسان،هی هونەرمەندی وێنەگری کورد سلێمان مەحمودی یە 

 

گەڕان بۆ بابەت