پێشه‌وا كاكه‌یی

 

زەمبیلەگێڕ!
كە بەیانیان هەستایت، بەسەر كێوەكاندا ڕۆشتیت
بە دەم ڕێگاوە زەمبیلەكەت پڕ مەكە لە نێرگز،
با سروشت سەری كەچەڵ نەبێت.

 

 

قەسیدەی 'زەمبیلەگێڕ'

 

پێشه‌وا كاكه‌یی

 

زەمبیلەگێڕ!

كە سپێدان هەستایت، ئاگات لە نوور بێت

كە پەمۆ قڵیشا، با نەكەوێتە سەر عەردەوە و بە «با»دا بچێت

با جۆگەلە ڕێڕەوی خۆی بگرێت و ڕوونیێتی لێ لێخن نەبێت.

 

***

 

زەمبیلەهەڵگر... كە چوویتە نێو كێڵگەكان

شەق لە هێلانەی كۆفیتەكان هەڵمەدە و با بجریوێنن

با كێڵگەكان گوێیان لە ئاوازی سروشتی بێت

كە ئێوارە داهات، مەڕوانە بۆ دووری شار

شار... پڕیێتی لە بكوژ،

پڕیێتی لە پارتی سیاسی،

پڕیێتی لە سەركردەی دیكتاتۆر

كە ئێوارە داهات... سەرنجی ئاسمان بدە:

پەڕەسێلكە چۆن ئاواز دەخوێنێت،

شەمشەمەكوێرە چۆن بە دوای نووری خودادا دەگەڕێت، 

یار چۆن كۆلارە هەڵدەدات و لە دەستی دەردەچێت.

كە چوویتە نێو جەنگەڵستانەكان... سەرنج بدە:

دارگوێز چۆن نازی سمۆرە هەڵدەگرێت،

كوكوختی چۆن پووش بۆ سەر لخی دار دەكێشێت،

مەیموون چۆن لە مرۆڤـ دەڕوانێت.

كە چوویتە نێو چەمەنزارەكان... 

دوو سێ چڵە ڕێحانە هەڵقەنە و بیدە لە بەرۆكت، 

كەمێك پونگ و نەعنا بێنە... تا گوڵاو لە پەنجەكانت بتكێت.

 

***

 

زەمبیلەگێڕ... 

كە بەیانیان هەستایت، بەسەر كێوەكاندا ڕۆشتیت

بە دەم ڕێگاوە زەمبیلەكەت پڕ مەكە لە نێرگز،

با سروشت سەری كەچەڵ نەبێت.

كە ماندوو بوویت گوڵەهەڵاڵە مەشێلەوە و لەسەری ڕاكشێیت

كە بە دۆڵ و شیوەكاندا ڕەت بوویت و،

خۆت لە تەمومژ هەڵكێشا... 

بە ئاسمان بڵێ: كوانێ تیشكی خۆر و تریفەی مانگت.

 

***

 

زەمبیلەگێڕ... 

كە بە نێو قامیشەڵێنەكاندا ڕەت بوویت... مەترسە

«با» بە دەم ڕێگاوە شمشاڵت بۆ دەژەنێت.

كە بە نێو زۆنگاوەكاندا تێپەڕ بوویت... 

مەترسێ، لە چاوی تیمساحی قەراغ زەلكاو

مەترسێ، لە دەنگی سیسركی شێوە زەردباو

مەترسێ، لە بۆقی مغاویلی زاری پڕ لینجاو 

مەترسێ، لەو بەلەمەی تێیدای پڕ بێت لە ئاو

ئیدی زەمبیلەكەت بەسە بۆ فریادڕەسی لە نێو ئاو

***

 

ئەی زەمبیلەگێڕ... 

لە دۆخی تەنیاییدا... پەڕەی سیگارەكەت بپێچەوە و 

یەكدوو مژی لێ بدە، وێنەی ئەنفالت دێنێتە بەرچاو.

كە سووتووی سیگارەكەت كەوتە سەر عەردەوە و، 

وەكوو قەقنەس لە خۆڵەمێشدا بەرەو ئاسمان تێ هەڵچۆوە

تەسبێحێك بگرە بە دەستەوە و زیكرێ بگێڕە

ئەوە ڕۆحی پاكی هەڵەبجەی دڵ سووتاوە... دڵ سووتاو.

***

 

زەمبیلەگێڕ... كە شەوت لێ داهات 

دڵە خورپە دامەگرە بۆ لادێ

زەمبیلەكەت دابنێ و، دەستنوێژ هەڵبگرە

ئەوسا لەسەر گەڵای هەڵیوەری بن دارێ... 

یان تاشەبەردی لای كانیێ... جۆگەلەیێ... 

نوێژەكەت بكە، تا حزوورت لای خودا بێ

زەمبیلەگێڕ... 

زەمبیلەكەت بدەوە بە كۆڵتدا و بكەوە ڕێ 

كە بێواز بوویت بچۆ نێو باغێك... پڕ بێت لە سێو

ڕابمێنە، ئادەم و حەوا چۆن بە دەم سێوێكەوە كەوتوونەتە سەر عەردەوە.

ڕابمێنە، نیوتن چۆن لە كەوتنی سێوێكەوە هێزی كێشكردنی دۆزییەوە.

ئیدی زەمبیلەكەت پڕ بكە لە سێو، تا دە گەیتەوە لادێ هەر سێو ببەشەوە

زەمبیلەگێڕ... ئەی دۆستی تەنیایی... 

كە چوویتەوە لادێ، شەوانە لە سەربانی مەڵەكەتان ڕاكشێ.

سەرنجی ئاسمان بدە، تا چاو بڕ دەكات ئەستێرە دەدرەوشێ.

ئیدی هەرگیز مەڕوانە بۆ دووری شار،

بە خەیاڵی زەمبیلەكەت بخەوە تا سپێدە دادێ.

زەمبیلەگێڕ... 

ئیدی سپێدان ئاگات لە زەمبیلەكەت و ژێر پێی خۆت بێ 

ئاگات لە گوڵەهەڵاڵە و چڵەنێرگزی سەر تەپۆلكەكان بێ.

 

 

گەڕان بۆ بابەت