ما 5006 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

پێشەوا کاکەیی

 

دەریا حیکمەتێکی تێدایە، ئەو کەفوکووڵەی فڕێی دەدات پییسی دەریا نییە، هی بوونەوەرەکانی ناواخنی نییە، بەڵکوو ئەوەیە کە ناتوانێت لەگەڵ ناوەوەی خۆی باس بکات و دەریدەبڕێت بۆ مرۆڤ. 

 

 

 

مرۆڤ و دەریا" وەك دوو نهێنی خۆحەشاردراو، لە خودا

 

پێشەوا کاکەیی

 

دەریا هەمان چەشنی مرۆڤی هەیە، ئەوەتا خۆی بە ڕۆحی مرۆڤ دەشوات و کەفەکەی پێدا دەکات. مرۆڤیش سەیری ناخی دەکات. دەزانی دەریا و مرۆڤ دوو شتی شاراوەن، گەر ناخیان بکەیتەوە و هەڵیان بتەکێنی پڕن لە نهێنی. بۆیە دەریا زمانی نییە، سیحری هەیە و ڕاتدەکێشێت و دەڵێت وەرە با پێکێك لە غەم هەڵبدەین بۆ قووڵبوونەوە. دەریا هەر وەختێك بزانێت نهێنی دەبەیت خۆی وشك دەکات

 

دەریا سیحرکاری دەکات لە جوانی و بێدەنگیی، دەریا گەورە نییە، ئەوە ناخیێتی لە چاوانی مرۆڤدا گەورە نیشان دەدرێت. مرۆڤ و دەریا دوو موسافیری سەر زەمینن، خۆیان وشك دەکەنەوە بە زەمین. زەمین، بۆیە مرۆڤ دەخاتە قووڵایی خۆیەوە و حەشاری دەدات، چوونکێ پڕیێتی لە نهێنی. دەریاش کە بەمجۆرەیە و مرۆڤ لووش دەدات، دەزانێت کەسی دیکە نییە، بوونەوەرێکی دی نییە، لە نهێنی ئەو بگات. بۆیە قووتی دەدات و دواجار پێکەوە دەچنەوە نێو زەمین. ئەوە زەمینە هەم دەریا و هەم مرۆڤ قووت دەدات. ئاسمان بەو هەموو بۆشاییەی کە هەیەتی، لە هەورەوە بۆ ئەستێرە، لە ترێفەی مانگەوە بۆ تیشکی خۆر، ئەو جۆرە نییە کە چەشنی ڕۆحی مرۆڤ هەڵبکێشێت، وەك ئەوەی دەریا ڕایدەکیشێت. مرۆڤ دەڕوانێتە سەرەوە بۆ چوونە نێو قووڵاییەوە، بەس مرۆڤ هەمیشە ترسێکی هەیە لە سەرەوە کە نهێنی لای باس بکات، لە گەورەیی دەترسێت و شەرمازاری دەنوێنێت و زۆرجار هەست بە تێکشکانی خۆی دەکات. بۆیە توانای ئەو نهێنییەی نییە بۆ سەرەوە بیدرکێنێت و لەگەڵ ئاسماندا قووڵ ڕۆبچێت، دەترسێت لەوەی نێزەکێك ڕاخزێت و گشت نهێنی لەگەڵ خۆیدا ببات

 

خودا، دەریای بۆ ئەوە خوڵقاندووە، کە مرۆڤ زۆرجار ناتوانێت نهێنییە شاراوەکانی لای باس بکات، کە خوداش بەو نهێنییە پەنهانییەی دەزانێت و مرۆڤیش دەزانێت کە خودا ئاگادارە. دەریا بە سیحرکاری خۆیەوە بانگهێشتی دەکات و پێی دەدرکێنێت، کە دواجار، دەریا ئەو نهێنییە بە زەوی ڕادەسپێرێت و خوداش ئەو نهێنییە دەبات. هەموو بوونەوەرەکانی نێو دەریا کە تێیدا دەژین و شوێنگەیەك بۆ خۆیان دۆزیوەتەوە، ناتوانێت، لە نهێنی دەرەوەی دەریا تێبگات. بە هەمان چەشنیش هەندێ نهێنی هەیە مرۆڤ لە مرۆڤ تێناگات و بۆ دەریای باس دەکات. دەریا حیکمەتێکی تێدایە، ئەو کەفوکووڵەی فڕێی دەدات پییسی دەریا نییە، هی بوونەوەرەکانی ناواخنی نییە، بەڵکوو ئەوەیە کە ناتوانێت، لەگەڵ ناواوەی خۆی باس بکات و دەریدەبڕێت بۆ مرۆڤ. ئەوەی لە سیحرکاری دەریا تێبگات، لە کەفوکووڵی دەریا دەگات. دەریا هێندە قووڵ ڕۆچووە، مەگەر بەس مرۆڤ دەربازی بکات. بۆیە دەریا و مرۆڤ دوو فریادڕەسی نهێنین کە ناتوانن بە بێ یەکدی لە خۆیاندا بیهێڵنەوە.

 

 

گەڕان بۆ بابەت