ما 1220 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەوەی هەڵدەبژارد وا کەمێک باڵا کورت و گۆشتن بێت، بە چاوێکی خومارەوە، بە دەنگێک کە بە ئاستەم لە قورگی تەنگی دێتە دەرەوە و، زیاتر لە هەناسە دەکا تا دەنگ. ئا، یەکسەر لەگەڵ خۆی دەیبرد. بۆ کوێ؟ رادەمێنێ. 

 

سەرۆک و سۆزانییەکانی نیشتمان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

سەرۆک بە ژوورەکاندا دەگەڕێ. سەیری وێنەکانی سەر دیوارەکە دەکا، وێنەی ژنەکەی لە ناو قاپە گران و بەنرخەکاندا. عەکسە جۆربەجۆرەکانی قۆناغەکانی تەمەن، لە هەڕەتی گەنجیەتییەوە هەتا ئێستا. جوان لێی ورد دەبێتەوە، ئەو سەردەمانە چەندە گەنج بووە و ئەم پێی نەزانیوە. تاوانی خۆی و ئەقڵی خۆیەتی، یان تاوانی شۆڕش و نیشتمان؟ نازانێ. نا، مرۆڤ تا گەنجە نازانێ گەنجە. بگرە تەنانەت هەمیشە خۆی بە گەورە و بەتەمەن لێک دەداتەوە. دەبێ ساڵەکان بگوزەرێن و بە راستی بچێتە ناو تەمەنەوە تا بزانێ ئەو کاتانە چەندە جەوان بووە. دیسان نازانێ بۆ وایە، بۆ مرۆڤ وا بیردەکاتەوە؟ تەنانەت ژنەکەی ئەوەندە گەنجە کە جاری وایە لەم وێنانەدا وەک منداڵ دێتە بەرچاوی. ئەو منداڵەی خاوەن چەندین منداڵ بووە، ئەو منداڵەی لە سەختترین کاتەکانی شۆڕش دا بە چەندین زارۆک بە بەرەوە، لە گەڵ سەرۆک شوێناوشوێنی کردووە. هەموو سەرتاسەری نیشتمان،... چیا بە چیا و دۆڵ بە دۆڵی. ئای چەندە ئەو کاتانەی بە ئەبەدی لێکدەدایەوە، ساتە هەمیشەییەکان، ئەو ساتانەی چەندە خێرا گوزەران. سەرۆک بگرە وای لێدێ کە پێی وایە نەک دوژمن، بەڵکو ئەوە 'کات' ە دوژمنیەتی. دوژمنێک کە پێی نازانی و کەچی هەموو دەمێک لەگەڵتدایە، ئەو دوژمنە نهێنییەی لە کاتێکی تایبەتدا خۆی نیشان دەدا. رەقیبێک کە بیری دەخاتەوە ئەویش بە پێچەوانەی ئەوەی سەرۆکە، بوونەوەرێکی کاتییە و دەمرێ، رۆژیک لە رۆژەکانی ژیان. قولپێک بەربینگی دەگرێ. ئەوەیکە نیشتمان و شۆڕشن دەمێننەوە نەک ئەو، هەستێکی قێزی تیا دروست دەکا، بەڵام ئەو نابێ ئەمە بە هاوڕێیان بڵێ. قەت قەت!

بیری دێتەوە تەنانەت لە گەرمەی گەورەترین شەڕەکان و مەزنترین کارەساتەکانی سەردەمی بەرەوپێش بردن و بەدەسەڵات گەیاندنی شۆڕش دا، جاروبارە بیری لە ژنانی تر کردبووەوە. بیر لە روخساریان، لە جەستەی ناسکیان، لە لەرەی سمت و مەمکیان، بەڵام ئەو سەردەمانە وەها بوون کە زوو لە بیری دەچووەوە، لە بیریان دەبردەوە. هاوڕێیان، نیشتمان و شۆڕش هەمیشە ئەوەندە ئەرکیان دەخستە سەرشانی کە زوو غەریزەکانی بپۆشن و پێی لەبیربکەن. چەندە ئاسانیش دایاندەپۆشی. وزەیەک نەدەما. هەمووی لە شوێنێکی تر بەتاڵ دەبووەوە، وەک لێوانێکی خاڵی خاڵی کە خۆی لە بنەکەیدا بۆ کەمێک ئاوی بە هەڵکەوت بەجێماو دەگەڕێ، بەڵام چەندە بێسوود،... چەندە بێسوود!

روخساری ژنەکەی، چەند ئاشنایە. ئەوە بۆ تا ئیستا بیری لەمە نەکردبووەوە؟ روخسارێک کە لە گەڵ ساڵەکان تێکەڵ دەبێ و دەبێ بە هێمای رابردوو، هێمای هەموو ئەو رێگایانەی پێیدا رۆیشت،... رۆیشتن. بەڵام هاوکات قێزێکیش دەیگرێتە خۆ. باشە بۆچی تەنیا یەک ژن؟ لە وێنەکان دوور دەکەوێتەوە و دەچێتە بەر ئاوێنەکە. سەیری روخساری خۆی دەکا، سەیری چینە لەسەریەک نیشتووەکانی قەراخ چاوەکان و ژێر ملی. تەمەن رۆیشت! ئەویش تەنیا لە گەڵ یەک ژن! هەوڵدەدا بزانێ ژنەکەی خۆش دەوێ، یان رقی لێیەتی. دەچێتە بنی بنەوەی خۆی. ئا، هەم خۆشی دەوێ و هەم رقی لێیەتی. خۆشی دەوێ، وەک سوپاسێک بۆ هەموو لەگەڵ یەکبوونەکان لە تەواوی ئەم ساڵانەدا و، رقیشی لێیەتی، چونکە لە بیری بردەوە ئافرەتی تر لەم ژیانەدا هەن! بەڵام نا، تەنیا سووچی ئەو نەبووە. ئەوسا بیری شۆڕش و نیشتمان دەکەوێتەوە. تاوانبارەکان! ئەوانەی ئەوەندە خۆویست بوون، نەیانهێشت سەرۆک شوێنەکانی تری ئەم دونیایە ببینێ و بیریان لێبکاتەوە.

ئارام دەچێ و لە سەر کورسییەکەی تەنیشت مێزی کارەکەی دادەنیشێ. لە تاریک و روونیی ژوورەکەدا خەیاڵی دەچێ بۆ شەقامەکانی شار. ئەو شوێنەی وا خەڵکی ئاسایی هەمیشە پێیدا دێن و دەڕۆن، کاسبی تیادەکەن و کاتی بێتاقەتییەکانی خۆیانیان تیا بەسەردەبەن. ئەو شەقامانەی ئەو قەت نەیتوانی بۆ یەک جاریش بێت لە ژیانیدا بە کەیفی خۆی پیاسەیان تیا بکا، سەیری دووکانەکان بکا، لە ئۆتۆمبیلەکان بڕوانێ، مامەڵەی شتومەک بکا و لەمە گرینگتر لە ژنەکان بڕوانێ. ئاهێک هەڵدەکێشێ. خەیاڵی دەچێتە سەر ژنە سۆزانییەکان، ئەوانەی وا بۆ خۆی تا ئیستا لە چەندین کۆبوونەوەدا لە سەریان گوێی لە راپۆرت راگرتووە، لە گەڵ هاوڕێیان قسە و باسیان لەسەر کردوون و بگرە حوکم و بڕیاریشیان لەسەر داون. راپۆرتە قێزەون و شەرمناکەکان! قەت باوەڕی نەدەکرد نیشتمان لە دووای شۆڕش خاوەنی ئەوەندە ژنی لەشفرۆش بێت. ئەگەرچی حەزدەکا لە راپۆرتە فەرمییەکاندا بڵی گوناح و پلانی دوژمنە، بەڵام جاری وایە شەرم دەکا لەوەی کە لە سەردەمی پێش بە دەسەڵات گەیشتندا ئەوەندە تاوان و تۆمەتی باری دەسەڵاتدارەکەی پێشوو کردبوو. بزەیەکی دێتێ و بە ئەژنۆی خۆیدا دەکێشێ. گەر تەنیا یەک جار، ئا، یەک جار دەستی بە شەقام رابگەیشتایە، دەیزانی چی بکا. خۆی دەگەیاندە شوێنی سۆزانییەکان. جوان چاوی پیادەگێڕان، قسەی لەگەڵ دەکردن، لە لەش و لاریان ورد دەبووەوە، ئەوەی هەڵدەبژارد وا کەمێک باڵا کورت و گۆشتن بێت، بە چاوێکی خومارەوە، بە دەنگێک کە بە ئاستەم لە قورگی تەنگی دێتە دەرەوە و، زیاتر لە هەناسە دەکا تا دەنگ. ئا، یەکسەر لەگەڵ خۆی دەیبرد. بۆ کوێ؟ رادەمێنێ. سەرۆک خانوویەک شک نابا. هەیە و نیە، ئێرەیە. بە هەموو ئەو چەک بەدەست و نیگابانانەوە شەو و رۆژ کێشک دەبینن. نەفرەتیان لێ بێت! نەفرەت! دەرگایەکی پشتەوەیش نیە تا لەوێوە لە گەك سۆزانییەکە خۆی بە دزییەوە بکا بە ژوورا. ئەی چۆنە گەر بچێتە ماڵی خودی سۆزانییەکە؟ ئەمە دەکرێ. خۆشییەک لە دڵیدا دەگەڕێ. کەواتە ئەو تەنیا دەبێ جورئەت بکا و شەوێک لە شەوەکانی ژیان خۆی لێرە بدزێتەوە و بە جل و بەرگیکی ئاسایی و رەنگە کڵاوێکیش بەسەرەوە (کەمێکیش دەبێ سەری بۆ دانەوێنێ)، خۆی فڕێبداتە ناویانەوە. بۆ ناو شەقامە رەنگاوڕەنگەکانی نیشتمان و حۆرییە بەڕەڵڵاکانی ناویان!

ئەم بیرە خەنی دەکا. دەی باشە کەی؟ سەعات دوانزە، یەک، یان دوو؟ هەڵدەستێ جل و بەرگێکی کۆن دەبینێتەوە، ئەو جل و بەرگەی کاتی خۆی جەولەی پێوە دابووە و، ئیستا وەک بیرەوەری و یادگارێک هەڵیگرتووە. بەم جل و بەرگەوە بوو کاتی خۆی خوتبە حیماسییەکانی چڕیبوو، گونداوگوند و شارە و شار. ئەسڵەن ئەم بەرگە بەخت دەهێنێ. لەبەر ئاوێنە تەواو قەدەکەدا سەیری سەرتاپای خۆی دەکا. بەرگەکە کەمێک تەنگە، بچوک بووەتەوە. نا، ئەم کشاوە و زل بووە، بە تایبەت دەوری کەممەری، بەڵام گرینگ نیە، جەستە هەر چۆنێک بێت جێی خۆی کردووەتەوە.

ئارام دەرگاکە دەکاتەوە و، دێتە حەوشە. ئاسمانی پڕ ئەستێرەی هاوین لەو دوورانەوە چاوشارکێ دەکا. ئەستێرەیەک رادەخوشێ و دەبێ بە گڕێکی کاتی و درێژ. چەندە حەزی بەم دیمەنەیە، یان باشتر وایە بڵێین بووە. بیری هاوڕێیانی گیانبەختکردووی دەخاتەوە. گوڵە سوورەکانی نیشتمان. زۆر جار بە دەم دیتنی ئەم گڕە کاتییەوە، چۆکی داداوە و گریاوە. ئەمە، هەموو وڵات دەیزانێ. تەنانەت باشترین وێنەکێشی نیشتمان، وێنەیەکی لەم حاڵەتەی سەرۆک کێشاوەتەوە کە ئیستاکە لە زۆربەی ماڵەکاندا دەست دەکەوێ، حەتتا لە ناو کتێبە دەرسییەکانیشدا هەیە. چ بە رەنگاوڕەنگ و چ بە رەش و سپی. وینەکە ئەوەندە هەست بزوێنە کاتێک سەرۆک بۆ یەکەم جار بینی، دیسان چۆکی دادایەوە و گریایەوە. کاتێک هاوڕێیان ئەمەیان بۆ نیشتمان گێڕایەوە، هەموو گەل گریا، ئاسمان چەند رۆژ بوو بە هەور و باران و دونیای وەها خوساند، دارستان جوڵا. لە پلیکانەکانەوە داگەڕا. حەوشە گەورەکە لە قەراخەکاندا رەشتر بوو لە شەو. بە ناو حەوشەکەدا گوزەرا. لێرەوە ئاسمان فراوانتر دەینواند. دڵی کرایەوە. ترس و سترێسەکە رەوییەوە. هەستە هەمیشەییەکەی جارانی گەڕایەوە: هەستی 'خۆبەدەستدانەوە بە رووداوەکان'، 'خۆ فڕێدان بۆ ناو نادیارەکان' ئەگەرچی هەمیشە سەرکەوتن بە شوێنیدا دەهات! هەر ئەم هەستە بوو، لە پاڵ شتەکانی تر شۆڕشی سەرخست و نیشتمانی سەربەرز کرد. کە گەیشتە دەرگاکەی دەرەوە، هێشتا دەستی لە سەر دەسگیرەکەی بوو، شتێک وەک نێزەک لە ئاسمانەوە لە سەری چەقی و لە بنی پێیەوە هاتەدەرەوە و سەرۆکی بە زەوییەوە توند توند گرێدا. بەستییەوە. هاتەوە بیری ئێرە ئەوەندە لە شار و لە ناوەندەکەی دوورە کە بە بێ ئۆتۆمبیل مەحاڵە رۆیشتن و گەیشتن. ئۆتۆمبیل! ئاخر چۆن؟ دەروونی سارد سارد هەڵگەڕایەوە. ئاخ سۆزانییەکان!... سۆزانییەکانی نیشتمان!

لە کاتی گەڕانەوە بەرەو ژوورەکەی، بیری کردەوە گەر هەر دەستی پێیان راگەیشتبا، بێگومان لە گفتوگۆیەکی راستەوخۆ و راشکاوانەدا وەها گوێی لە دەردی دڵی ئەوان دەگرت کە لە دووای هاتنەوەی، یەک جار بۆ هەمیشە هۆکارەکانی سۆزانیەتی لە نیشتمان بنەبڕ دەکرد. پارەیەکی وەهایشی دەدانێ کە نەک تەنیا جەستە، بەڵکو دەروونی خۆشیان بە تەواوی بۆ سەرۆک بکەنەوە. بەڵام حەیف نەگونجا! حەیف و مخابن خانووی سەرۆک لە شار و ناوەندەکەی دوور بوو، حەیف و مخابن سەرۆک نەیدەتوانی خۆی لە حیمایەکانی بدزێتەوە!

هەر بەو جلانەی ساڵانەوە چووەوەو لەسەر کورسییەکەی دانیشتەوە. ژوورەکە وەها تاریک ببوو کە روخساری وێنەی ژنەکەی شاردبووەوە. سەرۆک قەت لە ژیانیدا ئەوەندە هەستی بە نائومێدی نەکردبوو. دیوارەکان دەڵێی دڵیان دەگووشی، تاریکایی لە شمشێکی قورسی پان و بەرینی بە قەدەر نیشتمانی دەکرد کە هەتا دەهات لێی نزیک دەبووەوەو دەیویست بیپیشێنێ و بیکا بە لیتە. بە بزەیەکی تاڵەوە بیری ئەو رۆژانە کەوتەوە کە جاری وابوو لە تەنیایی خۆیدا و بە هۆی دووری لە ژنان، یاخود ئەزمونکردنی نزیکایەتییەکی تر، دەستپەڕی بە هاوڕێ مێینەکانەوە دەکرد. ئەو هاوڕێیانەی، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، هەزار ئیما و ئیشارەیان دەدا و کەچی ئەم تەنیا لەبەر ئەوەی سەرۆک بوو خۆی لێ گێل دەکردن.  

هەستایەوە و چووەوە بەر وێنەکان،... بەر وێنەی ژنەکەی. لەناو تاریکاییەکەدا گەنجیەتی و تەمەن دیار نەبوون، هەموویان ببوونە یەک. لە هەموو وێنەکاندا روخساری ژنەکەی لەبەر تیشکێکی نادیاردا شەوقی دەدایەوە. گەنج گەنج. وەک ئەو سەردەمانەی حەزی لێکردبوو و خەونی پێیەوە بینی بوو. سەری زیاتر بردە پێشەوە. وابوو! ژنەکەی زۆر ناحەز نەیدەنواند. بگرە زۆریش سەرنج راکێش بوو، بەتایبەت لەو وینەیەدا وا لەجیاتی دەم بە چاوەکانی پێدەکەنی. ئەو هەمیشە حەزی لەم جۆرە پێکەنینە بووە. پێی وایە هەر ئەمەیش بوو بە تووشییەوە کرد. 'گەنجیەتی و خوو و خەدە سەیرو سەمەرکان، ئەو خووانەی بە بێ بیرلێکردنەوە دەتوانن یەک جار بۆ هەمیشە رێگای ژیانت دیاری بکەن.'

پشت لە وێنەکان دەکا و رووەوەو ژووری نووستنەکە هەنگاو هەڵدەگرێ. ساڵانی ساڵە لەو ژوورەدا دەخەوێ. وەک نیشتمان بست بە بستی دەناسێ، وەک شۆڕش هەناسە بە هەناسەی ئاشنایە. ژوورە ئاشنا هەمیشەییەکە. شوێنی گۆڕینەوەی سۆز، ئەگەرچی هەمیشە ئەوە نیە ئەو بەتەمای بووە. سەیری ژنەکەی دەکا. خەوێکی قووڵ لە گەڵ خۆی بردوویەتی. هەمیشە وابووە، خۆش خەو و جەستە تەسلیمی حەسانەوە، تەنانەت لە کاتە هەرە ناخۆشەکانی سەردەمی شۆرش و بەرنگاری و لاواندنەوەی نیشتمانیشدا، بەڵام ئەم ئەشقی خەوی ژنەکەی، هاوکات هەمیشە جۆرێک لە دڵنیایی بە سەرۆک بەخشییەوە. وەک بڵێی دونیا وەها دەڕوا کە دەبێ بڕوا. بیری دێتەوە حەزی بەم ئارامی و دڵنیاییەی ژنەکەیەتی. بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوەکانی. لە دڵەوە سوپاسگوزاری هاوسەرەکەیەتی. بەس نیە هەمیشە لێرەیە و، لەبەردەستدایە! بەس نیە پێویست ناکا لە شەوێکی پڕ لە شەرمدا بۆ ئەوەی خۆی بگەیەنێتێ، دیسان جل و بەرگی سەردەمی شۆڕش لەبەر بکاتەوە و ئەوسا کتوپڕ ببینێ کە نا رێگایەک بۆ خۆگەیاندن بە ناوەندی شار نیە.

سەرۆک هەوڵدەدا خۆشحاڵ بێ لەوەی کە سەرۆکە، ئەگەرچی جاری وایە حەزە ناحەزەکان رووی تێدەکەن و جۆرێک لە شەرم بەرامبەر بە خۆی تێدا دروست دەکەن.

پەتووەکە لادەدا و ئارام دەخزێتە ناو جێگاکەوە. ژنەکەی بێ ئەوەی چاو هەڵبێنێ، بێ ئەوەی لەخەو بەئاگا بێ دەزانێ دەبێ چ بکا، خۆی دەکێشێتەوە و مڵچە مڵچێک دەکا، یانی ها ئاگام لێتە، یانی ها دەزانم بەتەمای چیت.

 

سەرۆک هەوڵ دەدا ئەو شەوە بە خەیاڵی سۆزانییەکانەوە نیەتی خۆی بەجێ بێنێ، سۆزانییە باڵاکورتە گۆشتنەکان، چاوخومارەکان، ئەوانەی وا دەنگیان ئەوەندە نزمە دەڵێ هەناسە دەکێشن تا قسە کردن. وە چەندە خۆشە،... چەندە ە ە ە...!  

گەڕان بۆ بابەت