ما 4298 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

محەمەد محەمەدمرادی

ئیمە لە دەورانێکدا دەژین و شارومەندی سەردەمێکین کە نووسەرێک ئەگەر بیهەوێ قارەمان یان تەنانەت دژەقارەمان (لە مانا مۆدێڕنەکەیدا) بخولقێنێت، ئەبێ ئەو نووسەرە خۆیشی لانیکەم پشکێک لە قارەمانبوون و ژیانی قارەمانانەی بەرکەوتبێت. 
 

 

ئەدەب لە غیابی مێژوودا

محەمەد محەمەدمرادی

 

ئێمە پێویستمان بە مێژووە، بەڵام نەک بەو شێوەی کە خوێڕییە لووسکەکانی بەڕەڵا لە باغی مەعریفەدا پێویستیان پێیەتی.

«نیچە»

 

 چەندە مانادارە کاتێک شیلێر دەڵێ «مرۆڤ لەگەڵ ئەوەی شارومەندی جوگرافیایەکی تایبەتە شارومەندی سەردەمێکی تایبەتیشە!» زۆر جەرگبڕە قبووڵکردنی ئەم واقیعیەتەی کە ئێمە شارومەندی سەردەمێکین کە خاڵی بووەتەوە لە ناوەڕۆکی مێژوویی و ڕاستەقینەی خۆی، سەردەمێک کە تێیدا سیاسەت بووە بە ڕیفۆرمیزم و دەنگدان، کوردایەتی نۆتێکی فاڵژە لە کەلامدا و ڕانکەوچۆخەیەکی شەپوشۆڕە لەبەردا، گۆرانی و بەندبێژی زەماوەند بوونەتە هونەرمەند،  چی دەستبڕ و بازاڕی و سووخۆری دوێنێ بوو ئەمڕۆ کارگوزاری کولتوورن، تەڵافرۆش و دەڵاڵ و بونگادار و کارمەندانی باڵامەرتەبەی ئیدارەکان ئێستە ئیتر چیرۆکنووس و شاعیرن، کۆمەڵێ دۆنکیشۆتی خۆبەشاعیرزان بە ناو و نازناوی لەخۆیان‌سەیرترەوە کە موتیڤ‌ئاسا کۆڕی شیعر و شایی و هەڵپەڕینیان بۆ دەگێڕدرێ و سەر و بنی قسە و کەلام و شیعر و چیرۆکیان ئێقوبۆقکردنەوەیە لە سیاسەت، «مردن وای لە کوێ سیاسەت کوشتمانی!» و ئەمە ڕاست ئەو خاڵە نەفرەتییەیە کە ناوەڕۆک و ماهیەتی ئایدۆلۆژیکی خۆیان نیشان دەدەن، دۆخی هێزە مێژووییەکانیش ڕێک نموونەی بەرچاوی ئەو قسەیەی نیچەیە کە دەڵێ جەنگاوەر ئەگەر بێکار بن بەردەبنە گیانی یەکتر. ئەگەر بڕیار وابێت ئەم قەشمەجاڕی و ئیبتزالە کولتووری سیاسییە دەستمایەی هونەر و ئەدەبیاتی ئێمە بێت کە بەداخەوە هەیە، هەرگیز نابێ چاوەڕێی هونەر و ئەدەبیاتێکی باڵا و پەروەردەیی و بارهێنەر بین و ڕوون و ئاشکرا ئەوەی ئێمە لەم دۆخەدا دەیبینین تەواوەتییەکی ناتەواوە، ئەدەبیاتی بازاڕ و بێبازاڕیی ئەدەبیات، خۆمەزڵوومنواندن و نەزۆکی و پاسیڤیزم و خەمۆکی و خۆلاواندنەوەیە. سیاسەتسڕینەوەیە لە مێژوو و مێژووسڕینەوەیە لە سیاسەت!

نامەوێ بترازێینە ناو ئەو حەماقەتەوە کە لامان وابێت لە چوارچێوەی کۆمەڵێ دەستەواژەی فۆڕماڵدا، کلیلی کردنەوەی هەموو دەرگاکانمان بەدەست هێناوە بەڵام ئایا بەڕاستی ئیتر تەنها یەک ویژدانی وشیار ئەم دۆخەی بۆ تەحەموڵ دەکرێت؟ ئایا ئەم دۆخە عەقڵانیەتێکی تێدا ماوە و بەشداربوون تێیدا عەقڵانییە؟ ئایا ئیتر بەجدی کاتی ئەوە نەهاتووە و واقیعی و زەرووری نییە بیر لە هونەر و کولتوور و کامیۆنێتییەکی نوێ و بەر لەوەش بیر لە دروستکردنی مرۆڤێکی نوێ بکەینەوە؟

سیاسەتسڕینەوە لە مێژوو و خودسانسۆڕی و ترس و تۆقان و خۆدزینەوە لە مێژووی هاوچەرخ وای کردووە هەموو هەوڵێکی ئەم کۆمەڵگایە بۆ خولقاندنی کولتووری نوێ لە بۆشایی و ئینتزاعدا ڕوو بدات. لەڕاستیدا مەیلی ئێمە بەرلەوەی بۆ خولقاندنی هونەرێکی باڵاتر بێت بۆ خولقاندنی واقیعیەت و سیاسەتێکی باڵاترە بەڵام مەتریالیزمی مێژوویی فێرمانی کردووە و پێمان دەڵێ کە بەبێ دەخاڵەتی مێژوو، هەرگیز چالاکیی مادی و شۆڕشگێڕانەی مرۆڤ کە کولتوور و هاوپێوەندییە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان دەخولقێنێت، داخڵی ژیان نابێت!

هونەر و ئەدەبیات لەگەڵ مێژوو و کۆمەڵگادا لە پێوەندییەکی بەرامبەر و دیالێکتیکیدان، واتە هەم مێژوو و دەورانێکی تایبەتی مێژوویی دەتوانێ ڕەنگ بداتەوە ناو هونەر و ئەدەبیات؛ و هەم هونەر و ئەدەبیات لە پێگەیەکی باڵادا دەتوانن کار بکەن بۆ بونیادنانی کۆمەڵگا و کولتوور و مرۆڤێکی نوێ. بە دەربڕینێکی تر هونەر و ئەدەبیات بەگشتی دەتوانن دوو مەبەست بپێکن و بە دەگمەن دەتوانین بەرهەمێکی هونەری یاخود دەقێکی ئەدەبی بدۆزینەوە کە یەکێک لەم دوو مەبەستە لە پشتیدا نەبێت کە ئەو دوو مەبەستە برێتین لە «چاولێکردن و گێڕانەوەی ژیانی ڕۆژانە و واقیعیەتە کۆمەڵایەتییەکان»  یاخود «تێپەڕاندنی ژیانی ئاسایی و واقیعیەتە کۆمەڵایەتییەکان».

هونەر و ئەدەبیاتی ئێمە چ لە پێگەی هونەری ڕیاڵیستیدا و بۆ گێڕانەوە، گوازتنەوە و نواندنەوەی مێژووی پڕ لە ناکۆکیی هاوچەرخمان و چ لە پێگەی ئەدەبیاتێکی باڵا و بارهێنەر لە پێناو بونیادنانی کۆمەڵگای نوێدا پێویست و زەروورییە پێ بنێ بە جەرگی خۆیدا و بەبێ خودسانسۆڕی و بوێرانە خۆی لەو ئیبتزالە کولتووری سیاسییەی (بە تایبەت) ئەم دوو دەیەی ڕابردوو بەدوور بگرێت و فیلمی مێژوو بڕێک بگەڕێنێتەوە بۆ دواوە و دەستمایەکانی خۆی لە بڕگەیەکی نەک زۆر دووری مێژوویی ئەم کۆمەڵگایە هەڵبژێرێت، بڕگەیەکی مێژوویی کە سەرەڕای هەموو پێکناکۆکییەکانی، گشتێتییەکی خاوەن کەسێتیی پێک هێنابوو و دیوێکی ژیان (کە سیاسەت بوو) سێبەری خستبوو بەسەر دیوەکانی دیکەیدا و ژیانی ڕۆژانە خۆی لەخۆیدا سیاسەت بوو، ئەو کاتانەی کە هێشتا مەڕەکان شوانیان لە گورگ مارە نەبڕیبوو، ئاسمان تاکوتەراک ئەستێرەی تێدابوو و ئەو تاکە ڕێگایەیان ڕوون کردبۆوە، ئەو کاتانەی کە ئاگر و ئەستێرە و خوێن و ڕووناکی و خەڵک و خەون و خانەخوێ لەسەر خوانێک دادەنیشتن، ئەو سەردەمەی کە ئاگر پشکۆی هەبوو، گوڵی سوور جوان بوو، دار گەڵای هەبوو، سەگوەڕ تەنها ناوی ڕۆمانێک نەبوو و نیشتمان تەنها کچێک نەبوو، ئاگر نەتاسابوو، بەڕوو مانی نەگرتبوو و با خۆی قەتیس نەکردبوو...

لێرەدا بە پێویستی دەزانم پرسیارێک بهێنمە ئاراوە، چونکە بە قەولی هایدیگەر پرسیار هەمیشە ڕێگایەک دەکاتەوە، ڕێگایەک کە لە خودی پرسیارەکە و لە وەڵامەکەشی گرنگترە! پرسیار ئەمەیە کە بۆچی نووسەرانی ئێمە لەم بڕگە مێژووییە خەرج ناکەن و دەستمایەی کارەکانیانی لێ هەڵناگرن؟ مێژوویەک کە پڕیەتی لە بەسەرهاتی جوان و دەگمەن، قارەمانێتی و جوامێری و خۆڕاگری و خۆبەخشیی سووژە مێژووییەکان، مرۆڤگەلێک مەحکەمتر لە پۆلا و ناسکتر لە پەڕەی گوڵ! ئەم مێژووە لە تەواوەتیی خۆیدا دەتوانێ دەستمایەی دەیان شاکاری هونەری و ئەدەبی بێت، چونکە نووسەرێک کە بیهەوێ لەم مێژووە خەرج بکات نە بۆ خولقاندنی کەسێتی کێشەی دەبێت و نە بۆ ڕووداو دادەمێنێت و جگە لەمانەش لەڕاستیدا ئێمە کەمتر شاکارێکی ئەدەبی شک دەبەین کە تەواوەتییەکی مێژوویی لەخۆی نەگرتبێت. لە ئەگەری خولقاندنی بەرهەمگەلێکی لەم شێوە کارکردن بۆ بونیادنانی کولتوور و مرۆڤی نوێ چیتر لە بۆشایی و ئینتزاعدا نابێت بەڵکوو لەڕاستیدا هەوڵێکە بۆ هەموارکردنی ڕێگای مشکە کوێرەکەی مێژوو کە جارێکی تر سەرهەڵبێنێت و لەم هەموو باوێشک و خەو و خەمۆکی و پاسیڤیزمە ڕامانچڵەکێنێت و وەخەبەرمان بهێنێت! وەها ئەدەبیاتێکە کە دەتوانێ خزمەت بە خەڵک بکات و ببێتە نێوەنجی و ئاڵقەیەکی پێوەندیدەر لە نێوان ئەمڕۆ و دوێنێدا! ئەڵبەت ئێمە لەم بوارەشدا چەند ئەزموونێکی باشمان هەیە کە دەتوانین ئاماژە بە کارەکانی محەمەدی موکری و یەک دوو نووسەری ڕۆژاوا بدەین بەڵام ئەم نووسینە لەڕاستیدا بەشێوەی کۆنکرێت ڕووی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتە کە لەم بەشەیشدا لە چەند بەرهەمێکدا چەند ئاماژە و ڕێفڕێنسێک بۆ ئەو بڕگە مێژووییە بەدی دەکرێت بەڵام بەهیچ شێوە بەپێی پێویست نین.

هێشتا پرسیارەکە بەبێ ئەوەی وەڵام درابێتەوە لە شوێنی خۆیدایە! بۆچی نووسەرانی ئێمە بەنیسبەت ئەم بڕگە مێژووییەوە خۆیان سنووردار کردووە و ئەم هەموو مولاحزە و موحافزەکارییە بۆ چییە و لە پێناو چیدایە؟! خودسانسۆڕی گەیشتۆتە ئاستێک کە سانسۆڕ مانای خۆی لەدەست داوە! زۆربەی ئەو بەرهەمانەی لە فۆڕمی چیرۆک و ڕۆمان و شیعردا چاپ و بڵاو دەبنەوە شیاوی خوێندنەوە و لێکدانەوەی جدی نین، لە بواری توێژینەوە و فکر و فەلسەفەدا کتێب لە سەرەتاوە بۆ نەخوێندنەوە و تەنها لەپێناوی چاپبووندا چاپ دەبن. کەسێک کە ئامادە نییە لەپێناو ئەو شتەی دەینووسێ و بڵاوی دەکاتەوە هیچ بەهایەک بدات و خەلەلێک لە ژیانی ڕۆژانە و ڕۆژمەڕەیدا ڕوو بدات ئایا باشتر وانییە ئەوندە شەرافەتی هەبێت کە لەبری لەناوبردنی دارستانەکان بۆ بەرهەمهێنانی کاغەزی بەکارچوو بۆ چاپکردنی ئەم توڕەهاتە، بێدەنگی هەڵبژێرێت؟

ئیمە لە دەورانێکدا دەژین و شارومەندی سەردەمێکین کە نووسەرێک ئەگەر بیهەوێ قارەمان یان تەنانەت دژەقارەمان (لە مانا مۆدێڕنەکەیدا) بخولقێنێت و ئاوڕێک لە واقیعیەتە کۆمەڵایەتییەکان بداتەوە و بتوانێ پرسیار و گومان بخاتە سەر ئەم واقیعیەتە کۆمەڵایەتییانە و ئایدیای نوێی کۆمەڵایەتی ئاراستەی ئەم کۆمەڵگایە بکات ئەبێ ئەو نووسەرە خۆیشی لانیکەم پشکێک لە قارەمانبوون و ژیانی قارەمانانەی بەرکەوتبێت.

شۆڕشگێڕترین چینی کۆمەڵایەتیی مێژوویی ئێمە؛ چینی کرێکار، لە کارەساتبارترین دۆخی مەعیشەتی و سیاسی و کولتووریی خۆیدایە، چەوساندنەوە و پێشێلکاریی سیستماتیکی ئەم چینە کۆمەڵایەتییە لە ئاستێکدایە کە بە دەگمەن کرێکارێک دەبینین کە نووسین پێشکەشی بێت بەس فریای خوێندنەوەی کتێبێک بکەوێ و لە غیابی پێکهاتەیی چینی کرێکاردا، بەداخەوە ئەم ئەدەبیاتی بازاڕ و بێبازاڕییەی ئەدەبیاتی ئێمە بەرهەم و بەرهەمهێنەری دۆخێکە کە تێیدا گشتێتیی کولتوور و هونەر و ئەدەبیاتی ئێمە لە کەسانێک پێک هاتووە کە (لە فۆڕماڵترین حاڵەتی دابەشکاریدا) سەر بە چینی ترسنۆک و مامناوەندی ئەم کۆمەڵگایەن. کۆمەڵێ مامۆستای قوتابخانە و زانکۆ و بازاڕیی بەڕوواڵەت بەجەرگ و بوێر و ناڕازی و عەبووس کە لە جەوهەردا تا سەر ئێسقان ترسنۆک و موحافزەکارن و ئەوپەڕی شۆڕشگێڕبوونیان هەوڵێکی حیماسییە بۆ خۆدەربڕین (Self-expression) و وەڕاستگەڕاندنی نەفسی خۆیان (self-realization)! من نامەوێ ئەم مافی خۆدەربڕینە لە هیچ کەسێک زەوت بکەم چونکە وەک «گوتە» دەڵێ لە دنیای مۆدێڕندا هیچ کردەیەکی ئینسانی بەبێ هەواوهەوەسی نەفسانی ناکرێت؛ بەڵام باشتر وایە هەواوهەوەسی نەفسانی و خۆدەربڕین نەک ئامانجی کۆتایی بەڵکوو بەرهەمی لاوەکیی کردەی ئینسانی بێت.

 

درێژەی ئەم ئیبتزالە کولتووری سیاسییە ئەم سەردەمە، بێگومان دۆخێکە چەند قات لەمەی ئێستە هەژارتر و تاریکتر؛ کەواتە باشتر وایە هەموومان پێکەوە زۆر بوێرانە و بە ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانەوە قورس و قایم «نا»یەک بە بارتەقای مێژوو بڵێین بەم دۆخە و هەر ئێستە و ڕێک لەم خاڵی بێهیواییەدا «کۆتایی هەموو کۆتاییەکان ڕاگەیەنین و باسی سەرەتایەکی مومکین و ئەگەردار بکەین بۆ هەموو ئەو شتەی کە هەیە، هەموو ئەو شتەی کە بووە، و هەموو ئەو شتەی کە دەبێت.» 

گەڕان بۆ بابەت