ما 6996 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەباح ڕەنحدەر

دێم هاتنم ئاسانە / بەڵام لە گەیشتنم دەترسێم / سەر لە ئێوارە چاوانت ئارامى گرتبوو / دەستى سۆزیشت لەناو ڕووناکى دیدەنى جاویدان پڕبوو لە ئاوریشمى ڕایەخراوى خورپەى گەرم / تەواو خومارى باران بارین بووى/   

 

چوار پەخشانە شیعر

            سەباح ڕەنحدەر

            پێشکێشە بە: محەمەد تەها حوسین

 

(1)       تۆ بڵێى چوارڕیانەکان بژمێردرێن و بزانین ژمارەیان چەندە

من دژى تۆ لە چوار لاوە چاویان لەسەر سێرە بچووک کردووەتەوە   مەبەستمە مرۆڤ هەمیشە مەستى و مەبەستێکى هەیە   ئەو چوارڕیانە ببڕم و لە چاوى مۆنى گوللەدا لە خۆم بڕوانم   غەریب نەبم بە خۆم   خۆشحاڵیى شەهیدنەبوویەک پێى لە شەقامى قەدەغەکراو دانا   چاوى ڕکهەڵگرى سەر سێرە تا لێوارى تەقین پڕ هەڕەشە بوو   بچووک بووەوە بچووک  تا ژوورى گلێنەى پەردەى دادرایەوە   کاتێک پێڵووى ڕقى خاوبووەوە   من دەستم بە دڵمەوە گرتبوو  ڕەت ببووم   ژیان زۆر درێژ بوو لەناو چوارڕیاندا   چاوى ئەو کاتە چەند ڕوون بوو   خۆشحاڵیی من هۆیەک بوو بۆ ئەوەى ڕوون بێت   چاوى ئاوێنەى مەرەکەب پرشنگ لە چاوى بازى کێوان وەردەگرێت و چلچراى یاد دادەگێرسێت  

ئێستا چى دەکات

ڕابردوو چى کرد

ئەرێ دەبێ داهاتوو چى بکات

لە سەرەتاى شەوەوەش ئاوێنە کوێر دەبێت   بە دوو دەست لک و چڵەکانى ناو تەمم لادا   ڕۆحم بە موورتک و بەڵاڵووکى پەرژینى باخێک هەڵواسی   خۆر بەسەریەوە پشووی دەدا   میوەکانى گەییبوون گوللە لێى دەکشێتەوە و هەڵدەبزڕکێت   مانگ ئاوا نابێت لەناو ئاودا دەخنکێت   کە هەڵدێ دەیەوێ لەناو ئاودا بمرێت یان بەلادا بچێت و سروودى شەوى ڕوون بە ئاوازى باو بچڕێت   ئەگەر ئەستێرە سڵاوى  لێ وەربگرنەوە  ئەوە بێ پەروا لە بێهوودەییدا دەمرێت   ئەگەر سڵاوى لێ وەرنەگرنەوە ناوى ئەو بەردانە لەبەر دەکات کە بۆ کێل دەتراشێن   ماچى دەکەم و بەترسەوە سەیرى دەوروبەر ناکەم و شەش جارى تر ماچى دەکەم   ڕوخسارێک هەمیشە دەمەوێ بیهێنمەوە یاد   وەک ڕۆژى ڕووناک ساکار و هێمنە   سەیرکە دەبینم مانگ دەگۆڕێ   مانگ گۆڕانێکى نهێنییە لە دەروونى مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە و پەلەوەر و زیندەوەر   پاشان سروشت  دەبێت بزانیت جەنگى نهێنى بکەین   جەنگى نهێنیى مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە و پەلەوەر و زیندەوەر و سروشت                                                                                               

ئاسمان شۆراوە   بێنەواى شەوبا هێناو کڕنووش دەبا   ناوچەوانى بە ڕوونى ناو یاقووت دەکات   گۆزە بەسەر زەویدا قڵپ دەکاتەوە و زەوی دەشۆرێت   ئاسمان لە زەویی شۆراو شەرم دەکات   کەڵەکێوى گۆزە بە شاخیانەوە هەڵدەگرن لە ئاگرى دۆزەخ پڕى دەکەن و بۆمان دەهێننە خەڵوەتى گەرم   خەڵوەتگا سەرى بە ئاگرى یەکەمین سووتان داپۆشراوە

چوارڕیان و شوێنى تر

گۆڕەپانى یارى و شوێنى تر

ناوەندى شار و شوێنى تر

ئێرە و شوێنانى تر و دۆزەخ و بەرزەک و بەهەشت و خەڵوەتگا   بەین و نابەینێ هەوا دەگۆڕن و لەناکاو دەمرن   کەڵەکێوى وەرە دەمەوێ دواى خەون بینینێک بتبینم   ئەو پێى گوتم لە بیرم چوو   حەوت خەولێکەوتووەکە یان حەوت تەزیوەکەى ناو ئەشکەوت هێشتان ئاهەنگى هەنگاویان نەگێڕاوە و گەرمیان نەبووەتەوە   ڕەنگى تیشکى خۆر و هاوئاوازى مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە و پەلەوەر و زیندەوەر و سروشتیان نەناسیوە   من بە سێ پشت لە حەوت خەولێکەوتووەکە یان حەوت تەزیوەکەى ناو ئەشکەوت گەورەترم و ئاگرى یەکەمین سووتان لێى داوم                                                          

ئەشکەوت هەمووى لەناو کۆتایى خەڵوەت و دەرگا داخستنى خۆیاندان   لاپەڕەکانى کتێبى ئاسمان کپن   لەمێژە دەرگا خۆشاوى سڵاو نانۆشێت   خەونى پاراو لەمێژە لاپەڕەى حەوت ڕەنگى پڕبووەتەوە   لەمێژە نامە ناخوێندرێتەوە   لەمێژە گەنجینە بووەتە خۆڵەمێشێکى سارد   لەمێژە نقێمى ئەنگوستیلە ئەفسوونى تێدا مردووە    لەمێژە ماچى وەفا و ئاشتبوونەوە ساردبووەتەوە   لەمێژە کاروانێک لەناو فنجانى قاوەگرەوەدا تووشى ڕێگربووە   لەمێژە خەوتووەکان خەون بۆ یەکتر ناگێڕنەوە و بەخەونى خۆشى یەکتر دڵخۆش نین   بە قووڵى چووینەتە ناو خەون و هەرچى خەونمان هەیە دەیخەینە سەر پشتى ئەسپ و بەرەڵڵاى ناو گیاى تەڕى دەکەین تا دەگاتە دوا سنوورى خوانى خودا   سوارچاکى سروشت دەیگرێتەوە و دەیهێنێتەوە   دەرگاى ماڵمان خۆشاوى سڵاوى دەنۆشێت و خۆشحاڵى دەنوێنێت   کڵۆیەک شەکربوو لە خوناوى هەواڵێکى خۆشدا توایەوە   گیاى تەڕ چرکەکانى مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە و پەلەوەر و زیندەوەر و سروشت دەژمێرێت   بولبول لە تەنیشت گوڵى پشکووتوو پەلوپۆ و پەڕوباڵى لە ئاوى پاک هەڵێناوە و چێژ لە پێ لەسەر عەرد دانان وەردەگرێت   نیگاى ئاشنا و نیوە ئاشناى دەزووى مۆم خوێنى بەجۆش هێنام   خوێنم جۆشا  دەتوانم یەکپشوو بکەومەڕێ تا گوڵى نەرم و نیانى فریاکەوێ چرپەیەک لەبەر گوێى پەپوولەى نیشتووەوەى بەردەمى مارى کلکسەردا بکات   بچێتەوە لاى چراى یەکەمین ڕووناکی و خۆرێکى گەرمى بەسەرەوە بێت   خۆر یەکە و نابێتە دوو   ئاگرى  یەکەمین ڕووناکى  نەرمە باڵ ناسووتێنێت   باڵ بۆ خۆى ڕازێکە خولێکى بە دەورى ئاگرى یەکەمین ڕووناکیدا ماوە   بچێتە دیدەنى کەسێک دڵی خەبەرى داوە  ئەستێرەیەکى نوێژکەر دەبێتە قەڵەمڕەنگى   تابلۆى خۆرێکى نەوی دەکێشێ دەگاتە کاغەزى بەردەستى و ناگاتێ   لە یەک کاتیشدا هەڵدێ و ئاواش دەبێـت

                                                                                                                                                        

                                                                                            نیسانى 2016 هەولێر

 

(2)       شەوی گۆڕینی سالڕ

 

درەخت و هەزار و یەک هێشووى ڕاز

ئاگر و هەزار و یەک پڕیشکى سەرکردوو

ماسیگرە و هەزار و یەک ڕووبارى خرۆشاو

قۆزاخە و هەزار و یەک کرمى ئاوریشمینى لە تاریکیدا ڕاکردوو

نیشانەى شانازى و دیارییەکی بەسۆز دەبەم   دەچمە ناو ڕەگی گەرم لەناو چلڕ و  پۆپ نزیک هێلانەی حاجی لەقلەقەکەی برادەرم هەناسە دەدەم   دەمەوێ قەڵا و قوللەى ئەفسانە لەبەر چاوم بەلادا نەیێت    دەشمەوێ دان بدەمەوە حاجی لەقلەقەکەم   تفەنگ بە یارمەتیت لە کوێ ڕۆیکەم   شوێنى ڕۆکردنی دان ماڵێکە دەستی یاری بەهەشت ڕایخستووە و چاوم بەسەریەوەیە   لەو ماڵەدا خوداوەندانمان پێشوازییان لە ساتی چاوەڕوانی کرد   خۆری ساتی هاتن پەنجەرەی ئەو ماڵەی گەورەتر کرد   شەونم لەسەر گیاى خەواڵوو دەمێنێتەوە تا دەبێتە دوا تەڕایى سەر لێوى ئەوانەى لەناو دڵى خۆیان ڕۆیشتن هەتاویان لێ ئاوابوو   پێیان لە فەرهەنگ گیربوو

لەم دیو و ئەم دیوى چیا ماومەتەوە   نووحیش بەرزایى ڕزگاربوونى بۆ دانەناوم   گەیشتووەتە ئێسکم    داوابکەم خودایە ڕۆژێک پێش ڕۆژی دیارکراوی مردنم بمرم   تا ڕۆژێک لە ژیانم بهێڵمەوە و ئاو و نانی ئەو ڕۆژەم بدەمە ئەسپێکی دلڕ داخکراو بچێتە چەپۆکبازى و هەست پشکووتن   ئاگر بەر نابێتە ڕۆژەکانى ڕاوى      ئەستێرەیەکی ڕەفتار باش نۆبەرەی دایکە حەوا بوو   نۆبەرەی دایکە زەویش بوو   بە دێڕێک پێی گوتم با برایەتیت لەگەلڕ گۆڕم بە نهێنی بمێنێتەوە تا دێیت من نهێنییەکە ئاشکرا ناکەم   ڕەنگە خۆت نهێنییەکان لەبیر بکەیت من بەبیرت دەهێنمەوە   لەبیرکردن و بەبیرهێنانەوە بەتەک یەکدا دەمێننەوە   هەتاو بەر ئارەقەى ناوچەوانیان دەکەوێت   هەموو ساڵیادێک شەوی گۆڕینى سالڕ پەلکێک لە پەلکەزێڕینە بهێنە لە پشتێنی گۆڕەکەمی بسووڕێنەوە هەتا هەر حەفت ڕەنگ دەهێنیت   بۆ من دەبێتە بەسەرهات و گێڕانەوە   شوێن پاژنەی پێت دەبێتـە جێگای ڕۆکردنی دان بۆ حاجی لەقلەقە نامرادەکەی برادەرم   حاجی لەقلەق لە ناوقەدی قەڵا و قوللەى ئەفسانەدا هێلکەکانی شکاند

گوڵێکم بە دەستەوەیە سۆز لە گۆنای کۆدەبێتەوە    نامەوێ لەسەر گۆڕەکەی دانێم    دەمەوێ بیدەمە دەستى   گۆڕەکەى سەیوانێکی بەسەرەوەیە   منیش لەناو کڵاوی گڵۆپێکی شەقام یاری غلۆرکردنەوەم بە سێوی ئادەم و زەنگوڵەی کەنیسە کرد   سەخت بوون و ترسى هەردووکیان لێکیان دا    خوێن تەنیا لە بریندا شۆڕ دەبێتەوە   تەنیاش لە بریندا شێوەی بریندار ناگۆڕێت    خوێنی حاجی لەقلەقەکەی برادەرم لە ناولەپی ئێمەدا وشک بووەتەوە لە حەوت ئاسماندا ئەستێرەم هەبوون    دەنگێکم بۆ هات هەر وشەیەکی ئاشقی وشەکەی دی بوو    هەرچی دیاریی خودا هەیە لە ڕۆحی زەوی و ئاسماندا    هەوێنی مالڕ و باخەوانى بەهەشت بەخشیان بە لێوی بەستراوی پەرژین و باخ  دەرگای مالڕ یەک نییە دووە   ماڵـت لەباوەشی خامۆشییە و لە بەردە جوان ڕیزکراوەکانی دەوروبەریم پرسی   بە دوای نیشانە و حیکمەتدا هاتووم   شار لە ناوچەوانییەوە دیارە وا ماڵێکی هێدی هێدی تاریک دەبێت    ڕۆحێک ڕووی خۆش و پڕە   گەورەی خۆی بینیوە و لە دەرگایەوە دەردەچێت و پشوو دەدات   دوای چاوگێڕانێک ئاوێکی لێلڕ هەڕەشەی کرد و بەرزبووەوە   لە دەرگای ماڵان چووە ژوورێ   تەپ و تەمبەلڕ بە قاڵدرمەدا چوونە سەربان   مراوییە پێ پانەکانیش پێ لە ئاو دەدەن و پرژە هەڵدەدەن   پاشان دەچن لەسەر گەڵای پانى هەنجیر باڵیان دەوەشێنن

ژیان تانوپۆیەکى سەیرە دەمانباتەوە سەر ڕێگاى مردن   بەڵام نامانهێنێتەوە سەر ڕێگاى ژیان   ژیان و مردن بە دەنگى دڵنیا بۆمان پێدەکەنن و خۆشەویستی  و خۆشەویستمان پێشان دەدەن   گەرمایى ناوچەوانم لەسەر دووگورد جێما   لە نوێژدا خۆشەویستی و خۆشەویستم نەبینى   بە تەواوى ئارەزوومەوە لەناو ئاوێکى ڕوون بە دواى سێبەرى مانگ یان تریفە کەوتم بیگرم یان بچمە ناو سێبەرى ماندووبووم   سییەکانم داوایان دەکرد لە قەفەسى سینگم بێنە دەرێ   مانگ بەزەیى بە مندا هاتەوە یان کاتى خۆى بوو لە چواردەدا نەرگزیەتى بەرزبووەوە وەستا   چوومە ناو سێبەرى و خۆشەویستى و خۆشەویستم ناسى   تریفەش گوتى بمگرە و پەنجەکانت لە کەمەرى گۆشتنم نقووم بکە   ڕێگاى ژیان دەگاتە فریای ناڵەى بەردە سەرەتایییەکان و بیرکردنەوەى پێش پرسیارەکان   ڕێگا ئەى هاوڕێى بێ دەنگیم بیرت لە دار و دەوەن و دڵخۆشى دڵبەخوداداوەکان کردووەتەوە

هێلکە ترووکان

فڕێدانى دێوجامەى بەرچاوى باڵندە

گلەیى ئاوێنەى ماڵى چۆڵ

دەستدان لە هەورى نزم بە نیازى پشتى کەروێشکێکى گۆشتن

حەیف دڵى ڕێبوارەکانت بۆ نەخوێندرایەوە کێ سەیرى کێ دەکات   دەست لەناو دەست یان دەست لەدەستیان بەردەیت   لەبەر ئەوەى بەخشندە بووى واى لەبیرت چوو تریسکەى چاوى پشیلە لە دەمى تاریکى دیکتاتۆر هێزى گەشەى وەرگرتووە بەردەوام لە ئاژاوەدا گەورە و گەرم دەبێت   حاجی لەقلەقیش سەرى لە دەمى هێلانەى دەردەهێنێ و هەست ڕادەگرێت

            ئایارى 2016 هەولێر

 

(3)       شەڕەکەم تەواو دەکەم و دێم

 

دێم هاتنم ئاسانە    بەڵام لە گەیشتنم دەترسێم    سەر لە ئێوارە چاوانت ئارامى گرتبوو    دەستى سۆزیشت لەناو ڕووناکى دیدەنى جاویدان پڕبوو لە ئاوریشمى ڕایەخراوى خورپەى گەرم    تەواو خومارى باران بارین بووى    هەور بە دڵتى زانى و دەستى لەسەر ناوچەوانت دانا    ئاگرى بەختى خۆت پەردەى قەڵا و کۆشکى کۆنى هەڵدایەوە     دەموچاوت لە یەکەم نمەدا شووشت و ئەشق گەرم بوو    هەواڵێک لە ئەشقدا خرۆشاوە    ئەوانەى سەیرى کاتژمێرى دیوار دەکەن    هەموویان کیژ و کوڕى کاتژمێرن    بە شوێن کاتەوەن وەک کاتیش یەک لە دواى یەک بە دواى دیتنەوەى ئاگر دان    پرسیارى نەکوژانەوەى و خودا و نەمرى دەکەن   باڵندە هاتن بزەیان بە لێوەوە بوو    لە پەنجەرەى ماڵى بێ ڕِەنگیی بێ ڕەنگم هێلکەى هەزار ئومێدیان دانا    لە چاوەڕوانى چوونە ژوورەوەمدا دەترووکێن   ئەو باڵانەى هێلکەیان لە بندا گەرم دەبێت    خۆر لە تەنیشتیان دانیشتووە و دەیاننێت بە سینگییەوە    خۆر لە ئاسماندا تەنیایە    تەنیایى بێزارى ناکات و نیگاى لەبەر پێیان زیاتر دەڕوا    هەر کاتێکیش هەستى کرد یەکێک تەنیایە و تەنیایى بێزارى کردووە    دێت لە تەنیشتى دادەنیشێت   هێندە تێکەڵى دەبێت دەڵێى لەناو هێلکەى ترووکاودا ماڵیان هەیە   دەبێت ناونیشانى ماڵیشیان لەو باڵندانە وەربگرین کە بە ئاسمانەوەن و قسەیان لە دەمدا نامرێت    ئەو پرسیارە لە خۆم دەکەم قسە لە دەمدا نامرێت    لە گوێدا خۆى دوا دەخا    تۆ بڵێى خۆرى تەنیا قسە بەناو تاریکیدا بسووڕێنێتەوە    تاریکى سەرى لەبەر خۆیە و ڕێگاش تاسەى بەیان دەدات    ئاگرى بە جۆشى ئەشقى خۆم هەڵکردووە    هێزى ڕژانى ئەستێرە و شەرابى حەوت ساڵە هەواڵێک لە دوا قومدا خرۆشاوە    هاتووم شەڕەکەم تەواو بکەم    هەرچى هەمە لەبەر پێتى ڕۆکەم    قەرزى خۆتى لێ هەڵگرە    بەرەو ماڵى بێ ڕەنگیى بێ ڕەنگ دەگەڕێمەوە    بۆ ڕوخسارت عەوداڵ بووم    ئاگرى بەختى خۆم یاربوو دۆزیمەوە دەمدەیتێ بۆ خۆمى ببەم    ئاگری برووسکە نەمرەکانى پێ خۆشبکەم   برووسکە نەمرەکان لە دەستى فریشتەدا کەوتوونەتە خوارەوە    فریشتە لە ڕووناکیى چرای خۆیدا دەژى    چرای ئەم چوار ڕەنگە نابێتە پەلکەزێڕینە   با دایگرین و بەروانکەى منداڵان هەڵبدەین   سێبەرى نان و ئاو و دەستگرتنى گەرمە   با قسە لە گوێدا خۆى دوا نەخات   ڕووناکى لەبەر دەم پەنجەرەوە دەوەستێندرێ و نایەتە ژوورەوە   وەک نەخۆشێکى نزیک لە مردن خڕەخڕى سینگی دێ و باوێشک دەدا   دێم هاتنم ئاسانە   بەڵام لە گەیشتنم دەترسێم

حوزەیرانى 2016 هەولێر

 

(4)       ڕسکانی گیان

 

20 / 6 / 1964 کووپە لیرەی بۆنی گیان

لە هەرەمی پاشای حەفت وڵاتان

بە جۆگەلە و جۆلانە و زار و نزارتر

 ژان لە پشتی بابە ئادەم دەرچوو

شیر ڕژایە ڕەزی سینگی دایە حەوا

پەڕەسێلکەش ئاوی شەوى بن کووپەی ماڵی منی

بردەوە گۆزە و جامی خوداوەندان

بۆسە لەسەر زەمین شکا

ناوکبڕینی نواڵە بوو بە پەڕەمووچى ڕۆشنایى و زوو لەخەو هەستا

 بە ئومێدەوەش لە خەوى هەستاندم

نوێژکەران دەستە و نزا

گەیشتنە تات و حەوزى دەستنوێژگرتن و بەڕێ کەوتنەوە

شیرى ڕەزى دایە حەوا ڕژا و خۆى ئاسوودە کرد

زەوی مردووش ژیایەوە

نەیى دڵتاساویش وەک مردووی حەفت ڕۆژە دەم وشک

دەستى پەشیمانیم خستە ناو دەستى بابە ئادەم و چوومە ڕێگاى چیا و بیابان    درەنگ گەیشتم    چیا و بیابان نووسیمى و سڕیمیەوەش    خاڵێکم لە ڕوخسارى خڕ و ڕوومەتى سوورى سێودا مایەوە    سووتانى دووبارەکردنەوە    ئەو شوێنە بەزایەڵە کەوتووەیە لێوەى بەڕێ دەکەومەوە    لەگەڵیدا مۆمم گریاند    مۆم خزمەتى مەرگى خۆى دەکات    مەرگى مۆم پیرۆزە و هاوارێکى نەدرکاوە    بەران لە شەوى قوربانیدا قۆچ لە مەشخەڵ دەدا و چاوى لاى چەقۆ دەنووقێنێ    شێوەیەک لە نێوان ڕۆبۆت و ئادەمیدا بۆن و بەرامەیەکى تەڕ بڵاودەکاتەوە    دەیەوێ بیناسم    هەواى پاک لە سییەکانم ونبوو    نەمتوانى پەیوەندى بە ڕوخسار و شوێنەکانەوە بکەم    نەشمتوانى پەیوەندیم لەگەڵ ڕوخسار و شوێنەکان بپچڕێنم    چاوى سێبووریم بەم لا و ئەو لادا گێڕا    ڕوخسار و شوێنەکان ڕوویان لێ وەرنەگێڕام    ئەسپیش بۆنى تاژى کرد و چووە مەشقى ڕاو    لە مەشق و کەڕەنای جەنگ ڕەویەوە و دەستى پەشیمانى لە دەستى مەیتەرەوان ڕاپسکاند    مامزێک لە بەردەمى تاژى ڕایدەکرد و دوو باڵندەی خۆشبێژیش بە شاخیەوە بوون    ڕۆژێکى کورت چاو پڕ ناکاتەوە و ناشتوانێت دڵ هێور بکاتەوە    پاشماوەى کۆتاییهاتنى چیرۆکەکەش دەسووتێت    باڵندەیەک لەسەر ئاوى بن کووپەى ماڵى مندا هەڵفڕى و پەڕەکانى لە دەموچاوم دا   

 

                                                                       حوزەیرانی 2016 هەولێر

گەڕان بۆ بابەت