عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا
بابەتى ئەو رۆمانە شەڕى عیراق و ئیرانە. راستە رۆماننوس مێژووى شەڕى عیراق و ئیران ناگێڕێتەوە، بەڵام نایەوێ مێژوو بکەوێتە دەرەوەى فانتازیاکانى حیکایەتکردنییەوە، چونکە ئەو رۆمانە هەوڵدەدا لە رێگاى فانتازیاوە بە حەقیقەت بگات.
شیعرییەتى دەستپێک لە رۆمانى (کەوتنى ئاسمانەکان)دا
عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا
(جەبار جەمال غەریب) لە دەستپێکى رۆمانى (کەوتنى ئاسمانەکان، ناوەندى رۆشنبیرى و هونەریى ئەندێشە، چ1، 2016)دا دەنوسێت: (دەشێ کۆتر دەنووک لە گومبەزى ئاسمان بدات و کونى بکات، بەڵام بەرنامەکەى پێهەڵناوەشێتەوە. ل1) هێلى ژێر وشەکان و داخستنى کەوانەکان بە لاى خوێندنەوەدان، من بەو شێوەیە و دەستپێکى لەو شێوەیەم لە رۆمانى کوردیدا کەم بەرچاو کەوتووە... دەستپێکێکى شاعیرانە و قووڵ و بە جیهانبینیەکى سەردەمیانە دارێژراوە! شیعرییەتى دەستپێک لەو ناونیشانەى سەرەوەدا بە ماناى (تزیفیتان تۆدۆرۆف) دنیایەکى گۆڕاو و ناجێگیر دەنوێنێ، مەبەست دیتنى کۆمەڵێک نەبینراو و گۆشە و نیگاى جیاوازە... تۆدۆرۆف قسە لە شیعرییەتى خوێندنەوە یان وەرگر دەکات، ئەو جۆرە قسەکردنە شیعرییەت بە ئاستەکانى خوێندنەوە و خوێنەرەوە دەبەستێتەوە. من لەو نوسینەدا هەوڵدەدەم خوێندنەوەیەکى گریمانەکراو بۆ جیهانبینى نوسەر وەک خوێنەر و گۆشەنیگایەکى جیاواز بۆ خوێندنەوەى دەستپێکى ئەو رۆمانە بدۆزمەوە، کە نەکەوێتە دەرەوەى شیعرییەتەوە، نەکەوێتە دەرەوەى کەشفکردنى نەبینراوەکانەوە.
ئەگەر دەستپێکى ئەو رۆمانە وەک (رەمزى/ مەجازى)، وەک نامەیەکى (نوسراوى/ واقیعى)، (نەنێنراوى/ خەیاڵیى) گریمانە بکەین، ئەوە قسان لە ئاوێتەبوونى نوسەر و خوێنەر دەکەین، واتە وەک ئەوەى نوسەر بیەوێ خوێنەران ببڕێ و خوێنەران هەستى پێنەکەن؟! بەو مانایەش نابێ ئەو قسەیەى (ژاک لاکان) فەرامۆش بکەین: زمان تەواوى دنیاى خەیاڵ دابەش و پارچە پارچە دەکات... لەو قسەیەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەى کە ناونانى گوزارە گریمانکراوەکانى(مەجازى و نوسراو و نەنێنراو)ى دەستپێکى ئەو رۆمانە بە شێوەیەکى راستەوخۆ لە ناونانى گوزارە کردارییەکانى (رەمزى و واقیعى و خەیاڵیى) لاکانانەى ئەو خوێندنەوەیە لە دایک دەبێتەوە! بەو مانایەش دەمەوێ گریمانەى ئەوە بکەم کە (نوسەر) بۆ خۆ دڵنیاییکردنەوە لە رستەى مەجازى (دەشێ کۆتر دەنووک لە گومبەزى ئاسمان بدات و کونى بکات، بەڵام بەرنامەکەى پێهەڵناوەشێتەوە. ل1) خۆى بە رستەى نوسراوى (بە دەستى چەپ قەفەزە تەلەکەى هەڵگرتبوو، بە دەستى راست جارێکى دیکە لە پشتێنەکەى دڵنیابۆوە. ل1) دەگرێتەوە، واتە بە راست و چەپ دەیسەلمێنێ، کە نەست بەرهەمى تایبەتى زمانە. رەنگە لە خەیاڵى نوسەر رستەى یەکەم (کۆتر) و (ئاسمان) بە شێوەیەکى رەمزى کارى خۆى لە خوێنەر نەکردبێ و خوێنەر نەگەیشتبێتە دنیاى مەبەست، یان وەک سەرەتا بەسەریدا گوزەرى کردبێ، بۆیە لە رستەى دووەمدا نوسەر بە شێوەیەکى واقیعى (راست) و (چەپ)ى خۆى دەنوسێتەوە و مەبەستەکە واتە (دڵنیابوونى ئاسمان و گومانى کۆتر) بە بیر خوێنەر دەهێنێتەوە، بەو مانایەش گریمانەى من ئەوەیە، کە نوسەر لە دەستپێکى ئەو رۆمانەدا لە رستەیەکى (مەجازى)یەوە دەکەوێتە نێو رستەیەکى (نوسراو) و زێتر دڵنیاکەرەوەوە، دواتریش بۆ رستەیەکى (نەنێنراو) و خەیاڵى (کزەبایەک لە رووە زەردەکەى دەدا و هەتاوێکى وەک زێڕ دەکەوێتە بەرپێى ئەو نایبینێ، جا بۆ کەس بیبینێ؟ ل1) درێژ دەبێتەوە.
بەڵام وەک کردەى خوێندنەوە، ئەوە خوێنەرە لە رستەى یەکەم (کۆتر، ئاسمان)ەوە ناونیشانێکى رەمزى دەبەخشێتە کاراکتەر و بە رستەى واقیعى (پشتێن، قەفەز) دڵنیایى ئاسمان و گومانى کۆتر وێنا دەکاتەوە و دواتریش لە رستەى خەیاڵى (رووى زەردى ئاسمان و رووى زەردى کاراکتەر) پرسى شاراوەى هاوکێشەکە وەک تراوماییترین رووداوى جەنگى عیراق و ئیران دەخوێنێتەوە. دواتریش وەک چۆن (نوسەر) لە ئاکامدا ئەو تراومایە بە باکگراوەندى کردە تیرۆرییەکان دادەنێت. ئەو (خوێندنەوە)یەش لە دەستپێکدا هەوڵدەدا وەک تراماییترین گۆشەنیگا وێناى بکاتەوە... بەو مانایە (گوزارە گریمانکراوەکانى) دەستپێکى ئەو رۆمانە وەک چالاکى رەمزى نوسین و (گوزارە کردارییەکانى) خوێنەر وەک چالاکى خوێندنەوە بە ناوەڕۆکى رۆمانەکەدا درێژ دەبێتەوە.
لە دەستپێکى شاعیرانەدا بڕیارى گەیشتن و نەگەیشتنى ناوەڕۆکى بەرهەمەکە زۆر گرنگ نییە، ئەوەى گرنگە نیشاندانى دنیایەکى گۆڕاو و ناجێگیرە، ئەوەى گرنگە جوانى و کرانەوە و شیعرییەتە! لە رستەى یەکەمى رۆمانى (کەوتنى ئاسمانەکان) رەنگە (کۆتر) و (ئاسمان) وەک دوو رەمزى ئاڕاستەکراو، دنیاى جێگیرى خۆیان هەبێت، بەڵام وشەى (دەشێ) ئەو دوو دنیایە دەکاتەوە و وەک (مەجاز) تەماشایان دەکات. هەڵبەتە زۆرجار شارەزایى نوسەر خۆى لە یەک جولە و یەک وشە و یەک نیگا و رێکخستنێکى بچوکدا دەبینێتەوە، رەنگە خۆى لە ئازادکردنى خەیاڵى زماندا ببینێتەوە... بۆ نموونە تۆ وشەى (دەشێ) لەو رستەیە بکوژێنەوە، راستەوخۆ دەکەویتە نێو قەدەرەوە! نوسەر دەزانێ ئەوەى جوانى نوسین دیارى دەکات، قەدەرى دیاریکراو نییە، پەیوەندى بە خۆ ئازادکردن و زمان ئازادکردنەوە هەیە، نەک خۆ کۆنترۆڵکردن و زمان کۆنترۆڵکردن! لێرەدا دەشێ بە گشتى شیعرییەت لە دەستپێکى (کەوتنى ئاسمانەکان)دا ببێتە نامەیەکى (نوسراوى نەنێنراو) بەو مانایەى کە نامەى (نوسراوى نێنراو) ئاڕاستەکان دیارى دەکات، بەڵام نوسین کرانەوەیە، نوسین بە هەموو ئاڕاستەکاندا دەڕوات، بۆ ئەوەى زۆرترین ئەگەرى خوێنەر لە خۆى کۆ بکاتەوە و زۆرترین چاوەڕوانى و پێشبینیکردنى مانا فەراهەم بکات و زۆرترین دەلالەت لەخۆ بگرێ! چونکە بەشێکى خەیاڵى نوسین و ئازادى زمان، رێگا کردنەوەیە بۆ ئازادى خوێنەر و فرە خوێندنەوە و جیاوازییەکان... دەمەوێ بڵێم وشەى (دەشێ)ى دەستپێک وەک کردەیەکى نوسراو، بریار لێدراو نییە، بەڵکو لەخۆوە و خەیاڵییە، بۆیە ناتوانین بڵێین شیعریى نییە، فرەیى نییە، ئازادى نییە... ناتوانین ئەو چاوەڕوانییەش بکوژین کە خوێنەر لە دەستپێک و رستەى رەمزى و ئازادى و کرانەوە هەوڵى گرتن و راڤەکردن و خوێندنەوەى دەدات، وەک چۆن ناتوانین ئەو دوودڵییەش نەبینین کە نوسەر لە رێگاى پرۆسەى نوسینەوە تووشى دەبێت، ناتوانین ئەو دنیا گۆڕاوە نەبینین، کە رۆمانەکە بەرجەستەى دەکات...
بەڵام هەموو ئەو خوێندنەوانە بە دیاریکردنى (کۆترێک) و (بەرنامەى ئەو) و کورتە رستەى خەبەرى (کۆتر لە بەرنامەکەدا نەبوو. ل1) دەکەوێتە سەر خوێندنەوەیەک کە نوسەر لە بۆگێڕەڕەوەى دەخوازێ (مەبەست لە بۆگێڕەڕەوە کەسایەتیەکى خەیاڵکراوە و زۆربەى جار دانەر شوێنى دەگرێتەوە)... پرسیار ئەوەیە ئایا رستەى یەکەمى دەستپێک پێیوایە خوێنەر تەنها ئەویترى بۆگێڕەوەیە، بە بێ ویستى ئەوى نوسەر و ئاڕاستەکردنى ئەوى نوسەر نەبێ، ناگات؟! دەزانم (دوودلێ) و (پارچە پارچە بوون) و جێکەوتەى وشەى (دەشێ) هەموو ئەو پرسانە لە جێى خۆیدا وەڵام دەداتەوە... دەزانم پەیامى دەستپێک لەو رۆمانەدا لە رێگاى وشەى (دەشێ) و دوودلێ و پارچە پارچەبوونەوە بە راست و چەپ نوسراوە، بەڵام رەنگە گومانێک لەو گەیشتنە هەبێت، رەنگە هەر تەنها بگاتە ئەو خوێنەرانەى کە دیاریکراوەکان دەگرن؟! ئەو خوێندنەوەیە ئەو پرسە دەکاتە ئامانج...
کەواتە نوسەر لە (نوسین)ى ئەو نامەیە پەشیمانە یان نا، ئەوە پرسیارەکە نییە، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە ئایا نوسەر لە (ناردن)ى ئەو پەیامە پەشیمانى پێوە دیارە... بە بڕواى من ئەو جارەش وشەى (دەشێ) و دوودلێ و پارچە پارچە بوونى دەستپێک و دەستنیشانکردنى راست و چەپ بەشێکى ئەو پەشیمانییە لەخۆ دەگرێ، بەڵام حیکایەتکردنى تەواوى رۆمانەکە پێمان دەڵێت نوسەر ئەگەرچى سەرەتا لە ناردنى نامەکە دوودڵە، بەڵام لە نوسینەوەى نامەکە پەشیمان نییە! دەشێ خوێنەران هەموو ئەو پرسیارانە لە دووتوێى خوێندنەوەى تەواوى ئەو رۆمانەدا بخوێنێتەوە. کەواتە دەشێ ئەو پەشیمانییەى ناردن و ئەو خەیاڵەى خوێندنەوە هەر تەنها (تەکنیک و شێواز)ى نوسەر بەرجەستە بکات، شتێکى دیکە نەبێت...
کارى نوسین تا رادەیەکى زۆر لە کارى ئەندازیاریى دەچێت، بەرهەمهێنانى گوتارى نوسین و رێکخستن و هەڵنانى دیوارى باڵەخانە و نەخشاندن و بەرجەستەکردنیان مەودایان ئەوەندە لێکدوور نییە. ئەو قسەیە ئەگەرچى زمان وەک مەتریال و کەرستە، تەماشا دەکات! بەڵام لە روویەک لە رووەکانى هەندێ راستى لە خۆیدا هەڵگرتووە، چونکە زمان وەک قەوارەیەکى ئاڕاستەکراوى مەتریال، نکۆڵى لێناکرێ. زمان وەک قەوارەیەکى ئاڕاستەکراوى دەستلێدراو، لە ناونانى شتەکانەوە بەرهەم دێت... بۆیە (جەبار جەمال غەریب) وەک (شێواز) لە دەستپێکدا هەوڵى گرتن و بەرجەستەکردنى کۆى حیکایەتەکە دەدات. وەک چۆن پەنجە دەخاتە سەر پیتەکان دەیەوێ وەک (تەکنیک) حەقیقەتى ناوەڕۆک لە دەستپێکدا بخوێنینەوە! دیتنى هێلە دیارەکانى حیکایەت و ناونانیان لە دەستپێکدا وەک چۆن لە دەرەوەى شێواز و تەکنیکدا نییە، ناکەوێتە دەرەوەى خوێندنەوەکانیشەوە.
لە ئەدەبدا مرۆڤ ناتوانێ دەسبەردارى حەقیقەت بێ بۆ جوانى، وەک چۆن ناتوانێ جوانى لە پێناو حەقیقەت فەرامۆش بکات! بەڵام بە بڕواى من دەستپێک دەشێ خاڵى بێ لە حەقیقەت، بەڵام ناشێ خاڵى بێ لە ئیستێتیکا. دەمەوێ بڵێم هەموو خاڵبوونێکى دەستپێک لە جوانى خاڵیبوونە لە خەیاڵ و ئازادى و خوێندنەوەى جیاواز، خاڵیبوونە لە شیعرییەت... جوانى چییەتى کارى ئەدەبییە، هەموو قوڕسایى ئەو چییەتییە لە دەستپێکى رۆمانى کەوتنى ئاسمانەکاندا لە وشەى (دەشێ)ى رستەى سەرەتادا کۆبۆتەوە، هەموو قوڕسایى ئەو چییەتییە لە دوودڵى نوسەر و پارچەپارچەبوونى دەستپێکدا خۆى دەنوێنێ، وەک چۆن گرنگى حیکایەتى ئەو رۆمانە لەو حەقیقەتەوە سەرچاوە دەگرێ، کە دیوە شاراوەکەى واقیعى کوردى و ناوەڕۆکى رەمزى دەسەڵاتى نوسیوەتەوە.
دوودڵى نوسەر و پارچە پارچە بوونى دەستپێک (دەشێ کۆتر دەنووک لە گومبەزى ئاسمان بدات و کونى بکات، بەڵام بەرنامەکەى پێهەڵناوەشێتەوە. ل1) وەک بەرهەمهێنانى گوتار و نەخشاندنى ئەندازیارانە، وەک مەجاز و جوانسازى لە سنورى جولەى تایبەتى ئەو رۆمانەدا، دیوە داپۆشراوەکەى واقیع یان ئەگەرەکانى ناو واقیع بە نوسراوى (بە دەستى چەپ قەفەزە تەلەکەى هەڵگرتبوو، بە دەستى راست جارێکى دیکە لە پشتێنەکەى دڵنیابۆوە. ل1) نیشان دەداتەوە و بە خەیاڵ و فەنتازیاى چنینى (کزەبایەک لە رووە زەردەکەى دەدا و هەتاوێکى وەک زێڕ دەکەوێتە بەرپێى ئەو نایبینێ، جا بۆ کەس بیبینێ؟ ل1) دەلکێنێ، کە لە لایەک گوتارى رۆمانەکە تۆختر دەکاتەوە، لە لایەکى دیکە شیعرییەت زێتر بەرجەستە دەکات!
ئەگەر حەقیقەت و جوانى رستەى یەکەمى دەستپێک لە وشەى (دەشێ)ەوە سەرچاوە بگرێ، ئەوە شاراوەکانى واقیعى کوردى و دڵنیابوونەوە لەو چەپێنراو و نوسراوە لە چەپ و راستى رستە واقیعییەکەدایە، بەڵام خەیاڵیى چنین لە پەیوەندى رووى زەردى پاڵەوان و رووى زەردى ئاسماندا نییە، ئەوەندەى دەکەوێتە نێو چەمکى(نەبینراو) و پرسى نەنێنراوەوە (ئەو هیچ نابینێ، جا بۆ کەس ببینێ؟ ئەو گەز گەز باڵا دەکات و دەفڕێ. ل1) کۆى خەیاڵى کوردى، کۆى نەنێنراوى کوردى دەخاتە ژێر: ئەوەى شیاوە رووبدات، نەوەک ئەوەى روویداوە، (بۆ کەس نایبینێ؟) پرسێکى نەنێنراوى خەیاڵییە و کۆى ئەو رۆمانە وەک ئەدەب نیشان دەدات، نەک مێژوو...
رۆمانى کەوتنى ئاسمانەکان لە رێگاى گوزارە کردارییەکانى (رەمزى و واقیعى و خەیاڵیى) خوێندنەوە و لە رێگاى گوزارە گریمانکراوەکانى (مەجازى و نوسراو و نەنێنراوى) نوسەرەوە، درزێک دەخاتە شوناسى رەمزى کاراکتەرى سەرەکى و شوناسى سایکۆلۆجییەوە... خوێنەر رەنگدانەوەى دوودڵى نوسەر و پارچە پارچە بوون و خەیاڵى زمانى دەستپێک لە کۆى رۆمانەکەدا دەخوێنێتەوە. دەمەوێ بڵێم کاراکتەر لە نێوان دوو بەرنامە (ئاسمان، پشتێنى دڵنیابوونەوە، نەدیتن) و (کۆتر، گومانى چەپگەرایى، پرسى خەیاڵ) خۆى دەدۆزێتەوە، لە ئاکامدا بەرنامەى یەکەم کاراکتەر دەخەسێنێ و سەرکەوتن مسۆگەر دەکات و هەڵناوەشێتەوە.
بابەتى ئەو رۆمانە شەڕى عیراق و ئیرانە. راستە رۆماننوس مێژووى شەڕى عیراق و ئیران ناگێڕێتەوە، بەڵام نایەوێ مێژوو بکەوێتە دەرەوەى فانتازیاکانى حیکایەتکردنییەوە، چونکە ئەو رۆمانە هەوڵدەدا لە رێگاى فانتازیاوە بە حەقیقەت بگات، لە رێگاى کاراکتەرە پەراوێزکراوەکانەوە لە رووداوەکان نزیک بێتەوە. لە رێگاى جوانییەوە لە نێو رەمز و واقیع و خەیاڵدا بخولێتەوە. ئەوە رەنگدانەوەى دوودڵى و پارچە پارچە بوونى دەستپێکە وا لە کاراکتەرى سەرەکى ئاسۆ تۆ بڵێ زەینەڵ دەکات، پێمان بڵێ: ئەوە من نیم وەزیفەى (خۆتەقاندنەوە) ئەنجام دەدەم، بەڵکو شوناسى منى رەمزى و منى سایکۆلۆجى خەسێنراوە، من لە رێگاى ئازادبوونى خەیاڵەوە دەکەومە سەر ئەوەى بیر لە ئەنجامنەدانى ئەو وەزیفەیە بکەمەوە. بە مانایەکى دیکە (منى رەمزى منى سایکۆلۆجى منى خەسێنراو) وەک کەسێکى (لادەر) خودى بەش بەش بووە و لەگەڵ خۆى لە نێودژییدایە... کەواتە ئەوەى کە کاراکتەرى سەرەکى ئاسۆ تۆ بڵێ زەینەڵ لە کاتى کردەى خۆتەقاندنەوە بەرى دەکەوێت، دەنگدانەوەى راستییە! بەڵام کاتێک دەگاتە ئەوەى کە راستى لە درۆ جیا بکاتەوە، ئەوە دەبێ دەستبەردارى راستى درۆکە بێت! ئەو راستییەى کە بێ مەرج پێوەى پەیوەست ببوو، ئێستا لە ساتى خۆتەقاندنەوەدا دەنگدانەوەکەى دەبیستێ، بەڵام پێشتر رێگرى لە بیستنى ئەو دەنگدانەوەیەى دەکرد...
لە خوێندنەوەى دەستپێکى ئەو رۆمانەدا، لە ناونانى رەمزى و واقیعى و خەیاڵیدا، لە خوێندنەوەى منى رەمزى و منى سایکۆلۆجى خەسێنراو و ئازادى خەیاڵدا، لە رێگاى گریمانەکردنى گوزارەکانى مەجازى و نوسراو و نەنێنراو بۆ نوسەر دەمەوێ دوو گۆشەنیگا بنەخشێنم، یەکێکیان شێواز و تەکنیکى نوسەر دەردەخات، ئەویدیکەیان ئازادى زمانى خوێندنەوە دەنوێنێ، یەکەمیان پەیوەندى بە زمان وەک مەتریالەوە هەیە، دووەمیان پەیوەندى بە زمان وەک ئەبستراکەوە دەکات، بە مانایەکى دیکە یەکەمیان دەیەوێت هێلە سەرەکییەکانى حەقیقەتى حیکایەت لە دەستپێکدا وەک مەجازى و نوسراو و نەنێنراوى نوسەر گریمانە بکات و بە خوێنەرى بگەیەنێت، دووەمیان بە شێوەى رەمزى و واقیعى و خەیاڵیى قسان دەکات و جوانى فانتازیاکانى خۆى و ئازادى بیرکردنەوەى خوێندنەوە بۆ خوێنەران دەکاتەوە... من وەک خوێنەرێکى ئازاد هەوڵى گرتنى خەیاڵى فەنتازى دەدەم و دەشێ نوسەر وەک خوێنەرێکى پابەند هەوڵى بەرجەستەکردنى شێواز و تەکنیک بدات؟! بەو مانایەش دەشێ خوێندنەوەى من: شێواز بە لادانى زمانى پەیوەست بکات و خوێندنەوەى ئەویدیکەى نوسەر: شێواز وەک رێگاى نوسین بناسێنێ؟! هەموو ئەوانەش لە سەر دوو تێڕوانین و دوو تێز و دوو شێوە دیتنى زمان وەستاون، زمان وەک ئەبستراک و زمان وەک مەتریال، ئەو دوو تێزەش هەمیشە لەو خوێندنەوەیەدا بەنێویەکدا دەچن! کەواتە ئەوەى لەو خوێندنەوەیەدا بۆ خوێنەر گرنگە گۆڕینى واقیعى بینراوە بۆ واقیعى زمانى، گۆڕینى رەمزى و واقیعى و خەیاڵییە بۆ مەجازى و نوسراو و نەنێنراو... بەو مانایەش لە دەرئەنجامدا دەمەوێ ئەوە دووبارە بکەمەوە کە شیعرییەت یاخى بوونە لە واقیعى بینراو و کەشفکردنى بەردەوامى نەبینراوە.