وەرگێڕان و پێشەکی: عادڵ قادری
وەکوو هەموو چەمک و زاراوەیەک کە پەیوەست و ئاوێزانی رووداوەکانی ناو دونیای واقیعە، سەدەی بیست سەدەی بێ نیشتمانان و گەڕان بۆ نیشتمانە جۆراوجۆرەکان بوو. هەڵبەت ئەم وێنایە پێشینەیەکی لە مێژینەتری هەیە و دەشێت یۆتۆپییاکەی ئەفلاتوونیش بە نیشتمان بزانین.
مــرۆڤــی رووت و نـەتـەوە*
نووسین:ئومید میهرەگان
وەرگێڕان و پێشەکی:عادڵ قادری
پێشەکی وەرگێڕ
ئەم وتارە بە شێوازێکی پوخت و بەواتا لە پێوەندی و دانوستانی نێوان دەوڵەت و مرۆڤ (وەکوو جەوهەر و چییەتی و شوناس) دەدوێ و بە فاکت هێنانەوە و لە ژێر تیشکی بیروڕاکانی هەندێک فەیلەسووفی سیاسی سەدەی بیستەم لەوانەش هانا ئارێنت، دەخوازێت کاریگەری و بەدواداهاتە نەرێنی و دژە مرۆییەکانی سیاسەت وەکوو خواستی دەسەڵات و مەترسییەک بۆ سەر شوناسی رووت و سەڵت و ئابێستراکتی مرۆڤ، بخاتە بەرچاو. لایەنی سەرنج راکێش لە پێکهاتی گێڕانەوەیی ئەم دەقە کورتە دا، ئەوەیە کە بگێڕ(راوی) وەکوو بێ دەسەڵات ترین و نەبووگترین بوونەوەر لە پانتای ئەو گوتارانەی کە ئاماژەیان پێ دەدات، دەردەکەوێت. ئەوە سەرەڕای ئەمەشە کە بگێڕ وەکوو بکەر و کردەکار، بوونێکی زۆر لاوازی لە دەقەکە دا هەیە. زۆربەی کردە(فعل)کان بۆ بکەرێکی نادیار و ناروون دەگەڕێنەوە. ئەگەر سەرنج بدرێتە بکەر و کردە دەردەکەوێت، "بکەر" کەمترین ئامادەگیی وشەیی و بەگوێرەی ئەوەش واقیعی هەیە و کردەش بەزۆری و تا رادەیەکی تەواو، نادیارە(مجهول). لەم وتارەدا زۆر پوخت و کورت قسە کراوە و وەکوو شێوازێک لە وتاری زانستی بۆ هەر واقیعێک، یەک وشەی داناوە و من هەوڵم دا لە زۆر لایەنەوە بیپارێزم، لە لایەنانێکی تر کە ئەو دەرەوەستییەم نەپاراستووە (هەڵبەت ئەم نەپارێزییەش، دەکارکردن و رەچاوکردنی شێوازی دیکەی وەرگێڕان بووە لە ناو دەقەکە دا نەک هەڵهاتن لە پێکهات و واتاکانی دەقەکە بە حەزی خۆم!)، مەبەستی ترم بووە، ئەوەش داچاندنی هومێدێکە بۆ دەرکەوتن و نەمردن و نەمری بکەر وەکوو سووژە، مەبەستی دیکەشم دەرخستنی ئاست و رادەی توانستی زمانی کوردی بۆ بیرکردنەوە و بوون لە رۆچنەی وەرگێڕانەوە. بە گشتی کۆی وتارەکە دیالیکتیکی نێوان شوناسی رووت و بێ پاشگر و پێشگر و نێوانگر و... واتە شوناسێکی تاق و "ئەحەد" و بێ ئاوەڵناوانەی مرۆڤ، لەگەڵ ئەو شوناسەی کە بە جل و بەرگ و پۆشاکە جۆراوجۆر و سەیروسەمەرەکانی سەدەی بیستەم واتە ئایدۆلۆژییەکان و رێبازە جۆراوجۆرە هزرییەکان دەگێڕێتەوە. وەکوو وشە و پێکهاتێکی زمانی و ناواقیعی، وشەی مرۆڤ لە پێگەی تاق و تەنیا و بێ ئاوەڵناو و بێ زێدە و ئاوەڵکردار و...خاوەنی جەوهەری رووت و دەرهەستانەی خۆیەتی، هەر چەندە ئاوەڵناوەکان پێیەوە بلکێن لە دەرهەستێتی و رەسەنایەتی ئەو شوناسە کەم دەبێتەوە وەکوو نموونە لێکدانی دوو وشەیی مرۆڤی کورد، ئەم لێکدانە لە بەشێک لە جەوهەر و رووتناکی1 خۆی مەودا دەگرێت، بەڵام گەر بە لێکدانێکی چەند وشەییەوە2 بڵێین: "مرۆڤی کوردی سەدەی بیستەم"، دیسان بەشێک لە جەوهەری لەکیس دەدات ، ئەگەر درێژتری کەین و بە پێکهاتێکی فرەوشەییەوە لێکدانەکەی درووست بکەین و ببێت بە "مرۆڤی کوردی سەدەی بیستەم لە رۆژهەڵاتی کوردوستان دا"، زێدەتر جەوهەری تاکانە و تاقانەی خۆی دەدۆڕێنێت، مرۆڤ وەکوو چییەتی و ماهییەت تەنها و تەنها مرۆڤە و بەس، مەبەستم "بەس"ەکەش نییە تەنانەت، بەڵکوو تەنها هەر "مرۆڤ". ئەم دەقە دەیگێڕێتەوە کە کاتێک ئێمە بەناوی نەتەوەیەکەوە دەوڵەتێک دادەمەزرێنین ، دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە لەسەر بێ خانومانی3 و لانەواز بوون و بێ دەوڵەت بوونی کۆمایەکی تر و نەتەوە یان نەتەوەگەلی تر تەواو دەبێت. و هەر بەم هۆیەوە رووبەرێکی بەرین لەو دروشمە زل و قەبانەی جیهانی هزر و فەلسەفە کە لەمەڕ مرۆڤەوە بەرز کراوەتەوە و ئیشی بۆ کراوە، بە بێ ناواخن و ناوەرۆک دادەنێت. هۆی ئەم دەربڕین و پەرچەکردارەش هەر چییەک بێت بەڕای من کوردێک4 بە باشترین شێوە لێی تێ دەگات. دامەزراندنی دەوڵەتانێک لەسەر بێ نیشتمانی و بێ دەوڵەتی و بێ سەرزەوینی و ئاوارەیی و تاراوگەڕۆیی و... کورد نیشتەوە. لێرەوەیە کە رووبەڕووبوونەوەی نیشتمان داریی و بێ نیشتمانی لە سەر فۆرمی دەوڵەت داریی و بێ دەوڵەتی رۆ دەنرێت. بەختیار عەلی لە شوێنێکدا دەڵێت: تەنها کرێکاران نیشتمانیان نییە5، بەسەرنج دان بەوەی زۆربەی کۆمەڵی کورد کرێکارە و چینی نێونج و سەرووش نادیار و خۆنەگرتوو، بێ نیشتمانی وەکوو مەرج و راستییەکی مێژوویی، کۆمەڵایەتی- سیاسی لە واقیعی "بوونمان" دا دەردەکەوێت. هەڵبەت لێرەدا و پەیوەست بەم باس و وتارەوە واقیعی بێ نیشتمانی هەنووکەی کورد بەدەر لەم رستەیەی بەختیار پێناسە دەکرێت، چوونکوو کرێکار لەم دەربڕینە واتایەکی مارکسیستی و زۆرتر مانا و دەربڕینێکی ستاتیکییانەشی هەیە. بۆیەش دەشێت بڵێم کە ئەمە لایەن و رەهەندێکی واتاکانی دەوڵەت و نیشتمانن کە لەسەرووی گێڕانەوەی واقیعی و کۆنکرێت جێ دەگرێت و لە چوارچێوەیەکی دەرهەستی و فەلسەفی تەواو دا جێ دەگرێت وەکوو ئەوەی کە نۆڤالیس6 دەڵێت: فەلسەفە، سەوداسەرییەکە بۆ گەڕانەوە بۆ نیشتمان، لە ماڵ نەبوونێکە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو ماڵە راستەقینەیە کە فەلسەفە بێت. یان عەتا نەهایی7 لە شوێنێکدا لەمەڕ شێرکۆ بێکەسەوە دەڵێت: ئەو زمانی کردە نیشتمانێکی یەکگرتوو بۆ گەلە بێ نیشتمان و لێک دابڕاوەکەی. ئەم پەیڤ و دەربڕینانە دوای ئەم باسەی خوارەوە و بەتێپەڕبوون بە ناو واقیعی بەرهەست دێتە گوورین و بیچم وەرگرتنەوە.
وەکوو هەموو چەمک و زاراوەیەک کە پەیوەست و ئاوێزانی رووداوەکانی ناو دونیای واقیعە، سەدەی بیست سەدەی بێ نیشتمانان و گەڕان بۆ نیشتمانە جۆراوجۆرەکان بوو. هەڵبەت ئەم وێنایە پێشینەیەکی لە مێژینەتری هەیە و دەشێت یۆتۆپییاکەی ئەفلاتوونیش بە نیشتمان بزانین، بەڵام لە کات و دوای مۆدێڕنیتە نیشتمان بوو بە چەمک و خەونێکی چەمکییانە کە دەشێت واقیعێکی خەونئامێز و بەردەست بێت لە یەک کات دا. پێشەڕۆیی و گەشەسەندنی ئەم چەمک و واقیعە، پەیوەستی رووداوان و بابەتگەلی زۆر بوو کە میکانیزمی گۆڕان و ئاڵووگۆڕی بەردەوامی لە پشتەوە بوو. ئەم گۆڕانە چەمکی و واتایی و زمانییانە نە تەنها لە رووبەری هزر و فەلسەفەی رۆژئاوا دا هاتە پێشەوە، بەڵکوو لە چەقی دەق(ئەدەب)ەکانی کوردییش دا ئەم گۆڕانە چەمکی و ناڤەرۆکییانە بەدی هاتووە، لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمە کە فایەق بێکەس8 دەڵێت:
ئەی وەتەن، مەفتوونی تۆم و شێوەتم بیر کەوتەوە وەختی بەندیی و ئیسارەت وام بە تەوق و کۆتەوە
گەرچـی بـەیـنێکـە زەلـیل و دیـلی دەسـتی زاڵـمـی نـۆبـەتـی شـادیتە ئەمجار ناحەزت لێک بێتەوە
لە دوای ئەوە کە بەختیار عەلی دەڵێ: ئەی وەتەن، مەفتوونی تۆم، بەڵام نامەوێت شێوەتم بیر بکەوێتەوە و...
گۆڕانی بنەمایی و بنەڕەتی مانا و مەدلوولەکانی نیشتمان و خاک و سەرزەمین لە قەسیدەی نیشتمان و لە وتاری"گەر نەتەوێت غەریبێک بیت وەکوو نالی" لە کۆمەڵە وتاری "خوێنەری کوشندە"(ساڵی 2005چاپخانەی رەنج ل19)ی بەختیار عەلی دا، روانینی فەلسەفی ئەم گۆڕانەمان بۆ دەنەخشێنێت، چەند کۆپلەیەک لە قەسیدەی نیشتمان وەکوو نموونە دێنمەوە؛
ئەی نیشتمان،..........دڵم لەبەردە بۆ خەمت، من هەتا تۆزی سەر لەشی چەقەڵەکانت دەپەرستم، هەتا تنۆکە بارانی سەر دەستی منداڵەکانیشت دەپەرستم... بەڵام بڵێم چی گەر رقم لەو پیاوە تەنگ ئەستوور و گومڕایانە بێ، ئەو پیاوانەی شەوی دە جار خەنجەر لە دڵی جوانی دەدەن، رۆژی دە جار کچانی ئۆفیس، بەر پاس و نێو کۆگاکان هەڵ ئەمژن، لە دوای هەموو خامۆش بوونی لەزەتێکیشەوە، کاتێک زریزەی پانتۆڵەکانیان دا دەخەن، باسی شەڕ چینایەتی و بەرەی گەورەی سۆشیالیزم دەکەن... خوایە چی بکەم رقم لەو کچ و کوڕ و مامۆستا گێلانەیە کە وەکوو شەمشەمە کوێرە ...9
کە ئەمە رەنگدانەوەی ئەو تێڕامانە نوێیەیە کە بەختیار لە چوارچێوەی گوزارەی "ئێمە، ئەوەندەی بیری نیشتمان دەکەینەوە، ئەوەندە بیر لە نیشتمان ناکەینەوە10" دەری دەبڕێت. واتە دان پێدا نان بە لایەنە نەرێنی و کوشندەکانی ئەو روانینە سۆزاوی و غوربەت بێز و نیشتمان پەرەستەی کە لەمێژەیە گوتاری کوردی لە چوارچێوەی خەونانێکی ئایدیالیستی دا خەساندووە. ئەمە باسێکی دوورودرێژ و پڕواتایە و من لێردەا هەر تیشک دەخەمە سەری. درێژەی ئەم گۆڕانە لە رۆژهەڵاتی نیشتمان دا رەزا عەلی پوور ئاوا دەیگێڕێتەوە: گۆرەوییەکان، گرانترین نیشتمانمە، قاڵییەک دەناسم لە هەرچی گوڵیەتی ماندووە11... گریمان نیشتمان گەورەترین سەندەڵی بێـت، من حەقمە پرسیارێک ئاراستەی دانیشتن؛؟ ((کەسێ ئەڵێ: نیشتمان کڵاوێک بوو پڕ بەسەری شەهیدەکان! کەسێک ئەیوت: لێرەوە تا مردن جگەرەیەکە/ لێرەوە تا نیشتمان هەناسەیەک، هەزار جاریش من ئەیکێشم. ئەویش ئەڵێ: بەرد لازمە تا کەسێ هەناسەی پێ تەحوێڵ با/ نیشتمان پێویستە، تا کەسێ بیفرۆشێ. منیش ئەڵێم "هیچ ناڵێم"))12.
بەهەر حاڵ ئەم گۆڕانکارییانە نیشانەن بۆ ئامادەبوونی گۆڕان لە سەدەی بیستەم دا جا چ لە وڵات و دەقە پێشکەوتووکان دا بێت یان لە سەرزەمین و دەقە جیهانی سێ و ئەفسوون و ئەفسانەییەکان. ئەم گۆڕان و گۆڕینەی واتاکانی نیشتمان و واقیعی نیشتمان لە چەند رەهەندی کۆمەڵایەتی، مێژوویی، سیاسی و گوتاری دا بوونی چەند واتا و فرەجەمسەریی خۆی نواندووە.
ئەگەر بە شێوازی رێبازی کۆنێستانس13 و لە سەر بنەمای کردەی "وەرگرتن" ئەم دەقە وەرگێڕدراوە، بخوێنینەوە واتە لە سێ جەمسەری پێش دەق، دەق و ئەوپەڕ دەق دا شوێن پێی واتاکان بگرین، بۆمان دەردەکەوێت کە نیشتمان بەتایبەتی لە رووبەر و جەمسەرە پێش دەقییەکەی ئەم وتارە دا هەم لە نیشتمانێکی بێ خاوەن و ئازاد و رەها و "نابووگ14" و خەون ئامێزەوە دەدوێت و هەمیش بە ئاراستەی لێکدانەوەی وێستگەیەکی سیاسیانەی "بوونی مرۆڤ"، نیشتمان لە رووبەر و لایەنی فرەخاوەنی (کە فرە دەعیەیی و فرە خواستی بۆ زەمین و خاک و خۆڵی نیشتمان بە دواداهاتەکەیەتی)، و داگیرکاری و چەوسێنەریی و تراژیک و... دا دەبینێتەوە، بە گشتی لە هەر دوو حاڵەت دا نیشتمان بوونی هەیە، حاڵەتی یەکەم شوێنگەیەکە تایبەت دراو بە هەمووان و مەبەستێتی دایک و سەرچاوەی هەمووان و کۆی بوونەوەران پێکەوە و بە شێوازێکی هاوبەش بێت و کەس بانگەشەی خاوەندارێتی و موڵکدارێتی نابێت بۆ بکات ... و حاڵەتی دووهەم، نیشتمان خاوەن و خوێش15 پەیدا دەکات، رەگەز و خوێن دەبینێتەوە، پیرۆزایی و ناپیرۆزایی بەسەر دا دەسەپێت! دایکەی نیشتمان بەشوو دەدرێت، بەهەزاران شوو دەدرێت یان رەنگە شوو دەکات... نیشتمان پێودانگی "نرخ و بایەخ" بەسەریدا دەسەلمێت و پەسندی دەکات، نیشتمان، هی تاقمێکە و نیشتمان داری ئەم تاقمە(داگیرکەرانی نیشتمانی تاقمێکی دی!) لە سەر بێ نیشتمانی و چەوساوەیی تاقمێکی دیکەی لە نیشتمان دا بووگ( داگیر کراوانی نیشتمان!) خۆی رۆ دەنێت16. من، دواتر و لە وتارانیتر دا بە تێر و تەسەلی نیشتمان دەگێڕمەوە، بەڵام لێرە تەنها مەبەستم ئەوە بوو خوێنەر لە ژێر تیشکی چەند چەمک و زاراوەی نادیاری پشت دەقەکە بهێنمە ناو دەقەوە. هەر چەندە بە پێی گێڕانەوەی ئەم وتارە فەلسەفەی سیاسی و تێڕوانینێکی وجوودخوازانە بۆ سیاسەت، دەشێت نیشتمان لە دۆخی داگیرکراوی و فرەخاوەنی هەندێک و بێ خاوەنی هەندانێکی تر دەرباز بکات و جل و بەرگ و سیپاڵی هیچ لایەن و ئایدۆلۆژیایەک بە بەر نیشتمان دا نەکات و دیاری17 نەکات بۆ خۆمان و ئەوانی دی! "با" نیشتمان رووت وقووت لەم واتە زەمینیانە بێت و پۆشتە و خەمڵێنراوێکی ناوەکی بە بریسک و خوڕی ئاسمان بێت.
بۆیەش ئەم وتارە هەڵگری توخمێکی ناڕەزایی دەربڕین و بێدەنگی لەیەک کاتدایە، ئەو، لە شوناس و بووگێکی رووت و بێ زێدە(بێ پێشگر، نێوانگر، پاشگر و ئاوەڵناو و...)وەکوو ماهییەتی مرۆڤ دەدوێت، لە لایەکی دیکەوە مادام کە ئەو ماهییەتە لەبیر کراوە و لەقەوارەی دەوڵەت دا بانگەشەی بۆ دەکرێت، دەشێت ئێمە لەرێگەی خودی هەر هەمان رۆنراوی دەوڵەتەوە، هەڵبەت بە پەڕینەوە و بازدانێکی فەلسەفی و شارستانی بەسەر ئەم رۆنراو و چەمکە دا، رووتیی راستەقینەی مرۆڤ(نیشتمان!)، بە رێز و حورمەتەوە بگەڕێنینەوە بۆی و بە بەریدا کەین. هەڵبەت ئەم وتارە روانگەیەکی ئایدیالیستی لە پشتەوە نییە، بەڵکوو زۆرتر سەرنج و قووڵبوونەوەیەکە لەو واقیعەی کە لە فۆرمی دەوڵەت ئامێز دا دژە مرۆییە، ئەمەی کە مرۆڤ خۆی وەکوو جەوهەر و کرۆک ئامانج مەند و سەربەخۆ و رووت دابنێین، سامانێکە کە لە رۆژگاری رۆشنگەری و لەسەر دەستی کانت گێڕدراوەتەوە، کانت دەڵی: "مرۆڤ و هەموو بوونەوەرێکی عاقڵی دیش، وەکوو ئامانج بۆ خۆی هەیە، نەک وەک کەرەستە بۆ نیازی بەکارهێنان لە لایەن ئیرادەی ئەم یان ئەوی دییەوە18". ئەمە دەرهاوێشتەی شۆڕشێکی کۆپەرنیکی و روانینێکی زەوینییە بۆ مرۆڤ، نەک ئاسۆیەکی چاوەڕوانی و تێ ڕوانینێکی ئایدیالیستانە. بەهەر حاڵ ئەم کورتە بۆ بەدەستەوە دانی هەندێ لایەنی گریمانەیی و پێش دەقی و هەروەها رەهەندی ئەوپەڕدەقی دەقەکە بوو، ئەگینا دەق باشترین پەیڤ و دوانی بۆ خۆی و لە پێکهاتی خۆی دا هەیە.
هەڵبژاردنی ئاوەها دەقێک بۆ وەرگێڕان هەڵگری پەیامێکی تایبەتە، پەیامێک کە لە رووی فەلسەفەی سیاسی و هزری سیاسییەوە بێ نیشتمانی و بێ دەوڵەتی ئێمە لەگەڵ داڕزاندنی کیان و شوناسمان وەکوو و لەپێگەی مرۆڤ (نەک وەکوو نەتەوە)، گرێ دەدات. هەڵبەت، بە رای من هەنووکە مرۆڤە بێ دەوڵەتەکان لەم سۆنگەیەوە ، ئەگەر و شیمانەی فام و تێگەی واڵایان بۆ بوونخوازییەکی ناسیۆنالیستییانە دەبێت و بە پێچەوانەشەوە ئەگەر خاوەن ئەم تێگەیە نەبن یان لانیکەم هەوڵ بۆ ئەزموونیی نەدەن، سەر لە ناسیۆنالیزمێکی بوونخوازیانەی رەها و رەش کە ناوی فاشیزم و تۆتالیتاریانیسمە دەدات، کە نموونەکانیانمان لە بیرە و ئەو مرۆڤکوژی و پاکتاوی کردنەی مرۆڤایەتی لێیانەوە وەشایەوە و بانگەشەشیان بۆ دەکرد و لە هەندێ جار فەلسەفەشیان بۆ دەهۆنییەوە. بەڕێزان! ئادۆلف هیتلەر و موسولینی! رێبەری ئەم رێبازە بوون! وەکوو باسی دەکەن دوای رووخانی نازیسم و هیتلەری سەرۆکی، بڕێک بەڵگە دەرکەوتن کە لانیکەم شیمانەی هاوکاری و هاوسۆزی بیرمەندان و فەیلەسووفانێکیان تێدا بوو. لەوانە فەیلەسووفی گەورەی ئاڵمانی، مارتین هایدیگەرە کە هەنووکەش شیمانەی ئەو تاوانانەی خرانە پاڵی وەکوو بەستێن سازی بۆ نازییەکان بەمەبەستی لە ناو بردنی جوولەکەکان و...، یەکلایی و روون نەبۆتەوە!
لە هەموو وەرگێڕان و تەنانەت نووسینێکم دا تێدەکۆشم کە هەوڵ و وزەیەک بۆ نەخشاندن و خەمڵاندنی لاختی(بافت) زمان و رەنگڕێژیی بیچمی رستە و وشە و دەکارئانین و بەهەنووکەیی کردنی وشە ئاژەڵی و دێهاتی و پاکیزەکان ئامادەگی ببێت، لای من وەرگێڕان چەشنێک لە هەڵگەڕان و وەرگەڕانە. وەکوو دوا وتە، سیستەمی وەرگێڕانی من لە چەند خاڵ دا خۆی پێناسە دەکات:
وەرگێڕان، یەکێک لە شێوازەکانی هزرین و تێڕامانی جیهانی هاوسەردەمە19.
وەرگێڕان، رووداوە لە زمان و زەیندا
وەرگێڕان، گواستنەوەی مەعریفەیەکی مرۆیی رووت و سەڵت یان دەرهەستە، بەمەبەستی خەوناندنی هەموو زمانێک بە خەون و حەزە واڵاکانی مرۆڤایەتی بۆ رۆنانی نیشتمانێکی ئاسمانی لە زەوین دا
وەرگێڕان واتە وەرگەڕان20.
دەسپێکی وتاری وەرگێڕدراو
مــرۆڤــی رووت و نـەتـەوە
1-چیرۆکی سازبوونی ((نەتەوە))یەک، کە پێ داویستیانە1، بەشێوەیەکی بەردەوام لە پێشەوە بۆ پاش دەگێڕدرێتەوە. وەکوو چەشنێک لەچیرۆکی پەرییانە بەمەبەستی لەیادکردن و خۆگونجاندن لەگەڵ رووت بوونی ((مرۆڤ وەکوو ماهییەتی مرۆڤ)) . چیرۆکێک کە جارلەدوای جار لەلایەن بەرە نوێکان و فاتیحانی تازەوە دووپات دەبێتەوە.
ئەمڕۆکە، زۆرتر لە هەر زەمانێکی دی، خوازشتە2 ناسیۆنالیستییەکان، روونکاری3 ترس و تۆقینێکی بنەڕەتییە کە هەمووانی گیرۆدەی خۆی کردووە: ترس لە رووتناکی مرۆڤ بوون. هەموو ئەو گوتارە رۆمانتیک و ئاشتی خواز و وەکوو باوانە دەڵێن4،مەعنەوی خوازەی کە ((سنوورە جوغرافی و سیاسییەکان)) بە بێ بایەخ دادەنێن، لەمەڕ رەمزی سیاسەت و بەناچاری رەمزی5 ژیان لە کۆمەڵگای مرۆیی دا تووشی خراپ لێک گەیشتنێکی قووڵن. پۆلین بەندیی دووبارەی دەوڵەت- نەتەوەکان و جێ بەجێیی6 بەربڵاوی سنووری وڵاتە ئەورووپییەکان لە سەدەی دوایی دا لە راستیا پێناسەکەری7 سنووربەندی دووبارەی سنووری خودی چەمکی ((مرۆڤ)) بوون.
2- پاش دوو جەنگی جیهانیی لە دەسپێک و ناوەڕاستی سەدەی بیستەم دا، نەخشەی ئەورووپا دۆخگۆڕی بەسەر داهات و سنوورەکان جێ بە جێ8 بوون. لەگەڵ هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆری ئۆتریش- مەجاریستان و لەت و پەت بوونی دەوڵەت- نەتەوە گەورەکان و قەڵەمڕەوەخاکییەکان، چەمکی "نەتەوە"ش، لەسایەی سەری پێواریی9 بۆ میلیۆنان مرۆڤ، بایەخێکی لەرادەبەدەری وەرگرت. دوای شەڕی یەکەم و رێکەوتنەکانی ئاشتی (لەساڵەکانی نێوان 1919و 1924) کۆمای دەوڵەت- نەتەوە گچکەکان و جێگر و ملیۆنان مرۆڤی بێ دەوڵەت و کۆچبەر درووست بوو، مرۆڤانێک کە لەکتوپڕێک دا لەمافی هاوڵاتی بوونی وڵاتێکی تایبەت، واتە لە ((نیشتمان))ێک، بێ بەش کرا بوون و ئیدی خاوەنی هیچ قەدر و حورمەتێکی هێمایی- یاسایی- سیاسی یەک نەبوون، مەگەر قەدر و حورمەتێکی تاق و تەنهایانەی10 "مرۆڤ بوون". هانا ئارێنت لە یەکێک لە بەشەکانی کتێبی ((ئاخێزگەکانی تۆتالیتاریانیسم))، لە ژێر ناوی " داڕووخانی دەوڵەت- نەتەوە و کۆتایی مافی مرۆڤ"، بە شێوەیەکی تەکووزیانە و مێژوویی شوێن پێی ئاراستەی ئەم بێ لانەووانەییە11 هێمایینە و بەدیارکەوتنی دژوازییەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ، دەگرێت. ئەو بە درووستی پیشانی دەدات کە چۆنچۆنی مافی مرۆڤ زۆرتر لە هەرشتێک مافی هاووڵاتییە و نەک مافی مرۆڤـ وەکوو ماهییەتی مرۆڤ، خاڵێک کە نێزیک بە سێ دەیە دواتر، جۆرجۆ ئاگامبێن لە دەقی پرۆژەی خۆی دا سەبارەت بە هاوپرسەکی و هاوکێشەی نێوان یاسا و توندوتیژی و دەسەڵات دارێتی پەرەی پێ دەدات. دژوازی یان ناهەتەرییەک12 کە ئارێنت زەقی دەکاتەوە، لە خودی جاڕنامەکەش دا دیار و بەرچاوە: ((جاڕنامەی مافی مرۆڤ و هاووڵاتی))، لەحاڵێکا لەراستی دا ئەوەی کە تاقانە سەرچاوەی پاساودەر و مەشرووع بەخشی ئاوەها مافێکە، دەقاودەق بەش و پاژی دووهەم، واتە "هاووڵاتێتی"، یە. یەکێک لە گرینگترین پرس و کێشە جیهانییەکانی ئەم دواییە کە بەشێکی زۆر لە سیاسەتی چەپی هاوچەرخیشی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە هەمان پرسی پەنابەران، کۆچبەران و کرێکارانی بێ ناسنامە و بەڵگەیە13، واتە هەمان پرس و کێشەی "بێ دەوڵەت بوون". کۆچبەران بە سانایی ناتوانن لە مافە (وەکوو دەڵێن) سەرەتایی و سرووشتییەکانی مرۆڤ و مافی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی بەهرەمەن ببن، چوونکوو ناسنامەیەکیان نییە کە پەیوەست بوون و هاوڵاتێتی ئەوان بە ((زەوین))ێک کە هەنووکە پەنایان پێ بردووە، بسەلمێنێت. بۆیەش نە مافی ئیشیان هەیە، نە مافی بیمە و... بارودۆخی ئەوان لەپێگەی هەڵاورادەیەکی هەبووگ، لە یاساورێسای((مافی مرۆڤ)) بە باشی دژوازی شاراوە لەناخی دا پیشان دەدات. لە بنەڕەت دا، ئەم جاڕنامەیە دەبێت بە ((جاڕنامەی مافی مرۆڤ لە پێگەی هاووڵاتی))دا ناوزەد بکرێت. پیتی زێدەی ((و)) لە سەردێڕە سەرەکییەکەی دا لەراستیا پیشاندەری پەیوەست بوونی تۆخ و تەواوی یەکەمی و دووهەمییە پێکەوە و نەک بەشێوەیەکی رەها چەشنێک پێکەوەبوونی تەواو14.
نیشتەجێ بوون لە نێو سنوورەکانی دەوڵەت شار دا مەرجی قاولێکردن15 لە پێگەی مرۆڤ دایە. ئێمە کاتێک لە مافی مرۆیی خۆمان بەهرەمەند دەبین کە پێشتر لە مافی نیشتەجێ بوون و هاووڵاتێتی لە نێو دەوڵەت نەتەوەیەکدا بەهرەمەند بووبین. هەموو زمان ڕێژییەکان16 سەبارەت بە((شانی17 مرۆڤ)) و ((کەرامەتی مرۆیی)) بە بێ سەرنج دان بە ((رەگەرز و نەتەوە و ...)) بێ واتان. هیچ رێکخراوێکی نێودەوڵەتیش18، لە جەنگی جیهانی یەکەمەوە تاکوو ئێستا نەیتوانیوە مافی مرۆڤی رووتی بێ نەتەوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بەدەر لە دەسەڵات دارێتی دەوڵەت- نەتەوەیەک بگەڕێنێتەوە و وەریگرێتەوە. رووت بوونیی مرۆڤ وەکوو ماهییەت و چییەتی مرۆڤ، بەهەمان ئەندازە ترس هێنەر و قێزەون و مایەی شەرمە کە رووت و قووتی جەستەیی ئەو لە ناو ئاپۆرەی خەڵک دا. کەسێک کە حکوومەت و نەتەوەی خۆی لەدەست دەدات و بە وتەی ئارێنت((بێ دەوڵەت)) “stateless”دەکرێت، دەبێتیانە19 ((مافی مرۆیی)) خۆیشی لە کیس دەدات و وەردەگێڕێت و دادەبەزێتە سەر بوونێکی تەواوەتی، ژیانێکی رووت و قووت.
3- راستەوراست لە دەقی هەر ئەم تۆقینەی هەڵخێزراو لە رووتناکی یان بوونی تەنهای(( مرۆڤ بوون))، بەدەر لە هەر دەوڵەتشار و کۆمەڵگایەکە، کە نەتەوە و نەتەوەخوازی لەپێگەی دەست هەڵوەس و بیانکەیەکی20 کۆتایی و لەهەمان کات بنەڕەتی دا سەر هەڵ دەدات و دادەگەڕێتە سەر تاقانە جل و بەرگ و پۆشاکێک کە دەتوانێت بوونی نادیار و نەبەرچاوی مرۆڤ، دیار و وە بەرچاو بخات. هەموو دیارکەوتە و دەرکەوتەکانی ناسیۆنالیزم و دەمارگرژییە نەتەوەیی و قەومییەکان پێناسەکاری هەوڵی مرۆڤەکانن بۆ هەڵهاتن لە رووتیی ((مرۆڤــانەی)) خۆیان و داڵدەگرتن لە ژێر ئاسمانی دەوڵەت شارێک دا (ئەم هێڵە فیکرییە، بەشێوەیەکی سەرنج راکێش و مانادار ئێمە بەرەو لای خوێندنەوەیەکی ئیگزیستانسیالیستی لە ناسیۆنالیزم ختووکە دەدات). دەقاودەق هەر بەو شێوەیە کە هیگل گوتوویەتی: بوونی رەها هەر هەمان نەبوونی رەهایە، ئێمە لەوێندەرێ لەگەڵ مرۆڤی رووت و شاز، بێ بەری لە هەموو نێوانج21 و جیاوازییە کولتووری/هێمایینەکان، بەرەوڕوو دەبینەوە، لەراستی دا لەگەڵ حەیوان22 یان ژیانێکی رووت و دانسقە و شاز رووبەڕوو بووگین. نەتەوە، بەهۆی پێوەندی نەپساوە و زاتیی خۆی لەگەڵ بابەتی سیاسی و شاچەمکی قەڵەمڕەو یان یەکێتی سەرزەمینیی ( کەلە پێگەی رۆنەری هەر دەوڵەت- نەتەوەیەکە) یەکەمین پۆشاک و داپۆشەرێکە کە رووتیی ئینسانی/ حەیوانی دەشارێتەوە و دەیپۆشێنێت، پۆشتەییەک کە دەست درێژی و بێ رێزی پێی بەردەوام هۆ و سەرچاوکەی23 توندوتیژئامێزترین رق و دوژمنایەتی و شەڕەکان بووە. جیاوازی نەتەوایەتی جیاوازییەکی کلیلی و ژیانەکییە24. لە راستیدا ئەوەی کە گرینگە نەفسی ئامادەبوونی هەر ئەم جیاوازییەیە و نەک ناوەرۆکەکەی. درووست وەکوو کایەکانی کێ بڕکێی تۆپی پێ لە ئاستی جیهانی دا، کە ئەمڕوکە وەرگەڕاوەتەوە25 سەر رووبەرێکی پەسندکرا و سەلمێنراو بۆ دەرکەوتن و بریسکانەوەی خواستە ناسیۆنالیستییەکان. ئێمە بەراستی تەنها ئەو کاتە لە کایەکە چێژ وەردەگرین کە هۆگری تۆخ و راستەقینەی تیم و یانەیەکی نەتەوەیی تایبەت بین و گرینگیش نییە ((چ ))یانە و تیمێک. ئەگەر جوداوازی بنەڕەتییانەی دۆست/ دوژمن کە ئیشمیت لە پانتای سیاسەت دا گریمانەی دەکات، قبووڵ بکەین و ئەوە بە تاقانە جوداوازی و هەڵاواردنی راستەقینە و یەکلایی کەرەوە لە سیاسەت دا بزانین، ئەوکات دەبێت بگوترێ کە ئاوەها جوداکاری و هەڵاواردنێک بەزمانی ((ناسیۆنالیسم)) دێتە ئاخافتن. لە ژارگۆنی26 فاشیستی دا لێکدانێک هەیە کە هیتلەر داکۆکی زۆری لە سەر دەکرد، لێکدانێک کە بە راستی جەوهەری ناسیۆنالیسم دەردەخات و دەمامکی لە سەر هەڵدەدات: Lebensraum یان هەمان ((کەش و هەوای ژیانەکی))، واتە قەڵەمڕە و شوێنێک کە بۆ ژیانی نەتەوەیەک پێویستە، کەش و هەوایەک کە نەتەوەیەک بتوانێت تێیدا هەناسە هەڵکێشێ و بجووڵێت. لە کرۆک و ناوکی ناسیۆنالیسم دا، بەردەوام ئاماژە و ئەنگوست لەسەر دانان بۆ ئاوەها کەش و هەوا یان قەڵەمڕەوێک خۆی داشاردووە، کەش و هەوایەک کە بەزۆری تەنگەبەر و کەم جێیە. (لەسۆنگەی نازییەکانەوە، جوولەکەکان ئەم کەش و هەوایەیان بۆ نەتەوەی ئاڵمان تەسک و تەنگ کرد بوو). پرسی سەرەکی شتێک جگە لە داگیرکردنی سەرزەوینەکان و نیشتەجێ کردنی حەشاماتی مرۆڤەکان و رێکخستنی چەشنێک لە کۆمەڵگا، نییە، کۆمەڵگایەک کە تەنها دواتر، بەشێوەیەکی بەراوەژوو، خۆی بە ((نەتەوە)) یەک ناوزەد دەکات کە خاوەنی ئاخێزگە و مێژوویەکی بەشکۆیە. ئەم ئاخێزگەیە بڕیارە، کردەی سەرەتایی و توندوتیژانەی داگیرکردنی سەرزەوینیی و پەستاوتنی27 ئەو کەش و هەوا پێویستە بۆ ژیانکرن سەرکوت و شاراوە بکات. نەتەوەکان ئاخێزگەی خۆیان بەردەوام دەگەڕێننەوە بۆ شوێنێک لەسەرووی زەوی و خاکەوە، بەڵام لە راستی جەوهەر و کرۆکەکەی جگە لە زەوین هیچ نییە. هەر بۆیەش کەسێک کە لەدەرەوەی ئەم قەڵەمڕەوەیە، بە شێوەیەکی هێزەکی دوژمنە، ((مەترسی دەر))ە، و بە راستی ((نامرۆڤ))ە. دەکرێت دوژمن و داگیرکار بکوژێت بێ ئەوەی وەکوو تاوان ئەژماردە بکرێت.
4- بە واتایەک، ناسیۆنالیسم یان نەتەوە پەرەستی بەراستی لە سەرەوەوی بایەخ و نرخە مرۆییەکان هەڵ نیشتووە. خەیانەت بە خاک و نیشتمان زۆربەی کات سزای مەرگی بەدواوەیە. سەبارەت بە زۆر شتێک دەشێت بشکێن28 و پاشگەزبینەوە، بەڵام لەبارەی نەتەوەوە نە ْ. مرۆڤەکان وا راهاتوون کاتێک سەبارەت بە خاک و نیشتمان دەدوێن لە میتافۆڕەکانی ((ریشەداربوون)) و ((کەس و کاردار بوون)) و ((شوناس)) کەڵک وەرگرن. وادیارە هەموو ئیلهامە مرۆڤ دۆستانەکان بە درۆ دا کەوتوونەتەوە: ئێمە تەنها کاتێک بە مرۆڤ دێینە ئەژمار کە ئەندامی نەتەوەیەک بین و نەک یەکێک لە ئەندامەکانی وەکوو دەڵێن بەنیادەم یان مرۆڤایەتی.
مرۆڤ لە یەکانەبوویی و تاقانەبووگی خۆی دا ناشێت بنوێندرێتەوە(بەو شێوازە بێتە پانتاو و قەڵەمڕەوەکانەوە!"وەرگێڕ")) و بە سانایی ناکرێت لە مافەکانی بەرگری بکرێت. تاک تەنها بە نێوانجی ناوکۆییەکی تایبەت، واتە هەمان دەوڵەتە کە دەتوانێت لەگەڵ گشتی بووگیی ((چەشنی مرۆڤ)) ببێتە یەکێک(یەکەیەک!"و"). واتە بۆ ئەوەی کە مرۆڤ وەرگەڕێتە سەر ماهییەت و چییەتی مرۆڤی رووت و جیا و لەسەرووی هەر چەشنە خاڵی جیاکارانەی کەلتووری و هێمایین( بە بەرین ترین مانای وشە)) لە هەمان کاتی رووتی و داماڵراویشی دا، نێوانجی کاریی و نێوبژیوانیی توخمێکی دیکەی پێویستە، توخمی دەوڵەت، و هەروەها شوێنێکی تایبەتیشی پێویستە: دەوڵەتشار، یان هەمان پانتای دەوڵەت- نەتەوەکان. تەنها لەم رێگەیەیە کە مرۆڤ لە گەڵ خۆیدا یەک دەگرێتەوە و دەبێت بە یەک یان یەکەیەک. مافی مرۆڤ دەسەڵاتی نەتەوەیی بە گریمانە گرتووە. من تەنها لە پێگەی ئاڵمانی یان ئێرانی ئان ژی ئەفغانییەکە کە دەبم بە خاوەنی مافی مرۆیی. بە پێچەوانەی ئەمەشەوە لە ناوچەیەک دا کە گرێدراو و پەیوەستی هیچ کەس نییە، سەرگەردان دەمێنێمەوە.
بەڵام لەبەرامبەریش دا، دەبێت ئاماژە بە دڵڕەقییەکی پەنامەکی لە کولتوورەکانی پێش مۆدێڕن و خێڵەکی و داخراویش بدەین. پرس وکێشەکە نەک وەلانانی مافی مرۆڤ بە شێوەیەکی کۆنەپەرەستانە، بەڵکوو هەوڵ بۆ فرارۆشتن بەسەری ئەوە و دائانین و جێ بەجێ کردنی29 بەڵێن و سۆزەکانێتی لە سەرووی یاسا و دەوڵەت شارەوە.
لە جیهانی پێش مۆدێڕن، ئێمە هێشتا لەگەڵ روخساری گشتەکی و دەرهەستی ((مرۆڤ))، لەگەڵ رووتییە رزگارکەرانەکەی دا، سەروکارمان نییە. هەر چییەک هەیە پێگەی پێشوەخت و لەپێش دابین کراوی مرۆڤ لە رووبەری هێمایین دایە. بێ خان و مانیی سووژەی دیمۆکراتیکی مۆدێڕن لەراستیدا مەرجی ئازادی و کردەی ڤەدانەرانەیەتی30. تەنها لە رێگە و بەهۆی سڕانەوە و لەدەست دانی هەموو زێدە31 کولتوورییەکان و جیاوازییەکان و رووت و قووت بوونی تەواوەتیە کە دەتوانرێت بە کارکردە ژانەریک و چەشنییانەییەکانی ((مرۆڤ)) گەیشت. لە ئاستی خەباتی سیاسی کردەکییانەش دا، لە رووبەرە هەرە جۆراوجۆرەکان دا، لە کێشەی کۆچبەرە ئەفغانییەکان بگرە یان کرێکاران و ژنان و...، دەبێت لە ((تۆپزیی)) بابەتی جیهانگیر، لە ((تۆپزیی)) مافی مرۆڤ و تایبەتمەندیی دەرهەستییانە و گشتەکییانەی کەڵک وەربگیرێ، تایبەتمەندییەک کە هەر چەشنە ناوازەبوونێک32 وەلا دەنێت، و تۆپزییەک کە هەموو شتێک، هەموو تەکوزی و جیاوازییەکان لە ناوەڕا هەڵدەتەکێنێت و دەیکات بە دوو کەرتەوە. ( بەکورتی، بابەتی جیهانگیر و گشتەکی بە تۆپزی و زۆرەملی خۆی دابەشکاری و پۆلین بەندی عەرەب و عەجەم، یۆنانی و بەربەر، گاور و مولحید دووبارە لە ناوەوە ڕا لەت لەت دەکات)).
پەراوێز و سەرچاوەکانی پێشەکی وەرگێڕ:
*- وەکوو لە دەروازەکەش دا باشم کردوو هەڵبژاردنی دەقێک بۆ وەرگێڕان کارێکی چەندلایەن و واتادارە، هەر دەقێکی وەرگێڕدراو پەیامێکە بۆ ئەو گوتارەی دەقەکان تیایدا دەژین. وەکوو هەمیشەش گوتوومە هەر وەرگێڕانێک بە بێ لادان لە فۆرمی باوی زمان و تێفکرین، بە بێ چڕنووک گرتن لە پێکهاتی کریستاڵی زمان و گوتاری باو ئەرکی راستەقینە و واقیعیی خۆی بەجێ نەگایاندووە، بڕێک وشە وپەیڤی نوێ لە پێگەی چەمک و زاراواە لەم وەرگێڕانە و وەرگێڕانەکانی ترم دا هاتوون و روونیانم کردوونەتەوە. ئەم وەرگێڕانە هیچ دەعیەیەکی نییە و ئەو باوبێزی و دژەباوییەی باسی دەکەم تەنها هەوڵ و مەبەستی وەرگێڕانەکەم و شێوازی وەرگەڕانەکەم بووە، چەندە بەو ئاراستە دا رۆشتبێت باسێکی رەخنەگرانە و شیکارانەیە و بە ئەستۆی کەسی تر و وەگێڕی تر. (ئاماژە: "وەرگێڕان" و "وەرگەڕان" هەر دووک بە یەک واتای سەرەکی هێناومن و واتای (ترجمە) دەدەن بەڵام هەر کامەشیان هەڵگری پەیام و هەڵوێستێکی بوونئامێزانە لە پێگەی وشەیە واتە وەرگەڕان دەشێت رەهەند و رەنگ و بۆی ژێرەوژوورکردن و دژەباوی تێدا زەق تر بێـت. ئەم فۆرمەی تێڕوانین بۆ پێکهاتی هەر وشەیەک رەوا و بەجێیە).
1- سازاندنی رووتناک لە سەر فۆرمی وشەگەلی سامناک، خەمناک، ترسناک، رووناک(پێکهاتوو لە یەک وشە "روون" و پاشکرێک "ناک" کە جووتە "ن"ێکە لە یەکدا تواونەتەوە و بوونەتە رووناک)، و هەروەها لەژێر تیشکی بنەمای وشەسازییەک کە لە پێکهاتی وشەکانی ناو زمانی خۆی(هەر وەکوو ئەو نموونانەی سەرەوە) کەڵک وەردەگرێت، هاتۆتە ئاراوە.
2- پێکهاتی لێکدانم لێرە دا بە سێ فۆرم پێناسە کردووە، دوووشەیی، چەند وشەیی(تا5وشە دەچێت) و فرەوشەیی( تاشوێنێک پێکهاتی زمانەکە مەودای بدات دەچێ).
3- ئەگەرچی وەکوو باو "خانومان" ئاماژە بووە بۆ ماڵ و مەئوا و ماڵ و حاڵ، بەڵام "بێ خانومان" لێرەدا شوێنگەی واتایی دژە باوانەیە واتە ئێمە لەسەر زاران و لەفۆلکلۆرمان دا "خانومان" مان بە واتای پڕاوپڕی و لێوانلێوی و تەواویی لە جوانی و ناسکی و زەنگینییەک کە ئەو کەسە تیایدا باڵای کردووە و تا سنووری دانسقەبوون و پێگەیەکی تایبەتی عیشوەکاری و هەروەها بەخشیش و زەنگینی دەکشێت، بەر گوێ کەوتووە. لێرەدا پرشنگ و پرشنگەیەکی تری واتایی تایبەت بەم وشەیەم قۆستۆتەوە کە ئەویش بریتییە لە : خانوومان واتای جێ و رێ و لانە و وانە داربوون و خانەدان بوون و "بێ خانومان" واتای لانەواز. مەرج نییە پێشتر کەسێک دەکاری نەکردبێت، بەتایبەتی لە دەقە چیرۆکی و شیعرییەکان دا دەشێت بەم واتایە دەرکەوتبێت.
4- مەبەست لە "کوردێک" لێرەدا وەکوو سووژەیەکی کارا و چالاکە، سووژەیەکی شەوبێدار و رۆژ لەکارە بۆ بینینەوەی خۆی وەکوو شوناسێکی مرۆیی، داهێنانی خۆی وەکوو توێژاڵێکی ئۆنتۆلۆژیکاڵ لە دەرەوەی پێناسە و ناسنامەی نەتەوە و قەوم و جوغرافیا، ئەم سووژەیە هەموو ئەو ئەزموونانەی نەتەوەبوون(نەبوون!)، جوغراف بوون(نەبوون!) و قەوم بوون(نەبوون!)یشی بە شێوازێکی زۆر سەیر و سەمەرە ئەزمووە و بەم حاڵەشەوە لێی روونە کە ئەو ئەم ناسنامانە نییە و ناسنامەیەکی زێڕینتر و واڵاتر و بەرهەست تر، هەڵبەت بە ئاراستەی نەتەوە و جوغرافیای خۆی شوێندۆزیی(گەڕان بە شوێن و دووی دا) دەکات.
5- لە راستی دا نازانم لەکام نووسین یان وتووێژی بەختیار عەلی دا خوێندوومەتەوە کە هەنووکە دەقەکەیم نەماوە.
6- بیرمەند و جوانی ناسی رۆمانتیکی ئاڵمانی.
7- یادداشتێک بوو کە رۆمان نووسی کورد، عەتا نەهایی لە ژێر ناوی "بەرەونەمری" بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا شێرکۆ بێکەس لە حەوتەنامەی سیروان دا بڵاوی کردەوە.
8- ئەم بەراوردەی روانینی نیشتمانی و نیگا بۆ نیشتمان لە نێوان فایەق بێکەس(1948-1905ز) و بەختیار عەلی لە ژمارەیەکی رۆژنامەی ؟ و بە نووسینی؟ خوێندوومەتەوە کە تەنها لە یادەوەریم دا ئامادە بوو.
9- لە فۆرمی دیکلەمەی قەسیدەی نیشتمان لە رێگەی ئەیوب عەلییەوە، بیستوومە.
10- کتێبی "لە سێبەری پرسیار دا" کۆمەڵە دیدار و وتووێژێک، نووسنینی سەمەد ئەحمەد، چاپی یەکەم 2007، یانەی قەڵەم ل9.
11- کتێبی شیعریی "قاڵییەک دەناسم لە هەرچی گوڵیەتی ماندووە" نووسینی رەزا عەلی پوور،چاپی یەکەم، ساڵی2006 دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ل16.
12- بڕگەی پێشوو ل42 و43.
13--قوتابخانەیەکی ئەدەبی- فەلسەفی بوو کە لە زانکۆی کونێستانسی ئاڵمان و بەسەرپشکی دوو لە مامۆستایانی ئەو زانکۆیە بەناوی ویڵفیگانگ ئایزەر و هانس رۆبێرت یاوسەن دامەزرا، لە سەر بنەمای وەرگرتنی واتا هەوڵیاندا جوانی ناسی یان ستاتیکایەکی بوونناسانە تیۆریزە بکەن.
14- بووگ و نابووگ دوو چەمکی رووبەری بوونناسین کە یەکەمجار لە وتارێکم دا بە ناوی "کورتەیەک بۆ گوناهی سێو و مەعریفەتی لێو لە گۆشەنیگای شەیتانەوە!"(چاپکراوی گۆڤاری هەنار) دەکارم ئانی بوون. لێرەدا نابووگ مەبەست لەو شوێنگە و پێگە وجوودییەیە کە بوونەوەر یان هێشتا نەبوو بە بوونەوەر تێیدایە و خڵت و تڵتەکانی بوون داوێنی تۆزاوی نەکردووە. نابووگ، بوون و بووگێکی پێش هەبوونە، کە رووت و سەڵت و زۆر دەرهەستە.
15- خاوەن و خوێش واتە خانەخوێ و دەعیەکەری رووبەری هەر شتێک. بۆ روونتر کردنەوە: نیشتمانە لە چەشنی ئەو کچە شێت و وێت و ئاوارەیەیە، کە عەوداڵی سێبەر و تارماییەکانێتی، بەڵام کەس خۆی ناکات بە خاوەنی ئەم کچە نیشتمانە تا ساتێک کە "ماشێنێک" لێی دەدا، ئەوکات هەموو عالەم لەوانەش سێبەر و تارماییەکانی کچەش دەبنە خاوەن و خوێش و داوا و خوازیاری وەرگرتنی خوێنەکەین، ئەمە نیشتمانە.
16- ئەمە ئەگەرچی بە سانایی بۆ دۆزی کورد وێنا دەکرێت، بەڵام تەنها مەبەست کورد نییە!
17- دیاری بە دوو واتا، یەکەمیان دیاری و یادگارییەکە کە لە لایەن کەسێکەوە بە کەسی دی دەدرێت و دووهەمیان ئەو ئەنگوستیلە یان هەر شتێکی لەو چەشنەیە کە کچێکی لە پێگەی دەزگیران پێ دیاری دەکرێت، و من بۆ "نیشتمان" مەبەستم هەر دووکیانە.
18- گۆڤاری رەهەند ژ16 و 17ساڵی 2004 وتاری "شەهید(لێکۆڵینەوەیەک لە سەر بەکار هێنانە سیاسییەکانی مەرگ)" نووسنی بەختیار عەلی ل43.
19- هەڵگۆستەیەکە لە دوارستەکانی وتاری "رۆشنبیری کوردی و سازدانی گوتاری ناوین" کە لە زمانی موراد فەرهاد پوور رۆشنبیر و بیرمەندی ئێرانییەوە دەگوترێ، نووسینی د. رەهبەر مەحموودزادە.
20- بڕواننە بڕگەی*.
پەراوێز و سەرچاوەکانی دەق:
1-لە پێگەی ئاوەڵکرداریک بە واتای "وەکوو ئامێر و ئامرازێک" کە زۆر حەوجەمان پێی بێت بۆ کەڵک وەرگرتن.
2- لەسەر فۆرمی سازاندن و لاختی بڕگەیی کۆڵشت لە باتی لێکۆڵینەوە، جمشت لە باتی جموجووڵ، خوازشت لە باتی خوازیاریی و خواست لە پێگەی ئاوەڵناو.
3- دەکرا روونکەرەوە، بەڵام روونکارم بەو مەبەستە هێناوە کە رۆڵی بکەر(فاعل)انە و کارای ئەو خوازشتە زەق بکەمەوە.
4- واتە وەکوو بەشێوەی باو و گشتی دەڵێن.
5- رەمز لێرەدا هەم واتای هێمای هەیە هەمیش واتا راز و رەمز.
6- جێ بە جێیی، واتە جێ گۆڕین و لێرەدا واتای جێ بە جێ کردن و راپەڕاندنی ئیش و کار ناگەیەنێت.
7- پێناسەکەریش هەر وەکوو ئەو شتەی لە بڕگەی3 دا ئاماژەم پێ دا.
8-بڕواننە بڕگەی6.
9- نەبوون، نادیار و غیاب.
10- موجەڕەد، واتە سەڵت و دەرهەست کە ئەم چەمک و باسە کۆڵەکەی ئەم وتارە پێک دێنن.
11- بێ خان و مان= بێ لانە و وانە.
12- ناهەتەری: هەتەر یەکێک لەو وشانە بووە کە تایبەت و قۆرخ کراوە بە بینین و روانین ئەویش بۆ مەودایەکی دوور، تا چاو هەتەر دەکات واتە چاو ئەم رێگایە دەبڕێت و دەرەقەتی دێت، دەشێت لەو کۆیلەییە ئەم وشە رزگار بکرێت، ناهەتەری بەواتای توانستێک کە رێگا بەتەواوی نابڕێت، نیوبڕ و نیوەڕەوە.
13- ناسنامە و بەڵگەی ئیداری مەبەستی سەرەکییە بەڵام دەشێت لەم پێکهاتە بە واتە فەلسەفی و دەرهەستەکەشی لە پێگەی کیان و دەوڵەت بخوێندرێتەوە.
14- پیتی زێدە لە زانستی رێزمان دا مەبەست پیتی ئیزافەیە کە رستەکان و وشەکان پێکەوە پێوەندی دەدات، لێرەدا ئەو "و"اوەی نێوان ئەو دوو وشەیە ئەرکی پێوەنداندنی خۆی دۆڕاندووە و پەیوەستاندنی بە شەستۆ گرتووە، کە بەم شێوەیەش سەربەخۆیی یەکێک لە وشە(چەمک)ەکان دەفەوتێت و یەکیان بە تەواوەتی پەیوەست و گرێدراوی ئەوی دی دەبێت و لە هەناوی دا دەتوێتەوە، کە لێرەدا چەمکی مرۆڤ لە هەناو هاوڵاتی دا تواوەتەوە.
15- قاوکردن یان قاولێکردن لە شێوەزاری ئەردەڵانی یان زاراوەی سنەیی دا کاری پێ دەکرێ و واتای خیتاب و بانگ کردن دەدات.
16- زمانڕێژیش هەر لە شێوەزاری ئەردەڵانی(زاراوەی سنەیی) بەکار دەبرێت و واتای چەشنێک بەکار بردنی زمانە بە مەبەستی پاساوهێنان و قەناعەت پێکردنی بەرامبەر، کە هەڵگری بڕێک لە زمان لووسی و خۆ شیرین کردنیش هەیە، و لێرەدا هەموو ئەو زمانبازییانە دەگرێتەوە کە لەسەر مافی مرۆڤ و مرۆڤایەتی دا "زمانیان رژاندووە".
17- شان: شان و شکۆ و پێگە.
18- دەکرا لە باتی نێو دەوڵەتی نێونەتەوەیی بێنم بەڵام لە بەر ئەوەی کە پارادایمی زاڵ وا بووە کە ئەوە دەوڵەتەکانن کە چارەنووسی نەتەوەکان دیاری دەکەن نەک بە پێشەوانەوە(هەڵبەت وەک گوتم: لە پارادایمی زاڵ)ئەم وشەیە دیکتاتۆر ئاسا خۆی بەسەر دەقەکە سەپاند.
19- پێشتریش باسی پێکهاتی ئەم وشەیەم کردووە و بەواتای پێویستی و حەتمی بوونی دیاردە یان شتێک کە دەبێت ببێت!
20- دەس هەڵوەس: واتە دەست ئاوێز کە لایەنی دەرهەستی ئاوێزان کردن و خۆ پەپکە دان بە شوێنێکەوەیە کە لەفۆرم و قاڵبێکی دەستییانە دا دەگونجێت، رەهەندە ئینتیزاعی و دەرهەستەکەی بە واتای بانوو و بیانکەیەکی تیۆریک بۆ ئەنجام دان یان نەدانی کردەیەک.
21- نێوانج: نێونج بەواتای واسیتە و گەیەنەر دێت.
22- حەیوان بە واتا فەلسەفییەکەی مەبەستە، "مرۆڤ حەیوانێکی ئاخێوەرە"، سەرەڕای ئەمەش لە زمانی عەرەبی دل "حەی" واتا زیندوو و حەیوان واتە بەردەوام زیندوو!
23- لە ئاخافتنی سنەیی و بەتایبەتی دەوروبەری دێ گولان و بەتایبەتی تر دەڤەری لەیلاخ سەرچاوکە لە باتی هەمان سەرچاوە بە کار دەبرێت.
24- کلیلی واتا دەرهەستەکەی مەبەستە کە مانای گرینگ و چارەنووسساز دەدات، ژیانەکیش ئاوەڵناوی ژیانە واتە ژیانئامێز و گرینگ و حەیاتی.
25- وەرگەڕاو: بە ئاراستەی "داگەڕان" دا شتی جووڵەر و بزۆنەر، وەردەگەڕێت و سەروخوار دەبێت، بریتییە لە ئاوەژوو بوون و تەواو گۆڕانی پێکهات و فۆرمی شت یان دیاردەیەک.
26- مەبەستی جۆرە زمانێکە کە لەسەردەمانێک دا لە میتافیزیکی ئاڵمانی کەڵکی لێ وەردەگیرا، زمانێک کە زۆر تایبەت و پسپۆڕانە و سەیروسەمەرە بوو و هایدیگەر بە یەکێک لە پێڕەو کەرانی دەناسرێت و تیۆدۆر ئادۆرنۆ لە وتارێک دا بەناوی زمانی رەسەنایەتی ژارگۆن گەورەترین و بەربڵاوترین هێرشی فەلسەفی دەکاتە سەر ئەو زمانە و ئاخێوەرە فەلسەفییەکانی.
27- پەستاوتن: ئاخنین، تێ ئاخنین. لێرە مەبەستم پاوانکردنی شوێن و جێگایە لە رێگەی خۆ و خودەکانی خۆ ئاخنین لە هەر درز وکەلەبەرێکە.
28- شکان: وەکوو ئایدیۆمێک بە واتای چەمەوازی(نەرم بوون و هێورئامێز بوون) و هێوربوونی مرۆڤە کە لە دەڤەری جوانڕۆ وەکوو کردەیەکی ئەمری بە کەسێک کە قەت لە قسەکانی خۆی پاشگەز نابێتەوە و هەر دەڵێت و هەر دەڵێت، دەڵێن: بشکێ و داکەوە. واتای قبووڵ کرن و گوێگرتن لە ئەویدی بەحاڵەتێکی هێورانە و نەرمۆڵانەیە.
29- جێ بەجێ کردن، لێرەدا واتای راپەڕاندن و بەکردەیی کردنی ئیش و کارەکانە.
30- لە وتارێک دا بەناوی "فەلسەفە لە پێگەی فرەپاتیی ڤەدانەرانە" بۆ یەکەمجار ڤەدانەرم بەکار بردووە و واتای خالیق و کەڵە داهێنەر دەدات.
31- مەبەست هەموو تایبەتمەندییە کولتوورییەکانە کە لە هەمبەر رووتی و دەرهەستی چەمکی مرۆڤ وەکوو زێدە و سەربارن.
32- ناوازەبوون دەتوانێت هەڵگری واتاکانی تایبەت، شاز، دەگمەن و عەنتیکە و دانسقە بوون بێت.
سەرچاوەی وەرگێڕان: روزنامە شرق، شمارە 810، تاریخ 26/4/1385 صفحەی 20، اندیشە