ما 4467 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بەڵام نیشتمان کەسێک نەبوو لە گەڵی لە ژوورێک دابنیشی و ئەم پرسیارەی لێ بکەی. پرسیاری ئەوەی داخۆ بۆ حەزی دەکرد ببێ بە گونی سەرۆک! بۆیە هاوڕێیان وازیان لێ هێنا و وەک هەمیشە چاوەڕوان مانەوە عادەتە نوێیەکەی سەرۆک، وەک هەموو عادەتەکانی تری، رۆژێک لە رۆژان لەناو وەهمی مێژوودا خۆبەخۆ لە چاو ون بێ! 

 

عادەتە نوێیەکەی سەرۆک

فەڕۆخ نێعمەتپوور

سەرۆک ماوەیەکە عادەتێکی سەیری پەیدا کردووە. هەر کە باسی نیشتمانی بۆ دەکەن، یاخود هەر کاتێک بیر و داڵغەی نیشتمان لێی دەدا، دەسبەجێ دەست دەبا بۆ گونی!

هەڵبەتە سەرۆک بە درێژایی تەمەنی، عادەتی جۆربەجۆری هەبووە، ئەو عادەتانەی هاتوون و رۆیشتوون، ئەوانەی وا ئەوەندەیان نەخایاندووە. بۆ وێنە ئەو کاتانەی تازە شۆڕشیان دەست پێکردبوو، قامکە گەورەی زۆر دەمژی، کە شۆڕش سەرکەوت بە حەق و بە ناحەق هەر لەخۆوە پێدەکەنی. هاوڕێیان سەرەتا ویستیان ئاگاداری بکەنەوە کە واز لەو عادەتانەی بێنێ، بەڵام دوواتر زۆر زوو پەشیمان بوونەوە. لەبەر ئەوەی نەکا تەرکی مژینی قامک، کاریگەریی خراپ لە سەر سەرۆک جێ بێڵێ و بۆ هەمیشە نیشتمان و شۆڕش لە بیر و لە پلانە گەورە و دەگمەنەکانی بێ بەری بکەن. پێکەنینەکەشیان زۆر بەلاوە عەجایب نەبوو. بە پێچەوانەوە، وێنەی جۆربەجۆریان لە خەندەکانی سەرۆک گرتەوە و، بە تەواوی نیشتماندا بڵاویان کردەوە. خەندەکانی سەرۆک نیشانەی دووارۆژێکی گەش و پرشنگدار بوون بۆ گەل و بۆ وڵات.

بەڵام ئەمجارەیان جیاواز بوو. نەیاندەزانی چۆنی لێک بدەنەوە. جگە لەوە، ئەم عادەتە نوێیە خایاندبووی. بگرە نەک تەنیا نیشانەیەک لە کەمکردنەوە و ونبوونی نەدەبینرا، بەڵکو رۆژ بە رۆژیش خراپتر دەبوو. ئەوەندەی هەڵدەکڕاند کە خوێنی لێ دەتکا و دەبا بیگەیەننە لای دکتۆر و دەوا و دەرمانی تایبەتی بۆ دابین بکەن (سەرۆک هەمیشە بۆنی کرێمێکی تایبەتی لێدەهات. کرێمێکی تیژ کە نەیدەهێشت مێش و میشولە لە برینەکەی نزیک بکەونەوە). خراپترین کاتیش ئەو کاتانە بوون سەرۆک لە باڵکۆنێکی بەرزەوە قسەی بۆ خەڵکی دەکرد، یان لە گەڵ سەرۆکی وڵاتانی تر چاوپێکەوتنی هەبوو. بۆ ئەوەی ئەم عادەتە نەشیاوەی سەرۆک لە چاو خەڵکی و کامێراکان بشارنەوە، بەناچار نیوەدیوارێکیان لە بەر دەمیدا لە کاتی قسەکانیدا سازکردبوو (لە سەر دیوارەکە هەر جارە دروشمێکی بە بریق و باقیان دەنووسی)، یان بە رۆژنامەنووس و هەواڵنێرەکانیان راگەیاندبوو کە تەنیا لە پشتێن بەرەوسەر  وێنە و فیلمی لێ هەڵبگرن. هەر بۆیە ساڵانی ساڵ بوو سەرۆک تەنیا لەناو قەدەوە دەبینرا و، بەس!

هەڵبەت لە تەواوی نیشتمان، خەڵکی جۆک و قسەی خۆشیان سەبارەت بەم عادەتەی سازکردبوو و، شێتانە بۆ یەکتریان دەگێڕایەوە. بگرە لەو کاتەوەی موبایل و شتی لەم بابەتە هاتبوون، جۆکەکانیان بە مەسەج بۆ یەکتری دەنارد و قاقا پێیان پێدەکەنین. راستییەکەی ئەوە بوو فەوزا و جەوێکی ناخۆش و ناهەموار هەموو وڵاتی گرتبووەوە. سەرۆک هەیبەتی جارانی لەدەست دابوو و ببووە قەشمەجاڕ. مەترسییەکی گەورە کە هاوڕێیان دەبا هەرچی زووتر چارەیەکی بۆ بدۆزنەوە.

ماوەیەک هاوڕێیان لە وڵاتی چینەوە کەرەسەیەکیان داواکردبوو کە لە ژێر جل و بەرگی سەرۆک شاردبوویانەوە و کاری دەستی سەرۆکی دەکرد، بەڵام سوودێکی وەهای نەبوو، چونکە سەرۆک جاروبار بە بێ ئیختیار و ویست دەستی بۆ شوێنەکە هەر دەڕۆیشت. هاوڕێیان لێکیان دایەوە کەواتە کیشەکە گونی سەرۆک نەبوو، بەڵکوو دەستی بوو. هەربۆیە ماوەیەک لاستیکێکی نەرمیان بۆ کڕی بۆ ئەوەی سەرۆک هەمیشە لە مشتیا بێ و کایەی پێ بکا و، بیگووشێ. سەرەتا باش بوو، بەڵام سەرۆک بە لاستیکەکەیشەوە هەر دەستی بۆ گونی دەبردەوە (لەم کاتانەدا لاستیکە خڕەکە بەردەبووەوە و هاوڕێیان دەبا بە راکەڕاکە بیگرننەوە). هاوڕێیان سەرئەنجام تێگەیشتن کە هۆکاری کێشەکە تەنیا و تەنیا لە مێشک و بیرکردنەوەکانی سەرۆکەوەیە. ئەمە ئیتر بەڕاستی کیشە بوو. نەیاندەزانی چی لەگەڵا بکەن. کردنەوەی باسێک لە گەڵی سەبارەت بە پێوەندیی نێوان گون و نیشتمان لایان باش نەدەهاتە بەرچاو، بگرە زۆر مەترسیداریش بوو.

رۆژێکیان کە هەموویان دەستەوەستان دانیشتبوون و مات و بێدەنگ لە بەردەمی خۆیانیان دەڕوانی، یەکیان گوتی:

ـ "قسەی قۆڕە دەڵێن دەسەڵات بە خەڵک و بە خۆپیشاندان و شتی لەم بابەتە دەڕوخێ، حکومەت تەنیا ئەو کات دەکەوێتە مەترسییەوە سەرۆکەکەی فێری عادەتی نەشیاو بێت."

بێدەنگی دایگرتنەوە.

پاش ماوەیەک لەناکاو یەکیان هاوارێکی لێ بەرز بووەوە:

ـ "دۆزیمەوە،... ئا دۆزیمەوە!"

ئەوسا بە روخسارێکی پڕ لە خەندەوە لە هاوڕێکانی رووانی.

ـ "چیت دۆزیوەتەوە،... ها،... چی؟"

ـ "ئێوە هەمووتان دەزانن سەرۆک باوەڕێکی سەیری بە مێژوو هەیە، بۆیە دەبێ هۆکارەکە لە مێژوودا بێ،... ئا، مێژوو! لە بیرتان دێ سەرۆک تەنانەت پێویستیی سەرهەڵدانی شۆڕشیشی هەر لە مێژووەوە دەرهێنا و بە نیشتمانی گوت و، ئیتر هەموو کەس شوێنی کەوت؟... بۆیە ئێمە دەبێ مێژوو بەرنەدەین!"

هەرهەموویان بە سەرسوڕمانەوە سەیری یەکتریان کرد:

ـ "ئاخر خۆ مێژوو کەس یان شتێک نیە بیبینین و بتوانین بچینە لای و را و مشووری پێ بکەین،... مێژوو تەنیا ناوێکە، رابردووە،... رابردوویش کە رۆیشت ئیتر خۆ قەت ناگەڕێتەوە، مێژوو وەهمە!"

ـ "پێویست ناکا مێژوو، کەس یاخود شتێک بێت. مێژوو هەتا سەرۆک هەبێ، هەیە. بۆیە ئێمە تەنیا دەبێ سەرۆک خۆی بدوێنینەوە، بەڵام نەک وەک سەرۆک بەڵکو وەک مێژوو! بێگومان سەرۆکیش ئەمەی پێ خۆش دەبێ،... هەر زۆر زۆریش!"

سەیری یەکتریان کرد "سەرۆک وەک مێژوو و، نەک وەک خۆی!" پێشنیارەکەیان قبوڵکرد. ئەوسا پلانێکیان داڕشت. پلانەکەیش ئەوە بوو هەر کاتێک دەیگەیشتنێ، لە جیاتی ناوی سەرۆک، بە مێژوو بانگیان لێدەکرد. سەیر ئەوە بوو جگە لە یەکەمین جار کە سەرۆک بە سەرسوڕمانەوە سەیری کردن، جارەکانی تر زۆر بە حەزیشەوە وەڵامی دانەوە و گوێی لێگرتن و، لە گەڵیان دوا. لە دووای مانگێک کە ئیتر 'مێژوو' بە تەواوی جێی گرت، ئەوسا سەری قسەیان لە گەڵ کردەوە. لە رۆژێکی سەختی زستانەدا لە کاتێکدا ئاگرێکی خۆشی بڵێسە سوور ژوورە گەورەکەی مێژووی گەرم کردبووەوە، یەکێک لە هاوڕێیان هات گۆ:

ـ "بەڕێز مێژوو! راستی رات سەبارەت بە سەرۆک یاخود سەرۆکەکان چییە؟ بۆ پێت وایە هەندێ سەرۆک کتوپڕ عادەتی نەشیاو دەگرن؟"

مێژوو کەمێک راما. لە کاتێکدا دەستی دیسان بۆ گونی بردەوە، گوتی:

ـ "وەڵڵا پرسیارێکی بەجێیە. دەزانی لە هەموو ئەم ساڵانەدا باسی ئەو هەموو شتانەمان پێکەوە کردووە، ئەمە نەبێ! هەی ئافەرین! دەزانن من لە بیرەوەریی مێژووییانەی خۆمدا زۆر سەرۆکم بینیوە. هی وا هەیە کە قسە دەکا تەنیا سەیری بەردەمی خۆی دەکا، بێ ئەوەی سەرهەڵبێنێ، جا خوای دەکرد قسەی بۆ دەیان هەزار کەس دەکرد. ئەمانە لەو جۆرە رێبەرانەن کە خەڵک زۆر بە کەم دەگرن، رێک وەک جادە و رێگا سەیریان دەکەن، دەبێ بە سەریا بڕۆن بۆ ئەوەی بە مەبەستەکەی خۆیان بگەن. سەرۆکی تر هەن رێک سەیری خەڵکەکە دەکەن، چاو هەڵناگرن. چاو لە چاو، باشتر بڵێم چاو لە چاوەکان. ئەمانەیش وەک دەستەی یەکەمن، هەر ئەو مەبەستەیان هەیە، بەڵام بە شێوازی تر. ئەمانە چاوەکان دەکەن بە رێگا و پێیاندا تێدەپەڕن."

ـ "بە راستی جوانت فەرموو! بەڵام با کەمێک وردتر بچمە سەر پرسیارەکەم. مەبەستم لە عادەتی نەشیاو، جوڵەی نائاسایی هەندێ لە شوێنەکانی لەشە، بۆ وێنە سەرۆکێک زۆر پێدەکەنێ، بە جێ و نابەجێ، یاخود یەکی تریان قامکی خۆی دەمژێ،... شتی لەم بابەتە قوربان!"

مێژوو، کەمێک بیری کردەوە و ئەوسا گوتی:

ـ "من سەرۆکی لەو جۆرەم نایەتەوە بیر. بڕوایش ناکەم سەرۆکی وا قەت دەست بکەوێ!... ها ها ها، جا شتی وا چۆن دەبێ! بەڵام سەرۆک هەیە کە توڕە دەبێ موشەک بە ئاسماندا دەکا، یەعنی هۆکاری موشەک بە ئاسماندا کردنەکەی توڕەییە. یاخود سەرۆک هەیە کاتێک باوەڕی بە خەڵک نامێنێ بە شوێن چاڵە نەوتدا دەگەڕێ، ئیدی تێریش نابێ لە خواردنەوەی نەوت. جۆرێکی تریشیان هەیە نیشتمان وەک ژنی خۆی سەیر دەکا بۆیە حەرەمسەرا دادەنێ، داوا دەکا لە هەموو شوێنێکەوە ژنی بۆ بەڕێ بکەن، لە هەر تیرە و تایفە و رەنگ و جۆرێک."

ـ "بەڵام قوربان سەرۆک هەیە زۆر دەخوا، گوێیش ناداتێ لە کوێیە، میوانی هەیە یان نیەتی، وڵات برسییە یان نا، ئەو هەر دەخوا و دەخوا. یان سەرۆک هەیە کە بۆ وێنە،... کە بۆ وێنە،... جوێن دەدا، یان دەستی،... دەستی بۆ شوێنێک مەسەلەن دەبا. جەنابت پێت وایە هۆکاری ئەمانە چین؟"

ـ "دەستی بۆ شوێنێک دەبا؟ من لەمە تێنەگەیشتم. بەڵام ئەو سەرۆکەی زۆر دەخوا، مانای ئەوەیە قوونەبانی کاسبی کردنی نەبووە و بۆیە بووەتە سەرۆک! ها ها ها...! بەڵام ئەو دەستەی تۆ باسی دەکەی من بیری شتێ دەخاتەوە کە نازانم چییە (مێژوو دەستی بۆ گونی بردەوە)، سەیرە نازانم بۆ نایەتەوە زەینم! هەڵبەت بۆ ئەوەی بزانین سەرۆک بۆ وا دەکا دەبێ بزانین کە دەست بۆ کوێ دەبا. دەتوانی پێم بڵێی مەسەلەن بۆ کوێی؟"

هاوڕێیان سەیری یەکتریان کرد. سەرئەنجام یەکیان گوتی:

ـ "بۆ وێنە دەست بۆ سکی دەبا."

ـ "ماڵتان ئاوا دەی خۆ ئەوە شتێکی سەیر نیە، بڕوا ناکەم زۆریش لە زەوق بدا..."

ـ "مەسەلەن دەست بۆ زیبی شەڵوارەکەی ببا."

مێژوو، بێدەنگ بوو.

ـ "نا، شتی وام نایەتەوە بیر. نا،..."

یەکێک لە هاوڕێیان خۆی دا بە ئاوەکەدا و بێ باکانە گوتی:

ـ "قوربان با قسەی خۆشیش ون نەبێ،... مەسەلەن،... مەسەلەن دەست بۆ گونی ببا،... ئەویش بە تایبەت کاتێک گوێی لە وشەی نیشتمان بێت! ها ها ها!"

مێژوو کە دەستی بە گونییەوە بوو، پاش کەمێک تێڕامان لە کەسەکە گوتی:

ـ "دیسان لە بیرەوەریمدا نیە. بەڵام دەکرێ یەک پرسیار بکرێ، ئەویش ئەوەی کە کامە نیشتمان! ئا،... کامە نیشتمان! جاری وایە نیشتمانی وا دەست دەکەوێ کە حەز دەکا ببێ بە گونی سەرۆکەکەی. هەرچەند من بەڕاستی شتی لەم شێوەم لەبیر نیە،... قەت! بەڵام دەکرێ رووبدات،... ئا، دەکرێ!"

هاوڕێیان بە واق وڕماوی سەیری یەکتریان کرد. کێشەکە گەورەتر ببووەوە، یەکجار گەورەتر. گەر دەکرا لە گەڵ سەرۆک یاخود مێژوو لە ژوورێک دابنیشی و باسی لە گەڵدا بکەی، بەڵام نیشتمان کەسێک نەبوو لە گەڵی لە ژوورێک دابنیشی و ئەم پرسیارەی لێ بکەی. پرسیاری ئەوەی داخۆ بۆ حەزی دەکرد ببێ بە گونی سەرۆک! بۆیە هاوڕێیان وازیان لێ هێنا و وەک هەمیشە چاوەڕوان مانەوە عادەتە نوێیەکەی سەرۆک، وەک هەموو عادەتەکانی تری، رۆژێک لە رۆژان لەناو وەهمی مێژوودا خۆبەخۆ لە چاو ون بێ!

 

 

گەڕان بۆ بابەت