ما 3374 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

سەرۆک هەتا دێت زیاتر لە نوقتەیەک دەچێ. خاڵێک لە پانتایی زەردی ئێوارانی دەریادا. قاچاخچییەکە خەنی لە کەسابەتی ئەمجارەی، هەوڵدەدا ژمارە تەلەفۆنی هەرچی سەرۆکی دونیایە پەیدایان بکا و لە لاپەڕەیەکی تایبەتیدا بیانووسێ و هەڵیانگرێ.  

 

سەرۆک دەبێ بە پەنابەر

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تاقە خەمی سەرۆک ئەوە بوو چۆن لە دەریا ترسناکەکە بپێڕێتەوە، ئەگینا هەموو شتێکی تر لە جێی خۆی بوو: پارە، غیرەت، وەڕەزی لە نیشتمان و لە شۆڕش، حەزی گەمەیەکی ترسناکی تر، قاچاخچی و سەرئەنجام خەیاڵ. بەڵام پەڕینەوەکە دژوار بوو. ئاگای لێ بوو کە بەردەوام، خەڵکی، پاپۆڕەکانیان وەردەگەڕان و لە دەریای توڕە و سامناک دەکەوتن و گیانیان لەدەست دەدا. چەندە خەمگینانەیش گیانیان لەدەست دەدا، رێک لەسەر سەفەر بەرەو سەرزەمینی خۆشبەختی، سەرزەمینێک کە تەنیا یەک دوو رۆژ لێیان دوور بوو. سەرۆک بیستبووی کە خەڵکی وڵاتانی دەورووبەری ئاوەکە وتبوویان قەت لە ژیانیاندا، بە درێژایی سەدان و هەزاران ساڵ، زریکەی لەم چەشنەیان نەبیستبوو. زریکەکان نەک ماسی، بگرە زراوی کۆسە و ماسییە هەرەگەورەکانی تریشی دەتوقاند. کە ئەوان دەخنکان، لە پاشیان لە گەڵ مەیتەکانیان، تەرمی ماسییەکانیش سەر ئاو دەکەوتن. "دەبێ چ دیمەنێکی ترسناک بێ!" سەرۆک بۆخۆیشی نازانێ بۆ کتوپڕ ئەوەندە گیانی خۆی لا شیرین ببوو. ئەوێک کە تەواوی تەمەنی بە گیانی کایەی کردبوو، بە ئاو و ئاوردا تێپەڕیبوو، ئیستا  دەیویست گیانی، وەک شووشەیەکی ناسک لە دەستەکانیا لە هەر چەشنە هەڵکەوتێکی کتوپڕی کەوتنەخوارەوە، یاخود شت وەبەرکەوتن، بپارێزێ. ئیستا دەزانێ کە 'هیوا' چەندە مرۆڤ لە ئاست گیانی خۆی بێخەم دەکا و، بێ هیوایی، پڕخەم.

ئاهێکی سۆزوای هەڵدەکێشێ و سەیری ئاسمان دەکا. دەزانێ رەنگی دەریا لە رەنگی ئاسمانە. بەڵام ئاسمان بێ شەپۆل و تۆفانە و کەچی دەریا تا بڵێی لەم دووانەی هەیە. پێی سەیرە یک رەنگ، خاوەنی وەها دوو کەسایەتیی تەواو جیاواز بێت. ئەو کە تەواوی تەمەنی رقی لە دوو رەنگەکان بووە، ئیستا دەبا خۆی بسپێرێتە دەستیان. شەوێک کاتێک هەمووان خەوتبوون، لە خەڵوەتی خۆیدا لە ناو تاریکیی موتڵەقی بێدەنگیدا لە خوا پاڕایەوە کە تەنیا ئەم جارە و لە راستیدا بۆ دوواجار، خەونەکەی بەدی بێنێ. راستییەکەی ئەوە بوو کە سەرۆک نەیدەویست بە کاتی پیری لە نیشتمانێکدا بمرێ، خەونەکانی بە زڕی تێیدا بە ئاوات گەیشتبوون. ئەو دەیویست نەمر بمێنێتەوە، نەمر لە وڵاتی غەریبیی و لە کاتێکدا خەڵکی تەنیا تاسە و یادیان دەکرد، بە بێ هیچ بیرەوەرییەک لە رابردووی.

لە گەڵ قاچاخچییەکان لە لاکۆڵانەکاندا قسەی کردبوو. ماشینە ئاخرین مۆدێلەکەی لە کۆڵانێکی تەنگ و تاریکدا راگرتبوو، کڵاوەکەی تا گوێچکەکانی دادابووەوە و دوو کۆڵان ئەولاتر لە سێبەری دارچرابەرقێکی کزدا لە گەڵیان دووابوو. سەرۆک کە یەکەم جار بوو لە گەڵ قاچاخچی دەدووا، باوەڕی نەدەکرد ئەوانیش ئەوەندە مرۆڤی ئاسایی بن. هەمیشە کاتێک راپۆرتەکانی لەسەر خوێندبوونەوە، وەک بوونەوەری سەیر و سەمەر هاتبوونە بەرچاوی. هەڵبەت گەر لێی بپرسن چۆن، بۆخۆیشی نازانێ چۆن! هەر ئەوەندە دەزانێ کە قاچاخچییەکان، ئەو بوونەوەرانەی وا دەتوانن هەموو سنوورەکان بە نایاسایی و شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ببەزێنن، دەبێ جیاواز بن، رێک وەک شۆڕشگێڕان! ئا، سەرۆک زۆر شتی هاوبەشی لە نێوان ئەوان و شۆڕشگێڕەکاندا دەبینی. شۆڕشگێڕەکانیش بە شێوەی نایاسایی بەدەسەڵات دەگەیشتن. هەر بۆیە پاش کەمێک، هەستی کرد لەگەڵ قاچاخچییەکان یەکجار راحەتە! ئەوەندە راحەت کە دەیتوانی دەست بکا بە گاڵتە کردن لە گەڵیاندا و تەنانەت بۆ خۆاردنەوەیەکیش دەعوەتیان بکا. بەڵام ئەم کارەی نەکرد. دەبا هەموو کارەکان بە نهێنی بکرانایە. بیری کردەوە گەر گەیشتە شوێنی مەبەست، بێگومان دوو پیاڵەیان لەگەڵ هەڵدەدا. ئەویش لە ئارەقی سەگی (ئاخر ئەم ئارەقەیش قاچاخ بوو).

قاچاخچییەکە دەستبەجێ سەرۆکی ناسیبووەوە، بەڵام رێک وەک خەڵکی ئاسایی هەڵس و کەوتی لەگەڵ کردبوو، هەر ئەوەندە نەبێ داوای پارەیەکی یەکجار زۆری لێکردبوو. رەنگە بە چەندین قات زیاتر لە خەڵکی تر. کاتێک سەرۆک دەڵێ کە بۆچی و چونکە منیش قەرارە بە هەمان بەلەم بپەڕێمەوە، قاچاخچییەکە گوتبووی لەبەر ئەوەی ئیستا وەک جاران لە بەلەمەکاندا جێ دەست ناکەوێ! ئەویش زۆر خێرا قبوڵی کردبوو. پوڵ بۆ ئەو هیچ نەبوو. هەر ئیستاکەیش دوو دەفتەر دۆلاری لە گیرفاندا بوو. لە کاتێکدا دەستی راداشتبوو و دەفتەرێکی وەک پێشەکی رادەست کردبوو، دووپاتی کردبووەوە کە "چوار رۆژی تر رێک دوو کۆڵان ئەولاتر لە ژێر ئەو درەختە سیسەی وا ژنێکیان بە تاوانی دەست تێکەڵکردن لە گەڵ پیاوێک بە چەقۆ سەربڕیبوو."

سەرۆک خەنی بوو. ئارەقی خۆشی، سەرتاپای جەستەی گرتبووە خۆ. ئیتر هەموو شتێ کۆتایی دەهات و ئەویش دەیتوانی وەک هەموو ئەوانی تر بگاتە وڵاتی خۆشبەختی. لەبەر خۆیەوە بزەی دەهاتێ و، دەیگوت "گرینگ ئەوەیە خۆشبەختی لەم دونیایەدا سەرئەنجام لە شوێنێک دەست دەکەوێ!"

کاتێک لە سنوور لە شاخە سەرکێشەکان پەڕینەوە، کتوپڕ بیرێکی نەساز رووی تێکرد "چۆن من لەگەڵ ئەو خەڵکەدا کە بەرەو شۆڕش هانم دەدان، لەهەمان بەلەمدا دابنیشم؟"هەنگاوەکانی سست بوونەوە. سەیری دەورووبەری خۆی کرد، سەیری قاچاخچییەکەی بەردەمی کرد کەجارەوبارە بزەیەکی ناخۆش کە وەک چەقۆ دەروونی سەرۆکی دەبڕی، دەنیشتە سەر لێوەکانی. ئەوسا نیگای چەقییە سەر بەردەمی خۆی و هەنگاوەکانی. رێگا چەند ئارام دەکشا و دەبوو بە رابردوو. پاشان قاچەکانی خۆی بینی،... نیگای بە کاوەخۆ خشایە سەر پێڵاوەکانی، پێڵاوە یەکجار گەورەکانی. بزەیەک نیشتە سەر لێوی. ئەو دەیتوانی سواری پێڵاوی خۆی بێت و لە دەریا بپەرێتەوە! ئەم بیرە شاگەشکەی کرد. سەرئەنجام رێگایەکی بینیبووەوە. "لە خۆوە نەیانگوتووە گرینگ وەڕێ کەوتنە، ئیتر شتەکان خۆیان دێن!" قەدیمی دێتەوە بەرچاو. کاتی شۆڕش، بە سەرکردە قاچ زلەکە ناوبانگی دەرکردبوو، هەرچەند دوواتر پێ بە پێی چوونە سەرەوەی دەسەڵات و نفوزی، ئیتر هاوڕێیان نەیاندەوێرا ئەم دەستەواژەیە دووپات بکەنەوە، بەڵام قاچە زلەکانی هەمیشە لەوێ بوون. راستییەکەی ئەوە بوو سەرۆک لە ناخی دڵەوە حەزی بە قاچە گەورەکانی خۆی بوو، ئەسڵەن ئەو حەزی بە تەواوی ئەو شتانە بوو کە دەیانتوانی ئەو لە هاوڕێیان و لە خەڵکی تر جودا بکەنەوە و، ببنە هۆی ناوبانگ و دەسەڵاتی زیاتری. قاچەکانیش لە هەمان رەگەز بوو. نایەتەوە بیری کە قاچەکانی لە کێ دەچوون، لە لاقەکانی دایکی، باوکی، خاڵۆ و مامەکانی، یان خزمانی تر؟ هەڵبەت گرینگ نەبوو. لاقەکانی تەنیا لە هی خۆی دەچوون! ئەسڵەن خوا ئەمەی پێدابوو، چونکە دەبا رۆژێک لە رۆژەکان ببێ بە سەرۆک. کە ببوویش! هەر خودی خودایش کاتی خۆی بیری لەوە کردبووەوە کە هەر ئەم لاقانە دەبنە هۆی دەرچوون و رزگاربوونی لە دەریا ترسناکەکە "ئای خودای مەزن و دلۆڤان!"

سەرۆک کە چەندین رۆژ بە رێگاوە بوو و پلانەکەیان بە هۆیەکی نەخوازراو دوواکەوتبوو، هەر گەیشتنە شارە گەورەکەی تەنیشت دەریا بەناوبانگەکە، لە ناو ژوورە پەرپوت و چۆڵ و ساردەکەی باڵاخانەکەدا خۆی بە عەرزدا دا و، دوو شەو و دوو رۆژ خەوت. کە خەبەری بووەوە، سێ ژەمی لەسەر یەک لە یەکێک لەو رێستورانانەدا کرد کە مۆسیقا و ئاوازێکی خۆشیان بە زمانێکی نائاشنا بڵاودەکردەوە. نازانێ بۆ، بەڵام لەناکاو شتێکی خڕ و تاڵ بەربینگی گرت و سەرۆک  بە بێ ویستی خۆی کەوتە گریان. گریانێکی سوێر. دووای ئەوەی لە ئاودەست جوان سەروچاوی خۆی شۆرد و لە ئاوێنەکەدا دوو سێ جوێنی مزری بە خۆی و بە رابردووی خۆی دا، بڕیاری دا پێش ئەوەی بچێتە ناو بەلەمی پێڵاوەکەیەوە و بەسەر دەریا کەوێ، قەحبەخانەکەی شار بدۆزێتەوە و شەوێکی تێرو تەسەل لەگەڵ سۆزانییەک بباتە سەر. چەندە دۆزینەوەی قەحبەخانەکەیش ئاسان بوو! ئاخر سەرۆک هەر ئەوەندەی لووتی هەڵبێنایە و کەمێک مڵ و مۆی بکردایە، دەستبەجێ بۆنی جیاوازی سۆزانییەکانی لە هەوادا دەبینییەوە. راستییەکەی ئەوە بوو سۆزانییەکان خاوەنی بۆنێکی تایبەت بوون. بە درێژایی تەمەنی زۆر جار ویستبووی وەسفێکی بۆ بدۆزێتەوە، بەڵام قەت نەیتوانیبوو، کەچی ئیستاکە کتوپڕ وشەکان هاتبوون "تێکەڵێک لە شەهوەت، هاوڕێیان، شۆڕش و ئارەقەی لەش!" سەرەڕای تاسە و حەزی بێ پایانی، ئەو شەوە تەنیا یەک جار چووە لای سۆزانییەکە، کە ئافرەتێکی کەڵەگەتی سوور و سپیی چاو سەوز بوو، بەو قژە زەردانەوە کاتێک بە ناز سەری دەجوڵاند، وەک ئاوی دەریا شەپۆلی دەدا و بە سەر بەستێنی سەریا رادەبوون و رادەخووشان. تەواوی شەو، لە پشت دیواری دووکەڵی جگەرە و بۆنی توند و غەریبی ناو ژوورەکە، لە سیمای ناسکی رووانیبوو،... بێ پایان.

دوو رۆژ دوواتر قاچاخچییەکە هاتبوو. سەرۆک بڕیاری دا جگە لە جانتایەکی بچوک کە خرت و پرتی رۆژانەی تیابوو، هیچی تر لە گەڵ خۆی هەڵنەگرێ. قاچاخچییەکە پێی گوت لە هەمان شوێنەوە بەڕێت ناکەم خەڵکی تری لێوەدەکەم. ئەوسا چووبوونە شوێنێک کە ئاوەکە پەنجا مەترێکی لە زەوی دڕیبوو و هاتبووە پێش، بەو بەردە رەش و گرینج گرینج و لێرە و لەوێ گیا لەسەر روواوانەوە، وەک دیواری قەڵای کۆن بەرەو ئاسمان هەڵکشابوون.

سەرۆک سەیری دەریاکەی کردبوو. سەری لە بەرینایی بێ سنووری سوڕمابوو. باوەڕی نەدەکرد کە مرۆڤ بۆ گەیشتن بە سەرزەمینی خۆشبەختی دەبێ لە بەریناییەکی بێ سنوور بپەڕێتەوە "باشە نەدەکرا ئەم بێ سنوورییە خودی خۆشبەختی بێت؟" بیری سەردەمی گەنجیەتی خۆی کەوتەوە، کاتێک پلانە گەورەکان بەرۆکیان پێ گرتبوو "باشە بەڕاستی ئەو خەونانە چۆن هاتن؟" بۆ ئەوێک کە قەت لە ژیانیدا دەریای نەبینیبوو، تێکەڵبوون بە خەونە گەورەکان لەلای سەیر و سەمەرە بوو. بیری کردەوە گەر رەنگە تەنیا یەک جار لە ژیانیدا چاوی بە دەریا کەوتبا، قەت ژیانی بەو ئاقارەدا نەدەڕۆیشت کە رۆیشت!

ـ "ئاە دەریا!"

ئارام پێڵاوەکانی داکەند. سوار راستیان بێت یان چەپ؟ قامکێکی خستە سەر چەناگەی و راما. چۆن هەڵیانبژێرێ؟ ئەو کە لە سیاسەتدا هەمیشە رقی لە راست و چەپ بووە و پێی وابووە ناولێنانێکی هەڵەیە، پێڵاوی راستی هەڵبژارد. نەک ئەخلاق، بەڵکوو هەموو پەیامبەرکان هەر لە کۆنەوە لە کتێب و لە قسەکانیاندا باسیان لە رێگای راست کردووە! سەرۆک وەک هەمیشە رێگای راست هەڵدەبژێرێ، ئەگەرچی بەم هەڵبژاردنە قەت بە دڵخوازی خۆی بە ئاکام نەگەیشتبوو، بەڵام دڵنیایە ئەمجارە دەیگەیەنێ. لای ئەو مەنتق حوکم دەکا لانیکەم بۆ یەکجاریش بێت دەبێ یەک لە هەڵبژاردنەکان مەبەستی خۆی بپێکێ، بە تایبەت بۆ کەسێک کە لە دووا قۆناخی تەمەندا بێت.

لە پێڵاوەکەدا بە ئاسانی جێی دەبێتەوە. باوەڕی نەدەکرد یەکجار ئەوەندە قاچی گەورە بێت. ئەوجا قاچاخچییەکە بۆ ئەوەی سووکتر بێت، پێی دەڵێ کەمێک لە جلو بەرگەکانی بەری دابکەنێ، ئەویش نەک تەنیا جلە زیادییەکان، بەڵکوو هەر هەموویان دادەکەنێ و بە توێی دەرپێیەکی کورتەوە دادەنیشێ! قاچاخچییەکە پێی دەڵێ دەریا ساردە، بە تایبەت بە شەودا، بەڵام سەرۆک گوێی لێ نیە. لای ئەو سارد و گەرما چێشتن بەشێک لە رێگای گەیشتن بە وڵاتی خۆشبەختییە. قاچاخچییەکە دوو سەوڵی دەداتە دەست. پێی دەڵێ دەبێ وەک یەک و هاوئاهەنگ بئاژوێ. سەرۆک کە لە دونیادا یەکجار رقی لە نەسیحەت کردن بووە، سەرهەڵناهێنێ سەیری رێ پیشاندەرەکەی بکات.

ئەوسا بە توێی شۆرتێکەوە لە ناو پێڵاوە جادووییەکەدا، بارستایی و مقاومەی شەپۆلە دڕ و خرۆشانەکان دەبڕێ، دەیانشکێنێ و یەک نەفەس دەچێتە پێش. دەریا کە سەرەتا پاڵی پێوەدەنا بۆ ئەوەی بیگەڕێنێتەوە، کتوپڕ باوەشی بۆ دەکاتەوە و وەک پانتاییەکی ئەفسووناوی لە ئامێزی دەگرێ. بە هەر سەوڵ لێدانێک، زیاتر بانگی لێدەکا.

سەرۆک هەتا دێت زیاتر لە نوقتەیەک دەچێ. خاڵێک لە پانتایی زەردی ئێوارانی دەریادا. قاچاخچییەکە خەنی لە کەسابەتی ئەمجارەی، هەوڵدەدا ژمارە تەلەفۆنی هەرچی سەرۆکی دونیایە پەیدایان بکا و لە لاپەڕەیەکی تایبەتیدا بیانووسێ و هەڵیانگرێ.  

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت