ما 7328 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

  سەباح رەنجدەر

شیعری بەرھەمھاتووی دیدگای بەھێز، ھەوڵی گەیاندن و مانا دۆزینەوە بۆ لێکدانەوەی بارە ئاماژە بۆکراوەکان نادات، بگرە شەوق و تاسە و ئاماژە لە خاڵێکدا کار پێدەکات و دەیانباتە ناو بیرکردنەوە و زەین. واتە: شەوق و تاسە و ئاماژە لە نێوان دەربڕینەکاندا نامێنێتەوە.

 گەرم نەبوونەوە

کاتێک شیعر ئازادیی نووسینی تەواو بەدەست دەھێنێت، ملکەچی ھیچ نەخشەکێشانێکی فیکری ئامادەکراو و سیستمێکی سیاسی نابێت. شاعیری خاوەن دیدگای بەھێز، لەوانەیە ئەمڕۆ شیعرێک بنووسێت و سبەینێش شیعرێکی دیکە و دووسبەیش شیعرێک. شیعری: (یەکەم) لە شیعری: (دووەم) نەچێت، (سێیەم)یش لە دووەم و یەکەم نەچێت.

لەم شێواز و دیدگا بەھێزەیدا، ئازادیی نووسینی تەواوی بەدەست ھێناوە. ئازادیی نووسین بەدوای نووسیندا ناگەڕێت، بگرە لەناو نووسیندا ئازادیی نووسین وەک سەرچاوە و ناوەندێک بۆ کار لەسەرکردن بەدەست دەھێندرێت، بەڵگەی ئەم بەدەستھێنانی ئازادی نووسینە ئەوەیە: لە ئەمڕۆی شیعری کوردیدا چەندان شێواز پێیان دەنووسرێت و لە بەخشینیش بەردەوامن، یان شاعیرێک دەبینین لە چەند شێوازێکدا توانایی خۆی بەکاردەھێنێت و داھێنان دەخاتەوە. ئازادیی نووسینیش تایبەتە بە خودی بەرھەمھێنەری دیدگای بەھێز. بەردەوامیش کردە و واتای ئازادیی نووسین لە ئەزموونێکەوە بۆ ئەزموونێکی دیکە درێژ دەبێتەوە و (ناوەند دەشکێنێت).

شیعری بەرھەمھاتووی دیدگای بەھێز، ھەوڵی گەیاندن و مانا دۆزینەوە بۆ لێکدانەوەی بارە ئاماژە بۆکراوەکان نادات، بگرە شەوق و تاسە و ئاماژە لە خاڵێکدا کار پێدەکات و دەیانباتە ناو بیرکردنەوە و زەین. واتە: شەوق و تاسە و ئاماژە لە نێوان دەربڕینەکاندا نامێنێتەوە، بگرە دەکەوێتە نێوان بوونی پەیوەندیی (وشەکان) و کردەی بوون بە ڕستە و (وێنە)، بە یارمەتیی پەیوەندیی نێوان وشەکان دەچنە ناو پێکھاتەی زەینەوە و بینای زەینی دادەمەزرێنێت، بۆیە دەقەکانی دەقی زەینین، بەڵام دەقی ئەفسوونی نین.

لەم تێڕوانینەوە تێپەڕین و پەڕینەوە، بوون دەناسرێت و پەیوەندییەکان لەناو دەقدا دەکرێنەوە، چەمکی جیاکاری داھێنان بۆ خاڵی جێگۆڕکێ و پێکھاتەی زمان لە (شەوق) و (تاسە) و (ئاماژە)دا چڕ دەبێتەوە، بەڵام نابێتە ڕووناکی شیعرییەت.

لە دەقدا خەسڵەتی ھەقیقەت نییە، بگرە پێکھاتەی داھێنان ھەیە، چونکە شیعر بە پێکھاتەی داھێنان لە دیدی ژیانەوە بەڕێوە دەچێت، شیعرێک بەرھەم دێت، بەردەوام لە جووڵە و بەرھەمھێنانەوەی شەوق و تاسە و ئاماژەوە، ڕەگی دەباتەوە سەر ڕەگی ئەفسانە و ئەفسوون و فەنتازیا و خۆی ئاراستەی شێوازی ئێستێتیکی سروشت و کاریگەرییەکان دەکات، لەمیش جێگیر نابێت و بەرەو زەین دەکشآ.

زۆر بە وریایییەوە ڕۆدەچێتە ناو سروشت و مرۆڤ لە پێکھاتەی سروشتدا دەگەیەنێتە چڕبوونەوەی چرکە سۆزدارییەکان، دەزانێت دەنگەکانی سروشت لە کوێوە سەر ھەڵدەدەن، پاشان لە وێنەدا دەریاندەخات و خاڵ نیشانی نێوان (دەنگ) و (گیان) دەدات، پاشان دەنگ و گیان دەکاتە ھێما و ھێما پێکراو، لە نێوان ئاسۆکانی وێنەدا زەینی پآ دەبینێت.

زەین ناخاتە خزمەتی ھیچ شتێکەوە، تەنیا شیعر خۆی و ئێستێتیکی شیعرییەت نەبێت. واتە: چێژ و جوانی و نەرمونیانیی ژیان و بڕوایی و ھەستی ئەوی دی تێدا قووڵ دەکاتەوە، بەھۆی زمانی بەتین و تاو و ترپە و ئاوازدا.

زمانی ونبووی نەدۆزیوەتەوە. زمانی ونبوو لە سەرچاوەی پێکھێنەری دەرەکی نادۆزێتەوە. دۆزینەوەی زمانی ونبوو پەیداکردنی سەرچاوەیە، کە لە ناخی خۆتدا، یان پەیوەندیکردنێکی ئەدەبییە بە ناخی خۆتەوە. ناخی خۆت وەک کولتوورێکی تاکەکەسی ئەدەبی و ژیانی گیانی. زمانی ونبوو ھەمیشە دەسەڵاتی نادیاری بەسەر داھێنەرەوە ھەیە بۆ دۆزینەوەی ئاستەکانی بینینی کەسی خۆی.

چەند شیعرێکی ئەم کتێبە شیعرییە. نموونە: (دەشتایی گیان)، (دژوارترین کاتدا)، (رووتبوونەوەیەکی تر)، (خرۆشان) مانای بوونناسانەیان ھەیە، شکۆ و بەھرەی بوونناسی لە خۆیاندا بەرھەم دەھێننەوە. یەکێتی فۆرم پشتیوانی لە مانای بوونناسی دەکات. ئەو ڕەگەزانە دەخاتە ڕوو، کە لە دەقدا بوونەتە مانا و بابەت و پێوانە بۆ بوونناسی.

یەک لە خەسڵەتە گرینگەکانی شێوازی ئەم شاعیرە ئەوەیە: لە سەرەتای شیعردا کۆتایی دەدۆزرێتەوە. سەرەتا ئەفسوونی تەواوی شیعرە و لەودا بیر دەکاتەوە و بەگشت و بەشەکانی دیکە دەگات.

ناوەند و کۆتایی دەھێنێتەوە ناو سەرەتاوە، وێنەکان دەتوانن ھاتوچۆ بکەن. وێنە لە شیعرەکانیدا، وێنەیەکی ھەستی و ئەوجا بینین و نامۆیی گیانین، مەودای نێوان گیان و دەنگ دەستنیشان دەکەن، یان ھەوڵی دەستنیشانکردنی دەدات. شێوازی لیریکی لەم کۆشیعردا نابیندرێت، مەگەر ھەستی نۆستالژیایی نەبێت. جارجارە لەسەر گیان و ھەستەکان بەکاری دەھێنێت. جێی بایەخی دەبن و ئاراستەی نووسینی دەکەن.

ئاگادارییەکی زۆر لە ھەستدا بەکار دەھێنێت، لە ھەستکردندا دەوڵەمەند و پڕ ئەزموونە، ئاگایی و خاڵی بینینی ون نییە. زوو دەگەڕێتەوە بۆ زەمینەی ئەو سەرچاوانەی، کە پێی سەرسام بووە. وەک ڕەگەزێکی بەرھەمھێنان کردەی ئەم گەڕانەوەیە ئەنجام دەدات و جۆش بە ھەستکردنی دەدات.

شیعری ھەڵچووندار لەناو گرفتی سەرچاوەکەیدا دەمێنێتەوە، زمانێکی ئێستێتیکی سەربەخۆ، دەربڕینی لێ نەکردووە. خاڵێک بیری بە ئاگا دەھێنێتەوە و بە قسە دەھێت. فۆرمێکی تایبەت وەردەگرێت، بە ئاگا ھێنانەوەی بیر نەک، فۆرمێک لەناو بیرکردنەوەدا زمانێکی ئێستێتیکی سەربەخۆ دەربڕینی لێ کردبێت.

شاعیر خۆڕسکانە شیعرەکانی نووسیوە، خۆڕسک مەبەست ئەوە نییە پشت نەبەستن بە ڕۆشنبیرییەکی خەمڵیو و گەڵاڵەبوو، یان درەوشانەوەی دیدگایەکی بەھێز، لەم ڕووەوە شاعیر خاوەنی ڕۆشنبیرییەکی خەمڵیو و دیدگایەکی بەھێزی شیعرییە، بگرە مەبەست ئەوەیە: دوور لە ھەموو پەیوەستبوونێک بە لایەن و ئایدۆلۆژیایەک، کردەی ئازادیی نووسینی پەیڕەو کردووە، کە ڕووبەڕووی شیعری بێگەرد بووەتەوە. تەواوی توانستی ئازادیی نووسینی بەدەست ھێناوە. بەھای ئازادیی نووسین دەستنیشانی داھێنانە شیعرییەکەی دەکات. نەک پرس و بارودۆخ.

(گەرم نەبوونەوە)، ناونیشانی کتێبێکی شیعریی: (جەلال بەرزنجی)یە. ساڵی (١٩٨٥) لە دووتوێی (٥٦) لاپەڕەدا، لە چاپخانەی (الحوادپ) لە بەغدا چاپ کراوە، ئەم شیعرانەی تێدایە: (مات بوون، پڕبوونەوەی نیوەی گیان، ئاڵۆزبوونی خەونەکانم، سێبەری ڕەنگەکان، ھاتن، نزیکترین تەزوو، ئاھەنگی بەردەوامی خۆم، نەورووژان، سپیاتی، دەشتایی گیان، بەتاڵبوون، کۆتایی ناکۆکییەکان، کەف، ئارەزوویەکی کۆن، برینی سێبەر، پەککەوتنی ئاو، نەگەڕانەوەی نامۆیی، لە دژوارترین کاتدا، سێبەرێکی مۆر، لەیادچوونەوە، ئاوێتەبوونی شتەکان، زەمەند، پاڵاوتنی نھێنییەکان، نەسرەوتن، دڵێکی بایی، بڵقی سەرخاک، وەرزەکانیش خۆشیان دەوآ، ناشتن، نیازی ئاو، گوڵێکی تەنیا، گەرم نەبوونەوە، مەزار، ڕووتبوونەوەیەکی تر، دوای زریان، قوڵغ، ئاونگ، یەکیەتی بوون، خرۆشان، ئەستێرەیەکی گەڕیدە، سروودی ئاوابوون.)

 

ئاڵۆزبوونی خەونەکانم

 

کتوپڕ ناخم گران بوو،

دەمارەکانیشم شل بوون،

رووناکی شپرزەی ڕوحیشم،

ھیچیان لەبارەی خۆی بەبیر نەمابوو،

ئابڵوقە دراوم،

ئابڵوقە درانێکی ھەمیشەیی و نەزۆک،

ھەستیشم کرژ بووەوە ناو گەرمایی بۆنکردووی خۆی،

لەناو ئەو مێرگە ناوەستم،

سۆزمی لێ ھەڵدەپەنمآ

ھەرچەندەش بمێنمەوە شتی جاویدانەتری لێ دەڕوآ

ئابڵوقە دراوم،

ناتوانم بەدیار ئەم ئەنجامە مۆمیاکراوە بوەستم.

خەونێک،

بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت ڕۆحم تێکدات،

سەوزایی دەروونیم،

بەسەر سەوزایی سروشت خات،

پێشوازی ڕووناکییە سەرما لێنیشتووەکان دەکات،

ئەوەی بەم ڕێیە ڕابوورآ

ئاوێکی مۆمیاکراو لە خشتەی دەبات،

یان قامچی دڕندەی با،

ھەموو پشتی لەت لەت دەکات،

کتوپڕ ناخم گران بوو،

نەمتوانی ماڵئاوایی لە ئێوارەی ناو شاخان بکەم،

یان خۆم لە کنێری بناران وەردەم.

بەردێک نییە سەرمی پیاکەم،

ئاوێکی مۆمیا نەکراویش،

قاچەکانمی لەناو جووت کەم.

بەم کاتە زەردھەڵاتووە،

لەم ماوە چەماوەیە پیاسە ناکرێت.

دەرگای ئەم پەرستگایە تەمەڵەش ناکرێتەوە،

ھیچی تر باسی سروشت ناکەم،

ئەو بوو دڵە ساکارەکەمی وا نەخۆش کرد،

رێگای چوونە دەرەوەی لێ گرتم،

رێگای ھاتنەوە ژوورەوەی لێ گرتم

ناخم گران بوو،

چیتر دوای جۆگەی پاش شۆرینی مردووان ناکەوم،

خەونێک،

بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت،

سەوزایی دەروونم بەسەر سەوزایی سروشت خات،

یان کتوپڕ لەناو ئەو شەوە برک کردووەدا بمرم.

 

شیعر بەھایەکی ئێستێتیکیی ڕەھای ھەیە، دەشبآ بزاندرێت ئەو ئێستێتیکایە لە بینای گشتیی شیعرەکەدا چییە و لە ئاستێکی پڕاوپڕدا دەربکەوێت. ئەگەر ئەو زانینە شێوا، یان ون بوو، شیعرەکە خواستی داھێنان و بەکارھێنانی تێدا پڕاوپڕ نییە. شێواز و تایبەتکاریی شیعری بێگەردی وەرنەگرتووە. واتە: زمان شێواز و ئێستێتیکای بۆ دەستەبەر نەکردووە.

لەم کۆشیعرەدا: دوو ئاستی کارکردن و شێواز ھەیە.

یەکەم: پەیوەستە بە کولتووری دوور و نزیکی خۆماڵی و بێگانەوە، نوێبەخشی تێدا بەرھەم دەھێنێت و سیمای دەکات بە سیمای پڕ و ڕووناکی  مۆسیقادار، بەھای ئێستێتیکی لە سەرەتا لەناو مۆسیقادایە، ئەوجا لەناو واتا و وێنەدا خۆی دادەمەزرێنێت و دەردەکەوێت. واتا و وێنەی ئێستێتیکی زەینی سنووردار ناکات، بینایەکی ئاوێتەکراوی پآ دەدات، کە لە کۆمەڵێک ڕەگەز پێکھاتووە.

دووەم: پێویستییە ژیانییەکانی ڕۆژانەی کەسیی خۆی، وەک کەسێکی ھەستەوەر و تێکەڵبوو بە دەوروبەر. ئەم پێویستییە ژیانییەش لە سروشتی ئەزموونییەوە درێژ دەبێتەوە.

خەستکردنەوەی ڕستە شیعرییەکانی لەناو ڕووداوە دیار و بیندراوەکان و ڕاکێشانیان بۆ ناو ھەست و خەون، کە وەک ھەوێنێک بە دەروون و بیری پژاوە و یارمەتی دەدات بۆ نزیککردنەوەی دەوروبەر بۆ ناخ و کرۆکی و خەمڵاندنی لە ئەزموونی ئازادی نووسیندا. شیعری: (ھاتن)  و (ناشتن)نموونەی ئەم بۆچوونەنە.

خەیاڵ و سۆزی گەرم دەبێت و بە بیر دەینووسێت. ژیانی ڕۆژانەی خۆی وەک سەرچاوە بەکارنەھێناوە. ھەر لەم خاڵ بینینەشدا دەبینین وشەی (فەرمانسالاری) زۆر کەم بەرچاو دەکەوێت. ئەگەر بە دەگمەنیش بەرچاو بکەوێت ئەوە: نیشانکار و نیشانکراوێکی شیعرییە و ئاسۆیەکە ھاوتای تێدا دۆزیوەتەوە و کردەی دۆنایدۆنی ماکی مانای لێوە بەڕێوە دەبات.

ئاڵۆزی نەخستووەتە ناو ڕستە شیعرییەکانی، بەڵام گرانی و قووڵیی واتای خستووەتەوە بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییە گیانییەکانی کەسی ھەستەوەرەوە. پێشدەچێت شاعیر پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ شیعری کلاسیکی کوردیدا نەبووبێت، بەوەی خوازە و لێکچوون و مەجاز و خواستن و نیشانە و درکە..... تاد، لە شێوازیدا کەم دەردەکەون و تاڕادەیەک ونە، ئەگەر ھەشبێت لاوەکی و یەک ئاستە. ڕەوانبێژیی جیاکار لە نێوان شێوازەکاندا دەرناکەوێت. بیر و کارکردن لە ئاسۆکانی بیر زیاتر سەرنجی ڕاکێشاوە لە ھونەری ڕەوانبێژی و ئاستداریی زمان، ئەگەر بنەماکانی خۆت باش نەناسی. ئەوە خۆشت باشناناسیت، ئەو مەودایانەش باشنابینیت، کە تۆ لەوان جیا دەکاتەوە.

گەشەکردنی زمان پرۆژەیەکی درێژخایەنە بەو ھێڵەی، کە لە سەرەتاوە تا بە ئێستا دەگات شیعری کوردی پآ بە پآ پێیدا ھاتووەتە خوارەوە. شاعیرانمان خۆیان بۆی ماندوو کردووە. ئەوە بەھا و پێوەری بنەمایەکە بە دڵنیایی و بڕواوە لە ئاستیدا ھەنگاومان ناوە و لە ڕەنجمان دوودڵ نین.

ئەم شاعیرە دەسەڵاتی بیری لە زمان و وشەدا تاقی کردووەتەوە، لە کۆکردنەوەی ھێزی ھەرسێکیاندا شیعرییەتی لە دەقدا ڕسکاندووە. بەھای ھەریەک لە (بیر) و (زمان) و (وشە)ی سەربەخۆ وەک ھارمۆنییەتێک لە (وێنە)دا بەکارھێناوە و دەری خستووە، پاشان لە درێژبوونەوەی شیعرەکەدا ئێستێتیکایەکی شێوە ئەندازەیی ھەست پآ دەکەیت. ئەم شێوازەی نەبووەتە (تەوژم) و (ڕووداو)ێک، بگرە ھەر خۆی لەناویدا درێژ بووەتەوە و لە شیعری نوێبەخشی کوردیدا، کەمەیەکی کەمی شیعری گرینگی پآ نووسیوە.

 

 

 

قەڵەمکێشی جەلال بەرزنجی بە وشە

       

شیعری باش وەک کانی پاراو وایە، ھەموومان لێی بخۆینەوە کەم ناکات. ئەو دەقانەی ھاوچەرخی ھەموو ڕۆژ و ڕۆژگارێکن، ئەوەیان وەک ناوەندێک بۆ ئێمە ھێشتووەتەوە، شیعر برای خوێنی نەھامەتی و کەسەربارییەکانی ژیانە. (جەلال بەرزنجی) لە دڵشکان و ناکامی و نەھامەتییەکانی ژیانی خۆیدا کەمەیەکی کەمی شیعری جوانی کوردی نووسی.

شاعیریشمان ھەن کوڕی ڕێزلێگیراوی دەسەڵاتن و ژیانیان لێوانلێوە لە گەشت و خۆشی، دەسەڵات خەڕۆ و دانەخۆرە و ئالوودەی کردوون بە گەشت و خۆشییەکانی ژیان. بۆشایییەک لە ژیانیاندا نەماوە لە پێناویدا تێبکۆشن و ھەوڵی پڕکردنەوەی بۆ بدەن. ناچارن بۆ درێژکردنەوەی ھێڵی شیعر پەنا ببەنە بەر دەرەوەی خۆیان و وەک ھاندەر و ھۆکار، جۆرێک ساختەکاری بەکاربھێنن و ھەموو پیرۆزییەکانی خۆیان، کە شیعرە لە پێناو خەڕۆ و دانەخۆرەی دەسەڵات لە دەست بدەن. مرۆڤیش بآ ڕەچاوکردنی پیرۆزییەک ناتوانێت سەرکەوتوو بژی، کە شیعرش تاکە پیرۆزی شاعیری ڕاستەقینەیە.

تێکۆشان لە پێناو دەستەبەرکردنی خۆشییەکانی ژیان. بەھۆی دانەخۆرەبوون، تێکۆشانیش لە پێناو شیعری بێگەردە، یەک یەکیان لاسەنگ دەکات. بەشێک، بەشێکی زۆری شاعیرانی ئێمە، لەم ڕووەوە شوێنیان وەک شاعیری ڕاستەقینە بەھێز نییە. خەڕۆ و دانەخۆرە کراون، خۆشیان ھەموو پەیمانێکی نھێنی دەبەستنەوە بۆ خەڕۆ و دانەخۆرەیی. دەچنە بەر سێبەران، ئەگەر ئەو سێبەرانە سڕیشیان بکەن. زمانحاڵی دەسەڵاتن و دەسەڵاتخواز و بێزراون. بۆ ھەمیشەش لە ساتە بۆنوڕکەرەکانی بەر سێبەران دەمێننەوە. سێبەری شێریش، ھەر سێبەرە.

دەقی: (بارانی ئەخیلۆس- گۆڤاری نووسەری کورد، ژمارە ٣و٤ی ساڵی ١٩٩٢، ل: ٣٨ تا ٤٦)دا، لە ئەنجامی پاڵەپەستۆی ناخی خۆی و لەیەکدانی ھەستەکانی، وەک دەربڕین لە نادیارییەکی کوشندە بەرھەم ھاتووە.

 لەم شیعرەدا ھێمای دوولایەنی بەکارھێنراوە، شەوقێکی کورتخایەن لە ئەزەلییەتی ژیان وەردەگرێت و دەیبەستێتەوە بە فەزایەکی بآ کۆتایی، تا خوێنەر بچێتە ناوی و بە ئارەزووی خۆی ئەم فەزایە فراوانتر بکات، ڕامانی سەرەکیی کەسایەتی خۆیشی دابڕێژێت، بە تەواوی جەستەی دەقەکەشدا پەلوپۆ باوێت، کە بوو بە خوێنی دەقەکەش، پێوانەی لێدانی دڵی دەقەکە بۆی ئاسان دەبێت و ئاستی کاریگەرییەکەشی دەردەکەوێت.

کارامەیی لە بەکارھێنانی ڕاز و نھێنی و لەناو پێشبڕکێی ژیاندا، بەدوای ئەزموونی کەسی خۆی گەڕاوە، پرسیاری چییەتی کەسی خۆی لە تۆیەکی ئەزەلی و نادیار کردووە. ئەم تۆیە لە خودی نووسەر خۆیەوە ناسراوە و دەست پێدەکات و دەیبەستێتەوە بە ھێزی ژیانەوە. ئەگەر نەشی بەستێتەوە نزیکی دەکاتەوە لەو ھێزەی ژیان بەگەڕ دەخات. بەھەر ئاراستەیەکدا ڕۆیشتبێت لەدوا خاڵدا گەڕاوەتەوە بۆ خاڵی بەھرەی بێگەردیی خۆی و (شیعربوون)ی کردووەتە ئاراستە و ئامانج. وشەکانی ئەم شیعرە لەناو وشەی نامۆ و خەماوی ھەڵبژێردراون. شیعری خەماوی و بیرکردنەوە و زمانی کەسی ھەموو دەم پەنا دەباتە بەر ترپە و ئاوازێکی خاو و لەسەرەخۆ و نەرم، ھێزی شیعری خودی خۆی دەخاتە گەڕ و مۆرکی بیرکردنەوەی دادەڕێژێت. لە دوو وێنەشدا، ھاودەقی لەگەڵ (خانمی کفن دروو) کردووە . لە وێنەی یەکەمدا ھاودەقی: (خەمی بوونیی) و (خۆشەویستی بوونیی) لەگەڵ ناوەندی بووندا بەرجەستە دەکات، داھێنەرانە ھاودەقی لە وێنەکەدا دەگونجێنێت و کەرەستەکانی ھونەری ھاودەقی باش بەکاردەھێنێت، بەڵام لە وێنەی دووەمدا، سۆزێکی ڕووکەشە و لەم بارەوە تێناپەڕێت بۆ خەمی بوونیی خۆشەویستی بوونیی و کەرستەکانی ھونەری ھاودەقی باش بەکار ناھێنێت. دەقەکە لە نیشانکار و نیشانکراودا سەرچاوە دەگرێت و پەیژە پەیژە گەشە دەکات. پەیوەندییەکانی نێوان نیشانکار و نیشانکراو، بنیادێکی بەھێزی ئەو ئاخاوتنەیە، کە نیشانکار لەگەڵ نیشانکراو دەکات، یان لەگەڵ ئەوەی لەبوونیدا تواوەتەوە و بووەتە بەشێک لەو. نیشانکار لە نیشانکراو جیاواز نییە، نیشانکاریش لە نیشانکراو جیاواز نییە، ھاوتایی پێکدەھێنن و دەڕواننە ئەزەلییەت و نادیارییەک. ئەو نیشانکار و نیشانکراوە، نیشانکار و نیشانکراوێکی ڕۆمانسی نییە، ئاسۆ و دووری خرۆشاوی ناو دەقەکەیە، دانە پەیڤی نیشانکار و نیشانکراوە کولتووری لەمێژینەی شاعیرانی تەسەوفە، بەشێوازی کێش و سەروا بەکارھێنراوە، لە ڕووبەرێکی فراوانی شیعریدا کاری پێکراوە، لە تەسەووف و بەختەوەریی خوداییدا، ژیان لە دروشم و دەمامک و گەلحۆیی ڕزگار دەبێت. ئەوەی مایەی سەرنجی قووڵ و سەرسوڕھێنەرە شاعیرێکی ئەمڕۆ لە شیعرێکی ئازاد و شێوە پەخشاندا ئەم کولتوورە دوولەتبووە بەتاو و تینێکی داھێنەرانە دووبارەی بکاتەوە و باش بەکاری بھێنێت .(منیش قاچێکم گێچاوی ڕۆژئاوا، ئەوی ترم شمشاڵی ڕۆژھەڵات، پێچەوانەکردنەوەی ئەم دەربڕینە سۆفییانەیە: (نیوەم لەناو نەبووندایە و نیوەکەیدیم لەناو ھەبوون).

شاعیر لە شیعرەکەیدا، ھاووڵاتییەکی دیاری ماندووە و ھەستی نامۆیی ئاوارەی کردووە، ئەم ھەستە نامۆیییەی بە گەورە دەخاتە بەرچاو و ھەستی نوێبەخشی لێ بەرھەم دەھێنێت، کە بابەتێکیش ھەڵدەبژێرێت بۆ ئەزموونکردن، یان بابەتێک ئەو ھەڵدەبژێرێت بۆ ئاشکراکردن  و دەڕبڕینی ھەستەکانی، لە نیازی خۆیدا پێی وایە: لەم ئەزموونکردنەدا دەگات بە ڕەگ و ڕیشە، نووسینە بەرھەم ھاتووەکە خودی ڕەگ و ڕیشەکەیە، شاعیر لەسەر ھەستەکانی خۆی تاقی کردووەتەوە. ژیانی نووسین بەستراوەتەوە بەو ژیانەی، کە کەسی نووسەر ئەزموونی کردووە، یان کەسی نووسەر بۆشایییەک لە ژیانی ئەزموونکردوویدا ھەبووە و ھەوڵ دەدات لە ژیانی نووسیندا تەواوی بکات، شێواز و فۆرمێکی نیمچە بەختەوەری پآ بدات. ژیانی ناو نووسین، ژیانێکی پاڵەوانانەیە و لە ناوەندی خودی خۆیدا چاودێرە و قووڵایی دەپشکنێت، کە ناوەندی نووسینە. بە دوای گفتوگۆ و خولیای ئاشنا و ڕۆشنا نزیکەکانی دەگەڕێت و بەدڵ دەیاندوێنێت و دەیانکات بە ئاکارە سەرەکییەکانی نووسین.

 شیعرەکە کەمێک سۆزدارە، لە دەربڕیندا ڕوون و ڕەوانە. لە ھەمان کاتدا زۆر قووڵە و ڕۆشنبیریی فراوان و ڕۆحانییەتیان لە خوێنەر دەوآ. دەکرآ وەک دەق و شێوازی: (سانایی خۆبەدەستەوە نەداو) تەماشا بکرێت. بابەتەکەی بە دەوری ئەزەلییەت و نادیارییەک دەسووڕێتەوە، لە ڕێگای (خەمی بوونیی) و (خۆشەویستی بوونیی) تاسەی بۆ نادیاری مرۆڤ و گەردوون دەردەبڕێت، کە پێشبڕکێی خەمی بوونیی و خۆشەویستی بوونیی پێشبڕکێیەکی بآ کۆتایی و ئەزەلی و نادیارە. دەبێتە بنیادی شوێن و کەسی، یان جێگای بنیادی ئەزەلییەت  و نادیاری دەگرنەوە، دەبنە مانا و لە زیندووەتیدا ڕۆڵی ئێستێتیکا دەبینن، یان خەمی بوونیی دەکاتە خاڵ و خۆشەویستی بوونیی بەدوایدا دەھێنێت و دەیکاتە ھێڵ، ھەردوو خەم دەکاتە تابلۆ و ئامادەی دەکات بۆ پیشاندان، ھەروەھا بەھۆی ڕۆحانییەتی زمانەوە وادەکات وشە مانایەکی ئەزەلی و نادیار ببەخشێت و گواستنەوەیەک بێت، بەرەو (ڕەگەزی کتوپڕی). ڕەگەزی کتوپڕی لە سروشتی ڕاستەقینەی خۆیدا، ئەرکی شێواندنی کپی و ھێمنی دەروونی خوێنەر نییە، بگرە داڕشتنەوەی کپی و ھێمنی دەروونی خوێنەرە، ھونەری ڕوونکردنەوەی ژیانە بەمانا ئەزەلی و نادیارییەکەی، کە ژیان کۆمەڵێک پارچەی لێک نزیکن و بینایەکی ڕوون و ئاشکرا دروست دەکەن، خەمی بوونیی و خۆشەویستی بوونیی لە بارێکی ناخەکی دەخرۆشێنن. ئەم خەمە بوونیی و خۆشەویستی بوونییە لەم دەقەدا لە فەزایەکی بآ کۆتایی و ڕەنگاوڕەندا خرۆشێندراون و لێک گرێدراون.

زمان لە ڕۆحی نووسەر دەست بەکارە، لە شیعردا بە جۆرێکی تایبەت بەکاردەھێنرێت. نھێنییەکانی ڕوانین و گرفت لە تێگەیشتن و لێکدانەوەی جیاوازە لەگەڵ ئەوەی لە زمانی پەخشاندا، بەھەموو لکەکانییەوە بەکار دەھێندرێت، چونکە زمان لە شیعردا ھێما و سرووش وەردەگرێت، تا ئەوپەڕی سنووریش پەیوەستدار دەبێت بە سۆز و یادگاری ئەزموونی ژیانی کەسیی شاعیر، ھەروەھا بەھۆی وێنەوە ھێما و سرووش بە بیر و بیرکردنەوە دەدات، لە زەیندا وێنەی تایبەت دەخوڵقێنێت. لە ھەمان مەبەست لە خاڵێکی قووڵتری (سەرنجی ھەستی)دا وێنە بیر و ھۆش تاو دەدات.

وێنە لە نێوان کۆمەڵێک پەیوەندیی جیھانی پڕ ھێزی ناوەوەی شاعیر و وێناکردنی ژیانی کەسی شاعیر دەخوڵقێنێت و ھەڵچوون لە دۆخی لەرینەوەوە وریا دەکاتەوە. لەم بار و بوارەدا، وێنە بە ھۆی پیتی بانگکردن دەنگی وێنەکە دەگوازێتەوە. وەک ڕاز و نھێنی بوون دەکاتە ئاوێنەیەکی جیوە ئەفسوونی، وەک ھاوارێک ئازاری ھەموو کۆستێکی تێدا کۆدەکاتەوە و دەری دەبڕێت. لە پاشاندا دووبارەی دەکاتەوە تاڕادەی بێزارییەکی سامناک و کوشندە. وێناکردنی کەسی و خەیاڵی لە چالاکی خۆیاندا بەردەوام دەبن. ئەو ھەستە ئێستێتکییەمان لا دروست دەکات، کە شاعیر ھەوڵی ڕایەڵکردنی داوە، بەڵام دەبێت ئەو ھەستە بەتەواوەتی لە ڕەوتی ڕستەکاندا بڕەخسێندرێت، کە بەھای شیعرییەتی تێدا پەنھانە، ھاوسەنگییەک ڕادەگرێت. ھاوسەنگی: (خەمی بوونیی) و (خۆشەویستی بوونیی).

شاعیر بەو شێوەیە دەنووسێت، کە پێی ئاسوودەیە و پێگە و ڕێگای خۆی بۆ ئاشکرا دەبێت. خوێنەریش لەم پێگە و ڕێگایەدا لە ھەقیقەتی ڕەھای شیعرییەتدا، لە خولیاکانی خۆی نزیک دەبێتەوە. گیانی شیعرییەت لە ڕێگای باش بەکارھێنانی زمانەوە دێتە ناو جەستەی شیعرەوە. لادان، یان خزان، یان خلیسکانی زمانی لە شیعردا گونجاوە، جۆرێکە لە بیری داھێنەرانەی شاعیر لە یاریپێکردنی وشەدا. ئەم بۆچوونە تاڕادەیەک بۆچوونێکی لەبارە، بەڵام شیعر پێشێلکردنی ڕێزمان نییە. لە سنووری ئەم نیمچە لادانەدا تێناپەڕێت. لەم دەقەدا: (زمان) بەھێز نییە، (ھەست) بەھێزترە. ھاوسەنگ نەکردنی (زمان) و (ھەست) جۆرێک ناتەبایی بە بنیادی شیعرەکە داوە، ھەروەھا وێنەیەکی لە دوو شوێندا دووبارە کردووەتەوە، بآ ئەوەی ترپە و ئاوازێک، یان دۆخێکی زەینی بگۆڕێت. لە شیعرێکی وا یەکبابەتی و یەکگرتوو و ھێماداردا، دووبارەکردنەوەی وێنە، ترپە و ئاوازێکی بە جۆش بە بنیادی شیعرەکە نادات، بگرە تووشی ھەناسەبڕکێشی دەکات، ھەروەھا ڕەنگ و ڕووی سروشتیش لە جیھانبینیی شاعیردا، دەرکەوتەیەکی تایبەتی نییە.

 

بینینی ئاسۆیی لە (خەمی بوونیی) و (خۆشەویستی بوونیی)، کە بە خوڕ بەدوای یەکدا دەڕژێن و دەڕژێنە ناوەندێک، کە بوونێکی دیار و دەستنیشان نەکراوە لە خەمی بوونیی و خۆشەویستی بوونیی . بگرە بوونێکی پێوەر و ناوەندێکە وەک: ئەدگار و پێکھاتە، کە ڕامانی سەرەکیی دەقەکە بەناو ھەموو جەستەی بووندا تانوپۆی چنیوە، دەبێتە ڕۆژ و ڕۆژگار و ڕاز و نھێنییەکی بزر، کە ڕۆحانییەتی بوونەکانە و شیعرییەتی دەقەکەیە. دەقەکەش لە ژیانی ئاسایی خۆیدا، ئالوودەی تەنیایی خۆی بووە. وەک ئالوودەیی بە تەنیا (لەدایکبوون) و بە تەنیا (مردن) و پڕبوو لە ھەموو دڵشکان و ناکامی و نەھامەتییەکانی ژیان.

گەڕان بۆ بابەت