ما 4732 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ڕزگار لوتفی

بەڵام ئەوەی لەهەموو شتێك زیاتر سەرنجی پێکان و ڕاماندنی، ڕێژەی باڵای بەشداری ئەو کۆڵبەرانە بوو کە هەر بەجلوبەرگە کۆڵبەرییەکەیانەوە لەسنوورەکانڕا هاتبوونە ئەو شوێنەو بەو مەوهیبەتە پیرۆزە ئاسمانییە سەرسام بووبوون.

 

ئاربەبالەند

ڕزگار لوتفی

 

یەك ڕۆژی مابوو ئاربەبالەند” دەرگاکانی بەڕووی گەشتیاراندا بکاتەوە کە فەرهاد بۆ چەندەمین جار ــ وەك ملپێچێکی کورت ــ باسکی ئاڵاندە ملی فرمێسك و، دەستی خزاندە سەر سینگی؛ ویستی ئەمجارەش لە ڕاکێشانی سەرنجی هاوسەرەکەیدا پشوودرێژ بێ و هەروا بەئاسانی لێی ماندوو نەبێت؛ کەچی کاتێك فرمێسك لەبەرامبەر دەربڕینی ئەو هەموو هەست و سۆزە گڕاوییەیدا پەرچەکردارێکی ئەوتۆی نەنواندو دوای بزەیەکی دەستکرد، هەمدیسان بەناخی موبایلەکەیدا ڕۆچووەوە، چیدی ئۆقرەی نەماو دەستبەجێ هەستایە سەرپێ و لەپەنجەرەی باڵەخانەکەیانەوە بۆ مەیدانەکانی شاری ڕوانی؛ تا گەر ڕۆژێ لەڕۆژان دەسەڵاتی هەبوو ــ وەك هێمای بێڕۆحی‌و بێدەربەستی ــ لە ناوەندی یەکێکیاندا بیچەقێنێت و ڕاشکاوانە بەسەمبولی بکات.

 

بەستەڵەکی نێوان فەرهادو فرمێسك شەختەیەك نەبوو کە بەگەرمای پڕووکێنەری مانگی گەلاوێژ بتوێتەوەو داچۆڕێتە نێوانیان. واپێدەچوو تەمەنێكی درێژ، بەرەبەرە باڵای کردبێ و چین بەچین سەر یەك کەوتبێتەوەو بەڕندوو بووبێت؛ ئەو تەمەنەی کە مێژووەکەی دەگەڕایەوە بۆ یەکەم ساتەکانی بڵاوبوونەوەی موبایل و پەرەسەندنی تۆڕە گشتگیرە کۆمەڵایەتییەکان. بەڵام داخوا فەرهاد تا ئەو چرکەساتەش هەستی بەوە کردبوو کە ناتوانێت فەرهادئاسا، بەناخی ئەو کێوی سەهۆڵەدا ڕۆبچێتە خوارو لە دەروونیەوە لێکبەری بکات؟ ئەم گومانە ــ کە گوایا فەرهادیش لەحاند ئەو کێوی سەهۆڵەدا چیدی هیچی پێ ناکرێت و دەستەوەستان ئەمێنێتەوە ــ کاتێك لە دەروونیا چەکەرەی کردو سەری هەڵدا، کە چووبووە دەم پەنجەرەی باڵەخانەکەیان و لەوێوە، لە شەقام و مەیدانەکانی شاری ئەڕوانی و، لافیتەو بنێرو ئاڵاڕەنگاوڕەنگەکانی ئەو دەڤەرەی بەسەر دەکردەوە. ئەو تێڕوانینەی کە بەئارامی وەك ڕەوتی فیلمێکی داستانی، ڕووداوەکانی ئەم یەك/دوو ساڵەی دوایی دەهێنایەوە بیری و بەهێمنی تۆوی ئەو گومانەی لە زێهنیدا دەچاند.

 

چەند ڕۆژێك بوو شار خرۆشابوو؛ لە مەنجەڵێك ئاوی دەکرد سەر ئاگردان نرابێ و لەساتەوەختی مێروولەکردندا بێت. هەر شەقام و مەیدانێكت دیبا، بەپڕوپاگەندی جۆربەجۆرو وێنەی ئامێرو مۆڵگەکانی ئاربەبالەند نەخشێنرابوون. هەرکۆمەڵ و دەستەو تاقمێکت بەدی کردبا، لەکردنەوەی ئەو شوێنە گەشتیارییە دەدوان و بەتام و چێژەوە دەیان نرخاند. یەكیان دەیگوت: ”دوای ئیفتیتاحی پارکی تەفریحی ئاربەبالەند، ئیتر شارەکەمان تەنها بەشاری پاساژەکان لەقەڵەم نادرێت” یەکی دی دەیگوت: ”ئیفتیتاحی ئەو مەرکەزە، ئیفتیخارێکی ‌ترە بۆ خەڵکی شارەکەمان.” یەکێکی دیکەیان دەیگوت:” تەمەدون یانی ئەمە .. ئیتر فارس و تورکەکان تەنها وەك قاچاخچی و کۆڵبەر، تەماشامان ناکەن و پرێستیژمان ئەڕواتە سەر” ئەوی تریان دەیگوت: ”بە ئیفتتاحی ئاربەبالەند، دەرەجەی ڕفاە و خوشگوزەرانی شەهروەندانی شارەکەمان بەرز ئەبێتەوە”.

 

ڕێك دوو ساڵ  بەسەر واژۆکردنی ڕێکەوتننامەکەی ئاربەبالەنددا تێپەڕی بوو؛ دەبوا لایەنی سەرمایەگوزار، لەم دوو ساڵەدا پڕۆژەکە تەواو بکات. هەر لەیەکەم ڕۆژیڕا، مەکینە و بارهەڵگرە جۆربەجۆرەکان ڕژابوونە بناری ئاربەبا. هەریەك بە نۆبەی خۆی، وەك نووکی دابان دادەهاتنە سەر جەستەی سرووشت و ــ بەبێ ئەوەی هیچ ئادەمیزادێك گوێیان لە زریکەو هاواری بێت ــ شەقارشەقاریان دەکرد؛ دەتگوت بیانوویان، گەڕانەوەی مەسیحە، تا نشینگەیەکی بۆ هەڵپەرداوێن و مافووری سووری بۆ ڕابخەن. دەنگۆ بوو کە ئامێرەکانی شاری یاری ئاربەبالەند، لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی دونیاڕا هاوردە دەکرێن و لەو ناوەندەدا دادەمەزرێن. واش دەهاتە بەر گوێ کە هەموو جۆرە مۆڵگەیەکی چوون باژێڕی کاڵاو پێداویستیەکانی ژیانی تێدا ساز دەکرێت و تەنیا بە لایەنی گەشت و گوزارییەکەی بەسەندە ناکرێت.

 

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ مۆڵگەکان وەك کارگ، لە ڕووبەری ئەو ناوەندەدا هەڵدەتۆقین و هەیمەنەی ئاربەبالەندیان کامڵ دەکرد. هاوکات بەڕێوەبەران و بەرپرسانی فەرمی شار، وەك هەلێك ئەم دەرفەتەیان قۆزتبۆوەو یەکبین بەپڕوپاگەندە دەکراو بەرگێکی مەوهیبەتییان بەبەردا دەکرد؛ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش وەك چکلێتێکی میوەیی تامخۆش دەرخواردی خەڵکی شاریان دەداوەو دەبووە شەوچەلەی میوانییەکانیان.

 

بنەماڵەی فەرهادو فرمێسک-یش لەم مەوهیبەتە شیرین و بەتامە بێبەش نەبوون؛ کاتژمێر بەکاتژمێر، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە چرکەیەك دەرگای زێهنیان دەڕەقاندن و بۆ ڕۆژی کردنەوەی ئەو ناوەندە گەشتیارییە، لە ئامادەییدا ڕایاندەگرتن. سەرباری ئەمەش هەر تاکێکی وەك فرمێسك-یش ڕۆژانە بەلانی کەمەوە، کاتژمێرێك بەتەلەفون، لەو مەوهیبەتە شیرینە دەدوان و کاتی خۆیانیان پێ پڕدەکردەوە.

 

فەرهاد هەروا کە بەپێوە لە ناوەندی پەنجەرەگەورەکەی هۆڵەکەیان ڕاوەستابوو و بەدەستی گڕێدراوەوە لە پڕۆژە ڕەنگاوڕەنگەکەی بناری ئاربەباو جنێرە-ی دەڕوانی، دەمەقاڵەکانی خۆی و فرمێسک-ی هاتەوە یاد کە چۆن دوو مانگی ڕەبەقی خایاندبوو و ئاسەوارەکانی تا ئەم چرکەساتەش گەییشتبوون؛ ئەو دەمەقاڵەیەی کە لە بیرۆکەیەکی فرمێسک-ـەوە سەرچاوەی گرتبوو و دال بەر ئەوەبوو کە لە نێزیك پڕۆژەکە خانووێك بکڕن و ماڵەکەیانی بۆ بگوازنەوە؛ تا هەرکات ئارەزوویان جووڵا، هەنگاوێکیان مەودا بێ بۆ چێژبردن لەو مەوهیبەتە شیرینە.

 

فەرهاد هەستی کرد، سەری گێژ دەخواو نێزیکە وەبوورێت. نیگای لە دیمانەی شار گوازتەوەو فرمێسك-ی لەقاپ نا. سەرتاپای جلەکانی بەری هەڵسەنگاند؛ دەتوت مانکەنێکە پڕوپاگەندە بۆ پۆشاک و متوموورووی چینیی دەکات؛ موبایلەکەشی لەزیادی. هیچ هێمایەکی لە شوناسی خۆیانی تێدا نەدۆزییەوە؛ تەنانەت برۆ پەیوەستە سرووشتیەکانیشی سڕدرابوونەوەو دوو کەوانی هەرەباریکی کورتی بێ ڕۆح، لە جێگاکەیان نیشتبوون.

هێشتا فرمێسك لەسەر قەنەفە نیوچەرمە چێرەییەکە دانیشتبوو و سەری لە ناو موبایلەکەیدا بوو کە فەرهاد فەزای سڕو بێدەنگی نێوانیانی شڵەقاندو گوتی:

ــ” فرمێسك! .. نەزەرت چۆنە بەیانی، بۆ ئیفتیتاحییەکەی ئاربەبالەند لەوێ بین؟!”

فرمێسك وەك ئەوەی یەك ئان مونجەمید بووبێت، بە سیمایەکی واقوڕماوەوە وشك هەڵات. نەیدەتوانی یان نەیدەزانی بڵێ چی. لەکتوپڕ موبایلەکەی فڕێ داو خۆی هەڵهاویشتە باوەشی فەرهادو، کەوتە هەڵمژینی لێوی. فەرهاد هەستی بەوە کرد کە خەریکە خوێنێکی تازەو تراو، بەئارامی هەڵدەڕژێتە ناو دەمارەکانیەوە. تا دەهات بژوێنێك بەلەشیدا دەگەڕاو دەماخی باشتر دەسووڕا. تا نەکەوتبووە ناو ئەم دۆخە سەرسووڕهێنەرەوە، ئیمانی بە ئاربەبالەند نەهێنابوو و وەك مەوهیبەتێكی پیرۆزی ئاسمانی چاوی لێ نەکردبوو؛ ئەوەشی پێ زیادبوو کە تەنها هێزی ئەو مەوهیبەتە بوو کە توانیبووی ئەو کێوە سەهۆڵە پڕبارستەی نێوانیان لە بناخەوە بپروێنێ و بیتوێنێتەوە.

 

ڕۆژی دواتر فەرهاد قاتە سورمەییە تازەکەی لەبەر کردبوو و فرمێسک-یش بە پێی نەریت، هێندە نەبوو لە هۆڵی جوانکاری گەڕابووەوە؛ گەر یەکێك بەباشی تێیان بفکریبا، بێ شك نەیدەتوانی بیسەلمێنێت کە ئەم دوو کەسە دەساڵ زیاترە ژیانی هاوبەشیان پێك هێناوەو دەبوا تا ئێستا چەند منداڵیشیان هەبووبا. هەموو لەشی فرمێسك پێدەکەنی، لە پێڵاوەکانیڕا بگرە هەتا تۆقی سەری. کاتێك بەسواری ئۆتۆمۆبیلەکەیان لە چوارڕێیانی ئیدارەی ئاو لایانداو کەوتنە شەقامە بەرەوژوورەکەی دووکانان، تاچاو حەتەری دەکرد تۆتۆمۆبیلی ڕەنگاوڕەنگی جۆربەجۆریان بەدی کرد کە ترافیکێکی قورسیان ڕێک خستبوو. نیو کاتژمێر ماوەیەکی کەم نەبوو تا پێنج سەد مەتری پێ ببڕن و لە قەراغێکەوە ئۆتۆمۆبیلەکەیان پارك بکەن. کاتێك بەناو هەراوزناو ئاپۆڕەی خەڵکەکەدا ڕێیان دەرکردو گەییشتنە شوێنی ڕێوڕەسمەکە، فەرمانداری شار تازە لە وتارەکەی بووبووەوە و ئیمام جومعە و شارەدار و نوێنەری پاڕلمان و هەموو ئەو بەرپرس و میوانانەی لە ڕیزی پێشەوەدا بوون لەبەری هەستان و ڕێزیان لێ گرت. دواتر چەند بەرپرسێکی دیکەش لە ئاستی پارێزگاو شاردا وتارەکانیان پێشکەش کرد. پاشان گرووپی هەڵپەڕکێ ڕژانە گۆڕەپانەکەو چەند خولەکێك سەرنجی میوانەکانیان ڕاکێشا. لەکۆتاییدا دوای چەپڵەلێدانێکی درێژماوە، دەرگای بەگوڵنەخشێنراوی ئاربەبالەندیان بەڕووی خەڵکەکەدا کردەوە. دەتوت بەنداوەو بەربەستەکەی تەقیوەو شاڵاوەکەی بەلێشاو هەڵدەڕژێتە سەر ڕووبەری گۆڕەپانەکەو چین بەچین، لەبەردەمی مۆڵگەکاندا ئۆقرە دەگرێت. شەپۆلەکان فەرهادو فرمێسک-یشیان وەبەرخۆ ناو تێکەڵ بە حەشیمەتەکە بوون. کاتێك گڕوکەفەکە نیشتەوەو خەڵکەکە لەئارامیدا بەسەر یاریگەو مۆڵگە جۆربەجۆرەکاندا دابەش بوون، فەرهاد دەستی فرمێسک-ی گرت و بەدەم ڕێوە کەوتنە پێهەڵڕوانینی دەڤەرەکە. هەنگاو بەهەنگاو دیمەن و پێکهاتە نوێیەکانیان بەسەر دەکردەوەو تا دەهات زاریان پتر لێك دەکشا؛ بەڵام ئەوەی لەهەموو شتێك زیاتر سەرنجی پێکان و ڕاماندنی، ڕێژەی باڵای بەشداری ئەو کۆڵبەرانە بوو کە هەر بەجلوبەرگە کۆڵبەرییەکەیانەوە لەسنوورەکانڕا هاتبوونە ئەو شوێنەو بەو مەوهیبەتە پیرۆزە ئاسمانییە سەرسام بووبوون.

 

ژێرنووس:

ئاربەبالەند ناوی پڕۆژەیەکی گەشتیارییە لە شاری بانە، کە لە بناری کێوێکدا بەهەمان ناو (ئاربەبا) خەریکە جێ بەجێ دەکرێت.

 

٨/٥/٩٥ ـــ بانە

گەڕان بۆ بابەت