ما 1117 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەباح ڕەنجدەر

شاعیر، شاعیرێک، کە لەرزینێک بخاتەوە و کاریگەرى لەسەر ئایندەى شیعر هەبێت: لە ئاستى خەیاڵەکانى خۆیدا دەڕوات و ڕەنگە هەستیارەکان و بۆنە هەستیارەکان بۆ کاتى تایبەتى خۆى دەورووژێنێ: کاتى نووسین، کاتى بێدەنگى، کاتى گۆشەگیرى، کاتى تێڕامان و شۆڕبوونەوە بەناو ئان و ساتى نووسیندا، کۆیان دەکاتەوە.

 

کرۆکیجوانى لە شیعردا

سەباح ڕەنجدەر

لەناو کارەساتە گەورەکانشدا پێویستە بیر لە شیعرییەتى شیعر بکەینەوە، مرۆڤ، کە دەچێتە ناو مەتاهاتەوە: خۆى کارا دەکات و بەدواى خۆیدا دەگەڕێت، بە دواى خۆدا گەڕان نادیار وشیار دەکاتەوە. ئەم وشیارکردنەوەیەش کارى سرووش پێدەر و بنیادى ژیرى پەیامپێدراوە. ئەو شاعیرەى بەدواى نادیاردا دەگەڕێ، نادیار. واتە: خودا، خوداش دێرینترین شکۆ و بوونە. گەڕان بەدواى دێرینترین شکۆ و بوون، گەڕانەوەیە بۆ سەرەتاى سەرەتاکان. واتە: ئەوکاتەى دەمارەکانى پێکهاتەى مرۆڤ هێشتان تەواو نەڕسکابوون و جۆرى خوێن هێنان و خوێن بردنیان بەڕوونى بۆ دەستنیشان نەکرابوون، هەروەها دەمارەکانى زەویش لە چاوەڕوانى کار بۆ دەستنیشانکردندا بوون.

شاعیر، شاعیرێک، کە لەرزینێک بخاتەوە و کاریگەرى لەسەر ئایندەى شیعر هەبێت: لە ئاستى خەیاڵەکانى خۆیدا دەڕوات و ڕەنگە هەستیارەکان و بۆنە هەستیارەکان بۆ کاتى تایبەتى خۆى دەورووژێنێ: کاتى نووسین، کاتى بێدەنگى، کاتى گۆشەگیرى، کاتى تێڕامان و شۆڕبوونەوە بەناو ئان و ساتى نووسیندا، کۆیان دەکاتەوە. لەم کاتانەدا دەق ڕێژەوى تایبەتى داهێنان و وەردەگرێت.

پێش کتێبە ئاسمانییەکان شیعر سەرەتاى هەستپێکردن بووە، هەستپێکردنەکانى مرۆڤى دەستنشان کردووە و بووەتە گوتار زیندووى. (سوهراب سپێهرى) دەمانباتە سەر ئەو ئاماژەیە: (ئەم کتێبە ئاسمانییەى ئێمە: (قورئان) سەرەڕاى لایەنە خودایی و پیرۆزەکەى، یەکێکە لە بەنرخترین شاکارە ئەدەبییە جیهانییەکان).

ساڵى 1980 لە ژمارە (62)ى گۆڤارى (بەیان)دا، شیعرێکى: (نەژاد عەزیز سورمێ)م خوێندەوە بە ناونیشانى: (هەیوە شەوێ). بیرى جوان و ڕووداو و بەسەرهاتى کاریگەرى لەم شیعرە کورتەدا داناوە. دواى ئەم خوێندنەوەیەمەوە، هەرچى نووسیوە و هەرچیشى وەرگێڕاوە خوێندوومەتەوە. کەواتە ماوەیەکى زۆرە ئەم شاعیر و وەرگێڕە ئاشنا و ڕۆشنامە و لێی بێزار نەبوویمە. دڵنیاشم تا بمێنم، ئەگەر ئەو ئەشقى نووسینە ئەو بەرنەدات، بەدوایدا بچم و دەق و وەرگێڕانەکانى بخوێنمەوە لێى بێزار نابم، چونکە شیعرى هەموو سەردەمەکانە و پردى مانەوەیان هەیە، زمان کۆمەڵێک دەنگ و نیشانەیە. دەتوانێت چاوەڕوانى پێچەوانە بکاتەوە، زمانى پێوەرى لە تواناى زەینیدا بەکاردەهێنێت. پرشنگەکانى شیعرى ئەم شاعیرە لە کاکڵە و سروشتى ژیانى کوردستان و مرۆڤى کورددەوە ڕسکاوە و بیروبۆچوونى نامۆ و دیمەنى ناتەباى تێدا نییە، هەروەها چەمکى ئێستێتیکا- کرۆکیجوانى بە مانا سنووردارەکەى وەرنەگرتووە. واتە: ڕوو و چینى یەکەمى ئێستێتیکاى وەرنەگرتووە. بەڵکو پەیوەندى لەگەڵ فۆرمەکانى هەست و چالاکبوونى زەینى و ئەو بیرکردنەوانەى ناوکى ئێستێتیکاى بەرهەم هێناوە دروست کردووە، لە کاکڵەوە تا توێکڵ. دۆزینەوەى ئەو چینانەى لە کاکڵەوە دروست دەبێت تا توێکڵ و چۆنیەتى پێداڕۆیشتنى. خاسیەت و پێکهاتەى شیعرەکان لە بابەتدا فرەئاستە و بابەت دەگۆڕێ، لە هەندێک شوێنیشدا دەبێتە فرەدەنگ، بەڵام فرەدەنگییەکە بەشدارى دەنگى کەسێکى تر نییە، هەمان دەنگە، دەنگى کەسى یەکەم، بە چینێکى دەنگى وەک چینى مۆسیقا بەشدارى دەنگەکە دەکات و دێتە ناو بینا و تۆڕى خاسیەت و پێکهاتەى ناوەرۆک و ڕایەڵەکانى یەکێتى بابەت، بە سەنگى ئاست ڕاگرتن وەردەگرێت. ئەوەندەى من ئاگاداربم تەنیا لاى ئەم شاعیرە ئەو ئاست و شێوازەم بەدى کردووە.

شاعیرێکى دەمار و خوێن داچۆڕاو و درەوشاوەیە لە باسکردنى ژیانى کوردستاندا، هەمیشەش سووکایەتى و سەرکۆنەى ئەو مارە دووکەڵبانەى، یارى تەخت و تاج، یان هەلپەرست و بەرژەوەندخوازان و گەندەڵییان خستووەتە ناو دەسەڵاتى کوردییەوە، کردووە. لەگەڵ ئەوەش خۆى کوڕى ڕێز لێگیراوى دەسەڵات بووە، بەڵام هەمیشەش کۆششى بۆ پاراستنى کاریگەرى بیرى تاک کردووە، لەناو ئەو بیرە تاکانەوە خاوەن دەربڕینى کەسایەتى ئەدەبى خۆى بووە. واتە: خۆبوونى ئەدەبى خۆى سەنگ ڕاگرتوو کردووە،( لەناو ئەو هەموو ئاژاوانەدا، بوونى ئەدەبى و بوونى کەسایەتى خۆى بە پاکى هێشتووەتەوە). تەنیا کوڕى ئەم نیشتیمانە نییە. لە دەمار و خوێنیەوە نیشتیمانییە. تاکى وشیار و تەواو نیشتیمانى لە باشترین بار و بواریدا پەیوەستى خودى خۆى و داهاتووى خۆیەتى، ناهێڵێت ئەوانى دى، مافیاکانى ئەدەبى لە ناوەوە داگیرى بکەن و ئاراستەى خۆبوونى ئەدەبى و خۆبوونى کەسایەتى بگۆڕن.

 

(لە وچانێکى کورتدا

دڵم بە مەوسیمى گوڵان سپارد..

لەگەڵ هەمووان بەخشندە..

بێبەختى دەرچوو

داوى بێبەختیى نامەردان.)

            ل: 32 (دەقى: هەندێ وردە تێبینى)

        ***

(لە ژێر قوببەى ئومێددا،

چاو دەبڕینە بنمیچ

کەسمان لە حیکمەتى قیبلەنما ناگەین..

کە دێین کەسمان، سڵاوێک

تەنیا سڵاوێک،

لە چیمەنى حەوشە ناکەین

کە هەمیشە باکگراوەندى

خۆهەڵخستن و درۆکانمانە..)

                             ل: 186 - 187 (دەقى: لەژێر قوبەى ئومێددا)

            ***

ئەو دەمە

مەیخانە پاڵى بەمەیخانەوە دابوو.

کەس نەیدەزانى مەرگ چییە..

گەلگامێش لە مەیخانە دادەنیشت،

سێوى بە پەلکەوە دەخوارد..

گوێى بۆ حیکایەتى

ئەو سەردەمانە ڕادەدێرا

هێشتا نەهاتبوون.

حیکایەتى

ئەوەى پاشان،

ناوى لێنرا بێهوودەیى...)

                         ل: 228 - 229 (دەقى: بەرپابوونەى شەو)

شیعرى کوردى پاڵەوانى زۆر تێدایە، بەڵام ئەستێرەى تێدا نییە. واتە: پاڵەوان تەمەنى کورتە و زوو بێ شوێنەوار دەمێنێتەوە و دەمرێت، بەڵام ئەستێرە تەمەنى درێژە و شوێنەوارى لەناو کۆمەڵگا دەمێنێتەوە و وەک نموونەیەکى پڕاوپڕ بە ڕووناکییەوە دەژى.

کۆشیعرى: ( ئەوەى لە دوا خوانى برایاندا نەگوترا بوو - 2015 ) لەڕووى ناوەرۆکەوە تەواو جیاوازە لە کۆشیعرى: (بەو ڕێیانەدا تێپەڕیم لەو کانییانەم خواردەوە - 2010)، جیهانێکى ئێستێتیکى بە خەمڵیوى هێناوەتە بەرباس و بینین و لەسەر ئاوێکى ڕوون هێما و هێما بۆ کراوەکان نیشان دەدات، بەڵام وەک زمان و شێواز هەردوو کۆشیعر تیشکدانەوەى یەکن و لە نێوانیشیاندا پێنج ساڵ ماوەى خەمڵین هەیە. تەنیا تێگەیشتن و بینین و دەربڕین لە بارودۆخ و زانیارییەکان گۆڕاون. لەگەڵ خوێندنەوەى نوێ و سەرچاوەى جۆراوجۆردا. ئەم لێک نزیکییەى شێواز و زمانە وەک هەڵەیەکى باو لەناو ئەدەبى کوردیدا مامەڵەى لەگەڵدا دەکرێت، هەندێک جار بووەتە بڕیار و  حوکمى ناڕەواش بەسەر داهێنەرانەوە. بە پێچەوانەوە ئەم تیشکدانەوەى شێواز و زمانە ڕوویەکى زۆر سەرکەوتوو نیشاندەدەن. کەم شاعیر دەگاتە ئەم پلە و بارە پێگەیشتووە. ئەمەش ئەوەیە شاعیریەتى پێگەیشتووە و شێوازێک بووەتە (ناوەند)ى. نووسەرێک، کە ناوەندێکى بۆ دروست بوو، نزیک بووەتەوە لە تەکامڵ. لەو ناوەندەدا پرشنگەکانى هەستپێکردن ڕادەکێشێتە ناو بیر و لێکدانەوە و دەربڕینى خۆبوونى ئەدەبى خۆى. ئەو شاعیرانەى ناوەندێکیان بۆ دروست نەبووە و زوو زوو لە شێوازێکەوە دەپەڕنەوە شێوازێکی تر. ئەوانەن نەگەیشتوون بە ناوەند و شێواز گۆڕینیشیان هەستى دواى خوێندنەوەیە و نەگەیشتوون بە خۆبوونى ئەدەبى خۆیان و بیر و باوەڕ و زەمینەى دەروونییان ڕفۆکە.

من شەش منداڵم هەیە. دواى خوێندنەوەیەکى پڕاوپڕ، هەندێک کۆشیعر بەقەد ژمارەى منداڵەکانم ماچ دەکەم. ئینجا لە دڵەوە ڕێزى لێدەنێم و لەناو کتێبخانەکەمدا لە شوێنى شیاوى خۆى دادەنێم.

لە کتێبخانەکەمدا سێ خانەم بۆ شیعر تەرخان کردووە :

خانەی یەکەم: شاعیرانى داهێنەر.

خانەى دووەم: شاعیرانى نیمچە داهێنەر، ئەوانەى دێڕ و کۆپلەى شایەن بە خوێنەوەیان هەیە، دێڕ و کۆپلەکانیش لە تراژیدیایەکەوە هەڵقوڵاون، نەک لە ڕامان و لێ ورد بوونەوەى شاعیرانە.

خانەى سێیەم: شاعیرانى هیچ لەبار نەبوو، ئەوانەى پاشخاپەرۆکى شیعرى کوردین.

برازا و خوشکزا و  کەس و کار و هەر ئاشنا و ڕۆشنایەکم، کە دێنە ماڵم داواى کتێبم لێدەکەن. هەمیشە کۆشیعرەکانى خانەى سێیەمیان دەدەمێ. ئەگەرچى هەر کتێبێک پەیوەندى بە شیعرەوە هەبێت. بێ یەک و دوو دەیکڕم. ئەگەر بزانم خراپترین کتێبیش بێت. وەک ڕێزێک بۆ شیعر لە خانەى سێیەمى دادەنێم و چاوەڕوانى ئەوە دەبم لە دەرفەتێکدا بیبەخشم. بە پێبەخشراویش دەڵێم: کتێبێکى پڕوپووچ و بێ مانا و گەندە و بێ نرخ و پاشخاپەرۆکە.

ئەم کۆشیعرەى نەژاد عەزیز سورمێ: ( ئەوەى لە دوا خوانى برایاندا نەگوترا بوو ) هێزى کاریگەرى خۆى دەرخست و لە درەنگانێکى شەودا، بەقەد ژمارەى منداڵەکانم ماچم کرد و بۆ رێزلێنان لە داهێنان لە خانەى یەکەمم دانا، دڵنیاشم ناوە ناوە دەگەڕێمەوە سەرى و خاڵى لێکچوواندن و جووڵەى کاتى ئایندەى بە پیتترى لێ دەدۆزمەوە و ئاسۆى چاوەڕوانى بەرینتردەبێت.

 

کانوونى یەکەمى 2015 هەولێر

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت