نەژاد عزیز سورمێ
پیاسەم دەکردنازانم بۆچى، لەبەر خۆمەوەبیرم لە مێخەکبەندەکەت دەکردەوەتۆیش پێت وا نییە سەرنجى ڕاکێشابم؟
مرۆڤێک لە بیرى دەچێ بژى
نەژاد عزیز سورمێ
"من لە نورى خۆمدا دەژیم،
ئەو پڕشنگانە دەنۆشم لێم دەبنەوە"
نیتچە
1
زەردەخەنەى ساڵانەم
بەهەور هەڵواسى
هەوارم
لەناوکى گوڵە مێلاقە دایە
لە گریانى ئەو زەردەخەنەیە دەخواتەوە
لەچاوى بارانیى ئەودا
دەڕوانێتە پێدەشت.
2
تەمەن وێنەى هێڵێکە
لە شووشەى شکاوى شەراب هەڵبەستراون
چ دەبێ ئەگەر بڕیار بدەین
لە ئاوى پێخوستى دڵە شکاوەکان بخوێنەوە؟
3
سەرم بە سێبەرى
پیاوە بێ سێبەرەکە کردبوو
پەنجەم بە ئاگر لە گۆ چوو بوون
ئەوە، ئەو ڕۆژە
خونکارى ژیانى لێ دەتکێ.
4
لەمڕۆوە چاوەڕێى خۆرهەڵاتن ناکەم
لەمڕۆوە بەپێى پەتى
بەناو خوناوى مێرگ و کوێستانان ڕادەکەم
ئەوەتا شوان لە بناریدا ڕەش دەچنەوە
تەم ڕادەدەن.
5
ئەو ماهە چ سانتایێکى پێوە ماوە
شکۆى تابانى
لە خوێنى مەییو دەچێ
کارگەى ژاکان
ئەو ماهە سوێند دەخۆى کاغەزى قومارە
بەدەست قوماربازێکى شڵەژاوى دۆڕاوەوە.
6
شەختە گیانى بەشارەوە نەهێشووە
ڕێ ئەستەمە
تا ئێستا نازانین
لەو دیو ئاستانە
چ دەبێ، چ دەگوزەرێ.
7
ئەوە چ کارێکە
بەیانییان
لەگەڵ کازیوە هەستى
دەفتەرى ئاگر
بۆ پاسەوانى کوێر بنووسییەوە؟
8
ئێستا مۆسیقا لە ڕەشەباوە دێ
تریفە بەشیعر دەدوێ
بێ هاوتایە ئاوێنە
دۆست و نەیار
خۆیانى تیا دەبیننەوە.
بێ هاوتایە.
9
لێم دوور مەکەوە
خەونم دیوە
ئەمساڵ گوڵ دەردەکەم
گوڵى سوور، زەرد ، سپى
لێم دوورمەکەوە!
دەستى یەکتر دەگرین
هەستمان پێ ناکەن
بەسەرى پەنجەکانمان ڕێ دەکەین
دەڕۆین تا لەو سنوورە لەعنەتییە دەپەڕینەوە.
10
ئەوانەى خۆشیانویستبووى
ناهەق نەبوون
کانى لەزەت
لە نیگەرانى ژنێک دەچێ
عەشق تاوى بۆ هێناوە
ئەسڵى مەسەلە ئەوەیە
نەخشەى تەمەن!
11
دوور لە دەق
دوور لە دەقنووس
دوور لە ئاهەنگى کز
دوور لە بەزمى ئاهەنگێڕان
ڕێگاى لمى بیابانى گرتبوو
چاو لە خوێن
بەدواى شوێنپێى (با) وە بوو
دوور لە دەق ، لە دەقنووس.
دوور لە ئاهەنگ ، لە بەزمى ئاهەنگگێڕان.
12
تەمەنى مانگ
بەقەد تەمەنى کەوانەى
سەر چاوەکانت بوو
ببوورە
مەبەستم ئەو دوو ئەستێرەیە
بە ڕۆژیش دەدرەوشێنەوە.
13
ئەو شەوە چەند درێژ بووەوە خوایە
ئەو بێدارییە
بۆچى ڕەنگى لە ڕوواندا نەماوە
خوایە ، میلى سەعاتەکان بۆ وەستاون
گوڵەکانى ئینجانە
بەو شەوە بۆچى چاوبز لێم دەڕوانن.
14
خەمەکانمان لە شەبەنگێک دەچن
لە سمکۆڵى ئەسپ و
ئاسۆى لێڵدا دەردەکەون
سەرابە
سەرابە
سەرابە
سەرابە ئەو خۆشەویستییە.
15
پیاسەم دەکرد
نازانم بۆچى ، لەبەر خۆمەوە
بیرم لە مێخەکبەندەکەت دەکردەوە
تۆیش پێت وا نییە سەرنجى ڕاکێشابم؟