گۆران ڕه‌ئوف
 
هاتمه‌ سه‌ربان، سیگارم كێشا، پشكۆش مرد، گولله‌یه‌ك هات و مێشكى پژاند. بیرم له‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ى پیشكۆ ده‌كرده‌وه‌، چه‌ند سه‌خته‌ پشى له‌ده‌ستدا! بیرم له‌ دایكى ده‌كرده‌وه‌، چه‌ند قورسه‌ كوڕه‌كه‌ى له‌ ده‌ستدا!
 
 
سامى پێش پشكۆ مرد
 
گۆران ڕه‌ئوف
 
0
مردوویه‌كتان بینیوه‌ دواى مردنى پیاسه‌ بكات و سیگار بكێشێت؟ مردوویه‌ك پاش مردنى بیر له‌ مردنى كه‌سانى تر بكاته‌وه‌؟ مردوو‌یه‌ك غه‌م بۆ ئازارى له‌ده‌ستدانى دۆستانى مردووه‌كانى تر بخوات؟ دڵنیام كه‌ نه‌تانبینیوه‌! بێگومانم قورسه‌ زۆر قورسه‌، باوه‌ڕ به‌ ئاشنابوونى وه‌ها مردووه‌یه‌ك بكه‌ن! دژواره‌ مردوویه‌كى وه‌هاتان بێته ‌پێشچاو، به‌ركه‌وتنێكى سه‌یره‌ حیكایه‌تى مردوویه‌ك بخوێننه‌وه‌ كه‌ خودى مردووه‌كه‌ حیكایه‌تخوانه‌، یان جوانتر وایه‌ بڵێم من له‌ ئێستادا ڕێك ئێستا ساڵێك به‌سه‌ر مردنمدا تێده‌په‌ڕێت و ڕووداوه‌كانى مردنى خۆمتان بۆ ده‌گێڕێمه‌وه‌... چۆن مردم؟ كه‌ى بوو مردم؟ به‌چى مردم؟ ئایا من به‌ شێوه‌یه‌كى ئاسایى مردووم و ته‌واو؟! یاخود كوژراوم؟ ئه‌ى به‌چى كوژراوم؟ له‌هه‌مووى سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ پێتان ده‌ڵێم كه‌ى بوو كه‌ هه‌ستمكرد من ئیتر مردووم!
 
1
ساڵى پارتان له‌ بیردێت؟! ئه‌ها شه‌وى ته‌قه‌ زۆره‌كان... ته‌قه‌ى خۆشیبوو، باش یادم نه‌ماوه‌ بۆ كامه‌ خۆشى سه‌ركه‌وتنى ئه‌م نیشتمانه‌ برینداره‌بوو؟ پێش ئه‌وه‌ى ده‌ستبكرێت به‌ ته‌قه‌كان له‌سه‌ربان پیاسم ده‌كرد و سیگارم ده‌كێشا... ماڵى ئێمه‌ سێ نهۆمه‌، نهۆمى یه‌كه‌م من و دایكم و باوكمى لێیه‌، دووه‌م كرێچییه‌كه‌مانه‌، سێیه‌میش دو ژوره‌ زۆربه‌ى كاته‌كان من له‌وێم، یه‌كێك له‌ ژوره‌كان شوێنى خه‌وه‌كه‌مى لێیه‌ و ژورى دوه‌م وه‌ك چێشتخانه‌یه‌ك وه‌هایه‌، یانى تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌.. ئه‌و شه‌وه‌ من له‌ سه‌ربانى نهۆمى سێیه‌مدابووم..
كه‌ ده‌ستكرا به‌ ته‌قه‌كان من مردبووم! به‌ڵام بینیم كوڕه‌ دراوسێكه‌مان مرد، به‌م چاوانه‌ى خۆم بینیم كه‌ مرد! گولله‌ى وێڵ كوشتى، منیش هه‌مان شه‌و مردم به‌ڵام پێش ئه‌و، پێش ئه‌وه‌شى ده‌نگى ته‌قه‌كان بێت مردبووم و له‌سه‌ربانى نهۆمى سێیه‌مه‌وه‌ سیگارم ده‌كێشا.
 
2
باپیرم به‌ شێرپه‌نجه‌ى قوڕگ مرد، نه‌نكم له‌م ساڵانه‌ى دوایدا چه‌ڵته‌ى دڵ كوشتى، كوڕه‌ مامێكم له‌ ڕوداوى ماشیندا مێشكى پژا و مرد، كوڕه‌ دراوسێكه‌شمان له‌شه‌وى ته‌قه‌ زۆره‌كاندا مرد، شه‌وى خۆشییه‌كانى نیشتمان ئه‌و گیانى سپارد، هێشتا ته‌له‌فۆنه‌كه‌ى به‌ گوێیه‌وه‌بوو كه‌ گولله‌یه‌ك مێشكى پژاند، هێشتا ڕاز و نیازى ده‌گۆڕییه‌وه‌، دڵى له‌ لێدان كه‌وت!
من! ئه‌ى من چۆن مردم؟ كه‌سێك هه‌یه‌ نه‌زانێت چۆن مردووه‌؟ كه‌سێكتان بینییوه‌ مردنى خۆى له‌یاد نه‌مابێت؟ مرۆڤ هه‌یه‌ هه‌رگیز چركه‌ى مردنى له‌بیرنه‌بێت؟
نا... نا... مرۆڤ نییه‌ نه‌زانێت چۆن مردووه‌، كه‌سێك نییه‌ چركه‌ساتى پێش مردن و مردنى خۆى له‌یاد نه‌بێت، منیش مرۆڤێكم مردنێكى تایبه‌ت به‌خۆم هه‌یه‌، وه‌ك ته‌واوى ئه‌و مرۆڤانه‌ى مردوون، هه‌ستێكى سه‌یره‌ مردبیت و باسى مردنى خۆت بكه‌یت، ته‌واو دۆخێكى تراژیدییه‌ له‌پاش مردن باس له‌ ساتى مردنه‌كه‌ت بكه‌یت! یان به‌ قوڵى بیر له‌ مردنت بكه‌یته‌وه‌ و كه‌س ئاگاى لێت نه‌بێت.
 
 
3
ئه‌هااااااى.. خه‌ریك بوو شتێكى گرنگ له‌یاد بكه‌م، شتێك كه‌ زۆر مه‌به‌ستمه‌ ئێوه‌ بیزانن! ئه‌ها ئه‌و كوڕه‌ دراوسێیه‌مان كه‌ وتم له‌شه‌وى ته‌قه‌ خۆشییه‌كاندا به‌ گولله‌ى وێڵ مرد، ئه‌و كوڕه‌ ناوى (پشكۆ) بو، كوڕێكى شه‌رمن و بێده‌نگ، زۆر نه‌بوو خوێندنى زانكۆى ته‌واوكردبوو، هه‌ندێ شه‌و كه‌ به‌ته‌نیا بووم ئه‌ویش پاش ته‌واوبوونى له‌ ته‌له‌فۆنكردن ده‌هات بۆلام، ده‌چووینه‌ سه‌ربان ئه‌و هێشتا هه‌ر نامه‌ى ده‌گۆڕییه‌وه‌، باسى خۆى بۆده‌كردم، به‌نیازى چییه‌ و له‌ چ دۆخێكى ژیاندایه‌، هه‌ندێجار به‌ هه‌ندێ پرسیار كه‌من لێم ده‌كرد، ڕه‌نگى سورهه‌ڵده‌گڕا وه‌ك پشكۆیه‌ك داده‌گیرسا، ئه‌و شه‌رمن بوو چاوه‌كانى قاوه‌یى بوون، زۆرجار هه‌ستمده‌كرد ڕه‌نگى چاوى ده‌گۆڕدرێت، چونكه‌ له‌به‌ر خۆردا زێده‌تر له‌ زه‌رد و سه‌وزباوبوو، شتێكى سه‌یربوو كه‌ ڕه‌نگى چاوه‌كانى ده‌گۆڕا، من پێمده‌وت تۆ ڕه‌نگى چاوه‌كانت له‌ ڕۆژێكه‌وه‌ بۆ ڕۆژێكى تر و له‌ شه‌وێكه‌وه‌ بۆ شه‌وێكى تر ده‌گۆڕێت؟! پێده‌كه‌نى و ده‌یوت خۆشم ئه‌وه‌ ده‌زانم! به‌ڵام ته‌نیا كه‌سى كه‌ ئه‌وه‌ت له‌مندا درككردوه‌!  من زۆر به‌ى جار به‌ (پشى) بانگم ده‌كرد، به‌شێك له‌ دۆسته‌كانى به‌هه‌مان ناو بانگیان ده‌كرد كه‌ من به‌سه‌ریدا بڕیبوم، هه‌تا دایكیشى، هه‌روه‌ها خۆشه‌ویسته‌ گه‌رمیانییه‌كه‌شى هه‌ر به‌و ناوه‌وه‌ بانگى ده‌كرد، زۆربه‌ى شه‌وان كه‌ من له‌ سه‌ربان بووم ئه‌وم ده‌بینى، به‌رده‌وام بۆ ته‌له‌فۆنكردن ده‌هاته‌ سه‌ربان، منیش هه‌ندێجار به‌ ته‌نیا سیگارم ده‌كێشا و پیاسه‌م ده‌كرد، هه‌ندێجاریش له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كمدا داده‌نیشتین و دۆمینه‌مان ده‌كرد، زۆرى جار پشیم ده‌بینى له‌سه‌ربان ته‌له‌فۆنه‌كه‌ى به‌گوێیه‌وه‌ بوو، ده‌مزانى له‌گه‌ڵ ئه‌و كچه‌ گه‌رمیانه‌دا قسه‌ده‌كات كه‌ خۆشیده‌وێت، ئه‌و كچه‌ى بڕیاربوو له‌ به‌هارى ئه‌مساڵدا هاوسه‌رگیرى بكه‌ن.. پشى زۆركات به‌ده‌م ته‌له‌فۆنكردنه‌وه‌ به‌ ئاماژه‌ى ده‌ست سڵاوى لێده‌كردم و خه‌نده‌ له‌سه‌ر لێوه‌كانى بوو، هه‌ستمده‌كرد له‌كاتى سڵاوكردنیشدا شه‌رم دایده‌گرت، من بیرم له‌ ڕه‌نگى چاوه‌كانى ده‌كرده‌وه‌، ده‌بێت له‌ چ ڕه‌نگێكدابێت! 
پشكۆ به‌ گولله‌ى وێڵ مرد! له‌ ته‌قه‌ى خۆشیدا، من دڵنیام ئه‌و كه‌سه‌ى ئه‌و گولله‌یه‌ى ته‌قاندووه‌ هیچ مه‌به‌ستى نه‌بوو پشكۆ بمرێت، هیچ نه‌یده‌ویست دڵى دایكى پشكۆ له‌ت له‌ت بكات، نه‌یده‌ویست خۆشه‌ویسته‌ گه‌رمیانه‌كه‌ى ڕه‌نجبه‌با بكات، به‌ڵام پشكۆ مرد، به‌ڵێ مرد... بیر له‌ ئه‌و كچه‌ گه‌رمیانه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ چۆن پشكۆى له‌ده‌ستدا؟! بیر له‌دایكى بكه‌نه‌وه‌ چۆن پشى له‌ده‌ستدا؟ من تا پشكۆ نه‌مرد نه‌مزانى منیش مردووم، نه‌مزانیبوو كه‌منیش ماوه‌یه‌ك پێش ئه‌و مردم، پێمبڵێن  مردن لاى ئێوه‌ چۆنه‌؟ ئه‌سڵه‌ن مرد یانى چى؟  
 
4
پێش ئه‌وه‌ى بمرم، ئه‌وكاته‌ى هێشتا نه‌مردبووم.
له‌خواره‌وه‌ لاى دایك و باوكم دانیشتبووم، دواى نانخواردن، چام ده‌خوارده‌وه‌، كوپێك چام به‌ده‌سته‌وه‌بوو، جارجار كه‌مێكم لێده‌خوارده‌وه‌.
به‌ده‌م چاخواردنه‌وه‌، كۆمپیوته‌ره‌كه‌م پێكرد، ڕۆیشتمه‌ ماڵه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌م، مه‌به‌ستم فه‌یسبوكه‌.
دو نامه‌ و چه‌ند چالاكییه‌كى فه‌یسبوك سورببوون، له‌بیرم نییه‌ چه‌ند چالاكى بوو، به‌ڵام نامه‌كان دوانبوون.
نامه‌كانم كرده‌وه‌، یه‌كه‌میان نامه‌ى كوڕه‌ پورێكم بوو، پرسیار ده‌رباره‌ى تێكچونى ئه‌كاونته‌كه‌ى ده‌كات، كه‌ گوایه‌ لایك و كۆمێنتى بۆ ناكرێت.
ئاخر به‌حیساب من كه‌مێك له‌ ئه‌لیكترۆنات شاره‌زام و هه‌رله‌خۆوه‌ وه‌ها ناوم ڕۆیشتووه‌ كه‌ شتێكى لێده‌زانم، هه‌سته‌كه‌م ئه‌وه‌ش بۆ فزولیم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
نامه‌ى دووه‌م! ئااااى نامه‌ى دووه‌م!
نامه‌ى دووه‌م كوشتمى!
من به‌ نامه‌یه‌كى فه‌یسبووك مردم.
مردنێكى كۆمیدییه‌؟ 
پێتان سه‌یر نه‌بێت، هه‌ر كه‌ كردمه‌وه‌ و خوێندمه‌وه‌ مردم! یان باشتره‌ بڵێم له‌و كاته‌وه‌ من مردووم، به‌ڵام كه‌مێك دواتر زانیم، پاش مردنى پشكۆ تێگه‌یشتم منیش مردووم!
 
5
مرۆڤ فزوله‌! ئێوه‌ش مرۆڤن، ده‌تانه‌وێت بزانن ناوه‌ڕۆكى نامه‌كه‌ چى تێدابووه‌؟
یان بۆ ده‌بێت كه‌سێك به‌ نامه‌یه‌ك بمرێت؟
گه‌ر ناوه‌ڕۆكى نامه‌كه‌تان بۆ باس نه‌كه‌م، ئێوه‌ یه‌كسه‌ر تۆمه‌تبارم ده‌كه‌ن به‌زۆر شت.
ده‌ڵێن: ئه‌مه‌ هه‌ر چیرۆك نه‌بوو بۆ ئێمه‌ت گێڕایه‌وه‌، بابه‌ درۆى وه‌ها گه‌وره‌ش عه‌یبه‌، یان ئه‌وه‌تا ده‌ڵێن: بێماناییه‌ مرۆڤ هه‌بێت، به‌ نامه‌یه‌ك بمرێت! زۆر شتى تر ده‌ڵێن.. گه‌ر هاتوو ئه‌م چیرۆكه‌ له‌ فیستیڤاڵێكدا خه‌ڵاتى یه‌كه‌م به‌رێت، دواتر ده‌ڵێن: جاتوخوا ئه‌وه‌ چیرۆك بوو، كه‌سێك به‌نامه‌یه‌ك مرد؟! یه‌ك دنیا جنێویش ده‌ده‌ن به‌ لیژنه‌ى فیستیڤاڵ!
خۆشم قه‌له‌قم له‌ ده‌رخستنى ناوه‌ڕۆكى نامه‌كه‌؟! ڕه‌نگه‌ هى ئه‌وه‌بێت دواى مردنم باوه‌ڕموایه‌ نه‌ده‌بوو به‌و نامه‌یه‌ بمردمایه‌! یاخود ئه‌وه‌تا بیر له‌وه‌ده‌مه‌وه‌، ئه‌و سه‌گبابه‌ بۆ فه‌یسبوكى دروستكرد تا كه‌سانێكى وه‌ك منى پێ له‌ناوبه‌رێت! بۆچى من فه‌یسبووكم چێكرد؟ تا ببێته‌ هۆى ئه‌و به‌دبه‌ختییه‌ گه‌وره‌یه‌ بۆم؟ ئه‌م هۆیانه‌ واده‌كات دودڵبم له‌ باسكردنى ناوه‌ڕكى نامه‌كه‌.
 
6
دڵى پشكۆ چه‌ندان ڕاز و نیازى تێدامابوو كه‌ وه‌ستا، خه‌یاڵه‌كانى پشكۆ هێشتا وه‌ك ته‌مێك نه‌ڕاژابوون به‌سه‌ر ژیاندا، پشكۆ به‌ خه‌یاڵه‌ نه‌ڕژاوه‌كانییه‌وه‌ مرد، به‌ نهێنییه‌ تایبه‌ت و نه‌زانراوه‌كانییه‌وه‌ مرد.. حه‌زمده‌كرد بڕۆمه‌ گه‌رمییان تا ئه‌و كچه‌ ببینمه‌وه‌ كه‌ دڵدارى پشكۆ بوو، بزانم حاڵى چۆنه‌؟ یان له‌ده‌سدانى پشكۆ چ مانایه‌كى تر دروست ده‌كات بۆ ژیانى؟ ڕاستیتان بووێت من كه‌مێك فزولم، یان باشتره‌ بڵێم جارجار حه‌ز به‌ فزولى ده‌كه‌م له‌ هه‌ندێ ڕووداو و بابه‌تدا، بۆیه‌ حه‌زمده‌كرد ئه‌و كچه‌ ببینم تا بزانم چركه‌یه‌ك به‌ر له‌ مردنى پشكۆ، چى پێگوتووه‌؟ باسى چى بۆ كردووه‌؟ حه‌زێكى ئاوا بۆمن زۆر شت ده‌گه‌یه‌نێت، چونكه‌ منیش مردووم! ڕه‌نگه‌ ئێوه‌ حه‌زبكه‌ن بزانن مردنى من چۆن بووه‌؟ یان چركه‌یه‌ك به‌رله‌وه‌ى من بمرم چم گوتووه‌؟ بیرم له‌چى كردۆته‌وه‌؟ به‌ده‌م كام خه‌یاڵه‌وه‌ مردووم؟
 
ساڵى پار!
به‌رله‌وه‌ى پشكۆ بمرێت.
من مردم!
 
هاتمه‌ سه‌ربان، سیگارم كێشا، پشكۆش مرد، گولله‌یه‌ك هات و مێشكى پژاند.
بیرم له‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ى پیشكۆ ده‌كرده‌وه‌، چه‌ند سه‌خته‌ پشى له‌ده‌ستدا!
بیرم له‌ دایكى ده‌كرده‌وه‌، چه‌ند قورسه‌ كوڕه‌كه‌ى له‌ ده‌ستدا!
 
 
7
" به‌ڕێزم... كاك سامى تۆ دیاره‌ تێناگه‌یت! من نه‌تۆم خۆشده‌وێت، نه‌ ده‌توانم گوێبده‌م به‌و قسه‌ هه‌له‌ق و مه‌له‌قانه‌ت، نه‌ هیچ. بڕۆ وازبێنه‌، یه‌ك تۆز واقیعى به‌ و خۆت ببینه‌، بزانه‌ تۆ كێیت و من كێم؟! بڕۆ شوێن ئه‌و خه‌ونه‌ سه‌یرانه‌ت بكه‌وه‌ كه‌ من پێكه‌نینم دێت پێیان! ههههها، من دیسانه‌وه‌ پێت ده‌ڵێم نه‌ك هه‌ر تۆم خۆشناوێت، به‌ڵكو وه‌ك شێتێك ته‌نیا ده‌توانم له‌وه‌ختى خوێندنه‌وه‌ى نامه‌ دورودرێژه‌كانتدا پێبكه‌نم، هه‌ندێجاریش توڕه‌م ده‌كه‌ن. به‌ڵام لاموایه‌ تۆ شیاوى ئه‌وه‌ش نیت توڕه‌یى خۆمت بۆ به‌یانكه‌م، باله‌مه‌ زیاتر بێڕێزیت پێنه‌كه‌م، من كچێكم خه‌ونى خۆمم هه‌یه‌ و حه‌زم له‌ هه‌ر كوڕێك بێت خۆم هه‌ڵیده‌بژێم، نه‌وه‌ك وه‌ك تۆ، بێت و هه‌ڵمبژێرێت! ئێستا ئیتر باسى عه‌شق و خۆشه‌ویستى ئه‌و شتانه‌م بۆ مه‌كه‌! تێگه‌یشتىىىىىىىىى؟! ئه‌وه‌ بلۆكیشت ده‌كه‌م."
 
ساڵى پار!
پێش مردنى پشكۆ..
من به‌ده‌م چاخواردنه‌وه‌، به‌رانبه‌ر كۆمپیوته‌ره‌كه‌م، له‌نێو ماڵه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌مدا و به‌و نامه‌یه‌ى سه‌ره‌وه‌ مردم! باشتره‌ بڵێم كوژرام! 
 
8
پشكۆش دواى من مرد، مردنى پشكۆ بووه‌ هۆى ئازارى له‌ده‌ستدان بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌ى! بووه‌ هۆى وردوخاشبوونى دایكى، ڕه‌نگه‌ ئه‌و چركه‌یه‌ش جۆرێك بێت له‌ مردن بۆ كچه‌ گه‌رمانییه‌كه‌، وه‌ك مردنى من! یان مردنى به‌شێك له‌ ڕۆحى ئه‌و كچه‌ بێت.. گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كچه‌ش مرد به‌ گولله‌یه‌ك كه‌ به‌رى نه‌كه‌وتووه‌! منیش مردووم به‌ نامه‌یه‌ك! ئه‌وانه‌ى كه‌ پشكۆیان ده‌ناسى زانیان كه‌ پشكۆ كردووه‌ و به‌چى مردووه‌، به‌ڵام ئه‌ى من؟! كه‌س نازانێت منیش مردووم مردووم... مردوووو.

گەڕان بۆ بابەت