رووبەڕووبوونەوەی سیاسییانە لە گەڵ بیر
رووبەڕووبوونەوەی سیاسییانە لە گەڵ بیر لە دونیای سیاسەتدا چونکە خاڵی سەرەکی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات، یان دانانی کاریگەرییە لەسەری، سەرکەوتن یان بردنەوەی بۆچوون یان بیریک سەبارەت بە لایەنێک یان دۆخی گشتی، گرینگە. سیاسیکار دەبێ بتوانێ باشتر لە رەقیبەکانی بیروبۆچوون و روانگەکانی خۆی شیبکاتەوە و بڵاویان بکاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێ متمانەی زیاتر بەدەست بێنێ و دەرفەتی بە دەستەوەگرتنی دەسەڵات، یان دانانی کاریگەری لە سەری، زیاتر بێت. بەڵام داخۆ ئەم یاسایە لە جیهانی بیریش دا دەخوا؟ پێش ئەوەی بچینە ناو ئەم باسەوە، وا باشە باس لە خاڵێک بکرێ، ئەویش ئەوەیکە بیروڕا و ئایدیۆلۆژیا سیاسییەکان هەر کامەیان پشت ئەستور بە تیۆر یان چەند تیۆرێکن. بەڵام هاوکات خودی سیاسەت کتومت نابێتە ئەو بیرەی وا پاڵی پێوەداوە، چونکە سیاسەت بە جۆرێک لە گەڵ پراگماتیزم پەیوەندی هەیە و، سیاسییەکان زۆر جار بەناچار دەکەونە هەندێ هەڵوێستەوە کە لە گەڵ پرینسیپەکانیان نایەتەوە. بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی سەرەوە واباشە ئاماژە بە روانگەی دوو فیلسووف لە سەر هونەر بە گشتی بکەین: ئیفلاتون و شیللەر. ئیفلاتون نیگایەکی نگەتیڤی لە سەر هونەر بە گشتی هەبوو و لەو شارە خەیاڵی و خۆشەی وا لە تیۆردا سازی کردبوو، جێگایەکی بۆ ئەوان نەهێشتبووەوە. هەڵبەت ئیفلاتون قسەو باسێکی فەلسەفی لەسەر ئەم بۆچوونەی خۆی پێشکەش دەکا، قسەوباسێک کە لەگەڵ ئەوەی خوێنەر دەتوانێ لەگەڵیانەبێ، بەڵام بیرجوڵینەرەو دەبێتە هۆی نواندنەوەی هەندێ لایەن سەبارەت بە هونەر کە رەنگە لە تیۆرەکانی تردا نەبینرێن. بۆ وێنە ئیفلاتون دەڵێ چونکە هونەر زیاتر هەست دەجوڵێنێ، ئەمە زەرەر بە لایەنی ئەقڵیی مرۆڤەکان دەگەیەنێ. بە پێچەوانەی ئیفلاتونی یۆنانی، شیللەری ئاڵمانی روانگەیەکی پێچەوانەی سەبارەت بە هونەر هەیە. ئەو هونەر وەک تاقە رێگای گەیشتن بە ئازادی و هەر لێرەوە بەرەو دەوڵەتی بەختەوەر پێناسە دەکا و هەر بۆیە بایەخێکی یەکجار زۆر بە هونەر لە بیر و تیوری ئەودا دەدرێ. کاتێک کەسێک دادەنیشێ و ئەم تیۆرە دژبەیەکانە لەسەر هونەر دەخوێنێتەوە، رەنگە پێی وابێ چونکە شیللەر بە دووهەزار ساڵ دووی ئیفلاتون هاتووە، کەواتە رای ئەو راستترە و توانیویەتی روانگەی ئیفلاتون یەکجار بۆ هەمیشە ببێچێتەوەو لە مەیدان بەدەری بکا! بەڵام لە راستیدا و لە جیهانی واقیعدا وا نیە. ئیستایش بە تایبەت لە زانستگاکاندا تیۆری ئەم دوو بیرمەندە وەک یەک دەخوێندرێن و بایەخیان پێدەدرێ. واتە ناتوانین بڵێین یەکیان ئەوی تری بۆ هەمیشە بەزاند و لە مەیدان بەدەری کرد. ئەم دوو تیۆرە بەردەوام سەرچاوەن بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر، بە تایبەت لە سەر هونەر. کەواتە مامەڵەکردنی سیاسیانە لەگەڵ بیرە فەلسەفییەکان، مامەڵەیەکی ناڕاستە و ناکرێ بە هەمان لۆژیکی سیاسەت بەرەوڕووی تیۆرە فەلسەفییەکان ببینەوە. دەبا ئیتر واز لەم دەستەواژەیە بێنین کە فڵان نووسەر حەیای بە دەقی فڵان نووسەری ترەوە نەهێشت! ئەو دەقانەی کە لێکۆڵینەوەن و پشتیان بە تیۆرەکان ئەستوورە و هەوڵدەدەن بەشێک لە لایەنەکانی حەقیقەت راڤەبکەن، هەر هەموویان شیاوی خوێندنەوەن و هەڵگری بەشێک لە حەقیقەتن. حەقیقەت، پێکەوە دەدۆزرێتەوە و کەس سەداسەد خاوەنی نیە. سایتی قەڵەم١٣ ئۆگۆستی ٢٠١٦
- توضیحات
- بازدید: 1054