و. هاوڕێ یووسفی
بێنیامین له گرووپی ئه‌و بیرمه‌ندانه بوو که له دژی نه‌زۆک بوونی زمانناسهکی گوتاره ئاکادێمیکه‌کانی ئه‌ڵمانیا ڕاسان. ئه‌م بیرمه‌ندانه هه‌وڵی ئه‌وه‌یاندا له ڕێگه‌ی پێدان و به‌خشینی گیانێکی تازه به تایبه‌تمه‌ندییه ماناناسهکی مێتافۆریکهکانی زمان بۆ خۆی، چه‌مکه‌کان که‌شف و باوه‌ڕپێکراویان بکه‌ن.
ده‌رباره‌ی واڵتێر بێنیامین
سته‌نلی میچێل
و. هاوڕێ یووسفی
ئه‌وه‌ی بێنیامین هه‌یبوو و لوکاچ لێی بێبه‌ری بوو، دوو بینایی تیژ بوون بۆ بینینی چشته پاژهکییه گرینگه‌کان، وردیله‌کانی په‌راوێز ... ، [چشته] کاریگه‌ر و نائاسای [یه‌کان]، ئه‌و پاژه ناهاوجۆرانهی له قاڵبێکدا ناگونجێن و له‌م ڕووه‌وه شیاو و شایسته‌ی سه‌رنجدانێکی تایبه‌ت و ڕاشکاوانه‌ن. (ئێرنست بلۆخ)
پێشه‌کی وه‌رگێڕی کوردی: ئه‌م وتاره‌ی له‌خواره‌وه پێشکه‌شتان ده‌کرێت وتارێکه ده‌رباره‌ی ژیان و به‌رهه‌مه‌کانی واڵتێر بێنێدیکس شۆێنفلیس بێنیامین (1940_1892). به‌تایبه‌ت ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی که‌له‌نێوان بێرتۆلت برێشت و بێنیامیندا هه‌بوو. هه‌رچه‌نده نه‌یتوانیوه به‌پانی له‌سه‌ر کۆی به‌رهه‌مه فیکری و په‌یوه‌ندییه چڕووپڕ ئاڵۆزه‌کانی نێوان بێنیامین و فرانس کافکا، تیۆدۆر ئادۆرنۆ، کاڕل کراوس، ئێرنست بلۆخ و... ئه‌وانیدی بدوێت، به‌ڵام به‌گشتی ده‌ستی خستۆته سه‌رهه‌ندێک خاڵی جهوگهری نێوان برێشت و بێنیامین و بۆچوونیان سه‌باره‌ت به‌شانۆی ئێپیک (حه‌ماسی)، هونه‌ر و سیاسه‌ت، میدیا و چاودێریکردنی کۆمه‌ڵاییه‌تی میدیا، تێزی خه‌رمانه و ئاماده‌یی مێسیانیزم و په‌یوه‌ندی هه‌موویان به‌هه‌ندێک وته‌زای مارکسیستی گرینگه‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی چێژدهبهخشێته خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م وتاره کاریگه‌ری و ئاماده‌یی دوولایه‌نه‌ی دیالێکتیکی بیرکردنه‌وه‌کانی نێوان برێشت و بێنیامینه و دۆزینه‌وه و ده‌رکه‌وتنی خاڵه هاوبه‌شه‌کانی نێوانیان و هه‌روه‌ها جیاوازییان لاگه‌ڵ هه‌ندێک بیرمه‌ندی وه‌ک گیۆرگ لووکاچدا. ئه‌م وتاره پێشه‌کی کتێبی تێگه‌یشتن یان ناسینی برێشته(Understanding Brecht_WALTER BENJAMIN_Translated by Anna Bostok_Introduction byb Stanley Mitchell_Verso.) و سته‌نلی میچێل له‌ساڵی(1972) دا له له‌نده‌ن نووسیویه‌تی. جێگای ئاماژه پێدانه، ئه‌م وتاره چونکوو بۆپێشهکی نووسراوه و ته‌نیا وه‌ک ئینترۆداکشێن له‌و کتێبه‌دا هاتووه،ئه‌و ناوه‌ی بۆی دانراوه ناوێکه وه‌رگێڕی کوردی بۆی داناوه نه‌ک ئه‌وه‌ی نووسه‌ر بۆخۆی داینابێت. هه‌روه‌ها ئه‌م وتاره پێشه‌کی وه‌رگێڕانی فارسی کتێبی (والتربنیامین،روبرت اشتاین، ترجمه مجید مددی. اختران،1382.) ئه‌م وه‌رگێڕانه سه‌ره‌تا به‌پێی ده‌قی فارسی و پاشان بۆ ته‌ختکردن و بێههڵهکردنهوهی ده‌قی کوردی له‌گه‌ڵ ده‌قی ئینگلیزی به‌راوه‌رد کراوه.ئه‌و بابه‌تانه‌ی که‌وتونه‌ته نێو [...] و هه‌ر وه‌ها ژێده‌ره‌کان زیاده‌ی وه‌رگێڕی کوردین.
وه‌ک مایاکۆڤسکی و فۆرمالیسته‌کانی ڕووسیا، برێشت و بێنیامین، یه‌کێک له‌و دووانه و جووته کلاسیکه ئه‌ده‌بیانه‌ن فۆرمیان به‌خشی به بزوتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی سۆسیالیستی. په‌یوه‌ندی نێوانیان، له دێرزه‌مانه‌وه له‌به‌ر چاواندا شاراوه‌و نهێنی بوو، [ئه‌م په‌یوه‌ندییه] له (1966) به بڵاوکردنه‌وه‌ی نووسینه‌کانی بێنیامین ده‌رباره‌ی برێشت ئاشکرا و ده‌رکه‌وت. واڵتێر بێنیامین هزرڤان و ئه‌دیبێکی سه‌رسووڕهێنه‌ر و نائاسایی بوو. ئه‌و له ساڵی(1892) له بنه‌ماڵه‌یه‌کی خۆشگوزه‌رانی جووی ئه‌ڵمانی له دایک بوو له ماوه‌ی کورتی ژیانیدا گه‌له‌ک گۆڕانکاری ئاڵۆزی به سه‌ردا هات؛ هه‌ر له وه‌لانانی پێکهاته و عاده‌ته‌کانی(habits) بیر و باوه‌ڕی سۆفیانه (mystical)سه‌ره‌تایی خۆی تا گرۆیهتییهکهی بەرەو مارکسیزم و ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی وته‌زاکانی.
قاڵبی پته‌ویی زه‌ینی و تایبه‌تمه‌ندیه ئه‌خلاقی و سۆزداریه‌کانی له‌مپه‌ر بوون له به‌رده‌م ڕێگای گه‌یشتنی بۆ پله‌و پایه ئاکادێمیکه‌کان. مامۆستایان و پله‌دارانی به‌ده‌سه‌ڵاتی زانکۆ نامیلکه‌ی دۆکتوری ئه‌ویان (ده‌رباره‌ی سه‌ره‌تاکانی تراژدیای ئه‌ڵمانی) له‌به‌ر ئه‌و هۆکاره‌ی هه‌ڵگری ئه‌وه نه‌بوو لێی تێبگه‌ی (فامنهگر) (incomprehensibility)، په‌سه‌ند نه‌کرد. به‌ڵام ئه‌مه تاکه کێشه‌یه‌ک نه‌بوو بۆی هاتبووه پێشه‌وه. بێنیامین به ڕه‌فتار و خوو و خده‌ی تایبه‌تی بێگرێی خۆیه‌وه، له په‌رچه‌کرداردا به‌م کرداره، بابه‌ته‌که‌ی له‌گه‌ڵ یووهانس فۆلکێت (Johannes Volkelt)_ یه‌کێک له مامۆستا فه‌رمیه‌کانی جوانی _ ناسی له ئاکادێمیای ئه‌ڵماندا_ هێنایه ئاراوه؛ و ده‌رئه‌نجامه‌که‌شی ئه‌وه بوو له‌هه‌بوونی پیشه‌یه‌کی دڵنیاکه‌ر که‌وتوو، بوو به ئه‌دیبێکی گه‌ڕۆک و ژیان له پێستی ڕۆشنبیرێکی کرێکاردا، به‌و جۆره‌ی که‌له نووسراوه‌یه‌کدا له‌ژێر ناوی [ئافرێنه‌ر یان] "نووسه‌ر وه‌ک به‌رهه‌مهێنه‌ر" شرۆڤه و ڕوونیکردۆته‌وه، ئه‌زموون کرد. ئه‌سته‌مه بتوانین بڵێین گه‌ر پله‌یه‌کی ئاکادێمیکی هه‌بووایه بیر کردنه‌وه‌که‌ی چۆناوچۆن گۆڕانکاری به سه‌ردا ده‌هات و، به چ ئاقارێکدا ده‌ڕۆشت. ئه‌و جۆره‌ی من ده‌یناسم و [به‌پێی] ئه‌وه‌ی ڕوویداوه، ده‌توانین بڵێین زۆربه‌ی بیرکردنه‌وه مارکسیستییه‌کانی ئه‌و که ده‌کرێت به دوویاندا بچین و بیانناسین، هی ئه‌و ڕۆژگاره‌ن هێشتا داهاتووه پرۆفێشناڵهکهی ده‌رنه‌که‌وتبوو. بێگۆمان ئه‌مه باری ئابووری ناله‌بار و مه‌ترسیداری، سه‌رنج و گرۆیهتیهکهی [ئه‌وی] به‌ره‌و مارکسیزم تیندارتر و توندتر کرده‌وه.
له ده‌یه‌ی 20 و سه‌ره‌تاکانی ده‌یه‌ی 30 دا ئاسیا لاسیس (Asya Lacis) ده‌رهێنه‌ری کۆمۆنیستی شانۆ (theatr) که بێنیامین له (1923) له کاپریدا بینی بووی بێنیامینی به برێشت ناساند و بوو به‌هۆی یه‌کدی ناسینی ئه‌م دوانه‌وه. بێنیامین له ده‌یه‌ی 30دا به به‌رده‌وامی برێشتی ده‌بینی و له‌خولی دوور خستنهوهیدا بۆ دانیمارک، بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ لای ئه‌و مایه‌وه. له‌ماوه و درێژه‌ی ئه‌م ده‌یه‌دا، واته له (1930)تا(1939)، له په‌رچه کرداردا به‌رامبه‌ر هاتنه سه‌ر کار و سه‌رکه‌وتنی فاشیزم [له ئه‌ڵمان]دا، بێنیامین سه‌رقاڵی ئاماده‌کاری و نووسینی کتێبی ناسینی برێشت بوو؛ و بێبهختر له برێشت (به‌خت هیچکات ئه‌ستێره‌ی ئه‌و نه‌بوو) له کاتی ده‌ربازبوون و هه‌ڵاتن له گه‌ڕانی هێزه‌کانی گه‌شتاپۆ له‌حاڵێکدا که ده‌یویست وڵاته‌که‌ی جێبێڵێت له سنووری نێوان سپانیا و فه‌رانسا، له(1940)دا خۆی کوشت.
به‌رهه‌مه نووسراوه‌ییه‌کانی بێنیامین پتر وه‌ک وتار، ئافۆریستیانه1 و پارچه‌پارچه‌یه.ته‌نانه‌ت نامیلکه‌ی دۆکتۆرییهکهشی زیاتر له تێڕامانی فه‌لسه‌فی[ده‌چێت]تاکوو له ڕاڤه و ته‌فسیرێکی سیستماتیکی و بهڵگاندنهکی. ڕه‌نگه له‌سه‌ره‌تادا هاوڕێیه‌تی و نزیکایه‌تی برێشت له‌گه‌ڵ بێنیامین سه‌رسووڕهێنه‌ر و نائاسایی ده‌رکه‌وێت تاکوو بۆنموونه، دۆستایه‌تی برێشت له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تییه‌کی سیاسی و دهربهستتری وه‌ک گیۆرگ لووکاچ.
به‌ڵام هیچ کات برێشت و لووکاچ چاویان نه‌بڕیه چاوی یه‌کتر. ڕه‌نگه هۆکاری نزیکی نه‌کردنیان ئه‌مه بێت لووکاچ دوژمنایه‌تی هونه‌ری ئه‌زموونی سه‌ده‌ی بیسته‌می ده‌کرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاڵی بوو له قووڵبینی و ئاسۆگهداری (perstective) وگشتێتی(totality). له سرووشت و خووی هه‌وڵده‌ری برێشتدا بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی بهکهڵکداری ده‌زانی ته‌نانه‌ت له نێوان شته وردیله‌کان و ئه‌و پاژانه‌ی [به ڕواڵه‌ت گرینگ نین] له‌گه‌ڵ بێنیامیندا ته‌با و له‌گه‌ڵیدا هابه‌ش و له‌م ڕووه‌وه [وه‌ک بێنیامین] قبووڵکهر و په‌سه‌ندکه‌ری چییه‌تی و سرووشتی پارچه پارچه و که‌رت که‌رتی هونه‌رو ئه‌ده‌بیاتی مۆدێرن بوو. بێنیامین کۆمهڵهدار و(collector) عهتیقهناسێکی (antiquarian) توندڕه و؛ پیاسه‌که‌ر و بینه‌ری سه‌ودایی شاره‌کان بوو، که‌سێک که ده‌یتوانی مێژوو و پێشینه کولتوورییه‌کان له گۆشه وکه‌نار و له نێوان شتومه‌که تووڕ دراوه‌کاندا بهێنێته ده‌ره‌وه.
کورته‌ی یاده‌وه‌ریه‌کانی له ژێر ناوی"هه‌ڤپه‌یڤینێک له‌گه‌ڵ برێش"دا که به‌شی کۆتایی کتێبی ناسینی برێشت پێکده‌هێنێت، برێشتی وه‌ک "گه‌یێنه‌ر"(giver) و بێنیامین وه‌ک"وه‌رگر"نیشانده‌دات. بێگۆمان ئه‌مه له‌ڕووی ده‌روونناسییه‌وه ڕاسته. گێرشۆم شۆلێم (Gershom Scholem) هاوڕێی کۆنی جووی بێنیامین ده‌نووسێت: "برێشت به‌و سرووشته گران و دهقبهستووهی خۆیه‌وه کاریگه‌رییه‌کی قووڵی له‌سه‌ر بێنیامین دانا، که ته‌بعێکی هه‌ستیاری هه‌بوو له به‌هه‌ره و توانا جه‌سته‌ییه‌کان بێبه‌ری بوو."
له ڕووی فیکرییه‌وه په‌یوه‌ندی ئه‌م دووانه بێگۆمان ئاڵۆزتر و دوولایه‌نه بوو بۆنموونه، هه‌ندێک هێما له ئارادان ده‌لاله‌ت له‌وه ده‌که‌ن ئایدیا و چه‌مکی "شانۆی ئێپیک" له زه‌ینی هه‌ر دوویاندا پێش ئه‌وه‌ی یه‌کتر ببینن، بوونی هه‌بووه. کورته‌ی ئه‌م یاده‌وه‌ریانه (که هیچکات مه‌به‌ستێک بۆ بڵاوکردنه‌وه‌یان بوونی نه‌بوو) گه‌له‌ک بایه‌خداره چونکوو که‌شی ڕاسته‌وخۆی ههڤپهیڤن و وتوو وێژی ئه‌م دووانه به ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن، [هه‌ر وه‌ها] چوارچێوه‌ی زه‌ینی شێوازی قسه‌کردن، هۆگری و گرێدراویان بۆ ئیماژ، ته‌مسیل، ئاماژه، ئافۆریزم، و هه‌روه‌هاش سه‌رجه‌م ئه‌و شتانه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی لێکجودا ده‌توانین له به‌رهه‌مه نووسراوهییهکانیاندا بدۆزینه‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بێنیامین پتر بیرمه‌ندێکی مێتافۆریکاڵ و خوازهگهرا بوو، له برێشت فێری شتێک بوو که هاوڕێیانی پێشووی هه‌ر له گێرشۆم شۆلێمهوه بگره تا تیۆدۆر ئادۆرنۆ به‌رده‌وام ئه‌و شته‌یان به‌ترسناک و مه‌ترسیدار داده‌نا وله په‌یوه‌ندیدا به‌وه‌وه خۆیان به شه‌رمه‌زار ده‌زانن: [ئه‌ویش] "باوه‌ڕی خاو"ه ( plumpes denken)؛ بیرکردنه‌وه و ئه‌ندێشه پێویستی به‌وه‌یه خۆی ساده بکاته‌وه، و پێشه‌وه‌ی بتوانێت کرده‌کی ببێته‌وه خۆی له چوارچێوه‌ی پرسه گشتییه بنچینه‌ییه‌کاندا فۆرم بدات و دیارکهوێت.
بێنیامین له گرووپی ئه‌و بیرمه‌ندانه بوو که‌له ساڵانی پێش جه‌نگی جیهانی یه‌که‌مدا دژی نه‌زۆک بوونی زمانناسهکی گوتاره ئاکادێمیکه‌کانی ئه‌ڵمانیا ڕاسان. ئه‌م بیرمه‌ندانه به شێوازێکی تر هه‌وڵی ئه‌وه‌یاندا له ڕێگه‌ی پێدان و به‌خشینی گیانێکی تازه به تایبه‌تمه‌ندییه ماناناسهکی مێتافۆریکهکانی زمان بۆ خۆی، چه‌مکه‌کان که‌شف و باوه‌ڕپێکراویان بکه‌ن. مارکسیزم له‌م به‌ره و له به‌رهه‌مه نووسراوه‌ییه‌کانی هه‌ندێک بیرمه‌ندی وه‌ک بێنیامین، بلووخ، و ئادۆرنۆ که‌ڵکی وه‌رگرت. هه‌ڵبه‌ت ده‌بێت ئه‌وه بڵێین ئه‌گه‌ر به تێگه‌یشتنێکی پێوه‌رانه و باوی ماتریالیستییه‌وه له‌گه‌ڵیاندا ڕووبه‌ڕوو ببینه‌وه، ناتوانین که‌ڵکێکی ئه‌وتۆ له‌م مارکسیستانه وه‌ربگرین. لێره‌دا ده‌بێت به له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌م شیعره، قه‌ناعه‌ت به‌م قسه‌ی گۆته بکه‌ین که:
"بۆ تێگه‌یشتن له شاعیر ده‌بێت بچیته دیار و سه‌رزه‌مینی ئه‌وه‌وه".
وه هه‌روه‌ها و هاوڕێ له‌گه‌ڵ بێنیامین، ئه‌م شاعیره_ واته_ برێشت بوو توانی ڕه‌گ و بونیادی ماتریالیستیی ڕه‌خنه‌گر قایم بکات.
زانای مۆدێرن
له ڕاستیدا، دوو شت یا خود تایبه‌تمه‌ندی به‌گشتی بێنیامین و برێشت به یه‌کدییه‌وه گرێده‌دا:یه‌کیان ده‌سه‌ڵاتی خه‌یاڵی(imagination) مێژوویی و ئه‌ویدیان وێک‌چوونی[هه‌سته]ئۆمانیستییهکان. ئه‌وانیش وه‌ک گرامشی به ڕه‌شبینییه‌کی مێژوویی قووڵه‌وه له بزوتنه‌وه‌ی فه‌رمی کۆمۆنیستی ده‌یه‌ی 30 جیاواز و جودا بوون، [بزووتنه‌وه‌یه‌ک] که تیایدا، هاوته‌ک له‌گه‌ڵ ڕێگه‌چاره‌ی ڕۆمه‌ن ڕۆلهنی"ڕه‌شبینی فیکری خۆشبینی ئیراده"دا تۆوی هیوایان چاند و له سه‌روی ئه‌وه‌شه‌وه، تێگه‌یشتنی دیالێکتیکی ڕابردوو و داهاتوویان قایم کرد. به‌ڕای گرامشی ڕه‌شبینی ئه‌وان ئه‌نجامی سه‌رکه‌وتنی فاشیزم بوو. وادیار بوو ئه‌ڵمانیا ڕووی کردۆته‌وه ئێمپراتۆریا هه‌زار ساڵه‌که‌ی. زێده‌باری ئه‌مه، که‌وتن و داڕمانی سۆسیالیزم له یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌تیشدا ئه‌م گرۆیهتییه به‌تینه هیوادارانهی به‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستاشمانی دامرکاندبوو.
به‌ڵام ئه‌م ڕه‌شبینییه، ستراتژیک و ئامانجدار بوو؛ دیزاین کرابوو بۆ ئه‌وه‌ی ببێته هۆی هیوا، نه‌ک له‌به‌ر سه‌رکه‌وتنه‌کان یاخود گه‌ڕاننه‌وه پێشبینی کراوه‌کانی به‌ختی له‌بار، به‌ڵکوو له‌به‌ر ماننه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی. هه‌روه‌ها هێشتاکه سه‌رده‌می چه‌که هه‌سته‌ییه‌کان نییه؛به‌ڵام،برێشت پێغه‌مبه‌رئاسا هاته قسه‌و ڕایگه‌یاند:
ئه‌وانه بۆ پاش سی هه‌زار ساڵی دیکه به‌رنامه‌یان داڕشتووه ئه‌وانه ده‌یانه‌وێت هه‌موو شتێک له ناو به‌رن. هه‌ر سلوولێکی زیندوو له ته‌قینه‌وه‌ی کوشنده و تێکدهریاندا تیاده‌چن... و منداڵی له دایک نه‌بوو له سکی دایکیدا که‌م ئه‌ندام و ئێفلیج ده‌که‌ن.
بێنیامین له هاوڕێکه‌یدا هێزێکی بینی بۆوه که‌له قووڵایی مێژووه‌وه ههڵدهقۆڵا و له هێز و ده‌سه‌ڵاتی فاشیسته‌کان که‌متر نه‌بوو. له‌ڕووی زهمیناسییهوه (geologically)، برێشت و بێنیامین له هه‌زاره‌ی سه‌رده‌می تاریکی و به‌سته‌ڵه‌کدا بیریان ده‌کرده‌وه. ئه‌وان گه‌شبینیان لای که‌ونینه‌ترین مامۆستایانی مرۆڤایه‌تی دۆزیه‌وه"دژوارییه‌کان کۆتای‌یان دێت.". [ئه‌مه] په‌ندێکه برێشت له [ئامۆژه‌کانی] زانای چینی وه‌ریگرتووه و له پارچه شیعرێکدا له‌ژێر ناوی"ئه‌فسانه‌ی سه‌رچاوه‌ی کتێبی تاو دێ چینگ ده‌رباره‌ی لاو تێز‌و دوورکه‌وتوو و تهبعیدکراو" هێناویه‌ته‌وه: و بێنیامین ڕاڤه‌ی ده‌کات: "ئه‌م شیعره وه‌ک گوته‌یه‌ک، کاتێک ده‌گاته ئێمه، شتێکی تیا نییه خۆی به‌ده‌ست به‌ڵێنه‌کانی ئه‌و مهوعوودهوه بدات، له گوێی مرۆڤدا ده‌زرینگێنه‌وه". سه‌ره‌ڕای ئه‌مه، ئه‌م شیعره بۆ خوێنه‌ری ئێستا نه‌ک ته‌نیا هه‌ڵگر و گه‌یێنه‌ری به‌ڵێنێکه وانهیێکیشه بۆی:
ئه‌و ئاوه نیان و نه‌رمه بێچمگرهی ئارامی نییه
له‌ناو ده‌ستی گرانیت و به‌ردی گڕکانه‌کاندا، کهویتر ده‌بێته‌وه...
بێنیامین ده‌ریده‌خات هاوڕیزی و یه‌کیه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ی وه‌ک ئاو"نابه‌رهه‌ست، هێور و ئارام، و هیلاکینهگر/ماندوو نه‌گرن، مرۆڤ بیری خه‌ونی سته‌ملێکراوان و بێژیانان ده‌خاته‌وه. هه‌مان ئه‌و که‌سه‌ی که له"تێزی شه‌شه‌م ده‌رباره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو" (ل ڕووناهییه‌کان) دا ده‌نووسێت:
ته‌نیا مێژوونووسه ئه‌و نعمه‌ته‌ی هه‌یه بریقه‌ی هیوا له ڕابردوودا دایسێنێت، که‌سێکه گۆمانی له‌وه نییه ته‌نانه‌ت مردووه‌کانیش کاتێک دوژمن سه‌رکه‌وێت ده‌ستیان لێناپارێزرێت؛ و هیچکات ئه‌م دوژمنه‌ش بۆ سه‌رکه‌وتن له هه‌وڵدان ڕانه‌وه‌ستاوه.
بۆ ئه‌و و مێژوو گۆڕه‌پان و مه‌یدانێکی به‌رده‌وام بووه، و هیچکات نه‌ک (به‌و جۆره‌ی که لووکاچ پێوابوو) ته‌نیا وه‌ک "پێشمه‌رجی ئێستا". ده‌بێت خه‌باته‌کانی پێشوو هه‌میسان ده‌ست پێبکرێنه‌وه، ئه‌گین له‌وانه‌یه جارێکی‌تر له یاد بکرێن. بێنیامین، تێزه‌که‌ی خۆی له‌سه‌ر شیکردنه‌وه‌ی شیعری لاو تێزۆی برێشت بیناده‌کات؛ لێره‌دا"بریقه هیوا له ڕابردوو "دا ئه‌و هاڕێیهتییه چرکه‌ییه نابهردهوامهیه له نێوان زانا و نه‌ریته فه‌رمییه‌کان که خولقێنه‌ری هزری لاوتێزۆن. وه‌ها هاوڕێیه‌تییه که فۆرم ده‌بخشێته "پروگرامی که‌مایه‌تی خه‌ڵکی" برێشت و بێنیامین؛ و بێنیامین ڕاڤه‌که‌ی خۆی به حوکمێکی زانایهنهی له‌م جۆره کۆتایی و دوایی ده‌هێنێت:"ئه‌وه‌ی بیه‌وێت پاشه‌کشێ به دژواری و ئهستهمایهتییهکان بکات نابێت ده‌رفه‌تی هاوڕێیه‌تی له کیس بدات."
له کۆتایی وتووێژه‌کاندا، بێنیامین وته‌یه‌کی برێشتی ده‌هێنێته‌وه: له شته خراپه نوێکانه‌وه ده‌ست پێبکه، نه‌ک له شته چاکه کۆنه‌کانه‌وه."ئه‌مه هه‌مان ئه‌و ڕسته‌یه له وتاری برێشت ده‌رباره‌ی لووکاچدا هێنراوه‌ته‌وه، و برێشت به‌هۆی گرێدراوی لووکاچ به مامۆستاکان و پسپۆڕانی پێشوو و "ڕۆژگارانی چاکی ڕابردوو" کولتووری بوورژوازی ده‌خاته به‌ر ڕه‌خنه‌وه. لووکاچ، تووماس مانی نه‌جیبزاده له به‌رامبه‌ر کافکای خه‌یاڵکردی ترسا‌و له ناهۆمێدی داده‌نێت. له وتووێژه‌کاندا کاری بێنیامین و برێشت له‌سه‌ر کافکا ده‌بێته کێشمه‌کێش؛ برێشت، بێنیامین به درێژ کردنه‌وه‌ی خۆڕازاویکردنی (خۆ ئاڵۆزکردن)[celf_mystification] کافکا تاوانبار ده‌کات. زێده‌باری ئه‌مه، له شوێنێکی دیکه‌دا، برێشت کافکا به پاژێک له‌و"دێکۆمێنته بێ هیوایانه"ئه‌ژمار ده‌کات که نووسه‌ر سۆسیالیسته‌کان ده‌توانن له‌وانه‌وه فێری شێواز و ڕێگا نوێکانیان بن.
ئه‌وه‌ی ده‌باره‌ی کافکا "به‌د" ه "دیسپایێری و بێهیوایی ئه‌وه" و ئه‌وه‌ی "نوێ"یه نه‌ک ته‌نیا ته‌کنیکی [ئه‌ده‌بی]، به‌ڵکوو هه‌ندێک شێوازن له تێگه‌یشتن و فامی ئه‌و که ده‌بنه هۆی ووشیاری. برێشت، بۆچوونی کافکا وه‌ک ڕوانینی پیاوێک وه‌سفده‌کات که "له ژێر چه‌رخی ورده بوورژوازی" که "ناچاره بیکات به‌ژێره‌وه"گرفتار و یه‌خسیره؛ به‌ڵام ئه‌مه وردهبوورژوازی نییه به‌ره‌و فاشیزم بڕوات و ڕووله پێشه‌وا ده‌کات. ته‌نانه‌ت ئه‌و له‌ژێر چه‌رخدا به به‌رده‌وامی پرسیاری خۆی ده‌کات؛"ئه‌و زانایه". بێنیامین ده‌ڵێت ئه‌مه هه‌مان که‌سایه‌تی به‌تین "گالیگهی" برێشته له شانۆنامه‌ی مرۆڤ مرۆڤه، هزری مرۆڤێک، که"ڕێگه‌ده‌ده‌ن و ده‌هێڵن ناکۆکییه‌کانی هه‌ستی/ وجوود ته‌نیا بچنه ئه‌و شوێنانه‌ی که ڕه‌نگه له دوایین شیکردنه‌وه‌دا کۆتای‌یان بێت "واته ژیانی مرۆڤ". به‌لام پاڵه‌وانه‌کانی کافکا له‌ژێر چه‌رخه‌کاندا پان و پلیچ ده‌بنه‌وه. سه‌رباری ئه‌مه، ئه‌وانه_له‌گه‌ڵ "شوایک" و "لیۆ پۆڵد بلووم"_ هه‌ندێک که‌سن له نموونه‌ی ئه‌و مرۆڤه عاقڵه هێزه‌کی و زهبردارانهی [سه‌ر به] ڕۆژانی "به‌دی نوێ". له‌گه‌ڵ ئه‌وان و به‌وانه‌وه‌یه_ قوربانییه‌کان و ئاواره‌کان و بێخانهولانهکانی کۆمه‌ڵگای جه‌ماوه‌ری_ برێشت ده‌ست پێده‌کات. له‌وێدا که لووکاچ ئه‌ده‌بیاتی سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یتوانیوه"که‌سایه‌تییه هاوسه‌نگه‌کان"به‌دی بێنێت سه‌رکۆنه ده‌کات، برێشت له وڵمدا ده‌ڵێت مرۆڤایه‌تی بهڕزگارکردن و ئازادکردنی جه‌ماوه‌ره‌کان له‌ناو ناچێت، به‌ڵکوو بوون به به‌شێک له‌وانه نامرۆڤانه‌بوونی [مرۆڤه‌کان] ده‌سڕێته‌وه. [که‌سایه‌تی] نه‌ناسراوی k، قوربانی کافکایی، ئه‌م وردهبوورژوایهی که‌له ژێر چه‌رخدا ماوه‌ته‌وه، له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌ودا ده‌بێته که‌سایه‌تی و kی برێشتی، واته"به‌ڕێز کێونێر"ی زیره‌ک و ژیر. بێنیامینیش به‌شێوه‌یه‌کی هاوشێوه و یه‌کسان ده‌رباره‌ی "گالیگه"ی ده‌ڵێت:"مڕۆڤ مرۆڤه؛ و ئه‌مه پابه‌ندی و وه‌فاداری نییه له‌چییه‌تی تاکی / که‌سێکه‌وه، به‌ڵکوو ئاماده‌یی به‌رده‌وامه بۆ قبووڵکردنی چییهتێکی نوێ. ڕۆژه "به‌ده نوێ" یه‌کان، که‌سایه‌تییه‌کان له ناو ده‌به‌ن و بێناویان له دوایه. بێنیامین و برێشت به مرۆڤی بێ‌ناو و نه‌ناسراوه‌وه ده‌ست پێده‌که‌ن و نادهقبهستووییهکهی ستایشدهکهن تا "دژوارییه‌کان" ڕێگه چۆڵ که‌ن و ڕێگا بکه‌نه‌وه. به‌ڵام به‌هۆی ترسیان له سه‌رده‌مێکی تاریکی تازه‌وه، بیر له ئاسۆگه‌یه‌ک ده‌که‌نه‌وه که‌له دیو خه‌باتی چینایه‌تییه‌وه ئاماده و هه‌بووه‌وه تا کۆی خه‌باته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی مرۆڤ، له‌وێدا که هه‌ندێک تایبه‌تمه‌ندی وه‌ک فریوکاری و فێڵ، و ماندوویی نه‌ناسی گرینگ‌ترن له پاڵه‌ونێتی، بگرێته‌وه. دراما و شیعری برێشت ڕێنوێنێکی مرۆیین بۆ [ئه‌م] سه‌ده‌مه تاریکه؛ و "پاڵه‌وانه‌کان"ی هه‌ندێک مرۆڤی لاکۆڵانی داهێنه‌ر و گاڵته‌جاڕن.
شانۆی ئێپیک (حه‌ماسی)
شانۆی ئێپیک به‌رهه‌می خه‌یاڵێکی مێژووییه. "دزی ئه‌ده‌بی"برێشت، واته نووسینه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی شێکسپیێر و مارلۆ به ده‌ستی خۆی، هه‌ندێک ئه‌زموون ده‌رباره‌ی ئه‌مه‌ی که ئایا ڕووداوه مێژووییه‌کان و ته‌فسیر و ڕاڤه‌کانیان، به‌و جۆره‌ی پرۆسه مێژووییه‌کان سه‌رله‌نوێ ههڵبسهنگێندرێنهوه، ده‌بنه شتێکی جیاواز، یان لانیکه‌م جیاوازن له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕووداوانه‌دا؟درامی برێشت نه‌فی گه‌وره‌و به‌تاڵکردنه‌وه‌ی ئه‌و وێناکردنه‌ی باڵاده‌ستی تراژیدیا و ناچاره‌کی بوونیه‌تی. "ڕه‌شبینی مێژوویی"برێشت له ڕاستیدا بنچینه‌ی "گه‌شبینانه‌ی" ڕه‌شبینی سه‌رجه‌می ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕی خۆیان له‌سه‌ر ناچاره‌کی و له ناکاوی مێژوویی دامه‌زراندووه، تێکده‌شکێنێت. [وتاری] "چه‌ن تێزێک ده‌رباره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو" ده‌نگدانه‌وه‌ی ده‌نگی بێنیامین بۆخۆیه‌تی که [برێشت] به‌م جۆره ڕاڤه‌ی ده‌کات:
هه‌م ده‌کرێت به جۆرێکی دیکه بکات و هه‌م به ته‌واوه‌تی به جۆرێکی جیاوازی دیکه [بێت]؛ ئه‌مه ڕوانینی سه‌ره‌کی و بنه‌ڕه‌تی ئه‌و که‌سه‌یه که‌بۆ شانۆی درامایی ده‌نووسێت. ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ی که مێژوو له داهاتوودا شتێکی جیاوازی لێده‌رده‌چێت، له زه‌ینی بینه‌رانی ئه‌وڕۆکه‌دا ئه‌م وێناکردنه ده‌خاته‌وه که بابه‌ته‌که له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان کار ده‌کات.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ش بوونی هه‌یه مێژووی ئه‌مڕۆ جیاواز بێت له ڕابردوو به‌ڵام ده‌بێت بزانین مێژووی ئه‌مڕۆ له‌ده‌ستی ئێمه‌دایه، ته‌نانه‌ت گه‌ر ئه‌و ئامرازه‌ی هه‌مانه که‌م و گرینگ نه‌بێت و چۆنیه‌تییه پێویستهکهشمان نادراماتیک و ناڕۆمانتیک [بێت]. هه‌ر به‌م هۆیه، له وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ی ڕابردوودا، نووسه‌ری شانۆنامه‌ی درامایی نه‌ک له‌سه‌ر بڕیاره گه‌وره‌کان_ که‌له سه‌رانسه‌ری هێڵه سه‌ره‌کییه‌کانی مێژوودا ئاماده‌ن _ به‌ڵکوو جه‌غد له سینگوولار و پاژه‌کی په‌سه‌ند ده‌که‌ن.
ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی برێشت له‌گه‌ڵ بێنیامین، له وتارێکدا له ژێر ناوی"شانۆی ئێپیک چییه؟"وایکرد بێنیامین تیۆرێکی نوێ ده‌رباره‌ی مێژوویی دراما گه‌ڵاڵه بکات که پێشتر له به‌رهه‌مێکی دیکه‌دا، [واته] له به‌رهه‌مه پێش مارکسیستییهکهیدا به‌ناوی سه‌رچاوه‌ی نمایشه ماته‌مینه ئه‌ڵمانییه‌کاندا، ئاماژه‌ی پێدابوو. جێگه‌ی خۆیه‌تی ئاماژه به‌وه بکه‌ین بێنیامین له‌په‌یوه‌ندیه‌ک تێده‌گات که‌له نێوان خه‌یاڵی ته‌مسیلی شانۆنامه‌نووسانی ستایلی بارۆکی ئه‌ڵمانی و پێویستییه هونه‌رییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا هه‌یه؛ سه‌ره‌تا له‌ڕۆحی سه‌ودایی چاخه پێشینه‌کان، له‌گه‌ڵ هێما ته‌مسیلییه ڵێڵهکانی که ئه‌و [بێنیامین] له‌به‌رهه‌مه‌کانی کافکادا دیاندۆزێتهوه پاشان له پره‌نسیپی"مۆنتاژ"که ئه‌و له به‌رهه‌مه‌کانی ئازنشتایندا دۆزیه‌وه. مۆنتاژ بۆ ئه‌و بووبه فۆرمی ته‌مسیلی مۆدێرن، درووستکه‌ر، ئه‌کتیڤ و چالاک، و ناسهوداییهک که‌له توانایدا بوو چشته ناهاوجۆرهکان وا لێکهه‌ڵپێکێت بتوانێت خه‌ڵک بۆ ناسین و تێگه‌یشتن لهچشته نوێ و تازه‌کان تووشی"شۆک" بکات. به‌شێکی به‌رچاوی نووسینه ڕه‌خنه‌ییه‌کانی بێنیامین ده‌رباره‌ی ئه‌م شۆکه وه‌ک ئه‌زموونی سه‌ره‌تایی و دڕدۆنگی ژیانی مۆدێرنی جه‌ماوه‌ری و پیشه‌سازی شارییه. ئه‌و، بۆ نموونه، بودلێر و پرووست به ریاکتۆری (دژکرده‌وه) هه‌ستیاری په‌یوه‌ندیدار به‌م شۆکه نوێیه له ژیانی مۆدێرندا ده‌زانێت، ئه‌و که‌سانه‌ی (واته پرووست و بوودلێر) له سه‌رده‌مێکی ته‌ختکراو و یه‌کده‌ستدا هونه‌ره‌که‌یان وه‌ک ئامێر و که‌ره‌سته‌یه‌ک بۆ پشتیوانیکردن له خۆیان به‌کار ده‌هێنا. ئه‌و بۆ ئه‌مه به‌ڵگه ده‌هێنێته‌وه که هونه‌رمه‌ندی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕ چیتر پێویستی به‌شێوازێکی وا بۆ به‌رگری و پشتیوانیکردن له‌خۆی نییه، [واته] هه‌مان ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌م شۆکه [له ڕێگه‌ی] مه‌ودادانانی ڕه‌خنه‌ییه‌وه له‌گه‌ڵیدا "په‌ره‌دان و گرژکردنه‌وه ئاماده‌یی زه‌ین" په‌سه‌ند ده‌کات. به‌م پێیه، بێنیامین مۆنتاژ _ واته توانایی ده‌ستگرتن به‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه بێسنووره‌کان، ڕووداوه‌کی و شاراوه‌ی هه‌مووی چشته ناهاوجۆرهکاندا وه‌ک بنه‌ڕه‌تێکی پێویستی فۆرم به‌خشی خه‌یاڵی هونه‌ریی له سه‌رده‌می تێکنۆلۆژیادا ده‌خاته به‌ر سه‌رنجه‌وه.
ئه‌و بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕابردوویه‌کی به به‌رووبووم، بۆ دواوه، [واته] بۆ خولی بارۆکی ئه‌ڵمانیا ده‌گه‌ڕێته‌وه؛ بۆ ئه‌و قاڵبانه‌ی دراما که تیایاندا بۆیه‌که‌م جار پره‌نسیبه‌کانی مۆنتاژ[ده‌رکه‌وتن و] ڕوویاندا. ئه‌و به‌وه‌ی زانی له‌هه‌ر شوێنێکدا [قسه له] تێگه‌یشتن له‌م پره‌نسیپ و بنه‌ڕه‌تانه [بکرێت] هزری ڕه‌خنه‌یی بۆ ڕاڤه و ڕوونکردنه‌وه [سه‌باره‌ت به] نواندنه‌وه دێته ئاراوه؛ به‌واتایه‌کی دیکه، له‌و شوێنانه‌دا، نواندنه‌وه هیچکات له‌خۆیدا کامڵ و ته‌واو نابێت، به‌ڵکوو به به‌رده‌وامی و به‌ئاشکرا به‌ژیانی نوێندراوهوه به‌راوه‌رد ده‌کرێت؛ له‌وێدا ئه‌کته‌ر ده‌توانێت هه‌موو چرکه‌یه‌ک له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌وه ڕاوه‌ستێنێت و خۆی له قاڵب و چوارچێوه‌ی ئه‌کته‌ردا نمایش بکات.
جارێکی دیکه کولتووری چینی ڕۆڵی خۆی له بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌م دوانه‌دا ده‌گێڕێت. بێنیامین ئاماژه به نه‌ریتی شانۆی چینی ده‌کات به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی قه‌رزداری بڕێشتمان به‌م ته‌کنیکه _که"ڕووداوه‌کانی سه‌رپه‌رده (stage) ناورووژێنهر و هه‌ستیارانه ده‌کاته‌وه "_ پیشان بدات. پاشان ئه‌و زۆر داهێنه‌رانه، گه‌ڵاڵه‌ی ڕێگه‌یه‌کی لاوه‌کی بۆ شانۆی ئه‌ورووپایی داده‌ڕێژێت، شانۆیه‌ک وه‌ک خۆی ده‌ڵێت به‌رده‌وام بیری له‌وه کردۆته‌وه ڕێگه‌یه‌ک بۆ ڕزگاری و ده‌رباز بوون له درامای"داخراو"ی تراژیدیای [جیهانی] گریکی و گه‌یشتن بهدرامی ناتراژیک ببینێته‌وه و بدۆزێته‌وه. ئه‌و ڕێگا لاوه‌کییه‌ی بێنیامین بۆی ده‌گه‌ڕا به‌ناو درامی ناتراژیک و پهرهنسیپهکانی سه‌ده‌کانی ناڤین، درامی بارۆکی ئه‌ڵمانی، هه‌ندێک بڕگه‌ی [شانۆنامه‌کانی] شێکسپیێر، به‌شی دووهه‌می فاوستی گۆته، تا ستریندبێرگ و پاشان برێشت و"شانۆی ئێپیک"دا ده‌ڕۆشت و تێده‌په‌ڕی:
گه‌ر وایه، نه‌ک له ڕێگه‌یه‌وه ، به‌ڵکوو ده‌توانین قسه له کوێره ڕێگه‌یه‌ک بکه‌ین که له‌وێه‌وه میرات و که‌له‌پووری دراماکانی بارۆک و سه‌ده‌کانی ناڤین که له‌وپه‌ڕی به‌ربه‌سته گه‌وره‌و نه‌زۆکه‌که‌ی کلاسیزمه‌وه پێمان ده‌گات.
بێنیامین بۆ دۆزینه‌وه‌ی تیۆرێک له به‌رهه‌مه سه‌ره‌تاییه‌کانی [گیۆرگ] لووکاچ گوته‌یه‌ک ده‌گێڕێته‌وه که به ته‌واوه‌تی ناکۆکه به به‌رهه‌مه پاشهکییهکانی لووکاچ خۆیه‌وه له بواری ته‌کنیکی درام نووسیدا. لووکاچی دوایی [لووکاچی پیر]، پتر وابه‌سته‌ی "ڕێگای سه‌ره‌کی مێژوو" بوو و جووڵاننهوه و ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ "کوێره ڕێ"دا به‌جۆرێک بوو چما له‌بنه‌ڕه‌تدا بوونی نییه یاخود بایه‌خی ئه‌وه‌ی نییه ناوی ببڕێت. ئه‌و له‌ڕێگه‌ی پشتبه‌ستن به‌چه‌مکی تراژیدیاوه لای هێگێل پاڵه‌وانی دراماتیکی وه‌ک نوێنه‌ری ئیراده و به‌رگریکاری نێوان دوو خواستی ئه‌خلاقی تایبه‌ت، پۆلێنبه‌ندی کرد. تاقه ئامانجی پاڵه‌وان، [واته] سه‌ر نه‌که‌وتن و سه‌رکه‌وتنی، داسه‌پاندنی ئیراده‌ی بوو له‌به‌رامبه‌ر هه‌مواندا. به‌ڵام بێنیامین ده‌ڵێت:
لووکاچ بیست ساڵ پێش نووسیبووی ئه‌فلاتوون به‌سرووشتی نادراماتیکی واڵاترین فۆرم له مرۆڤ _ واته زانای_ زانیبوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه، ئه‌و له دیالۆگه‌کانیدا هه‌رئه‌وه‌نده‌یه زانا ده‌هێنێته به‌رده‌م په‌رده‌که‌وه (stage).
[لێره‌وه و] به‌م مانایه، به ئه‌فلاتوون مێژووی گۆڕاوی درامای ئه‌ورووپایی، [مێژووی] بێنیامین، ده‌ست پێده‌کات؛ ئه‌و شوێنه‌ی مرۆڤی هزردار و نادهمارگرژ، پاڵه‌وانه. سوکڕات، له‌ڕاستیدا، ستایشی درامای هزرخوازی نوێی ئۆریپید ده‌کات که‌کۆتایی هێنه‌ری خولی شکۆداری تراژیدیای گریکه. [لێره‌وه‌یه] بێنیامین، برێشت به "دراماتیستی سوکڕاتی" ده‌زانێت:
له‌وانه‌یه که‌سێک شانۆی ئێپیک بهدراماتیکتر له‌دیالۆگ بزانیت (هه‌ڵبه‌ت نه‌ک هه‌میشه)؛ به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌م هۆکاره که‌متر نییه له [دیالۆگی] فه‌لسه‌فی.
بێنیامین له بیرکردنه‌وه مێتافیزیکییهکهیدا، شانۆی ئێپیکی برێشت نه‌وه‌ک فۆڕمێکی سوکڕاتی [ به‌ڵکوو وه‌ک] درامێکی ئه‌فلاتوونی ده‌بینێت. ئامانج له‌ناوێک [و ده‌سته‌واژه‌ی] "ئافرێنه‌ر وه‌ک به‌رهه‌مهێنه‌ر" دۆزینه‌وه‌ی وڵام و گه‌ڕانه بۆ ڕۆڵی سیاسی هونه‌رمه‌ندان، وڵام و ڕۆڵێک که هه‌وڵده‌دات پته‌وی و ئهستهمایهتی ئه‌فلاتوون له کۆمار‌دا نه‌رم بکاته‌وه. ڕوانینی مێژوویی بێنیامین پیشاندان و ده‌رخستنی ڕێگایه‌که ڕێنوێنیمان ده‌کات لهدیالۆگهوه بۆ شانۆی درامایی. بێنیامین، لهنامیلکهی توێژه‌رانه‌ی خۆیدا له‌مه‌ڕ برێشت، هه‌وڵی ڕزگارکردنی هونه‌رمه‌ند له [پانتای بیرکردنه‌وه‌ی] ئه‌فلاتوون ده‌دات. هه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌فلاتوون بۆ خۆی لێی ده‌ترسا.
هونه‌ر و سیاسه‌ت
بێنیامین و برێشت، له‌هه‌ندێک بابه‌تدا به‌وه‌لانانی سیاسه‌ت لێدراوی هونه‌ر به‌که‌ڵک وه‌رگرتن له "که‌ره‌سته‌ی به‌رهه‌مهێنان" یان ئامرازی هونه‌ری، په‌یوه‌ندی سیاسه‌ت و هونه‌ریان سنووردار و مه‌رجدار ده‌کرده‌وه. برێشت لهتیۆر و شێوازی کاری ئه‌م دواییانه‌ی خۆیدا توانی به‌سه‌ر ئه‌م سه‌رلێشێواوییه‌دا سه‌ر بکه‌وێت. [به‌ڵام] بێنیامین پێش ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌شێوه‌یه‌کی ته‌واو و کامڵ و هه‌مه‌لایه‌نه بیر له تیۆرێکی جوانیناسانه‌ی ماتریالیستی نوێ بکاته‌وه، کۆچی دوایی کرد.
ڕوانینه‌کانی پێشووی برێشت له‌سه‌ر [بۆچوونه‌کانی]، [ئێروین] پیکساتۆر و فۆتۆریسته پێشووه‌کانی ڕووسیا، بۆ نموونه ترێستاکۆف بێچمیان وه‌رگرتبوو، هه‌مان ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ناو چوون و ههبابوونی شانۆی وه‌همی (illusion) له‌لایان به‌مانای هێرشی ڕاسته‌وخۆ بوو بۆسه‌ر بوورژوازی. هه‌ر به‌م جۆره به‌رهه‌مهێنانه‌وه و نموونه هه‌ڵگرتن له‌شانۆی ستانیسلاڤسکی به بوورژوایی داده‌نرا. بۆ دژهبوورژوا یاخود پڕۆلێتێر بوونیش، هاوکات له‌گه‌ڵ نمایش‌کردنی ئه‌واندا، ده‌بوو پیشان بدرابا چشته‌کان چۆن ده‌جووڵێن و چ کاریگه‌رییه‌کیان هه‌یه. (وه‌ک فۆرمالیسته ڕووسیاییه‌کان ده‌ڵێن): به‌ئاشکرا "شێوازه‌که‌ت ده‌رببڕه." هونه‌ر ده‌بوو [وه‌ک] فۆرمێک له‌به‌رهه‌مهێنان له‌به‌ر چاو بگیردرابا، نه‌ک شتێکی ڕازاویی و لێڵ؛ و په‌رده‌که‌ش وه‌ک کارخانه‌یه‌ک دیارده‌که‌وت به هه‌ندێک که‌رسته‌ی ماشینییهوه (machinery) که به‌ته‌واه‌تی لهبهرچاواندان.
بێگۆمان کۆڵه‌که(pillars) دۆریسی و کۆرنتییهکان کهشێوهیان به‌خشێوه‌ته دیمه‌نی چوونه ژووره‌وه‌ی [له درگای] بانکی بوورژوا، ئامانجێکی کۆنه‌په‌ره‌ستانه دابین ده‌که‌ن. به‌ڵام، بینای مۆدێرنی بانکه‌کان به دیمه‌نی شووشهیشهوه شتێک نین جگه نمایش‌کردنی شێوازی جووڵانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری. نموونه‌یه‌ک که هێنامانه‌وه لهبهراوهد به‌تیۆری برێشته‌وه خاو و زه‌ق ده‌رده‌که‌وێت، چونکوو، به‌و جۆره‌ی بینیمان، که‌ڵک وه‌رگرتن بووله مۆنتاژ که ئه‌و په‌یوه‌ندییه سیاسییانه‌ی ڕاسته‌وخۆ نه‌ده‌بینران، درووستکرد؛ سه‌رباری ئه‌مه، له‌سه‌رجه‌می خوله‌کانی چالاکی هونه‌ر ئاوانگارد و پێشڕه‌وی چه‌پ له ده‌یه‌کانی بیست و سیدا، بیر و باوه‌ڕی باڵاده‌ست ئه‌مه بوو که هێرشکردن بۆسه‌ر"وههم گه‌رایی"(illusionism) یاخود "به‌رهه‌مهێنانه‌وه"، بێباوه‌ڕکردن و وه‌لانانی، بۆخۆی ده‌بێته هۆی ئه‌کت و کردارێکی سیاسی پێشڕه‌و؛ هێڵێک که‌له ڕێگه‌یه‌وه سیاسه‌ت ده‌توانێت ڕاسته‌وخۆ بچێته پانتای هونه‌ره‌وه. ئه‌مه بۆچوون و بوارێکه کاریگه‌رییه‌که‌ی ئه‌وڕۆکه‌ش له‌سه‌ر کۆی بیرکردنه‌وه‌ی ڕادیکاڵ و چه‌پ، و ده‌وروبه‌ر و ده‌ڤه‌ری جوانیناسیدا، ماوه‌ته‌وه.
پێشکه‌وتنی [ئه‌ندێشه‌ی] بێنیامین تائه‌م خاڵه، تاقانه و نایاب بووه. ئه‌و به‌و جۆره‌ی له‌وکاته‌دا باو بووه وه‌ک فه‌یله‌سووفێکی جوانیناس ده‌ستی به‌چالاکی کرد که‌به [هاتن و] جێنشینبوونی ته‌کنۆلۆژیای مۆدێرن و کۆمه‌ڵگای جه‌ماوه‌ری (mass society) حه‌سره‌ت بۆ نه‌ریته کۆن و که‌ونینه‌کان و داڕمانیان ده‌خوات. ئه‌و که‌سێک نه‌بوو جگه‌له شۆڕشگێڕێکی پێشڕه‌و. پێشڕه‌و ، به‌ڵام پێشڕه‌و له چوارچێوه و قاڵبی ئێلیۆتدا(که‌سێک که‌له‌ڕاستیدا گه‌له‌ک خاڵی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ بێنیامیندا هه‌بوو: وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ی لقه سه‌ره‌کییه شاعیرانه‌کانی مێتافیزیک له‌ڕێگه و به‌ده‌ستی ئێلیۆت له‌گه‌ڵ هۆگری بێنیامین بهدرامی بارۆکی ئه‌ڵمانی هاوڕه‌گ و ڕیشهبوون)؛ و وه‌ک ڕه‌خنه‌گر، له‌گه‌ڵ توانا ته‌مسیلی و دووپاتبۆوهکانی شیعری ئێلیۆتدا پێکه‌وه هاوئاهه‌نگ بوون.
ڕوانینی بێنیامین له په‌یوه‌ندیدا به ڕۆژنامه‌وه، ده‌رخه‌ری پێشکه‌وتنی زێده‌تری [ بۆچوونه‌کانی] ئه‌و بوون. بێنیامین له "حیکایه‌ت خوان"،[واته] وتاره‌که‌ی ده‌رباره‌ی [نیکۆلای] لیسکۆڤله [کتێبی] ڕووناهییه‌کان2دا، هێزه‌کانی خۆپارێزی و خۆبهستی حیکایه‌تی _ ئه‌م کهونینهو کۆنترین په‌یامهێنه‌ر و په‌یامبه‌ره‌ی هزر _به ڕاگه‌یاندنی ڕووت که ڕۆڵی ته‌واوه‌تی ڕۆژنامه‌یه، به‌راوه‌رد ده‌کات.
له [وتاری] "نووسه‌ر [یان ئافرێنه‌ر] وه‌ک به‌رهه‌مهێنه‌ر" دا(ڕنگه ئه‌م وتاره پێش"حیکایه‌ت خوان "نووسراوه) گۆڕانێکی گه‌وره له‌بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌ودا ده‌بینرێت. لێره‌دا بێنیامین ڕۆژنامه، یاخود لانیکه‌م ڕۆژنامه هاوچه‌رخه‌کانی یه‌کییه‌تی سۆڤییه‌ت، وه‌ک "پڕۆسه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه [و داڕمانی] گه‌وره"وه‌سف ده‌کات که‌نه‌ک ته‌نیا لێکجیاکردنه‌وه‌ی باوی نێوان ژانر[ه جۆراوجۆره‌کان] له‌ناو ده‌بات، به‌ڵکوو جودایی نێوان نووسه‌ر و شاعیر، بیرمه‌ند و پۆپۆلاریزێر(popularizer) و نووسه‌ر و خوێنه‌ر[یش] ده‌باته ژێر پرسیاره‌وه"؛ جێگه و شوێنێک که تیایدا:"وشه بێبایه‌خترین چشتهکانه؛واته ڕۆژنامه، ڕێک ده‌بێته هه‌مان ئه‌و شوێنه‌ی که ئۆپێراسیۆنی(operation)ڕزگارکردنی تیا دابمه‌زرێت".
پووستێرهکان له چینی کاتی شۆڕشی کولتووریدا، ڕۆژنامه دیوارییه‌کان، نووسراوه بڵاوکراوه‌کانی خوێندکارانی پاریسی (خوێندکاری شوێنه‌کانی دیکه) له 1968دا سه‌رجه‌میان سه‌لمێنه‌ری ئه‌م ڕایه‌ی بێنیامین و ئه‌ده‌بیاتێک که ڕۆژگارێک مالیخولیایی و مێتافیزیکی ناونرابوو کردیان به ڕه‌خنه‌ی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕ و پێشڕه‌وه‌ی ده‌یه‌کانی شه‌ست و هه‌فتای زاینی. په‌ره‌سه‌ندنی شانۆی سه‌ر شه‌قام و ئاژیت پروپ (agit prop)3 و کرداره به‌رامبه‌ره‌کان (interaction) هه‌ر به‌هه‌مان شێوه سه‌لمێنه‌ری ڕاستی [و درووستی] بێنیامین و برێشتن ده‌رباره‌ی شانۆ. له‌عه‌ینی حاڵ‌دا، تین و تاو و ڕادیکاڵیزمی ئه‌وان، ئه‌و تاکڕوانینه هێزه‌کییه زیانبه‌خشه ده‌شارێته‌وه. به‌م پێیه، ته‌نیا دێمۆکراتیزه کردنی هونه‌ر له‌ڕێگه‌ی ئامرازه ڕاگه‌یاندنه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان بۆ وه‌لانانی کۆی فۆرمه سوننه‌تی و نه‌ریته‌کانی هونه‌ر (که پابه‌ندن به لێکجیایی به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رده‌نگ، یاخود خاوه‌ن به‌رهه‌م و بینه‌ر)به کار هێنراوه. بێنیامین به‌ساده‌یی "ئاورا (aura)"_ واته خه‌رمانه‌ی جوانیناسانه‌ی ده‌وری به‌رهه‌می هونه‌ری_ له‌گه‌ڵ خاوه‌نداری و دارایی، و به‌رهه‌مهێنانی مێکانینکی له‌گه‌ڵ [پڕۆسه‌ی] پۆرۆلێتێریزهکردن، به‌یه‌کسان ده‌زانێت. هه‌ڵبه‌ت، به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی مێکانیکی له‌وانه‌یه له‌ڕێگه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌دارییه‌وه خراپ که‌ڵکی لێوه‌ربگیردرێت[و تیایدا] بتوێته‌وه، که [هه‌ڵبه‌ت] هه‌ر واشی لێدێت؛ و بێنیامین یه‌که‌م ناسه‌ری زیره‌ک و ژیری ئه‌م مه‌ترسییه بوو؛ و وه‌ک ئامرازی پێشگیری و پێشپێگرتنی (یاخود گه‌ر پێویست بێت، هه‌توان ده‌رمان بکرێت) پێشنیاری چاودێریکردنی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆسه‌ر میدیاکانی ده‌کرد. له‌م باره‌وه خاڵێکی نوێ بوونی نه‌بوو؛ تاقه خاڵی به‌گژا چوونه‌وه و باس ورووژێن ئه‌مه بوو ئه‌م چاودێریکردنه کۆمه‌ڵایه‌تیانه هه‌ندێک فۆرمی تازه‌و نوێ به‌دی دێنێت؛ و سه‌رباری ئه‌مه سیاسی کردنه‌وه‌ی میدیداکان هه‌مان سیاسی کردنه‌وه‌ی هونه‌ر بوو. به‌واتایه‌کی دیکه، میدیا و هونه‌ر ده‌بوونه هاوشۆناس. لێکجیایی پێشوویی نێوان فۆرم و ناوه‌رۆک له ناو ده‌چوو و فۆرم بۆ خۆی سیاسی ده‌بۆوه.
له ڕێگه‌ی وه‌ها ڕۆچوون و ڕووخانی ناوه‌رۆک له فۆرمدا له‌وانه‌یه پانتا و مهبهستنیشانی فۆرمه‌کان سنووردار بکرێته‌وه. چونکوو بێنیامین منداڵی قۆناغی سه‌ره‌تایی سه‌رده‌می ته‌کنۆلۆژیای نوێ بوو، له کاتێکدا که‌هه‌ندێک ته‌کنیکی وه‌ک مۆنتاژی وێنه (photo montage) کاریگه‌رییه‌کی ڕاسته‌وخۆی سیاسیان وه‌رده‌گرت، هه‌ندێک جار به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چوو ته‌کنیک وه‌ک هۆکارێک که‌له‌خۆیدا و له‌ڕووی سیاسییه‌وه کاریگه‌ره، به‌رجه‌سته بکات و ئه‌م واقعه‌ی ڕه‌چاو نه‌ده‌کرد که سیاسی بوونه‌وه‌ی ته‌کنۆلۆژیا پابه‌نده به په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه.
له‌هه‌مان کاتدا، ئه‌و، پاڵه‌وانی"چشته به‌ده نوێکان " بوو و به‌رگری لێده‌کردن. فه‌لسه‌فه‌ی مێژووی بێنیامینش،وه‌ک بینیمان ، خوازیاری ململانێی به‌رده‌وام و نوێنه‌رایه‌تی کردنی"ڕابردوو"و "قوربانییه‌کان"ی بوو. ئه‌و بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م ناکۆکییه بۆ ڕێگه‌یه‌ک ده‌گه‌ڕا [به‌که‌ڵک وه‌رگرتن له چه‌مکی"ئاماده‌یی هه‌نووکه "[یان ئێستا]( jetztzeit)، ئهزهلییهتێک (anunc stans) که‌تیایدا، ڕاده‌وه‌ستێت خاڵێکه ڕابردوو و داهاتوو، نه‌ک بهجورێکی هاوساز و هاوئاهه‌نگ ، به‌ڵکوو تهقینهوهئاسا، له چرکه ساتی هه‌نووکه و کهینوونیدا پێکده‌گه‌ن.
ئه‌م چه‌مکی ئاماده‌یی هه‌نووکه له‌گه‌ڵ ته‌کنیکه‌کانی سواوێتی (Ermattungs taktik)، دوو [ئایدیا و] ئاراسته‌ی باڵاده‌ستی بیرکردنه‌وه‌کانی بێنیامین بوون له‌دواساڵه‌کانی ژیانیدا. ئاماده‌یی هه‌نووکه گرێ‌دراو و وابه‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتێک بوو بۆ ده‌ستێوه‌ردان له‌ڕووداوه‌کاندا، چ له‌ڕێگه‌ی سیاسه‌توانه‌وه چ له‌ڕێگه‌ی ڕۆشنبیره‌وه بۆ"پچڕاندنی زنجیره‌کانی مێژوو"(تێزی شازده‌یه‌م ده‌باره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو). ئه‌م ئایدیایه له‌لایه‌که‌وه به‌له‌به‌ر چاوگرتنی نه‌ریته پێشکه‌وتنخوازه‌کان، گۆڕانگهرا و دێتێرمینیستهکانی سۆسیال دێمۆکراسی(که بێنیامین به‌ئاشکرا له تێزه‌کانی خۆیدا ده‌باره‌ی [فه‌لسه‌فه‌ی] مێژوو هێرشیان ده‌کاته سه‌ر) و له‌لایه‌کی دیکه‌وه به ڕه‌چاوکردنی پۆزێتیڤیزمی یۆتۆپیایی و پراگماتیزمی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت له‌خولی ستالین‌دا، خاوه‌ن گرینگییه‌کی زۆره. [لێره‌وه] بێنیامین په‌یوه‌ست بووبه ڕیزیگرامشی و لووکاچی مێژوو و ووشیاری چیناییه‌تی ییه‌وه (ئه‌و ده‌قه کاریگه‌رانه‌ی[ئه‌ده‌بیاتی]مارکسیستی له‌سه‌ر بێنیامین).
برێشت له‌پارچه شیعرێکی ڕه‌شبینانه‌دا، که‌پاش مه‌رگی بێنیامین هۆنیه‌وه، ئایدیا یاخود ئاراسته‌ی دیکه، واته(Ermattungs taktik) شێوه و تاکتیکه‌کانی سواوێتی، وه‌سف ده‌کات:
ئه‌وانه‌ی که‌ڵکیان لێوه‌ر ده‌گرێت تاکتیکه‌کانی سواوێتین
له‌سه‌ر کورسی شه‌تره‌نج (chess) له ژێر نسێی دارههرمێدا دانیشتووی؛
ئه‌و دوژمنه‌ی له‌کتێبه‌کانی دوورکردیتهوه،
به‌ده‌ستی ئێمه‌مانان له‌ناو ناچێت.
فه‌لسه‌فه‌ی سواوێتی و، ئه‌م ڕاوبۆچوونه‌ی که "دژوارییه‌کان کۆتای‌یان دهێت". نووسینه‌کانی بێنیامین ده‌رباره‌ی برێشتی داگیرکردووه؛ چییه‌تی دیالێکتیکی ئه‌ندێشه‌ی بێنیامین به‌پێی جه‌مسه‌ر [ێتی] "ئاماده‌یی هه‌نووکه" و "سواوێتی" دامه‌زراوه. واته[چاودێری کردنی مێژوو و ده‌ستێوه‌ردانی "مێسیانی" کی تیایدا(جا چ، پێوه‌ره‌کان هه‌رچه‌نده بچووک و که‌م و کورت و بێده‌وام[بێت]). چاوه‌ڕوانییه‌ک که‌له دوایین تێز ده‌باره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی مێژوودا باسی لێده‌کرد، به‌و مانایه‌یه که:
هه‌ر چرکه‌یه‌کی کات، ده‌روازه‌یه‌کی ئاوه‌ڵایه مسایا (Messiah)4 لێی دێته ژووره‌وه.
وه ئه‌مه هه‌مان خۆشه‌ویستی و هۆگری زانایانه، سه‌بووری، و سواو و هه‌ناسه سواری دژواری و ئهستهمایهتییهکانه. هه‌مان چه‌مکی چاوه‌ڕوانی که هاوڕێی بێنیامین، ئێرنێست بلوخ بۆ وته‌زای(یۆتۆپیای کۆنکرێت، یان پرنسیپی وجوودیانه و ئۆنتۆلۆژیکاڵی هیوا وه‌ریگێڕاوه.
بلۆخ سه‌باره‌ت به خۆکوژی بێنیامین ده‌نووسێت ئه‌م کرداره جۆرێک جیابوونه‌وه بوو له ژیان، به‌و جۆره‌ی چاوه‌ڕوانی لێده‌کرا به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕسته‌ییه‌ی که‌من بیرمه یاد بهێنینه‌وه:" [ئه‌گه‌ری] داسه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی مرۆڤ به سه‌ر مردوودا، گه‌له‌ک که‌مه." و برێشت له ڕه‌وشێکی ڕۆحی هاوشێوه‌دا له‌شیعری دووهه‌می خۆی ده‌رباره‌ی مردنی هاوڕێکه‌ی، بێنیامیندا، نووسی:
له کۆتایدا ڕاونرای بۆ سنوورێکی[ئه‌سته‌م و] گوزه‌ر نه‌گر،
به‌ڵام، بیستمان تۆ له سنوورێکی تێپه‌ڕ بوو و گوزهرگر تێپه‌ڕیت.
بێنیامین له سێپتامبری 1940دا به بیستنی ئه‌م هه‌واڵه‌ی له‌وانه‌یه له ڕۆژی پاشدا ڕاده‌ستی گه‌شتاپۆ ده‌کرێت، له پۆرت بوو، سنووری فه‌رانسا و سپانیادا، [به مۆرفین] خۆی کوشت. برێشت پاش هه‌واڵی مه‌رگی ئه‌و وتی ئه‌مه یه‌که‌م خه‌ساری ڕاسته‌قینه‌یه هیتلێر له ئه‌ده‌بیاتی ئه‌ڵمانیدا.
له‌نده‌ن1972
ژێده‌ر:
1- ده‌توانین له ئافۆریزم(aphorism) وه‌ک قسه‌ی نه‌سته‌ق،قسه‌ی کورت وبه‌پیت و که‌ڵکدار تێبگه‌ین. نه‌ریتی ئافۆریزم نووسی له ئه‌ده‌بی ئه‌وروپیدا، به تایبه‌ت له ئاڵمانیادا خاوه‌ن مێژووێکی دووروو درێژه. ئافۆریزم له‌ڕووی کارکردی فیکری وده‌رکه‌وته ماناییه کانییه‌وه بریتییه له؛ڕاگرتن و هه‌ڵپه‌ساردنی ڕه‌وتی باوی بیرکردنه‌وه، گۆڕین و داڕشتنه‌وه‌ی سه‌رله نوێی هه‌ندێک گۆته و قسه‌ی به‌پیت وپڕمانا له فۆرمێکی کورت ، متهڵئاسا ونهستاقدا .لێره‌وه ، ده‌شێت نموونه‌ی له‌مجۆره له ئه‌ده‌بی ئه‌ڵمانیدا به زۆری ببینین و لێیان ههڵکهوین. ده‌توانین له سیما سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م نه‌ریته ئاماژه بکه‌ین به، لیشتێنبێرگ ، شتێنباخ ،کێستنێر ،کارل کڕاوس، ستانیسلاو یێرژی لێس، واڵتێربێنیامین و بێرتۆلت برێشت..هتد.
2- بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌م بابه‌ته ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ گۆڤاری نڤیسار(کۆمه‌ڵه وتار) ژماره‌ی1. به‌داخه‌وه بیرم نییه ئه‌م گۆڤاره له کوێ چاپ‌کرا به‌ڵام له‌وه دڵنیام ئه‌م وتاره‌ی بێنیامین له ڕێگه‌ی مه‌نسوور تهیفوورییهوه له‌هه‌مان گۆڤاردا بۆ سه‌ر زمانی کوردی وه‌رگێڕدراوه.
3- (ئه‌م دووانه له دوو ووشه‌یagitation _propaganda پێکهاتون که‌له بنه‌ڕه‌تدا پتر له‌ناو بزووتنه‌وه کۆمۆنیستییه‌کان باو‌و و بره‌ویان هه‌یه به‌تایبه‌ت بۆ هه‌ندێک له شانۆنامه‌کان، جزوهکان وشیعر وهتدا به کار ده‌هێندرا. ئه‌م تێرمه یه‌کێک له‌و کۆڵه‌که سه‌ره‌کیانه‌یه بۆ ورووژاندن وئافراندنی بیروڕا و هه‌ست و هۆگرییه ڕۆحییه‌کانی جه‌ماوه‌ر و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و هه‌روه‌ها ڕێگه‌ی پروپاگانداکردن و بڵاوکردنه‌وه‌ی درووشم و خواسته‌کانی ئه‌م بزووتنه‌وه کۆمۆنیستیانهیه که ده‌توانین نموونه‌ی زۆرێک له‌م بابه‌تانه له ڕووسیای سه‌رده‌می سۆڤیه‌تدا ببینین
4- مێسایا یان مێسیانیزم، له به‌رهه‌مه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی یه‌هوود یان جوودا تاکوو ئه‌مڕۆ به مانای ڕزگاردهر واته مهسیحایه که وا بڕیاره نه‌ته‌وه‌ی به‌نی ئێسڕایل له بنده‌ستی دوژمنانی ڕزگار بکات و هاریکار و هاوکار بێت له دامه‌زراندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا و دامه‌زرێنه‌ری پادشاهێتی یان مه‌له‌کووتی خودادا. ده‌توانین نوێنه‌ران و نێرراوانی له به‌رهه‌می جووه‌کان و مه‌سیحییه‌تی سه‌ره‌تاییدا بدۆزینه‌وه. له مه‌سیحییه‌تدا ئه‌م ڕۆڵه که‌وتۆته ئه‌ستۆی عیسای ناسرییه‌وه. "مه‌سیح"وشه‌یه‌که له وه‌رگێڕانی گریکیدا و وشه‌یه‌کی عیبری مهسیحایه. به‌م پێیه، خه‌ون و هیوایه واته خه‌ونبینین و هیوا به دوا ڕۆژ و ده‌ستپێکردنی خولێکی کامڵ، ته‌واو و نوێ. لێره‌وه بزوتنه‌وه‌یه‌ک سه‌ری هه‌ڵدا که به بزوتنه‌وه‌ی مێسیانیستی ناودێرکرا. به پێی نه‌ریتی جوو له ده‌رکه‌وتنی مهسیحادا ڕهندهداتهوه.