سەباح رەنجدەر
هێند لەسەر بەرماڵى ئەستێرە بەسەرداڕژاودا بە دەورى شەرابى بێدەنگیدا سووڕامەوەسەرم سووڕا و سەرم بە ناولەپى جوانێکى بێ ڕوخساردا کرد.
لە ئاستانەى فریودا دێمە خوارێ
سەباح رەنجدەر
پێى یەکەمم لەسەر ژیان
زوو زوو ڕەنگى دەگۆڕێ و ئەشقیش دەست پێ دەکاتەوە
بەڵام نازانێ لەچى و بەچى دەست پێ دەکاتەوە
پێى دووەمم لەسەر مردن
هەزار و یەک پەیژەى شکاوت لە پێش دادەنێ
ناشزانم پێى سێیەمم لە کوێ دانێم
هێند لەسەر بەرماڵى ئەستێرە بەسەرداڕژاودا
بە دەورى شەرابى بێدەنگیدا سووڕامەوە
سەرم سووڕا و سەرم بە ناولەپى جوانێکى بێ ڕوخساردا کرد
هەقیقەت وەک چەقۆى بەجێماوى دواى کوشتنێک
هەردوو دیوى فریومان دەدا
حوزەیرانى 2016 هەولێر
بەرزەخ
بەو ئاگرە دەسووتێم
کە لە بینینى دەترسێم
شکۆ و شانازیى من ئاگرە
لە ڕازى ڕاماوم و دڵیم لە خۆمدا هەڵگرتووە
لە سووتاندا دەمامک و پەردە نییە و هیچ شتێکش ناشاردرێتەوە
سووتان سەد گیانە
ڕێگاى هاتن و ڕۆیشتن دەزانێت
پێڵاوى لە لۆکەی یەکەم بەرى کێڵگەیە
هات و ترپە و تەپەم گوێ لێ نەبوو
کە ڕۆیشت بە چاومدا هاتەخوارێ
چووە ڕیشاڵى ڕووناکییەکى خاکییەوە و زەوى ترووکا
تەممووزى 2016 هەولێر
کرانەوەى ناوچەوان
لەو چۆڵایییەى تەنیا ڕەگى درەخت لەناو خۆڵ ى بەهێزدا ئارامى گرتووە بەبێ ڕاسپاردە و وەسیەت دەمرم سەرم لەناو شکۆى تەشتێک ئاو کە بە منداڵى تێیدا دەشۆرام دەحەسێنمەوە ئاگر داوات لێ دەکەم ڕاسپاردە و وەسیەتم بنووسی بەخشراوێک بووم بە ئاگرى دڵ و ناوچەوانم بۆ با کردبووەوە هێند گەورەبووم چاوى چاودێرەکانم داپۆشت با لەسەر برۆى لالە مەست و پیاڵە لەدەست دڵى گەرم دەبێت و هەر لەخۆوە دەبێتە باى پاڵە و لە کێڵگەکانمان دەمێنێتەوە ڕەگى ناو خۆڵى بەهێز ڕۆشنایى گەشە بەناو خۆیدا دەگێڕێ دڵ ڕێ دەکات و دەچێتە ناو جیلوەى ڕوخسارى خۆڵ و ئاو و ئاگر و با چۆنم بیرکردەوە گەشتەکەم وابوو لە چیاى پارێزراودا دڵ پێش ڕووکار هاتە لام ئامان بەلاى جیلوەى ڕوخساردا بڕۆ دەگەى بە نەرمایی دڵ و دەپشکوێى وا لە ئەستێرەکان دەکەیت بەسەر ڕوخسارەکاندا بڵاوببنەوە کێو جەستەى یارى بێڕەنگە ناتوانم گوێ لە ئاواز و دەنگى ناو کێو نەگرم کە لە ڕوونترین تاسە دەدوێ
ئابى 2016 هەولێر
تێکەڵبوونى ئاو و ئاگر
تەنیا منداڵانى خوداوەند دەزانن باڵندە لەناو قەفەس یان لە ئاسمان دەنگى زوڵاڵ و خۆشگۆ ترە و دەڵێت تۆ پێشکەوە و ئومێد دەبینیت قەفەسەوانیش باوەشێنەى دەور دووراو لەدەست هەڵدەسووڕێنێت و باى سەرباڵى باڵندە بۆ خۆفێنک کردنەوە دەدزێت یەکەمین هێلانە یەکەمین بەرزبوونەوە بۆ فڕین ڕەگى دەفژەنى و دەست خستنە سەردڵى کپى زەوییە مانگ هێلانەى باڵندەیە هەموو شەوێ هێلکەى دەترووکێ و ئەستێرە بەرزدەبنەوە لە ماوەى بەرزبوونەوەیان ئاو و ئاگر تێکەڵ دەبن شاى زەمین لاسایى یەکەمین بەرزبوونەوى باڵندەى کردەوە و کەوت گیانێکى هارى تێدا ڕسکا و بووە قەفەسەوان ڕووناکى لەناوەوەى حەشار داوە و چرایەکیشى لەبەردەمى قەفەس پێ داناگیرسێ
ئەیلوولى 2016 هەولێر