ما 3218 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

کۆمەڵگا دوواکەوتووەکان، سەلمێنەری پۆستمۆدێڕنەکان!

کاتی خۆی نووسەر و بیرمەندە پۆستمۆدێڕنەکان، بە تێر و تەسەلی مۆدێرنیسم و ئایدیاکانی بیرمەندانی سەردەمی رۆشنگەریان دایە بەر رەخنە. رەخنەیەک کە بەردەوامە و، ئیستایش بە گەرم و گوڕی هەندێ کەس دەیهێننەوە گۆڕێ.
 
یەکێک لەو رەخنانە ئەوە بوو کە دەیانگوت بە پێچەوانەی رای رۆشنگەرەکان، زانست پەردە لەسەر راستیەکان لانادا، بەڵکو ئەو راستیانە بەرهەم دێنێ وا یەکجار گرینگن بۆ مەعریفەی زانستی لە هەر سەردەمێکدا. نیچە دەیگوت لە هەر بەرهەمێکی زانستیدا مەیلێک بۆ دەسەڵات هەیە و، 'فوکۆ'یش پێی وابوو زانست دەسەڵاتە و دەسەڵات زانست.
بەڵام رەنگە کۆمێدیای ئەم قسەیە لەوەدا بێت کە دیتنی مەیلی دەسەڵات لە بەرهەم هێنانی زانست دا ئەوەندەی لە وڵاتانی دوواکەوتوو بەرچاو و دیارە، لەو وڵاتانەی وا پێگە و سەرچاوەی پۆستمۆدێرنیسمن، بەرچاو و دیار نەبێ.
گەر بواری رۆژنامەنووسی، مێژوو و سیاسەت وەکوو سێ پانتایی گرینگی زانست سەیر بکەین، دەبینین بۆ وێنە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەیلی دەسەڵات لە بەرهەم هێنانی دەق لەم سێ بوارەدا یەکجار تۆخ و دیارن. بە جۆرێک کە دەتوانین بڵێین یەکێک لە هۆکارەکانی هەڵایسانی شەڕ و بەردەوامییەکەی بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە. لە ناوچەیەک هەموو شتێ و یەک لەوان زانست بووەتە چەکی ساخکردنەوەی دەسەڵات، بێگومان شەڕەکان یەکجار خوێناویتر دەبن.
هەڵبەت دیمۆکراسی ناتوانێ ئەم تیۆرەی پۆستمۆدێرنەکان بسڕیتەوە، ئەگەرچی دەتوانێ شاراوەتری بکا، بەڵام کۆمەڵگا ترادیسیۆنەکان یەکجار بەرجەستەی دەکەنەوە. بێ هۆ نەبوو خودی فۆکۆیش کاتی خۆی بۆ شیکردنەوەی تیۆرەکانی لە کۆمەڵگا دوواکەوتووەکانەوە دەستی پێکرد.

سایتی قەڵەم

٢٤ ئۆگۆستی ٢٠١٦

 

  

گەڕان بۆ بابەت