ما 7165 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نەژاد عزیز سورمێ

 شەوقم لێ مەترازێنە
چاوم هێشتا لە ئاسۆیە
هێشتا هەر شەوە
ئەستێران گەش دەکاتەوە.

 

ژمارەیەکى دى لەو شوێن پێیانەى بەسەر شەختەدا مابوونەوە

 

نەژاد عزیز سورمێ

 

 (تاریکترین شوێن ئەو شوێنەیە دەکەوێتە ژێر ڕوناهى چرا)

بەبیرم نەماوە لە کوێم بیستووە

 یا خوێندۆتەوە.

            1

 شەوقم لێ مەترازێنە

چاوم هێشتا لە ئاسۆیە

هێشتا هەر شەوە

ئەستێران گەش دەکاتەوە.

 

2

 

زیندە خەون نەبوو

بەچاوى خۆم خۆمم بینى

لە خاچ دەدرێم

شایەد بەو شایەدیەى ،

پاڵتۆیەکى لەنگەم لەبەردا بوو.

سوێندم لێ ناکەوێ ئەگەر بڵێم

لەوانەى کۆگایان جوانتر بوو.

3

چیرۆکى شانۆى ماندووم

بەڕێژنەى بارانێ تێگەیاندى ،

خۆر لە بەرابەر دڵەشکاوەکانەوە هەڵات و

لە چاوى نوقاوەوە بەیانى دا.

4

سیمام لە دورگەى زاراوان ون ببوو

گۆێم لە ئاوازى دونیایەکى دیکەبوو

بە پایزى دەسپاردم .

5

من لە مێژە دانم پێداناوە

بەجوانى ئەو ناوەستم

ئەم جیهانە تەنێ ئەوە نییە دەیبینین

خونکارى ،

سەرچڵیى ،

پیاڵەى بەتاڵ

هەموومان عاشقکوژانە،

لەبەڕێکردنى ڕۆژگاردا بەردەوامین.

6

ئەم هوزارە ڕەنگینە بۆ کێ دەخوێنێ؟

هەندێ پرچیان دەڕننەوە

هەندێ پاڵیان بەو دیوارانە داوە ،

بە ئێسقانان هەڵنراون

ئەوانى دی

بەشەقام و شۆستە و

کۆچە بنبەستەکاندا بڵاوبوونەتەوە

7

زۆرجاران لەخۆم دا ون دەبم

دەمبینى لە کۆڵانێکى

پێچاوپێچى (لەگەش) دا دەسووڕێمەوە.

لەناکاو شەهلا بۆ یەکێک لە خەراباتەکان

ڕامدەکێشى

سوبحانەڵڵا عەشقێک بۆ پەیمانە

لەسەرم دەدا

دەخۆمەوە

دەخۆمەوە

دەخۆمەوە

تا خۆم دەدۆزمەوە دەخۆمەوە.

8

ئەو گەڵایانە لەخۆڕا زەرد هەڵنەگەڕاون.

ئەو گەڵایانە لەخۆڕا نەوەریون.

چاوەکانت لە سپێدە سافترن ،

دەمترسێنن

جودایى دەردێکى گرانە..

وشە مابوو، ئەویش ئێستا

دەزرنگێننەوە.

ئەرێ بەڕاست من چ دەڵێم؟

من چیم گوت؟!

9

شەوانە بێرەدا تێدەپەڕن.

شەوان خۆیان لە بیر دەچێتەوە.

شەوان هەندێکیان بەچەند فڕێ

باڵ دەگرن

هەندێکى دیکەیان

ڕاپۆرتەکانى گیرفانیان

بە درەوشانەوەى گۆرانى چڕین

دەنوێنن.

10

دڵم نایێ ، دەنا دەمگوت

چەند مەترێ هەناسە،

بەشى ژیانەوەى دارستان دەکا

دڵم نایێ دەنا دەمگوت

هەقە عەشق و جندەبازى

لە یەکدى جودا بکرێنەوە

دڵم نایێ دەنا دەمگوت

بەس نەبێ؟!

11

جلەکان بەڕستەوە هەڵدەلەرزین

داوام لە دیوار کرد داڵدەیان بدا

بە گوێى نەکردم

لەباران پاڕامەوە لە (با) یان بپارێزێ

بە گوێى نەکردم ..

ئەوە چ زەمانێکە

کەس بە گوێى کەس ناکا؟

12

لەو کاتەى شەڕ دەستى پێکردووە

کەزى شارستانیەت و کێویایەتى

تێکئاڵاون ..

لەو کاتەى شەڕ چۆتە ناو قامووسانەوە

گەورەترین کارگەى ماسک دروستکردن

دامەزراون.

 

13

ئارەزوویەک لێوان لێو لە بیابان

بۆنى بارانى

بە خاکمانەوە نەهێشووە.

نیشتیمانم

تەنیا

تەنیا

تەنیا.

14

چ حیکمەتێکە ئەى دڵ

دواساتمان بەو خێراییە

لێ نزیک دەبێتەوە؟

ئەى تارمایى نامۆ!

شەقامى بەئاواز و گۆرانییان شلۆغ!

تازە تەواو

من کە بە ساردەکێڵێ ڕانەگەم

چیم لە ئافەرینى بێ ڕوومەتانە.

15

کتێبخانەکەم لە دەست چوو

شێتیەتییەک تاوى بۆ هێناوم

لەوە بترسم نیشتمانیشم

لە دەست بچێ

ئەى خوداى دڵڕوون!

تکایە هەموو دەرگاکانمان لێ دامەخە.

16

لە گۆڕستانى  ( ئوور) ڕا چیام خۆشەویستن

ئەگەر ئازاى ،

مرۆڤ لەبەرامبەر مرۆڤ بوەستین

لەبیرت نەجێ ،

هەور هەمیشە ڕوویان لە چیایە.

17

ڕووبارە دوورەکان ،

هاشەیان بەباڵى پەریانەوە دەگاتە من

بەرگرێک نییە زەماوەندێکى لێرە

لەم سارایەدا

لێدا بووکتم.

18

ئینجانەیەکى تەنیا

چ لە نەزمى پۆشتەکردنى با دەگا

شەیدایى خەرامانێ

کژو مەوسیمى نییە

من قاچم لە ڕۆژهەڵاتێ و

چاوم لە ڕۆژئاوایێدا لەسەر دانا.

ئینجا خەرامان

کەى لەو مەتەڵانە حاڵییە؟

19

دەستم بۆ دواچڵ هەڵبڕیوە

چەند خۆشە بەدواى ژیاندا هەڵبێى

جاسوسێکى کڵۆڵیشت بەدواوە بێ

چەند خۆشە

بە ( بۆمبا) و ( مین) و ( ئاڕ پى جى) جوانى

شەڕى ئامێردى کۆڵەوارى وا بکەى

ڤایرۆسى ناخیان نەهێڵێ

خۆیان فۆڕمات بکەنەوە.

20

سەعاتى ژوورەکەم ،

هەناسەى تێدا نەماوە

لەگەڵ ئەوەى

دوێنێ پیلم لێ گۆڕى بوو.

پێدەچێ پیلەکە ستۆک بوو بێ.

21

گەڵاکانى پایز بە ڕەنگى خۆیانەوە جوانن

سواندەى ماڵان کە ئێستا نەماون

بە هێللانەى پاساریان.

 

22

ئاى نەژاد

جاران چەند لە من نزیک بووى

ئاى نەژاد جاران ساوى گوڵەکانمان

چ هەواو ختووکەیەکیان هەبوو

ئاى نەژاد

پێتێکوەرانى زستانان

چ سۆز و گەرمییەکیان دەبەخشى

ئاى نەژاد!

جاران چەند لە من نزیک بووى.

 

 Bilderesultat for mørk under light kunst

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت