ما 3719 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەباح ڕەنجدەر

ئەو ئەدیبەی فرمێسکی چرای تێڕوانینی لە چەند کارێکی ئەدەبیدا دەڕژێنێ، بای ڕۆشنبیرییەکی کاریگەر بەروبوومى ڕەز و بێستانى هەوڵەکانی دەخاتە لار و لەنجەی بەردەوامی، دەنا کارەکانی دەچنە خانەی ئەدەبی ڕۆژانە و هەناسەی ئایندە لەدەست دەدەن.

 

شتێک لە مێژووی ئاوابوون

سەباح ڕەنجدەر

 

تێبینى:

ئەم نووسینە بیست و پێنج ساڵ پێش ئێستا نووسراوە، لە ژمارە ( 2)ى ڕۆژنامەى (ڕاپەڕین)دا، تشرینى یەکەمى 1991 بڵاوکراوەتەوە. لەبەر ئەوەى ڕۆژنامەکە زۆر ناوخۆیی بوو، لە شەقڵاوە دەردەچوو، بەشێوەیەکى دیاریکراویش دابەش دەکرا. دووبارە بڵاوکردنەوەى، بە لێزیادکردن و دەستکارییەوە بە پێویستییەک دەزانم بۆ پیشاندانەوەى تێڕوانینی سەرەتایى خۆم بۆ شیعر و شیعرییەت. ئەم خۆبوونییە فراوانترە لەوەى من لە بارەیەوەى دواوم. لە بنەڕەتدا یەک خۆبوونییە. بریتییە لە پەنجا پارچە، یان تابلۆ، بەڵام لە کاتى جیا جیادا نووسراون و کێشراون. لە ژێر سێ ناونیشاندا پێشکێش کراون. هێزى شیعر و دەربڕین و شیعرییەت لە هەر پەنجا پارچەکەدا لە یەک ئاستدان، بەڵام هێزى هارمۆنى و دەقئاوێزانى شێوەکارى لە بیست و پێنج پارچەى (ئەزموون)دا بە هێز و بەرجەستەترە لە دوو بەشەکەى تر.                    

1- ئەزموون: بریتییە لە بیست و پێنج پارچە. ساڵى 1985 - 1987 نووسراوە، لە گۆڤارى (ڕۆژى کوردستان)، ژمارە (72)ى ساڵى 1986 بڵاوکراوەتەوە.

2- شتێک لە مێژووى ئاوابوون: بریتییە لە یازدە پارچە. ساڵى 1989 نووسراوە، لە گۆڤارى (بەیان)، ژمارە (166)ى ساڵى 1990 بڵاوکراوەتەوە.

3- پەراوێز: دوو بەشە، بەشى یەکەم بریتییە لە پێنج پارچە. ساڵى 1986 نووسراوە. بەشى دووەم بریتییە لە چواردە پارچە ساڵى 1988- 1989 نووسراوە، لە گۆڤارى (بەیان)، ژمارە (157)ى ساڵى 1989 بڵاوکراوەتەوە.

کۆى هەر سێ بەشەکە، هەوڵێکن بۆ چوونە ناو تاقیکردنەوەیەک و دەستپێشخەرییەکە لە شیعرى نوێى کوردیدا، کە بە تێڕوانینێکى شێوەکارى نووسراوە: (عەبدوڵڵا سەڕاج) لە ژمارە (68) ى حوزەیران و تەممووزى 1978ى گۆڤارى (ڕۆشنبیرى نوێ) بەناونیشانى: (میهرەجانى ڕەنگ و هێڵ لە پێشەنگاى نالى دا) ئەمەى وەک دیاردە و ڕووداوێک لە شیعرى کلاسیکى کوردیدا هێناوەتە بەر هەست و بینین و لەمەى کۆڵیوەتەوە، کە (نالى) سوودى لە هونەرى شێوەکارى وەرگرتووە. ئەم ئەزموونە (جیاوازە) لە سوود وەرگرتن، بەڵکو بە جیهانبینیى شێوەکارى نووسراوە. نەژاد خاوەنى: (کرۆکیجوانى -  ئێستێتیکا)ى شیعر و شێوەکارییە، گونجانى ئەم دوو چەشنەى پێشکێش کردووە، ئاکو ئێستا شەش پێشەنگاى کۆلاژیشى کردووەتەوە. وەک هاوگونجاندنى چەشن لە ماڵ و کتێبخانەکاندا هەڵدەگیرێت و دەمێنێتەوە، هەموو دیاردە و ڕووداوێکیش ئەفسانەیەکى تایبەتى خۆى هەیە و تێیدا دەژى، بەڵام لە پاش بیست و پێنج پارچەى یەکەمدا ئەزموونەکەى تاڕادەیەک دەوەستێنێت و پەرەى پێنادات، تا وەک دیاردە و ڕووداوێک بناسرێت و تەماشابکرێت.

1102016 هەولێر

*               *                  *

(وەکو پەمۆ:

لە قۆزاخە و

لە مەکینە و

لە دار هەنەیشدا دەژی

تا ئەوەی لە پەرداخێکیش نقوم دەبێ

دەریا هەستێ ناگاتە گوێزینگانی)

 

 لە پەیوەندییەکى ڕاسەوخۆ و زۆر تایبەتدا، بەفریشم بە لووتکەی سەرفرازی و چاوی سپی و هەمەڕەنگی دنیای تیشکداری نیشتیمان و نەتەوەم وەک لافاوی ژیلەمۆ و چپەی ناخ و لەرزەی گیان و کۆى ژیان دیوە و بۆیان دێمە خوارێ، بەتاسەیانەوە دەنووم بە نیازی خەونێکی دەسگیر. نیشتیمان و نەتەوەم، کەی لە واقیعێکی هەمەڕەنگدا دەتانبینم، لێوتان باوەشێ خەندە و چێژى ماچ و زمانتان مژدەی پەیام بگەیەنێت.

تا ئەم کەسانەی ئەمڕۆ کەمێ بیر لە ناداهاتووی ئێستایان بکەنەوە،‌ کە دوێنێ لە لاپەڕەکانی کتێبی کۆى ژیان و زەمینەی مێژوویییەوە خزان و لە زۆر بڵێیی قەڵەم هاڕمۆن ناشیرینی دەسمایەیانە. ئەوەی هەڵە بکات دەبێ بڕوای بە سزاش هەبێ. کەچی ئەم ڕووە هەڵبزڕکاوانە ئێستا قەڵەمیان لە قەڵەمتراشی کاروانسەرا و کاروانەڕێ تیژ دەکەن، لاریش لەوەدا نییە قەڵەمە ساردەکان لە گەرمایی دەتاوێنەوە، بەردەوامییان لە بوونیان نەزۆکترە.

 

(ئاوێنەکان بە دیوارەوە شکاون

هەتاو ڕووتە، سایە بۆشە

پێینگانی کچی ئاسمان

داری حەسرەتی لێ ڕوواوە)

 

ناخ پەرتکردن، کارە سەرەکییەکەت ڕووەو کزی و ئاوارەیی دەبات. ڕوونتر مەبەست دیار بکەین، لەبارترە ئەدیب لە کارە سەرەکییەکەی خۆیدا جێگۆڕکێ نەکات، چونکە ڕامان ناردن بەملاوبەولادا لە گرینگییەتیی کارە سەرەکییەکەت دادەشکێنێ و ناخت گران دەکات. بۆ وێنە، تۆ جووڵانەوەی شیعرێکی نوێبەخشت لە ڕامانتدا دەستەمۆ کردووە و ئەندازەى دوورییەکانت پێواوە و جەمسەرەکانت کۆکردووەتەوە، لە هەمان تەوەری کات و شوێنی پاڵەوانی ئەم شیعرەی تێدا بەڕێوەى بۆ ماڵى نووسین. خەریکی وەرگێڕانی شیعرێکی، ئەم وەرگێڕانە، بەشێک لە بنەڕەتیی شیعرە نوێبەخشەکەی خۆت لەناو شیعرە وەرگێڕدراوەکەدا دەتوێنێتەوە. وەرگێڕیش ئەم دەقە ئەدەبییە وەردەگێڕێت، لەگەڵ ناخی خۆیدا لە چەند خاڵێکدا یەکگرتنەوەیەکی گیانییان نێوانە و بەشێک لە کارە زیندووە هەستییەکانی جێنشینی هەرێمی ڕامانییەتی.

بە ڕوویەکی تر، ئەو ئەدیبەی فرمێسکی چرای تێڕوانینی لە چەند کارێکی ئەدەبیدا دەڕژێنێ، بای ڕۆشنبیرییەکی کاریگەر بەروبوومى ڕەز و بێستانى هەوڵەکانی دەخاتە لار و لەنجەی بەردەوامی، دەنا کارەکانی دەچنە خانەی ئەدەبی ڕۆژانە و هەناسەی ئایندە لەدەست دەدەن و سەرەنجام، لە مێژووی داهێناندا هەوڵ بەتاڵ دەمێنێتەوە.

لەم چەند دێڕەدا دەمەوێ و ویستوومە پەنجە ڕووناکی ئەم چەند هێما جێگیرییانە بکەم هەر لە سەرەتای خوێندنەوەم لا دروست بووە. شاعیری: (شتێک لە مێژووی ئاوابوون) لە چەند لکێکی تریش کار دەکات و ناخی بەم لایەنانەدا پەرت کردووە، بەڵام تارمایی، گیانی زەرد نەکردووە و نیانیی داهێنانی ڕووەو ڕەنگڕێژتر سەردەخا بەرەو بڵندبوونەوەی خودی بابەتە کاریگەرەکان و تێکڕاى جیاوازییەکانى ڕەگەزە پێکهێنەرەکانى گەردوون. ئەمەش کۆکردنەوەیەکە، کەم پەنجەی نووسین دەتوانێت و توانیویەتی لە سێبەری فیکر و دەسەڵاتی داهێناندا ئەمانە کۆبکاتەوە و وەک داهێنانیش وەربگیرێت و لێکدانەوەى بۆ بکرێت:

١ــ شیعر

2- کۆلاژ

3ــ ڕۆژنامەگەری

4ــ وەرگێڕان

5ــ ڕەخنەی ئیتنباعی

6ــ لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەگەری و ئارکیۆلۆژی.

*               *               *

ئەم خەسڵەت و خاسییەتانەی لە: (نەژاد عەزیز سورمێ)ی ئێمەدا دیار کەوتوون، بە هەمان شێوە لە: (پۆل شاوڵ)ی عەرەبیشدا دیارن. هەردووکیان ڕۆحى کۆمەڵگا و کولتوورى خۆیان ناسیوە و مایەی دڵخۆشین و دەقەکانیان ئارەزووشکێنن. کەسی دووەم، کە خوێنەرە. دووچاری ڕامان و وردبوونەوەى گیانى و سەرسووڕمان دەکەن.

ئەوکاتەی لە سینگى کۆشیعری: (تاڤگەی مەند - 1987) دا هەناسەی ئۆخەم خواردەوە، باری سەرنج و تێڕوانینم لە چەند لاپەڕێکدا گرد کردەوە، لەژێر ناونیشانى: (وێنەی مەند لە تاڤگەی مەند)دا، فلچە و پەڕەمووچى تواناداری ئێستێتیکیم لە شیعرەکاندا جووڵاندبوو، لە هێڵی ئەم ڕاوە وردانە گەڕابووم، تیشکدانەوەی ئاوێنە و سێبەری فیکر و نموونەى هونەرى باڵاى شاعیر بوون، بەڵام ئەفسووس لە ڕۆژنامەى: (هاوکارى و هەفتەنامەى پاشکۆى عێراق)دا دەرگای گەیاندن بە خوێنەرانی لە ڕوودا بەسترا.

 

کێ تاڵاوى خوارد؟

کێ تاڵاوى خو؟؟

کێ تاڵاو..؟؟؟

کێ تاڵ..؟؟؟؟

کێ ت..؟؟؟؟؟

ک..؟؟؟؟؟؟؟

ئەم شیعرە ڕستەیەکى ئەماژەیییە. خۆى، خۆى دەخواتەوە. ئێجگار ئەندازەیی و شێوازییە. بە وریایی و ئاگاییەوە دۆخى ڕۆحى کۆمەڵگاى کوردى و کوردستانمان وەک تەلارێکى نیشتەجێبوون لەناو شەڕى ناوەخۆدا پیشان دەدات، وردەکارى بیناسازى تێدا بەکارهاتووە، وردبوونەوەیە لە دیاردە و ڕووداوێک. دیارە و رووداوەکەش شەڕى ناوەخۆى شاخە، لە دەستپێکدا پرسیارە، پرسیار لە ناوێک، ( کێ تاڵاوى خوارد). لە پێکهاتەى شیعرەکەدا وشە وشە دەخواتەوە، لە کۆتاییشدا تەنیا وشەى (ک) دەمێنێتەوە، هێمایە بۆ ناوى (کوردستان)، بە زمانى نهێنى وەڵامێکى هێمنە بۆ پرسیارى دەستپێک.

 

(ئەوان تینی کوورەى دەفیو

ئێمە شەختە

ئەوان گیا

ئێمەش بەرخی دوو باقەگیا..)

 

ئەمە ئاماژەیە بۆ برایەتى: (کورد و عەرەب)، لە دوو نیشتیمانى بەزۆر سەپێندراو و بەیەکەوە لکێندراودا. هەم لە ئاستى مامەڵەى فیکرى، هەمیش لە ئاراستەى نیانى زمان و شیعرییەتدا، جیاوازە لەو برایەتییەى: (گۆران و لەتیف هەڵمەت) لە دەقەکانى خۆیاندا وەک تەبایی و هاوگونجاندنى ژیان باسیان کردووە.

دەقى: چیرۆکێکى برایەتى، دیوانى گۆران، ل: 320.

دەقى: داستانى برایەتى دوو ڕووبار، دیوانى لەتیف هەڵمەت، ل: 495.

 

(ئەوە هەناسەدان نەبوو

ئەوە ڕمانی چیا بوو..

چەخماخەی هەورەتریشقە و

فڕینی هەموو چۆلەکە و کۆترەکانی دنیا بوو.

ئەوە هەناسەدان نەبوو.)

 

ئەمەش خاڵى وشیارکردنەوە و ڕاگەیاندنی کارەساتى هەڵەبجەیە، بەهایەکە بۆ یاخیبوون. شیعری کوردی بەری کارەساتی هەمەجۆری نیشتیمان و نەتەوایەتیمان بووە. شیعریش لە هەموو بار و سەردەمەکاندا وەک بوونێکی فیکری لە ئاست ڕووداوە دیار و نادیار و مەییوەکانی نیشتیمان و نەتەوەدا بوونى خۆى لە چوارچێوەى ئێستێتیکیدا نمایش کردووە.

بەشێک لە شاعیران، دەستەوەستان نەبوون لە ئاست ئەم بەگژداچوونە فیکرییەدا، بەهەمان شێوە شیعریش بەردی شوورەی سەنگەر بوونە، هەموو کات گوللەی دیکتاتۆر لەم بەردەدا سارد بووەتەوە و ملکەچ بووە. لەناو ئەدەبى ئێمەشدا چەند شاعیرێک ئەو بەردە بوونە، وەک: جەمیل ڕەنجبەر، دڵشاد مەریوانى، جەلالى میرزا کەریم، شێرکۆ بێکەس، سامی شۆڕش، فەرهاد شاکەلى، ڕەفیق سابیر، مارف عومەر گوڵ، هەندرێن.....تاد، (شتێک لە مێژووی ئاوابوون) ئەو مووچڕکەی دامێ، کە من لە شیعردا دەمەوێ و چاویشی پێ ڕوونکردمەوە، لە ناوەوەم ڕابمێنم و لە سنووری جووڵانەوەی پاڵەواندا، یەکانگیربوونی ئێستێتیکا و مانا و بنیاد و زمان ڕوونی ببینم.

١ــ وشەی ئاسایی، بەڵام ڕۆڵێکى تر بە وشە دەدا و مۆسیقای جووڵانەوەی پیت گوێ ئارام دەکات، شیعرى بێگەرد بە وشەى ناو ژیان دەنووسرێت و پەیوەندى و گونجاندنی نێوان وشە دەدۆزێتەوە و هێز دەداتە وشە، ئەمە گرینگترین خاڵى بینینە بۆ داهێنان، ئەوەى بە وشەى ناو فەرهەنگان بنووسێت، ئەگەر تەمەنى نووحیشى هەبێت و ژوورێک کتێب کەڵەکە بکات. تەنیا نووسین و خۆ بەفیڕۆدانە، داهێنان نییە.

٢ــ وێنەی ڕوون و تا ڕادەیەک ئاشکرا، بنیاد و کەش و هەوای وێنەکان نادەستەمۆ و خورپەدار دەکات و شوێنی کاتە ناکاتەکانی تێدا بە کراوەیى جێدەهێڵێت.

٣ــ زمانى لە فۆرمێکى بێ گرێ، لە بەشەکانى وێنەدا چالاک و هەستیار کردووە.

٤ــ یەک گیانیی بابەت لە سەرەتای شیعردا تا کۆتایی سەرەداوی بابەت بەرنادا، تا بە خوێنەری دەگەیەنێ، ئەم کات سەرەداوەکە بۆ خوێنەرى نموونەیی جێی دەهێڵێ.

ئەم چەند جووڵانەوە شیعرییە هێمائامێزە ڕووی دیار و نادیاری کێشە سەرەکییەکانی داهێنان و  پێویستییە نیشتیمانی و نەتەوایەتییەکانمانە:

ئا ــ هێڵی داهێنان، شیعر و کۆلاژ.

ب‌ ــ هێڵی پێویستییە مێژوویی و ڕۆژانەیییەکان و هێزى خۆڕسکى داهێنەر لە چرکە زۆر تایبەتییەکانى نووسین و بەرجەستەکردندا.

(شتێک لە مێژووی ئاوابوون)، هەردوو هێڵەکەی هاوشان کێشاوە بۆ نادیارییەکی ئێستێتیکى و خۆى لەم خاڵ و هەستە ئێستێتیکییەدا دووپاتکردووەتەوە، ئەوەى لە دووپاتکردنەوەکەدا گرینگ و دەرکەوتەیە پێداگرییە بۆ ئازادى سروشتیى ئەدەب.

 

 Bilderesultat for kunst

گەڕان بۆ بابەت