نەژاد عزیز سورمێ
کە دەمگوت نەفرەت لە ڕۆشنایی دەکا خۆی لە پاکدامەنی دەدزێتەوە وا دەرچوو...
ئاوازە ماندووەکانى یەکتەنى
نەژاد عزیز سورمێ
((ئاخ سنگی قووڵی ئەم بێدەنگییە چ پاک هەناسە هەڵدەکێشێ...
بڕوانە چۆن ئەم بێدەنگییە پیرۆزە گوێ ڕادەدێرێ..
نیتچە))
-A-
وشە تەنیا باڵ نییە
لەبەر پێی شازادەدا
بە سوپاس بدرەوشێتەوە...
پەرۆشیی،
کانگەی پێسپاردەیی و
ئاراستەی ڕێ پێ هەڵەکردن دەرچوو...
کەژێ، هەر لە دەستپێکدا
کێڵگەیەکی بەردراو بوو... دۆڕاو بوو...
کەژێ بە ڕووبەندی وا دەردەکەوت
لە قەنەوزی گۆمە وەستاوەکانی دەکرد...
لە ساوی ئاو ،
لە ئەندازەگیریی تۆزاڵی خۆلێگۆڕان...
لە دەستپێکەوە
چاوی لێ بوو
لە تاڵ تاڵ و
سات سات و
چڵی چڵی دەوروبەر فێر ببوو
چاو لە ئاسمان
ورشەی مانگ لە زەڵکاودا نقوم بکا...
وشە نوخشەی ختوکەدانی ویژدانە!
ئەشقیای بە کێوکەوتوو؛
هاوڕێى باران...
ئەوە نیگای هاودەم نەبوو
ڕوو لە ئاسمان...
ئەوە چاوی ئارەزووبازی کەژێ بوو
کە دەمگوت نەفرەت لە ڕۆشنایی دەکا
خۆی لە پاکدامەنی دەدزێتەوە
وا دەرچوو...
سپێدەی هاوین
لە چاوی تەلیسماوی درۆینى کەژێ دا
گڕی دەباراند...
خەیاڵم دەکرد ئەو ڕاڕەوە
بە بێ تۆ نەچێتە سەر...
ئەستێرە بکوژێنەوە
جارێکی تر بەیان نەدا...
بەڵام وشە هەرگیز
بوونەوەرێکی بە تەنێ نییە.
مەگەر جوانی و ڕەندی دونیا
لە کوێدا جێیان دەبێتەوە...؟!
بۆ ڕوناهی ڕێ
من وشەم بەسە.
تۆیش تا هەتایێ نوقمی
وەهمە لەززەت بەخشە ،
ئایدزهێناکانی خۆت بە...!
وشە تەنیا باڵ نییە کەژێ!
کەژێ ی ژوورە تاریکە پەنهانەکان
وشە تەنیا باڵ نییە...
من وشەم بەسە...
کەژێی فێڵباز!
12.8.2004
-B-
گریان... ختوکەی خەیاڵە نووستووەکانی ناخ
لە بەهەستترین تەجەللایدا..
گریان وەجدی شەفەق و نامەى سپێدە
لەو چرکە کورتانەی بنەوشەیی دەنوێنێ...
مرۆڤ چەندی پێویستی بە شیعرە، پێویستی بە گریانە...
شاعیر تا پتر لە کڵپەی ئاگر و
یەکتەنی شاخ و
تەوژمی باهۆز بگا...
دەبێ بگری...
گریان ئیکسیری دارایی ڕوناهییە...
شاعیران دەبێ بگرین...
تا خەڵوەتی نهێنیەکانیان گوڵی لێ بڕوێ...
بە نابەڵەدم مەزانە...
پێویستە قسەیەک لەو مەسەلەیە بکەین...
گریان... باڵی ئەو ڕەنگاڵانەشە
ئازادانە ئەم چڵ و ئەو چڵ دەکەن...
گریان... بارانی ناوەختی ڕێکەوتی خۆشەویستی و
ڕەشەبای جودابوونەوە و
هاواری برسیەتی و بەجێهێشتنی وار و نیشتمانیشە...
هەمیشە سەردەمی بێ گریان
بە ڕۆژگاری بێئومێدی و هیوابڕاوی ناوزەد دەکرێن...
گریان...دەستەواژەیەک نییە
مانای لێکبدرێتەوە
گریان نیازێکە
وێنەی کەڤاڵی هونەرمەندێک
بە کۆمەڵێک ڕەهەندی دیار و نادیار دەخوێندرێتەوە...
دەسا بابگرین بە سەر سێبەری
ئەو ئاوازانەی گژوگیای بناریان بە عەشق دەنەخشاند...
بابگرین
بە سەر تارمایی ئەو خەونانەی بە شیعر دەستیان پێکرد و
بە شیعر کۆتاییان هات...
با بگرین !
بەسەر جوانییەک
پێشەنگی کەژاوە و
چرای سەفەرە...
بابگرین...
ئاسمان چاومان لێ دەکا...
ئاسمان لاساییمان دەکاتەوە...