و. هانی ئێبراهیمی
بەڵێ، کەس لە وڵاتی شیلی  بیری ناچێت یەک لە سێی خەڵک پشتیوانیان لەدیکتاتوری دەکرد. ئەوان دەوڵەتی نەبوون، نیزامیش نەبوون، کەسانێکی زۆر ئاسایی کە ژیانیشیان زۆر بەسەختی و دژواری دەگوزەرا؛ بەڵام ئەم پشتیوانیە بۆ چی بوو؟

 

فرمێسکەکانت بسڕەوە، تۆ دەبێ بنووسیت

ئیزابێل ئالێندە

وەرگێڕانی: هانی ئێبراهیمی

دەیەی حەفتا بۆ من و زۆربەی ئەو کەسانەی کە دڵمان بەو نەخشە بچووکە [وڵات] خۆش بوو، ساڵانێکی ئاشنا بوو، ساڵانێک کە پڕ لەهیوا بەپیریەوە چووین، هێشتا نەگیشتە بووینە میانەی ئەو دەیەیەی کە چیتر تەنیا بیرمان لەوە دەکردەوە چۆن  گیانمان  لە زیندانەکان و ئەشکنجەکان  ڕزگار بکەین.

ئەمە چارەنووسی وڵاتی شیلی لەدەیەی حەفتا و ساڵانی پاش ئەمە بوو، ڕەنگە بۆ زۆرکەس نەگونجێت، بەڵێ ئێمە خەریک بوو بە باوەشی گەرمەوە بەروە دێمۆکراسی دەچووین،بەڵام دوژمن یەکجارەکی وەهم وخەیاڵ سەری لێسەند و چیدیکە نەیهێشت خەوەێکی ئارام بچێتە چاومانەوە. ئاسایش و هێمنی کەمتر لەدوو مانگ کۆتایی پێهات و گرتنەکان دەستیان پێکرد و وڵاتی شیلی لە شەوەزەنگی زوڵم و ناعەداڵەتیدا نووقم بوو.

تا ساڵانێکی پاش ئەو ١١سێپتامبرە شوومە کە بەسەر سانتیاگۆدا تێپەڕی، دەگریام. هەرچەند دەبوو خۆشحاڵ بوومایە کە وەک زۆربەی هاونیشتمانەکانم لەگۆشەی زینداندا نەمابوومەوە، بەڵام دەرد نەیدەهێشت. " فەرمێسکیش لەچاومدا قەتیس دەما" ئەو کاتە بوو بەخۆمدا هاتمەوە و بەخۆم وت "هۆی، لەگەڵ تۆمە، دەزانی خەریکی چیت؟ فەرمێسکەکانت بسڕەوە، نابێت تەڕایی بەڕوومەتەوە بێت، تۆ دەبێ بنووسی، تۆ دەبێ ئەوەی بینیوتە بینووسیتەوە. دەرەنجام واشی لێهات، هیچ دادگایەک نێدەتوانی ئەوجۆرەی کە دەبوو،حەقیقەتی شوومی دیکتاتوری پینوشە نیگار کات، بەڵکوو مۆتەکەی ڕەشی دیکتاتۆری لەکۆتایدا، لەدڵی بیرەوەریەکانەوە سەریهەڵدا و هاوپەیمانێکی وەک ئەمریکای ڕیسوا کرد. ژیان لەژێر سێبەری دیکتاتۆریدا شتێک نییە وێنا بکرێت. تەنها نەتەوەی شیلی و ئەوانەی کە ژیانیان لەو تاریکی و زوڵمەتەدا بردبووە سەر، دەتوانن لەم بارەیەوە بدوێن.

جارێک لە لەندن بۆ ئەوەی ئەم وێنەیە بۆ هاوڕێیانی ئێنگلیزیم ڕوونبکەمەوە، ناچار بووم نموونەیەکی سەیریان بۆ بگێڕمەوە. پێم وتن بۆئەوەی بزانن کۆدتای سەربازی تامی چۆنە، ئەبێت ئەم وێنەیە بهێننە پێش چاوی خۆتان کە گرووپێکی بەهێزی  وەک ئەرتەش لە شەوێکدا هێرش دەکەنە سەر کۆشکی سپی و کۆشکی باکینگهام و بەدوای ئەمەدا زۆربەی شارۆمەندەکانتان بەدڕندانەترین شێوە دەکۆژرێن.ڕەنگە هەر وەک شیلی سەرۆک کۆمارەکەتانیان لەو ناوەدا کووشت. هەموو ڕۆشنبیران و سیاسەتڤانانی گەورە و ڕۆژنامەوانانی بەناوبانگی وەڵاتەکتان ڕەوانەی زیندانەکان بکرێن. بەڵی ئەمە چیرۆکێکی زانێستی/خەیاڵی نییە، ئەمە دیرۆک و بەسەرهاتی وڵاتەکەی من و بەشێکی زۆرە لەو بێرەورەیە تاڵانەی من لەتافی لاویدا.

دەزانن دژواری کارەکە لەکوێدا بوو؟ ئێمە لەماوەیەکی کورتدا، ژیانێکی بەختەوەر دەژیان، بەڵام ئەم خەونە شیرینە زۆر زوو کۆتایی هات و پاشان بووبه به کابووسێکی حەتمی. چەند ساڵێک ڕۆژنامەوان بووم، بۆیە زۆر بەباشی جیهانی ڕاگەیاندن دەناسم. هاوڕێیانم یەکجارەکی بەرەوڕووی سانسوور و گوشار ببونەوە، تەنانەت دەترسان لە کۆبوونەوەی خۆیان و باسکردن لە باوەڕەکانیان.

کۆتایی تراژیکی دەوڵەتی سالڤادۆر ئاڵێندە، بۆمن دەسپێکەکی ناخۆشتر بوو. ژێنێڕاڵ پینۆشە، سەرمایەداریەکی هاری دەویست و ئێمەشی لەژێر سێبەری هەمان ئاڵای دیکتاتوریەوە، کە ئامریکا پشتیوانی بوو، لەزۆربەی ئامریکای لاتیندا ڕەگی داکوتابوو. ساڵی ١٩٧٣ هەمووان یا دەستبەسەرکرابوون یان لەسێدارەدران یان وەک من و هەندێک خەڵکی دیکە ڕزگاریان بوو.

هەڵبەت بنەماڵەکەی من، جگە لەوانەی کوژرابوون یان لە سیاچاڵ بوون، یان ژیانێکی نیهینی دەژیان. بەراکانم چەند مانگ بەرلە کۆدتاکە لە شیلی هەڵاتبوون و نەیاندەوێرا بگەڕێنەوە. باوک و دایکیشم کارمەندی سەفارەتی شیلی لە ئەرژەنتین بوون و تا ئەو کاتەی نامەی هەڕەشەیان بۆ نەچووبوو، لە بۆینس ئا‌یرسدا مانەوە. بەڵام، تاڵی ئەم ڕووداوانە بۆ ئێمە زۆر لەمە زیاتر بوون، چەند کەسی بنەماڵەی دایکیم کە تا ئەو ماوەیە پاڵپشتی هیوا و پشتیوانی من و براکانم بوون، وەک دوژمن سەیری ئێمەیان دەکرد. بنەماڵەی دایکم زۆربەیان ئەرتەشی و لاینگەری پینوشە بوون  و ڕێک لەکاتێکدا کە مام و زڕباوکم، سالڤادۆر ئاڵێندە لە کوشکی سەروک کۆماریدا کوژرابوون "یان خۆی کوشت" ئەوان بە شامپاینی فەرانسەویەوە سوور و سەمایان بوو.

باپیرەم ڕەقی لە سوسیالیستەکان بوو، هەموو جارێک دەیگوت ئاخ من بمێنم کۆتایی ئەم ئاڵێندەیە سەیر بکەم، ئێمە دمۆکراسیمان ناوەێت، جارەێک خەڵک پارەی دەوێت" بەڵام ئەوەی پێشبینی نەدەکرد بڕیارە دێمۆکراسی بەجورێک پارچە پارچە بکرێت کە ئەم پیرە پیاوەشی بەر نەکەوێت. پاش ئەوە نیگەران و بەردەوام ئاگای لە من بوو، دەترسا لە ڕۆژیکی وادا منێش دیار نەمێنم و بزر بم. ئەو پیاوەیکی خەڵکی نەبوو، بەڵام پاش کودەتا بەتەواوتی لا تەریکی هەڵبژارد. تاقە ڕێگای پەیوەندیکەی لەگەڵ جیهانی دەرەکیدا، ڕۆژنامەکان بوون و تەواو، ئەوێش ئەو ڕۆژنامانەی سەرلەبەریان درۆ بوون، کە هەڵبەت جگە ئەمە ڕێگایەکی دیکەیان لە بەردەمدا نەبوو. بەڵام تاقەکەسێک بووم کۆی ئەو شتانەی ڕۆژنامە[کان] نەیاندەویست بیبینن، بۆباپیرم دەگێڕایەوە. ئەو ڕۆژانە لەهیچ ڕۆژنامەیکی فەرمیدا کارم نەدەکرد: بەڵام هەندێک خەبەرنامەی ژێرزەمینی هەبوون کە من و هاوڕێکانم چاپمان دەکردن. هەموو ڕۆژێک ئەم هەواڵانم بۆ باپیرم دەگێڕایەوە. ماوەێک بەم جۆرە تێپەڕا، بەڵام بینیم چیدیکە تاقەتی بەسەرچووە : ئێدی هەواڵەکان نەک  تاڵ نەبوون، { بەڵکوو} کەس بەرگەی ئەم هەواڵانەی نەدەگرت. یەک بەیەکی هاوڕێکانمان دیار نەدەمان و وون دەبوون، زۆربەیان نەگەڕانەوە،بەڵام هەندێکیان پاش چەند مانگان لەگۆشە و کەناری شاری سانتیاگو دەدوزرانەوە. ڕۆژی یەکەم هاوڕێکانمیان بۆ کۆمەڵکێک ڕوونکردنەوە بردبوو، هەنووکە پاش چەند حەوتوو، دەرئەنجامی ئەم ڕوونکردنەوانە، چاوی ئەوق بوو و داچەقاوی درێژماوەیان لەدیوار بوو. زۆربەی ئەو کەسانە کە ئازادکران هەندێک پاش ئەو ڕووداوانە هەوڵیاندا ببن بە پەنابەر.

یەکەم کاری هەموو وڵاتانی ئەوروپی کردنەوەی درگاکانیان بوو بەڕووی ئەم پەنابەرە تێکدراو و ڕووخێندراوانەدا، بەڵام وردە وردە باقی خەڵکی ئامریکای لاتینیش ڕێگای دەربازبوونیان هەڵبژارد و هەرلەبەر ئەم شەپۆلەش هەموو شتێک ڕاگیرا. یەکگرتوویی و بنەماڵە خۆشەویستی لەوەڵاتی شیلی زۆر باو بوو، بەڵام پینوشە ئەوەشی لێ زەوتکردین و پێموایە ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ترسەی لەدڵی هەمواندا چاندبوویان. ناپاکیەکان وردە وردە دەستیان پێکرد. پێویست بوو تێلێفۆنەکەت هەڵگری و هەواڵەکانت بە دەزگای زانیاری بگەیاندبا. سووکە حیسێبێک تەواو بوو بۆ ئەوەی ژیانی کەسێک بەتەواوەتی لەناو بچێت. پاش ئەمە ڕەق و نەبوونی متمانە لەناو بنەماڵە و دۆستاندا بووە باو و تا ئێستایش دوای گەڕانەوە دێمۆکراسی و مەرگی پینۆشەش ئەو نزیکایەتیە نەگەڕاوەتەوە ناو بنەماڵەکان.

ڕۆژانی یەکەم پێموابوو دەتوانم تاقەت بێهێنم، بەڵام ئەو پەتی سێدارەی دەوری گەردنم،رۆژ بە رۆژ تەنگتر دبووەوە. بەرگەی ماننەوەم نەدەگرت. هاوڕێانم دەیانگوت و خۆشم دڵنیا بووم لەدەرەوە زۆرتر دەتوانم چالاک بم. منیش هەڵاتم، تەنانەت لە شیلیدا تاقەتی مرۆڤەکانیشم نەمابوو. هەمووان بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر ببوونە کۆنزێرڤات.

 تێدەکۆشام وەک ئەوەی باپیرم دەڵێت بارودۆخەکە قبووڵبکەم، بەڵام ندەبوو. ڕۆژنامەوان بووم و  زۆر شتم دەزانی. سەرەتا پێموابوو هیچ شتێک هەرەشەم لێناکات؛ چونکوو تەنانەت لەدەورەی ئالێندەشدا دەستم لەسیاسەت وەرنەدەدا. هەرچەندە زۆر هەڵاتووم لە ماڵەکەمدا شاردبوەوە  و کۆمەڵێک پەیوەندیم هەبوو بۆ دەربازکردنیان، بەڵام پێموابوو تەنانەت ئەگەر بشگیرێم ،ئاسانە بڵێم کە پاڵنەری من مرۆڤانە بووە و پەیوەندیشی بە سیاسەتەوە نەبووە.

هەڵبەت دەزانم ئەم دڵنیایەم بێخۆ بوو، بەڵام ڕۆژ دوای ڕۆژ حاڵم خراپتر دەبوو. بەڕۆژدا حاڵم باش بوو، بەڵام دەسبەسەربوونی شەوانە ببوە هۆی ئەوەی لە شەو بترسم. تەنانەت بیستنی دەنگی ڕاگرتنی ماشینێک لەبەر ماڵەکەم، تێکی دەدام. ساڵ و نیوێکم بەو ترس و ئازارەوە بردە سەر، بەڵام ئیدی زانیم کە بەڕاستی گیانم لە مەترسیدایە. ساڵی ١٩٧٥ دوای حەوتوێک هەوڵی بەردەوام، شیلیم بەمەبەستی ڤێنێزۆێلا بەجێهێشت. کاتی چوونم  پڕبە مشتی خۆم خاکی شیلیم لە خۆڵی ناو باخچەکەمان هەڵگرتوو و پێموابوو  ئەمە هێزم پێدەبەخشێت، بەڵام ئێستا دەزانم نیشتمان خاڵێک نییە لەسەر نەخشە، بەڵكوو لە شوێنێکی زەینتدایە و تۆ دەبێت تیایدا پیاسە بکەیت. حەوتوێکی زۆر ناخۆشم لە کاراکاس تێپەڕاند، تا ئەوکاتەی هاوسەرەکەم و مناڵەکانم گەیشتنە لام. وەکوو زۆربەی خەڵک  منێش ئاڵوزە بووم، بەردەوام لەخۆمم دەپرسی ئایا هەڵاتنی من بە مانای ناپاکی نیە؟ خۆزگە منیش دەمامەوە، پێموایە کەس وەڵامێکی ڕوونی نەبوو بۆ ئەم پەرسیارە؛ بەڵام یەک شت دەزانم، من لە شیلی هەڵاتم، فرمێسکەکانم سڕیەوە و دەستمکرد بە نووسینی ئەوەی بەسەر وڵاتەکەمدا دەهات. ئێستا لەوە دەڵنیام گەر تاراوگەم ئەزموون نەکردبا، نووسەر نەبووم.

ئێستا دەزانم کە دەبێت بنووسم، نەلەبەر ئەوەی لەنێوان تاوانبار و بێتاوان جیاوازیەک دابنێین، نە لەبەر ئەوەی ئەزموونێک وەربگرین؛ لەبەر ئەوەی بەخەڵکی خۆم و شوێنەکانی دیکە بسەلمێنم کە پینووشەکان یەکشەوە لە ئاسمانەوە دانەدەکەوتن، بەڵکوو ئەوە خەڵک خۆیانن کە پەڕوباڵیان پێدەدان و دوای ئەوەی ماشێنە مرۆڤ کوژەکەیان دەستی بەدەسەڵات ڕاگەیشت، تەنانەت خودی ئەو خەڵکەش وردوخاش دەبوون و لەناو دەچوون.

بەڵێ، کەس لەشیلی  بیری ناچێت یەک لە سێی خەڵک پشتیوانیان لەدیکتاتوری دەکرد. ئەوان دەوڵەتی نەبوون، نیزامیش نەبوون، کەسانێکی زۆر ئاسایی کە ژیانیشیان زۆر بەسەختی و دژواری دەگوزەرا؛ بەڵام ئەم پشتیوانیە بۆ چی بوو؟

ڕاستە کە ماشێنی شووردنەوە و بەتاڵکردنەوەی مێشک چالاک بوو، ڕاستە کە ڕاگەیاندنێکی ئازاد لە ئارادا نەبوو کە خەڵک وەخەبەر بێنێت، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە بۆ چی بوو؟ و ئەمە هەر ئەو خاڵەیە بێگۆمان دەبێت لەسەری بنووسرێت  بۆئەوەی هەموو شتێک ڕوون ببێتەوە. سەیرە، بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنێین کە خەڵکی شیلی ئەوەندەش ئێستێبدادیان پێخراپ نەبوو. پێیانوابوو ئەرتەش هەموو ناپاکیەکانی ناو وڵات، پاک دەکاتەوە. هەر لەو سەروبەندەدا هاوڕێیەکی نزیکم وتی: "پینۆشە وەڵاتی لەئاژاوە ڕزگارکردوە،ئیستە تەنانەت هاوسەرەکانیشمان زۆتر دێنەوە بۆ ماڵەوە." بەڵێ، ئەو هاوڕێیەم لەوە دەچێت منداڵەکانی و هاوسەرەکەی لەکار بێکار نەکرابوون، بۆ زیندان نەچووبوون و ڕەنگە مافی خۆی بێت وا بیربکاتەوە. بەڵی، ڕاستە کە کۆنزێرڤاتەکان هیچ کات خۆازیاری دێمۆکراسی تەواو و کامڵ نین، بەڵام ئەوانیش لەژێر سێبەری ئێستبداددا  ژیانێکی دژوار دەژین. نەک ژیانێکی دژوار وەک ژیانی ئازادیخۆازەکان، بەڵام ژیان بۆ ئەوانەش ئەوەندەی دەیانویست، فرەچەشن و ڕنگینکەمانی نابێت.

پینۆشە سەختگیر بوو، ڕێک وەک بەڕێوەبەرێک کە دەیەوێت منداڵانی قوتابخانە پەێڕەوی لە نەزمە پۆڵاینەکەی بکەن. ئاسایە هەندێک کەسیش لەم ناوەدا بەرگەی ئەمە نەگرن. ئەمە ئایدیای لاینگرەکانی پینۆشە بوو. بەڵام بیرمان چۆتەوە کە ئالێندە کۆمەڵێک دەلاقە و دەرگای نوێی بەسەر شیلیدا کردبوەوە و هەنگاوی نابووە ناو ڕێگایەک کە بۆ یەکەمجار ئەزموونمان دەکرد. دیاربوو کە لەماوەی سێ ساڵدا هەموو شتێک گرد و کۆ ناکرێت.

بەڵام ئەم خاڵە، ئەو یەک لە سێیە [کە پێشتر باسمان کرد] بیریان چووبوەوە و ماشینە مرۆڤ کوژەکەش بە پاڵپشتی ئەم یەک لە سێیە دەیویست  باقی خەڵکەکە پاکتاو و لەناوی ببات. ئەمانە هەموو ئەو شتانەن کە نووسینەوەیان ناهێڵێت بێرم بچنەوە. ئەم بیرەوەریانە بە تەواوی وردەکاریەکانیەوە لەزەینمدا ماونەتەوە و ئێستا دەڵێم باشتر کە  فرمێسکەکانت پاککردەوە و نووسیت.

 

Image result for skriv kunst

سەرچاوە:

 http://dailyopensociety.com/fa/clear-your-tears-you-should-write/

 

 

گەڕان بۆ بابەت