ما 7761 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

غەمگین بۆڵى

لەهەر کۆمەڵگەیەک چەمکی رۆشنبیرییەت و سیاسەت، پێکەوە ئاڵۆزکابن، قەڵەمەکانیش رۆڵی تڤەنگ دەبینن، رەخنەگریش ناتوانێت دەنگێکی نەمر دروست بکات.

 

 

ترسم لەنووسین هەیە، ترس لەوەی نەوەک ئەوەی دەینووسم شیاوی نووسین نەبێت. بەدگومانم! ئاخر هەر گومانە دەمانگەیەنێتە وێستگە شەنگەکانی ئیستێتیکاى دەق، هەرگومانە سەراسیمامان دەکات بۆ ئەوەی ئەو دیوی شتەکان قومێک ئاوی ئاسودەیی بخۆینەوە. گومان سەرەتای هەر کردەیەکی نوێگەرییە، ئەو نووسەرانەی بەبێگومان دەژین و دەنووسن، وەک وشەیەکی قەبەن لە رستەیەکی سادەدا. ئەوە گومانە رەخنەییەکانە بەردەوامی بەنووسینەکانت دەدات. ئێمە لەئەدەبدا" باشترین " و"باشتر" مان نییە، ئەوە جوایەزیی و پێکدادانی دەنگەکانە ئەوە درو ست دەکات، ئەگینا ئەوانەی وەها بەد لەوە حاڵیبوونە و وەهایش دەورووژێن لەبارەى چەمکی جوایەزبوون نەگەیشتوون. دەشێت هەموومان کاریگەریی یەکترمان بەسەرەوە بێت، هەریەک لە دید و رەهەندێکەوە، وەلێ دواجار لەم کاریگەرییەش جوایەزیی بوونی هەیە، وەلێ کاریگەریی جوایەزییمان بەسەرەوەیە، بۆیە نووسەرگەلێک لەترسی رەخنەی جوایەزبوون و کاریگەریی خۆیان بە تەنافی میژوو، تەنافی کلاسیکییەوە هەڵدەواسن، ئەگەر مێژوو حەق بەدەست بێت و گەڕانەوە بێت بۆ بەڵگەو جوانییەکان، ئەوا دواجار ئایندەیە بریار بەدەست. دەشێت بۆ ئایند مێژوو بگەرێنینەوە، ئەویش بۆ پرۆسەی کۆمەککارى، ئەویش کۆمەککارییەکى  پێویست، وەلێ ناشێت ئایندە لە قوڕى مێژوودا بچەقێنین. ئەگەر رەنگاڵە لەئەدەبدا بوونی هەبێت، رەخنەیە! رەخنە هەمیشە لەیانەی ئەدەبەوە پێکی جوانبینی هەڵدەداو لەئاوێنەی فانتازیاوە سەیری دەقەکان دەکات. ناهێڵێت ئایدەلۆجیاو سیستەم و هەراو زەنای یانەکە کاری تێبکات. رەخنەگر رقی لەدڵدا نییە بەرانبەر هیچ دەقێک، بەرلە خوێندنەوە بریار نادات، رەخنە راناکێشێتە نێو دەقەکانەوە، بەڵکو ئەوە دەقە   پرۆسەى رەخنە و رەخنەگر‌ بەدوای  خۆیدا پەلکێش دەکات.

لەهەر کۆمەڵگەیەک چەمکی رۆشنبیرییەت و سیاسەت، پێکەوە ئاڵۆزکابن، قەڵەمەکانیش رۆڵی تڤەنگ دەبینن، رەخنەگریش ناتوانێت دەنگێکی نەمر دروست بکات، بەڵکو دەبێتە بەرێوەبەر و رێنیشاندەری ئەوانەی وەها لەسەر یەکتر دەنووسن. هەندێک ( نووسەر) تەنیا لەبەر ئەوە گەورەبوونە، چونکە دەورووبەرەکانیان بچووکبوونە، یاخود سیستەمێک لەسیستەمە سیاسى و کولتوورییەکان بەو قۆناغ و شوێنەى گەیاندووە. واتە خۆى قۆناغى بۆ دروستکردووە، قۆناغێکى لە رەگەزى کارتۆن. بارودۆخەکانی کوردستان زۆر ئەدیبی پەلکیشی نێو حیزب کردو جوانییەکانی لەبار بردن. ئەوەی جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە، ئەوەیە کە ئەدیبگەلێک هەنووکەیش هەر بەردەوامن و بەهەمان نەفەس کار دەکەن و بیردەکەوە! بیرکردنەوەیەک بارگاوی بە سیاسەتی حیزب، ئەم ڕەوتە درێژبۆتەوە و بەردەوامی هەبووەو هەیە، تاکو ئەو شوێنەى کەوا ناوەندەکانی رۆشنبیری و

بڵاوکراوەکان پڕ بن لە نووسەری کۆپی حیزب و قونکە ئەدیب! نەوەی نوێش بۆتە قوربانی ئەم کولتوورە نەخۆشە. هەر ئەو ( نووسەر)انەشن کەوا بە تازەنووسەکان دەڵێن: " لەسەرمان بنووسن".

رەخنەی جوانناسی وەک ئەو رەشەبایە وایە، کە هەڵیکرد ئەوەی بکەوێتە پێشی کاری خۆی لەگەڵ دەکات و راى دەماڵێت. تەنیا ئەوانە دەمێننەوە کە سەنگین و قورس و خاوەن بەهاو پێگەى خۆیانن. رەشەبای رەخنە ناوەستێت لەبەردەم هیچ شار و وڵات و سیستەمێک. رەخنەگریش لە بەرانبەر هیچ رژێم و دەستەڵاتێکدا ملى پێنووسەکەى ناچەمێنێتەوە.

ئەوانەی بەسەرکێوی بیرو بۆچوونەکانیاندا بەباڵای دەقەکاندا هەڵدەزنێن و چەشنی شەمەندەفەرێک لەرێرەوەکە لادەدەن، ناشێت لەوە دڵگرانبن کەوا رەخنەگرێک هۆشیاریان دەکاتەوە. ئەوە ئاساییە کەوا نووسەرێک دوای سالانێک خۆسەرقاڵکردن تووشی خۆجووینەوە بێت. ناشێت گەورەو بچووکی لە کردەى ئەدەبیاتدا بوونى هەبێت، هەرگیز ئەدەبیاتى زیندوو گەورەو بچووکی قبووڵ نییە، ئەوە خۆماندووکردن و قوربانی دان و خوێندنەوەو خۆخوێندنەوەو کردەکانی دیکەی ئیستێتیکاى نووسینە. دواجار بریار لەسەر ( گەورە - بچووک)ى دەدەن. کردەی نووسین تەواو کردەیەکی پڕ لە نەخۆشییە! هەندێکمان خراپتر تووشی ئەم نەخۆشییە دەبین. ئەوانە ئەو نووسەرانەن کەدوای ساڵانێک خۆسەرقاڵکردن بەنووسین، دواجار دەست لەنووسین هەڵدەگرن و وازدێنن، زۆرجار بێدەنگی و نەنووسین خۆی لە خۆیدا جوانییە بۆ نووسەر و ئەزموونەکەی. وەلێ دەستهەڵگرتن لەنووسین لەترسی رەخنە ئەوە ئەو پەری بێ مەعریفەییە، ئاخر رەخنەگر لەهیچ کانیاوێک ئاو ناخواتەوە کەوا شیاوی خواردنەوە نەبێت، ئەو رەخنەیەی تەنیا مەبەستی خاوەنی بەرهەمەکەیە، نەوەک بەرهەمەکە، ئەوە بەر لە بڵاو بوونەوەی رەخنەکە، خۆی مردووە! ئەم (رەخنەگر) انە نووسینى مردوو بەرهەم دەهێنن و نووسینى لەمجۆرە چەشنى نەنووسینە! رەخنەی جوانیناسى هەمیشە لەهەر کات و زەمەنێکدا بێت ئەو هێزە موگناتیزییەی لەنێوی دایە لەدەستی نادات و قۆناغ و کات و زەمەنەکان تێدەپەرێنێت.

رەخنەگر نەپێویستی بەوەیە خۆی لەسێبەری حیزبێکەوە مەلاش بدات، نە پێویستی بەوەیە لە نووسەرگەلێکی دژ بەئایدیا و ئایدەلۆژیا لە بۆسەدا بێت. (حەمە سەعید حەسەن) کە گوایە رەخنەگری جددی کوردییە، کەچى هەمیشە بۆ شاعیرێکى وەک (شێرکۆ بێکەس) لە بۆسەدا بووە! ئەگەر بریاربێت رەخنەگری پۆستمۆدێرنمان بۆ نووسەرگەلێک لە بۆسەدابێت و کردەى نووسین وەک سەنگەر سەیر بکات، وشە وەک فیشەک، پێنووس وەک چەک، بڵاوکراوەکان وەک شەڕگەکان، کەوایە رەخنەگری جددیمان لە کوێ بوو؟

حەمە سەعید حەسەن لافی ئەوە لێدەدات بەپاداشتی نووسینەکانی ژیان دەگوزەرێنێ(1). ئاخر کامە نووسەری کورد هەیە لە رێگەی نووسینەکانیەوە بتوانێت ژیانێکى خۆش و شاهانە لە کوردستان بگوزەرێنێت؟ تۆ کە لە رۆژنامەیەکدا بەگۆشەیەکی هەفتانەو نووسین لە پاشکۆیەدا پاداشتت سێ هەزار ملیۆن دینار بێت و نووسەرێکی دیکەیش بە چوارسەد هەزار دینار دەرگەى بڵاوکراوەکانى بەڕوودا دابخرێت، ناشێت کەوا مووی ماستەکە نادیاربێت! وەلێ ناشێت ئەوەش فەرامۆش بکەن، کەوا (حەمە سەعید حەسەن) زۆرجار پێنووسەکەی رۆڵی چەک دەگێرێت و پەیڤەکانیشی فیشەک. ناوبرا لەوتارگەلێکیدا ئاماژە بەزمانی زبر و کێشەو گرفتەکانى تایبەت بەم رەهەندە دەکات، وەلێ بێئاگا لەوەی کەوا خۆی پێشەنگى زمانى زبرە. هەمیشە ئەوانەى رەخنەیان لێى گرتووە، قسەکانى بۆیان لەناو دوو نانى گەرمدا هەڵگرتوون. بەشێوەیەکى گشتگیر نووسەر کە دەستی ئایدیاکانی نەگاتە درەختی داهێنان، ناچارە بەردی تیبگرێت. بێباک لەوەی ئەوە نەمری نووسین و تەمەن درێژیەکەییەتی کەوا بەردەوامبوون و تەمەندرێژی بە خودی نووسەر دەبەخشێت .

 ناوبراو لە وتارێکدا، ئاوێنەی رووی لێکچواندن دەخاتە رووی وتەیەکی ژنە شاعیرى فارس (فروغ فەروخزاد). کە وتەیەکی فەروغ فەروخزاد وەهایە: "هەندێک کەس دەناسم کە رەفتاری رۆژانەیان هیچ پەیوەندییەکی بە شیعرییانەوەنییە،واتە تەنیا ئەوکاتانە شاعیرن  کە شیعردەنووسن "(2). بۆچوونەکەی (حەمە سەعید حەسەن)یش کە راستەوخۆ پرچى قسەکانى لەبەرانبەر ئاوێنەى ئەو گوتەیەى ( فرۆغ)دا داهێناوە، وەهایە: "بروام بەوانە نییە کە سەروەختی نووسینی شیعرلەشاعیردەچن و لە ژیانی رۆژانه دا هیچ لەگەڵ شیعرکۆیان ناکاتەوە"(3).

هەروەها ( حەمە سەعید حەسەن) لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەسەر شیعرەکانی ناو دیوانى (بۆ ئەوەى هەرچى هەت و نیتە بە من بچێ، دە ئەمجارەش..)ى ژنە شاعیر (نیگار نادر)ی کردووە، نووسیویەتی: "(بۆئەوەی هەرچی هەتەونیتە بەمن بچێ، دەئەمجارەش کراسەکەم هەڵدەوە)!دوا کتێبی (نیگار نادر)ە"(4). وەلێ لەراستیدا ناوی کتێبەکە وەها نییە و وەهایە: " بۆئەوەی هەرچی هەتەو نیتە بەمن بچێ دەئەمجارەش...". سەیرە رەخنەگرێکی پۆستمۆدێرن بیت و توێژینەوە لەسەر کتێبێک بکات و نەزانێت ناوی تەواوی کتێبەکە چییە؟ دەبێت چاوەرێی ئەوەشی لێ بکەین، کەوا (هەڵکەوت زاهیر) تەوژمى بەعەرەبیکردنی گۆرانی کوردی زیاتر بکات و ئەم رەخنەگرە پۆستمۆدێرنەیش لەئاستیدا نەقەى نووسینى نەیەت! کەچی لەبەرانبەر گۆرانیبێژێکی لاوی وەک (گۆران ساڵح) دا، لە تاکە وشەیەکى بە هەڵەبەکارهاتوو خۆش نەبێت. بۆیە بەبڕواى من مەترسیدارترن دۆخی نێو ئەدەبیات ئەوەیە، کەوا نووسەرەکان رۆڵی کادیرێکی چالاکیی حیزبی بگێرن. تۆ بڵیی جوایەزی لەوەدا چی بێت، کەوا چاپکردنی کتێبی نووسەران سڕەی چەندەها مانگ بێت و چاپکردنی کتێبی (حەمە سەعید حەسەن)یش لە چەند رۆژێک تێنەپەرێت. ئاخۆ ئەو نووسەرانەی کە هە‌تا ئێستایش بە (ریم) هاتووچۆ دەکەن و کرێچین، مافی ئەوەیان نییە (مۆنیکا)یان هەبێت و لە(شیراتۆن)دا بگوزەرێن و لە خۆشترین شوێنى شارى ( هەولێر)یشدا خانوویان هەبێت و بژین؟

نیتشەى مەزن هەڵەی نەکردووە، کاتێک نووسیویەتى: " لەنێوان نووسراوەکاندا تەنیا ئەوەم خۆشدەوێ ،کە مرۆڤێک بەخوێنی خۆی نووسیبێتی".

 پێموایە نووسینەکانی (حەمە سەعید حەسەن) لەم چەند خاڵەدا نیچرالیزمی نووسین دەخولێنەوە.

 

1-رەفزکردنەوەی ئەو نووسینانەی کەوا لەسێبەری ئایدەلۆژیاو ئاوەزە هەستپێکراوەکانیدا،جوایەز دەکەونەوە.کەئەمە مافێکی سەرەتایی هەموو نووسەرێکە.

2-لەکەدارکردنی تایبەتمەندی نووسەر بە زمانی زبر.

3-کردنەوەی کۆدەنهێنییەکانی خودی نووسەرلە پشت نووسینەوەو چوونە نێوی،کەئەمە ئەرکی رەخنەگر نییە

خۆجوینەوە و دووبارە کردنەوەی باگراوندو بۆچوونەکانی پێشووتری لەوتارەکانیدا.

4-داهێنانی پرچی بۆچوونگەلێک لەبەردەم ئاوێنەی وتەو بۆچوونی بیرمەدانی بیانی.

5-پڤدانی دەبدەبەی بچووک ،بە فووی گەوورە.

. 6-رەچاوکردنی ئایدەلۆژیا لە نووسیندا کە ئەمە گەورەترن گرفتی نێو نووسینەکانیەتی

7-وەرگرتنی بونیادگەریی، وەک میتۆدێکی یەک لایەنە.

8-داپۆشینی پەیکەری نووسین بە پۆشاکی زمان.

 

ئەگەر زمان پۆشاکی نووسین بێت، فانتازیایش هەڵزنانە بەرووی پەیڤەوە، جورئەتیش سەرکەوتنە لە پلیکانەکانی هەڵەمووتی نووسیندا. بونیادی رەخنەسازی زیاتر میتۆدێکی شیکارییە، لە بوارە جوایەزەکانی مەعریفەدا کاریکردووەو بەردەوامە. کارى رەخنەسازیی هێندە یاخی و ئازادە، ئێستا بە فرەمیتۆدى نەبێت بە میتۆدێک زەحمەتە بتوانین هەموو لایەنەکانى دەق شیکار بکەین. رەخنە رێگەیەکە بۆچوونە نێو ئەو رێگایەی کە دەشێت رێگای ئایدیاو فرەمیتۆدی و چەندین ئاڕاستەی جوایەزی هەبێت. ئەوە رەخنەگری جوانبینە کەوا خودی دەقنووسەکە تووشی بەدگومانی دەکات و بەنێو ئایدیاو بۆچوونەکانیدا رۆدەچێت و دەگاتەوە خودێکی نوێتر، دەگاتەوە ئەو سنوورەى پڕە لە گومان و دەست دەکات بە پرسیارکردن. لەو مەجالە بەولاوە ئێمە رەخنەگرێکمان نییە، رەخنەگرێکى بە میزاج و بێ ئایدیاى پێشوەختە نەبێت! کێ لە ئێمە بەوەی زانیوە دەقنووسێک لەکاتی رەخنەلێگرتن سوپاسی رەخنەگرەکەی کردبێت؟ ئەو کەمە رەخنەیە کەوا بوونیشی هەیە لەم گێژاوە ونبووە. کاتێک لەهەر وڵاتێکدا پیرەکان رێگربن لەبەردەم ئەزموونى نەوەى نوێ ترسی ئەوە هەیە، هەمیشە بەر نەفرەتى ئەو قۆناغە بکەویت. ئەو نووسەرانەی بەدرێژایی مێژوو بوونیان هەیەو لەم نێوەندەدا پێگەیان بەرزە، ناشێت لەگەڵ هەموو بارودۆخ و دەستەڵاتێکدا بژین. نووسەری راستەقینە جگە لەوەی کەوا گەرەکیەتی یاخییەو لەبەردەم هیچ رژێمێکدا چۆک دانادات. وەکچۆن شیعرى نەمر، ئەو شیعرە نییە کە هەمیشە دەمى کراوەتەوەو بەردەوام قسە دەکات. شاعیرى نەمریش ئەو شاعیرەنییە کە لە هەموو بۆنەو یاد و بابەت و شتێکدا شیعرى هەبیت و بە شیعر قسەى خۆى بکات. شیعرى نەمر و شاعیرى نەمر ئەوەیە کە دەمیشى دادەخرێت، لەکاتى خۆیدا قسەى تایبەت بە خۆى دەکات. کارى ئیستێتیکاى رەخنەسازییش وەهایە، رەخنەگر نابێت بڕوا بە گۆرانى بانێک و دوو هەوایە بکات و تا ئاستى ئیمان، لەناویدا بتوێتەوە. ئەو لەو زەمەنەى پێویستە جگە لەوەى خۆى قبووڵیەتى یاخییە، جگە لەوە قسەى کە خۆى باوەڕى پێیەتى، قسەى دیکەى ناکات. ئەو بۆ زەمەنێکى دیاریکراو نانووسێت. ئەو بۆ گروپێکى دیاریکراو نانووسێت. ئەو بۆ ئایدەلۆژیایەکى دیاریکراو نانووسێت. زەمەنى ئەو زەمەنێکى دیاریکراو نییە، زەمەنێکە نادیار.     

سەرچاوەو پەراوێزەکان:

1-لە پەیڤیندا بۆ رووی تۆولە هەیڤدا بۆخۆم دەگەرێم. حەمە سەعید حەسەن-دەزگای ئاراس،هەولێر_چاپی یەکەم2010،ژمارە(938)-ل 94

2-مەرگی من رۆژێک(فروغ فەروخزاد) .مەریوان هەڵەبجەیی-بڵاوکراوەکانی پاشکۆی رەخنەی چاودێر-چاپی یەکەم2008،ژمارە(9).               

3-رۆژنامەی هەولێر- چارەسەر بە شیعر/حەمە سەعید حەسەن. ژمارە (749)ی31ی ئاداری 2010ی زایینی-ل .16

4-بڕوانە سەرچاوەی یەکەم –ل 40

 

 

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت