ما 9577 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

دڵەڕاوکێ، نیگەرانی و تەنیایی
هەموو ئینسانێک لە ژیانی ئاسایی رۆژانەی خۆیدا بە توشی بارودۆخێکەوە دەبێت کە دەیباتە حاڵەتێکی تایبەتی دەروونییەوە کە تێیدا هەست بە دڵەڕاوکێ و نیگەرانی و سترێس و خەم دەکات.
 
 
ئەم حاڵەتە  زۆرجار کاتییەو پاش ماوەیێک لەخۆوە، یان پاش تێپەڕبوون و نەمانی هۆکارەکەی نامێنێ و ئینسان دەچێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و پێویستی بە عیلاج و یارمەتیێک نابێت. دڵەڕاوکێ، قلەقی و خەمباری و ئەم چەشنە بارە هەستییانە رەدفێعل و کاردانەوەی سروشتی مرۆڤە بەرانبەر رووداوە دەرەکییەکانی ژیانی، بەتایبەت ئەو رووداوانەی کە لە ئیختیار و دەسەڵاتی ئینسان خۆیدا نییە و هیچی لەدەست نایەت بۆی، وەک مردنی کەس و کار و ئازیزانی ئینسان و هەروەها شکستەکانی ژیان کە لە دەسەڵاتی خودی ئینسانەکە بەدەرە.
 
بەڵام ئەم حاڵەتە نەفسییە لە لای هەموو کەسێک بە یەک شکل و یەک جۆر نییە و لە یەک قووەت و ئاست دا نابێت. هەروەها تەمەن و جنس دەوریان زۆرە لە چۆنییەتی و ئاست و قووڵایی کاردانەوەکان. کاردانەوەکان لەسەر یەک کارەسات یان رووداوێک کە لە ژیانی کۆمەڵێک ئینساندا بە شێوەی هاوکات و لەیەک شوێندا روودەدات، دەتوانێت بە گوێرەی ژمارەی ئینسانەکان جۆراوجۆر بێت، بەڵام بە گشتی دەکرێت ئەم کاردانەوانە بکرێتە  دوو بەش: یەکەمیان کاردانەوە کورتخایەنەکان کە دەڕۆن و نیشانە و سیمتومەکانی نامێنێت، یان ئەگەریش بمێنن بە شێوەی مەترسیدار و دیار خۆیان دەرناخەن. دووەمیشیان ئەو کاردانەوانەن کە زۆرجار بۆ درێژ خایەن لە لای ئینسانەکە دەمێننەوە و توشی موشکڵەی نەفسی دەکەن و لە ئاکامیشدا خەلەل لە تەندروستی جەستەییشدا دروست دەکەن و، وەک ئازار و ئێشی درێژخایەن خۆیان پیشان دەدەن کە هیچ هۆ و دەلیلێکی جەستەییان بۆ دەسنیشان ناکرێت. لە بڕێ ئینساندا ئەم کاردانەوە درێژخایەنانە دەتوانێت بۆ ماوەیێک نەمێنن، بەڵام ساڵها دواتر وەک نەخۆشی 'پۆست تراوما' هێرش دەکەنە سەر نەفسی ئینسانەکە و دەبنە هۆی خەلەل لە خەو و ژیانی کەسەکە.  وێنەکانی کارەساتەکە  وا خۆیان لای کەسەکە دەردەخەن کە دەڵێیت هەرئێستا کارەساتەکە تازە روویداوە. زۆرجار کەسەکە بە بیستنی دەنگ یان بینینی وێنەیێک بە بێ ئیختیار دەچێتەوە نێو حاڵەتی کاتی رووداوەکە و مێشکیشی وای دادەنێت کە هەر ئێستا لەو دۆخەدایە، بۆیە  بۆ پاراستنی کەسەکە فەرمانی تایبەت بۆ جەستەی کەسەکە رەوانە دەکات و دەبێتە هۆی پیشاندانی کاردانەوەی تایبەتی جەستەیی و نەفسی وەک، ترس، لەرز، عارەقە و سەرئێشە و گرژ بوونی ماسولەکان کە خودی ئەم نیشانانەش خۆیان دەبنە هۆی دەیان نیشانە و ئازاری جەستەیی و نەفسی.
 
هەر وەک وتمان کاردانەوە و نیشانە کورت خایەنەکان، پاش ماوەیێک دەڕۆن و نامێنن، بەڵام بۆ بەشی دووەم تووشبووەکان دەبێت سەردانی دەروونناس بکەن بۆ وەرگرتنی یارمەتی پزیشکی وەک دەرمان و یارمەتی نەفسی و دەروونی وەک وتووێژدەرمانی  و رێنوێنییە تایبەتیییە نەفسییەکان.
 
 
بە دڵنییاییەوە مرۆڤ بە درێژایی مێژوو بە ناو کارەسات و کوشتن و شکستدا تێپەڕییوە و هەموو ئینسانێک لە هەر سەردەمێکدا هاتبێتە دونیاوە بە توش جۆرێک لەم کارەساتانەوە بووە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ باری نەفسی ئینسانەکان بەرەو خراپتر بوون دەبات تەنیا بوونی ئینسانە کە لە دۆخە تەنگەبەر و تاڵەکاندا ئەم تەنیاییە ئەو بەرەو جەهەنمی نەخۆشینە نەفسییەکان قڵم دەداتەوە. ئەمڕۆ ئیتر ئێمە دەبێت بۆ هەڵرژاندنی جانتای دڵمان پەنا بۆ درونناس بەرین، ئەم ئەرکە پێشتر بە ئەستۆی کەس و کار و جیران و هاورێکانمانەوە بوو.
 
سایتی قەلەم
٢٣ ئۆکتۆبەری ٢٠١٦
Image result for psychology

گەڕان بۆ بابەت