ما 577 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

خەبات ڕەسووڵی 

دەڵێم: منداڵ بووم. رۆژێک بەدوامدا هاتبووی بۆ قوتابخانە. لە بەرانبەر پارکی شار. گوتم: با بچینە ئەوبەری شەقامەکە. تۆ گوتت: نا هەر لەم بەرەوە دەڕۆین. من لێت پاڕامەوە. تۆ گوتت: چاو لە لقی دارەکان بکە. ئەو هەموو باڵندەیە دەبینی؟ 

 

دراکولا

خەبات ڕەسووڵی

لەرزینی وردی دەستی هەست پێ دەکەم. بە هێمنی دەستی دەگوشم. دەمەوێ هەموو هەستمی لەو دەست گوشینەدا پێ بگەیەنم. پێکەوە بە قەڕاغ جۆگە ئاوەکەدا پیاسە دەکەین. سەری بەرداوەتەوە خوارێ .نازانم چاوی لە عەرزی بڕیوە، یان لە خەیاڵێکی دور دایە. زۆرم پێخۆشە بزانم بیر لە چی دەکاتەوە، بەڵام هیچ کات تازە ناتوانم بزانم بیر لە چی دەکاتەوە. دەگەینە بەرانبەر شێرەی ئاوەکە. هەنگاوەکانی زۆر سڕ و لە سەرخۆن. لەوە خێراتر ناتوانێ بڕوا. سەری هەڵدێنێ و لە بن چاویلکەکەیەوە سەیرم دەکات. نیگای نامۆیە. دەڵێم : منداڵ بووم. رۆژێک بەدوامدا هاتبووی بۆ قوتابخانە. لە بەرانبەر پارکی شار. گوتم: با بچینە ئەوبەری شەقامەکە. تۆ گوتت: نا هەر لەم بەرەوە دەڕۆین. من لێت پاڕامەوە. تۆ گوتت: چاو لە لقی دارەکان بکە. ئەو هەموو باڵندەیە دەبینی؟ ئێستا بچینە ئەوبەر جیقنە بارانمان دەکەن. من دیسان پێداگریم کرد. تۆ گوتت: باشە بۆ بچینە ئەوبەر؟ گوتم: لەو لایە شتێکی ترسێنەری لێیە. تۆ پێکەنی و گوتت: ئەونێ منت لە گەڵم مەترسە. من گوتم: نا من بێرەدا نایەم. داهاتییەوە و توند لە باوەشت کردم و گوتت: مەترسە گوڵم مەترسە. من دەستم کرد بە گریان. گوتت: باشە باش دەچینە ئەوبەر، بەڵام دەبێ پێم بڵێی لە چی دەترسی؟ من گوتم: پۆستێرێکی ترسێنەر. کە چووینە بن دارەکان. تۆ گوتت: ئێستا ئەو باڵندانە جیقنە بارانمان دەکەن. گوتت: دەزانی جیقنە چیە؟ گووی باڵندە بە کوردی پێی دەڵێن جیقنە. سەیری ئەو نەردانە بکە هەمووی جیقنەیە. من پێکەنیم و هیچم نەگوت. گوتت: باشە ئەو پۆستێرە ترسێنەرە کوا؟ من گوتم: لە کن شێرەی ئاوەکەیە. لەوبەری شەقام گەیشتینە ئێرە. هەوا بەرەو تاریکی دەڕۆیشت خاڵێکی ڕەشم پێ نیشاندای گوتم ئەو پۆستێرە. من لەو پۆستێرە دەترسم.لە بیرت ماوە؟

 ـ ........

سبەینێکەی دیسان من پاڕامەوە و گوتم: بەوێدا ناڕۆین. تۆ گوتت: ئەگەر لە گەڵم بێی، جایزەکەی دەتبەمە سۆپێرمارکێت و بە کەیفی خۆت شتێکت بۆ دەکڕم. من لە خۆشی سۆپێرمارکێت لە گەڵت هاتم. کە لە شێرەی ئاوەکە نزیک بووینەوە لە ترسان وەک مێوژووکە دەلەرزیم. گوتم: لەوە زیاتر نایەمە پێشێ. تۆ پێکەنی و گوتت: باشە تا ئێرەش هاتی هەر چاکە. لێرە ڕاوەستە من دەچم چاوی لێدەکەم. چوویە پێشێ و لە دیوارەکە ڕامای. پاش کەمێک دەستت درێژ کرد و پۆستێرەکەت لێ کردەوە و گرمۆڵەت کرد و گوتت: ها وەرە بە خۆت بیخە نێو ئەو سەتڵە زبڵەوە. من بە ترسەوە هاتم و پۆستێرە گرمۆڵە کراوەکەم لێ وەرگرتی. من هەستم دەکرد ئێستا دراکولاکە لە نێو پۆستێرەکەوە دێتە دەرێ و گازم لێ دەگرێ. بە هەڵاتن چووم و فڕێمدا نێو سەتڵەکەوە. پۆستێری شانۆی دراکولا بوو، بابە وەبیرت هاتەوە؟ دیسان سەیری شەپۆلی ئاوی نێو جۆگەکە دەکات.

 -بابە هیچت وەبیر هاتەوە؟

ـ ........

ـ سەرمات دەبێ با بەرەو ماڵێ بڕۆینەوە.

Image result for drakula

گەڕان بۆ بابەت