فەڕۆخ نێعمەتپوور

دەمی بۆنی چایی دەگرێ. لەوێ لە چواردیوارییەکەدا جگە لە بۆنی خۆی، هیچ بۆنێکی تر نەدەهات. نا، تەنانەت بۆنی خۆیشی نەبوو. بۆنی تایبەتی دیوار و سەقف و کەفەکە بوو. نا، ئەمەیش نەبوو!... هەمووی ئەمانە پێکەوە بوون بە ئیزافەی شتێکی تر. کامە؟ 

 

بەندیخانە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەو رۆژەی لە بەندیخانە ئازادیان کرد، لەبەر دەرگاکەیدا کەمێک راوەستا، چاوەکانی قونجاند و هەوڵیدا دوواوێنە لە گەڵ خۆی هەڵگرێت، هەرچەند هەڵگرتنی دوواوێنە سەرەڕای مانەوەی ساڵانی ساڵ لە ژوورێکدا زەحمەتە و لە راستیدا ئەوەی لە یاددا دەمێنێتەوە تەنیا وێنەیەکی گشتییە و بەس. نازانێ بۆ، بەڵام لانیکەم ئەمە دەزانێ کە کات هەمیشە ئەوەندە کەلێن و قوژبنی نادیار و شاراوەی هەیە کە دەتوانێ ئاشکراترین شتەکانیشت بە ئاسانی لێ ون بکا. ئەو ئەوەتەی لەبیری دێ یەکجار رقی لە کاتە.

بەڵام هەستی کرد توانیبووی هەموو وردەکارییەکان بە دەستنان بە دوگمەی کامێرای خەیاڵی بخاتە ناو وێنەکەوە. فلاشەکە کاری خۆی کردبوو، هەر لە نووسینی سەر دیوارەکانەوە بگرە هەتا ژەنگی دەرگاکەو، ئەو پەڵەیەی وا بە سەقفەکەوە زەرد دەچووەوە،... هەر هەموویانی کۆپی کردبووەوە. ژوورەکە بوو بە وێنەیەکی ئەبەدی بە سەر تاقی بیرەوەرییەکانییەوە. بزەیەک کە نە تاڵ بوو و نە شیرین، نیشتە سەر لێوی.

باوکی پێی گوت رانەوەستێ و هەنگاو هەڵبگرێ. وتی نەکا زیندانوان توڕە بکا. وتی لەجیاتی ئەوەی تا پێت دەکرێ خێرا هەنگاو هەڵبگری و خۆت لەم جەهەننەمە دووربخەیتەوە، رادەوەستی و خەیاڵ دەتباتەوە؟! ئەم هیچی نەگوت. جوان لەبیری دێ رێک هەر ئەمە بوو ئەو و باوکی و بگرە ئەو لەگەڵ خەڵکی تریش جیادەکردەوە و... جیادەکاتەوە،... 'خەیاڵ'.

ئۆتۆمبیلەکە بە ئارامی بە ناو شەقام و کۆڵانەکاندا تێپەڕی. شار وەک هەمیشەیە. دەڵێی سوێندی خواردبوو قەت نەگۆڕێ. چەند پێکەنینی بە خۆی دێ. بە خۆی کە ئەو هەمووە گیرۆدەی خەیاڵی گۆڕینە و کەچی لە شوێنێک دەژی کە ساڵانی ساڵە بگرە دیوارە نیوەڕووخاوەکانیشی هەر هەمانن. لەبیری دێ کاتێک "شا"یش بە هلیکۆپتەر هات و لە تاقە تەیارەخانەی (گەر بتوانین ناوی تەیارەخانە بخەینە سەر دەشتێکی بەرەهوتی بێ خانوو) خۆڵینی داوێنی یەکێک لە شاخەبەرزەکانی دەورووبەری شار دابەزی، تەنیا پەڕۆی دوورودرێژیان بە دیوارە رووخاو و نیوەڕوخاوەکاندا دا. شایش لە حەژمەتی ئەو خەڵکەی وا لە ئەم بەراوبەری شەقام لە سەر شۆستەکان راوەستابوون، ئەگەر پەڕۆشیان بە دیوارەکاندا نەدابایە، ئەوا هەر نەیدەدین! شا، ئاشقی روخساری میللەت بوو. لای ئەو مرۆڤ لە 'شت' پیرۆزتر بوو.

باوکی وتی گەر حەزدەکەی دەتوانین پێش ئەوەی بچینەوە ماڵێ، بچین لە تاقە سەیرانگای باشووری شار کە دارستانێکی خۆشی بەرز بە چاخانەیەکەوە بوو، لابدەن، لەوێ چاییەک بخۆن و سەیری دیمەنی شار بکەن و پاشان بچنەوە ماڵەوە. وتی 'با'ی ئەوێ دەتوانێ زۆر شت لەگەڵ خۆی ببات. وتی نازانێ چۆن و بۆ، بەڵام لە کۆنەوە ئەوێ هەروا بووە، نەک زیندانییە بەربووەکان، بەڵکو خەڵکی ئاساییش بۆ ئەوەی هەندێ شتی زیادیی ژیانیان بەربابدەن، روو لەوێ دەکەن. ئەو کە ئەمەی بیست، هیچی نەگوت، بەلاچاو سەیرێکی باوکی کرد. باوکی ئەمەی بە ئەرێنی لێکدایەوە و ئەگەرچی خێزان لە ماڵەوە چاوەڕوانیان بوون، بەڵام ئەو بەرەو سەیرانگاکە لێی خۆڕی.

لەبیری دێ ساڵانی نەک زۆر لەوەبەر، کاتێ تاقیکارییەکانی کۆتایی ساڵی خوێندن دەهاتن و دەبوایە باش دەرس بخوێنن، روویان لێرە دەکرد. دە تا پانزدە رۆژ، ناوە ناوە، بە گوێرەی وانە، شوێنیان ئێرە بوو. لەبیری دێ لێرەیش چەندەی دەرس دەخوێند، ئەوەندەیش خەیاڵ دەیبردەوە. 'با' ئەو کات، قەت شتە زیادیەکەی لەگەڵ خۆی نەدەبرد. هەر لەو کاتەوە بوو بڕوای تەواوی بەوە هێنا کە دەبێ شوێنی کەوێ. واتە ژیانی ئەو بوو بە شوێنکەوتنی ئەوەی وا با هەڵینەکەندبوو و لەگەڵ وژەی خۆی هەڵینەگرتبوو.

باوکی وتی ئەوێیش هەر وەک جارانە. وەک هەموو بەشەکانی تری شار. رەنگە تەنیا ئەوەیکە گەڵاکان چڕتر بن و خاوەنی چاخانەکەیش یەک دوو شاگردی نوێ کاری لابکەن، یاخود یەک دوو درەختێک بڕابێتنەوە و لەجیاتییان نەمامی تر چێندرابێ، بەڵام بە گشتی هەمان شوێنە. ئەوسا لە کوڕەکەی رووانیبوو.

ئەم نازانێ چی وەڵام بداتەوە. کتوپڕ تێدەگا بە بێ ئەوەی هەوڵیدابێ وێنە لە مێشکی خۆیدا هەڵبگرێتەوە، تەواوی ئەم دیمەنانە لە دەروونیدان، وەک خۆیان، وەک هەمیشە! پێی سەیرە. کەواتە لەخۆوە لەبەر دەرگای زیندانەکەدا راوەستابوو! دەبوایە لێی گەڕێ. وێنەکان بۆخۆیان دێن. گۆڕانخواز، خاوەنی باشترین بیرەوەرییە!

سەیری خەڵکی دەکا. وەک هەمیشە بە شوێن کار و باری ژیانی رۆژانەوە، بە شوێن پەیداکردنی نانەوەن. ئەو نانەی وا ماندوویان ناکا لە پێداڕۆیشتنەوەی سەدان بارە بە هەمان رێگای هەمیشەییدا، بگرە بە هەزاران و هەزاران جاریش. نان، ئەگەرچی نانە، بەڵام نانی رۆژی دوواتر دەڵێی شتێکی ترە. بۆن و رەنگ و روخسارێکی تر. گۆڕانێک کە هەموو کەس نایبینێ جگە لە خەڵکی ئەم شارە نەبێ!

خەیاڵی ژووری زیندانەکە دەیباتەوە. وێنەکەی دەروونی خۆی دێنێتەوە بەرچاوی خۆی. هەموو شتێ بە وردەکارییەکانەوە لەجێی خۆیاندان. دوو پەتووە چڵکەنە لەبەرچاویدا بەرجەستە دەبنەوە، لەسەر چیمەنتۆ رووتەکەی ژێری. کاتێک سەرما تیژدەبووەوە هەرچی بەتانی دونیای فریای نەدەکەوت. لەم کاتانەدا خەوی بە قاڵیچەی حەزرەتی سلێمانەوە دەبینی. تەنیا بە قەدەر نیو مترێک بەرزتر لە زەویی ژێرپێێ بفڕیایە بەسی بوو. ئەم تەمەحی دیتنی وڵاتانی نەبوو. ئەوکات دوو پەتووەکە دەکرا چەندە گەرم بن! بگرە ئەوەندەی بیر لە حەزرەتی سلێمان کردبووەوە کە جارێکیان لە پەنجەرە بەرز و بچوکەکەوە هاتبوو و سەیری ئەمی کردبوو. بەڵام هەرچی کردبوو نەیتوانیبوو قاڵیچەکەی ئەم دیوی ژوورە گچکەکەی ئەم بکا. لە ئاخردا برۆی نائومێدی هەڵتەکاندبوو و رۆیشتبوو. هەر کە دەڕوا، بە شوێنیدا زیندانوانەکە هاتبووە ژوورەوە و بە تاوانی ئەوەیکە گوایا گوێی لە بێ بڕوایی ئەو بە حەزرەتی سلێمان بووە، بردی و سێ رۆژی رەبەق لە سەر یەک ئەشکەنجەی دا.

باوکی دەڵێ هەوڵبدات رابردوو فەرامۆش بکا، ئەگەرچی زەحمەتە، بەڵام دەبێ ئەمە بکا. دەڵێ جاری وایە رابردوو تەنانەت بەکەڵکی بیرەوەریش نایەت، دەبێ کلیکی بکەی و بیخەیتە ئەو زبڵدانەی وا ئیتر قەت نایگەڕێنێتەوە. بە خۆشحاڵی و بزەیەکیشەوە ئەمەی پێ زیاد دەکا کە بە خۆشییەوە هەمیشە زبڵدانی وەها دەست دەکەوێ. باوکی پێی وایە زبڵدانی کۆمپیوتر، رێک لەم زبڵدانەی مێشکی مرۆڤەوە دروستکراوە.

قاوەچییەکە هەر کە دەیناسێتەوە، دەچێت لەئامێزی دەگرێ و ماچی دەکا. پڕبەدڵ پیرۆزباییەکیش لە باوکی. وەک بۆخۆی دەڵێ جوانترین و باشترین چایی نەک ئەمڕۆ، بەڵکو ساڵانی ساڵیش دەهێنێ و پێشکەش بە کوڕ و باوکی دەکا. پاشان بە نیگایەکەوە کە هەم خەمگینە و هەم شاد، دەڵێ شوکور گەنجە و هێشتا کات بە بەریەوە یەکجار ماوە. کات؟ دیسان کات دێتەوە بیری. بەلایەوە سەیرە کە چلۆن قاوەچییەکیش دڵ و دەروونی بە کاتەوە مەشغوڵە. بەڵام بەڕاستی دەزانێ کات چییە؟ سەرێک بادەدا. نا، دڵنیایە لەوەی کە قاوەچییەکە نازانێ کات چییە. لای ئەم پیرەمێردە، کات بریتیە لە مەودای تێکردنی پیاڵەیەک چایی و هێنانی تا لای مشتەریی چاوەڕوان و تامەزرۆ. چایی ـ کات. یان، کات ـ چایی. تەنانەت لای باوکیشی هەر دەکرێ کات شتێک بێت لەم چەشنە. لای ئەویش کات بریتییە لەو کاتەوەی کوڕەکەی دەچێتە زیندان هەتا ئەو ساتەی دێتەوە دەر. نا، ئەوان، نە باوکی و نە چایچییەکە لەمانای راستەقینەی کات ناگەن. بۆ ئەوان کات تەنیا بە شتێکەوە مانا پەیدا دەکا، شتێکی نزیک و هەستپێکراو کە دەشێ دەستی پیابێنن، سەیری بکەن و چاوەڕوانییەکیشیان رەنگە لێی هەبێ. "نا، ئەوان قەت نازانن کات چییە،... قەت قەت!"

لە پەنجەرەکەوە دیمەنی شار چەند جوانە. پەڵەهەورە کەمەکان و باڵندە دوورەدەستەکان بەسەریدا تەراتێن دەکەن. دەنگی شار کە دەنگێکی تێکەڵ و ژاوەژاوئاسایە دەگات گوێ. کەس نازانێ دەڵێ چی. ئەو دەنگەی ئەم ساڵانی ساڵ نەیتوانیبوو بیبیستێ. بێتاقەتی ببوو؟ نازانێ. ئاخر مرۆڤ چلۆن وەڕەزیی شتێ دەکا کە لێی تێناگا. بەڵام نا! وایە، بێتاقەتی ببوو. شەرت نیە بۆ ئەوەی وەڕەزیی شتێ بکەی، دەبێ لێی تێبگەی. لای ئەو، هەناوی هەموو کارەساتەکە لەمەدایە: وەڕەزی بێ ئەوەی بزانی بۆ. ئیتر مرۆڤ دەبێ بە خولخولۆکە. بە دەوری خۆیدا لەوپەڕی خێراییدا دەسوڕێتەوە، بێ ئەوەی بزانێ بۆ. تۆ بڵێی کەسێک هەبێ لەپشتی ئەم خولانەوەیە،... یان ئەمە لە سروشت و لە تەبیعەتی خۆیایەتی؟

دەمی بۆنی چایی دەگرێ. لەوێ لە چواردیوارییەکەدا جگە لە بۆنی خۆی، هیچ بۆنێکی تر نەدەهات. نا، تەنانەت بۆنی خۆیشی نەبوو. بۆنی تایبەتی دیوار و سەقف و کەفەکە بوو. نا، ئەمەیش نەبوو!... هەمووی ئەمانە پێکەوە بوون بە ئیزافەی شتێکی تر. کامە؟ خەیاڵی دەڕوا. هەوڵدەدات وێنەهەڵگیراوەکە بێنێتەوە بەرچاوی خۆی. بە جوانی بەسەری دەکاتەوە. هیچی وانابینێتەوە. ئەی ئەم شتە چییە؟

بێ ئۆقرە دەبێ. ئەوێک کە تا ئیستاکە پێی وابوو لە وێنەکەدا هەموو شتێکی هەڵگرتووەتەوە، کتوپڕ تێدەگا شتێک ونە،... شتێکی زۆر گرینگ. شتێک فەرامۆشکراوە. وەک هەمیشە.  چایچییەکە دەڵێ ئەگەرچی ساڵانی ساڵە من لێرەم و لەم قاوەخانەیە کاردەکەم، بەڵام لەم دیمەنە ماندوو نەبوومە، هەمیشە لەبەر چاومدا تازەیە، هی بەرزییە، هی ساڵەکانە، یان هۆکارەکەی دەروونی خۆمە، نازانم! چەندە بەلایەوە سەیرە، قاوەچییەکە، لەبەرچاوی لە شێوەی هەیکەلی فیلسووفێک دەردەکەوێ. جوان لێی دەڕوانێ. بیردەکاتەوە جیاوازیی ئەوی نێوان دیوارەکان و ئەم چایچییە لەراستیدا لەچیدایە؟ گەر تەواوی ژیان بریتی بێت لە شوێنێکی بچوک، چ فەرق دەکا چەندە بچوک بێت؟... جا چ قاوەخانەیەک بێت یان چواردیواری تەسکی زیندانێک؟

باوکی کە لە بێدەنگی و قسەنەکردنی کوڕەکەی بەرەبەرە نیگەران دەبێ، هەوڵدەدا هەرچۆنێک بێت بیهێنێتە دووان. باسی دایکی و خوشکەکانی بۆ دەکا، باسی گەڕەک و دراوسێکان. ئەوەیکە کۆڵان وەک هەمیشە قەرەباڵغە، بەتایبەت بە کاتی ئێوارەیاندا. ئەوەیکە هیچ شتێک لەم دونیایەدا وەک ماڵەوە نابێ. دەڵێ گەر لێی بپرسن خودا بۆچی دونیای خوڵقاند، لە وەڵامدا دەڵێ لەبەر ماڵەوە، لەبەر ئێوارەیانی ماڵەوە. ئێوارەیان؟ لەوێ ئێوارەیان ناخۆشترین کاتەکانی ژیان بوون. سەرەتای بێدەنگیی کوشندەی شەو. ئەو کاتانەی دەستی بە دیوارەکاندا دەهێنا و لەگەڵیان دەکەوتە قسە. هەر دیوارەی ناوی خۆی هەبوو و خاوەنی بەسەرهاتی خۆی. ئەو بەسەرهاتانەی کە لە گێڕانەوەیان تێرنەدەبوون. جارێکیان یەکێک لە دیوارەکان پێی گوت کە ئەو لە راستیدا تەنیا نیە و هەر ئێستاکە لە ژوورەکەدا بە دەیان کەسی تری لێیە. کەسە نەبینراوەکان. ئەوانەی وەک ئەو دادەنیشتن، رادەوەستن، هەڵدەستن، دەقیژێنن، لە ترسانا و لە تەنیایدا خۆیان لەسەر زەوی گرمۆڵەدەکەن، یاخود بە گەردنی کشاوە و سەری بەرز و چاوی تیژەوە لە سەقفەکە بە سەعات دەڕوانن. ئەو پەیکەرانەی بەناو یەکتردا دەچن، لێک دەئاڵێن بە بێ ئەوەی بە یەکتر بزانن! بە بێ ئەوەی یەکتر ببینن! بە درێژایی ساڵانی ساڵ. دیواری رۆژهەڵات بوو ئەمەی بۆ گێڕایەوە، رۆژئاوا، باکوور یان باشوور، نازانێ. لە بیری نەماوە. بەڵام گرینگ نیە. گرینگ نیە کێ گێڕایەوە، گرینگ خودی گێڕانەوەکەیە. کاتێک ئەمەیان دەگێڕایەوە، زیندانوانەکە قەمچی بەدەستەوە، بەپڕتاو دەهات و بە توڕەییەکی سەیرەوە خۆی بە ژوورەکەدا دەکرد و هەتا دەیتوانی لێی دەدا. وەک بڵێی دەیویست پەیکەرەکان لەیەک جیابکاتەوە. ئاخر نە ئەوەیکە مەبەست لەم چواردیوارییەیش هەرئەمە بوو! خوێن لە هەموو شوێنێک دەڵەمەی دەبەست. وەی لەم خوێنەیش کە قەت کۆتایی نەدەهات! وەک بڵێی دەکرا بە دەیان جار چواردیوارییەکە پێی رەنگ و رەنگ بکەیتەوە.

هەڵدەستێ و دەچێتە بەر پەنجەرەکە. لە دەرەوە رادەمێنێ. باوکی و قاوەچییەکە لەیەکتر دەڕوانن. باوکی هەناسەیەک هەڵدەکێشێ. قاوەچییەکە، نیگای دەدزێتەوە و خۆی بە خاوێنکردنەوەی سەماوەرەکەوە خەریک دەکا. باشە ئەوە چییە لە وێنەکەدا نیە؟ چییە وا نەهاتووە و رەنگەکان فەرامۆشیان کردووە؟ بەپەلە ئەم رستانە لەخۆی دووردەخاتەوە و هەوڵدەدا خەیاڵ و زەینی تەنیا لەسەر شتەکە یەکانگیربکا. پێی وایە جاری وایە وشە هێزی بیر و خەیاڵ دادەبەزێنێ. ئەو شتەی ونە، رەنگە لەرەگەزی وشەکان نەبێ، دوور بێت لە هەر چەشنە حەرف و پیتێک. شتێک کە تەنیا بە خەیاڵ راودەکرێ. چاوەکانی دەقونجێنێ و سەر بە شووشەکەوە دەنێ. ویزەویزی ئەو مێشەی وا بە سەر شووشەکەدا دەخشێ و گیرۆدەی دەستی تەقدیری خولانەوەیەکی بێسوودە، ناو گوێیەکانی دەئاخنێ. لەناکاو خۆی وەک ئەم مێشە دێتە بەرچاو. بیری ئەوەیکە نەکا هەموو ژیانی، چ پێش زیندان و چ لە زینداندا تەمسیلێک بووە چەشنی ئەم مێشە، هەراسانی دەکا،... بیری خۆسووانە ئەبەدییەکان بە سەر شووشەیەکی رووندا کە لە راستیدا دیوارێکی ترسناک بووە، هەرچەند ئەودیویشی لێوە دیاربووە. ئەودیوێک وەک دیمەنێک بە سەر جوانییەکی دەگمەندا "نەکا هەموو ژیان بریتی بێت لەمە؟"

دەستێک، شانی دەگرێ. باوکیەتی. با بڕۆین رۆڵە،... با بڕۆین. ماڵەوە باشترین شوێنی دونیایە. دایکت و ئەوان چاوەڕوانتن. لادەکاتەوە و لەباوکی دەڕوانێ. سیمایەکی یەکجار دوورەدەستی میهرەبان. بیری ئەوەی باوکی لە کارەساتەکە تێناگا، تووڕەی دەکا. بەڵام دەستی باوکی، وەک قورساییەکی پڕلەززەت دێتە بەرچاوی. وەک بڵێی بیری قاچەکانی دێنێتەوە کە لەسەر زەویین. بابە! شتێکم فەرامۆش کردووە،... وێنەکە شتێکی کەمە! باوکی بە سەرسوڕمانەوە سەیری دەکا. شتێکی زۆر گرینگ، نازانم چۆن نەهاتووە، من دڵنیام کە هەڵەم نەکردووە،... دڵنیام. باوکی بە چاوە پڕ لە پرسیارەکانییەوە ورد لێی دەڕوانێ. من دەبێ بگەڕێمەوە بۆ ئەوەی ئەو شتە بهێنمەوە، دەبێ وێنەیەکی تر هەڵبگرمەوە! بۆن،... بۆنەکە نەهاتووە، ئەو بۆنەی کە زیاتر لەهەر شتێکی تر دەتوانێ وێنەکە بکا بە وێنە! باوکی ئارام باوەش بە کوڕەکەیدا دەکا. کوڕم خۆشترین بۆن بۆنی ماڵەوەیە، تازە ئەوێ فەرامۆش کە،... ئەوێ بۆ بیرەوەریش نابێ چ بگا بە هەڵگرتنەوەی وێنە لێی، ئەوێ فەرامۆش بکە، یەکجار بۆ هەمیشە! بۆنی جەستەی باوکی چەند توندە. دێتەوە بیری کە گەرمای دەرەوەی بەر دەرگای زیندان چەندە بێ بەزییە،... ئەویش بە درێژایی ساڵانی ساڵ. باوکی دەبێ چەندە ئارەقەی کردبێتەوە؟

ئەوقی گریانێکی بەکوڵ بەربینگی پێدەگرێ و ئەوسا نەرمنەرم دەست دەکا بە گریان. شانەکانی چەند بێ بەزییانە جەستەی رادەتڵەکێنن.

 

لەسەر رێگای ماڵەوە، لەناو ئۆتۆمبیلەکەدا لە کاتێکدا پاڵی داوەتەوە و سەری بەئاستەم بە دەرگاکەوە ناوە، هەوڵدەدا وێنەکە سەرلەنوێ بکێشێتەوە،... بە تێکەڵێک لە بۆنی جەستەی باوکی و بۆنی ماڵەوە پڕبکاتەوە، هەر کە گەیشتە ماڵەوە،... هەر کە گەیشتە ماڵەوە. 

Image result for fengsel art

گەڕان بۆ بابەت