ئەحمەد ڕەزا

تۆ بمنێرە بۆ وڵاتێک
لە وڕێنەکانم بخات و
 زمانی چاوەکانیشت نەگاتە من،
خوێنبەربوونی هاوسەنگییم لێ دابماڵی.

 

ئەنگۆرەی کزر

ئەحمەد ڕەزا

 

لە پشت ڕەنگی پێستی تۆوە خۆم حەشار ئەدەم،

تا تێکەڵ بە بێدەنگیت ببم.

نازێک لە لێو و چپەدووت ئەپێچمەوە

بۆ سەنگەری تێکشکاوم،

من گەر جەنگاوەریش نەبم؛

ئەزانم چۆن بگەڕێمەوە بەر باخیێک

دێڕێکیتر لە نەمریی هەڵبمژم..!

هەرکات ویستت..

بمخەرە ناو دڵی ئاگرەوە

دەستنوێژێک بە بەرائەتم هەڵگرە،

لە دوورەوە.

 

شانازییەک بکە بە یەخەی جوانیتا

سەیری مانگ بکە چۆن ئەستێرەکان

بە دەوریا هەڵئەوەرن.

بمدەرە دەست دەریایەکی نائارام و نەناسراو

لە هاژەدا بۆم بگەڕێ.

من بۆ تارمایی نیازێک

دڵی خۆمم کردووەتەوە،

ئەوی بووەتە چەقی خەیاڵ،

ئەو چەند ساڵەی لەسەر لێوم وشک هەڵگەڕان،

دانە دانە

ئەیانخەمەوە بەر نەغمەی چڕە ئازاری فامیدە.

 

تۆ مەهێڵە پوش و پەڵاشێک 

لەم خۆشویستن و جوانناسییەم 

لە کەزییەکانت بئاڵێ؛

تۆ نەهێڵی تاڵە موییەکی سمێڵی زبرو

کورتەڕیشی لە سپێتیی هەڵکشاوم

بە تولەڕێیەکدا بێن و

بگەنەوە بە ئەنگۆرەی یەکناسینی:

پێدەشت و چیا،

گەردانەو مل،

ئارەقەو بن باڵ،

لێو و پیاسەیەکی بە زەحمەتی ناوی مندا..!

تۆ بمنێرە بۆ وڵاتێک

لە وڕێنەکانم بخات و

 زمانی چاوەکانیشت نەگاتە من،

خوێنبەربوونی هاوسەنگییم لێ دابماڵی..

چرۆیەکم لە گلێنەدا شین نەبێ؛

من ئەو دەمە..

کەڵەگەتتر لە ڕێژنەی بەزمی نازی تۆ

باڵ ئەگرم و

ئەبمەوە بە دەرگاوانی ئەو خەمەی

ڕۆژانە لێم سەرڕێژ ئەکا،

شەوانە بەر ئەبێتە زەین و خەیاڵم

وەک بیەوێ تەراشیکا.

 

چوون شەهرەزادێک شک ئەبەم؛

هێندە خوێنی قوربانییەکانی بینیوە..

ئێستا ئەزانێ ئافاتێک لە بزەیدا بەرپا بکاو

  لە خوێنیشیا..

جەللادێک هەستێتە سەر پێ!

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

ئەنگۆرە/ ئێوارەی درەنگ وەخت

 

 Image result for druer

گەڕان بۆ بابەت