لە ئینگلیزییەوە: موحەممەدئەمین مەجیدیان
به‌ڵام ئێستا هیچ هۆیه‌ک نه‌مابوو پاڵی پێوه‌نێ دوای ئه‌م کاره بکه‌وێ. هه‌موو ئه‌و حه‌ز و ئاره‌زووانه‌ی هه‌یبوو بۆ کاری که‌شیشی و خانووبه‌ره‌که‌ی و ژنهێنان، له ڕاستیدا هه‌موو جۆره ژنهێنانێکی له‌به‌رچاو که‌وت. بۆیه بڕیاریدا دهسبداته خوێندنێک که پێی باشتره.
ههنریک و ڕۆزالیا
مایه‌ر ئارون گۆڵدسمیت
لە ئینگلیزییەوە: موحەممەدئەمین مەجیدیان
به‌سه‌رهات و چاره‌نووسی ئه‌وین و خۆشه‌ویستی زۆرجاران شتێکی سه‌یر و سه‌رنجراکێشه و مرۆڤ سه‌ری لێده‌رناکات؛ نه‌ک ته‌نیا له شته گرینکهکانا، به‌ڵکوو له‌و شتانه‌ش که گرینگی‌یان که‌متره، هه‌ر وه‌ک ئه‌م چیرۆکه‌ی خواره‌وه پیشانمان ده‌دا.
ههنریک فاڵک، خوێندکاری زانسته ئایینییه‌کان، ئێواره‌یه‌ک ڕۆزالیای ده‌زگیرانی ده‌بات بۆ شانۆ، بۆ بینینی شانۆی "جیانه‌بوونه‌وه". ڕۆژی دوایی که له هۆده خنجیلانه خوێندکارییه‌که‌ی دانیشتبوو و خه‌ریکی سهبیلهکێشان بوو، ئه‌م نووسراوه‌ی خواره‌وه‌ی بۆ هات: "من وابه‌باش ده‌زانم دهزگیرانییهکهمان تێکبده‌ین" ـ ڕۆزالیا.
ههنریک له سه‌رسووڕمانا نه‌یده‌توانی له‌م په‌یامه تێبگات؛ خێرا سه‌بیله‌که‌ی دانا و جله‌کانی له‌به‌رکرد و به‌په‌له چوو بۆ ماڵی ده‌زگیرانه‌که‌ی. له‌وێ پێیانگوت رۆزالیا ڕۆشتوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێی‌خۆش بێت، ده‌توانێ له‌گه‌ڵ پووری رۆزالیا قسه بکات.
پووری ڕۆزالیا که هات هیچی پێنه‌بوو بیڵێ. چونکه ئه‌ویش هیچی لێنه‌ده‌زانی.
کاتێ رۆزالیا شه‌وی پێشوو له تیاتر گه‌ڕابۆوه، زۆر مات و بێده‌نگ بوو، هه‌ر زوویش نیشانه‌ی ئاڵۆزی ده‌روونی لێده‌رکه‌وتبوو و گوتبووی: به‌لای ئه‌وه‌وه، ئه‌و په‌یوه‌ندییه ناشاعیرانهیهی نێوان ''ماڵه'' و ''کلیستهر'' ـ دوو یاریکه‌ری شانۆکه ـ وزه‌بڕه و ته‌نانه‌ت هه‌ڵه‌یشه، له‌وانه‌یه هه‌موو، یان زۆربه‌ی ده‌زگیرانداره‌کان وه‌کوو ئه‌وان بن، دره‌نگ یان زوو به ته‌نگ یه‌کتره‌وه نامێنن. له ئاوه‌ها حاڵێکدا چاکتره شوو نه‌کا و هه‌ر ره‌به‌ن بمێنێته‌وه.
ئیتر دوای ئه‌و هه‌موو نامانه‌ی که نووسیبوونی، دڵنیا ببوو ههنریک فاڵک هه‌موویانی یه‌ک له‌دوای یه‌ک دڕاندووه، بۆیه دوا نامه‌ی به پۆستا ناردبوو. ئه‌و شه‌وه له جیاتی ئه‌وه‌ی بچێته سه‌ر جێگا و بنوێ، که‌ل و په‌له‌که‌ی خۆی پێچابۆوه وئه‌وێی به‌جێهێشتبوو.
پووره‌که‌ی ڕۆزالیا درێژه‌ی به قسه‌کانی دا و گوتی: " تۆ ده‌زانی له ڕاستیدا من ده‌سه‌ڵاتم به‌سه‌ریا نه‌بوو. ئه‌و هه‌ر ته‌نیا بۆ دیده‌نی من هاتبووه ئێره، ئه‌گه‌ر ویستبای بچێته لای خزمه‌کانی تری، من نه‌مده‌توانی پێشی پێبگرم. ئیتر کامه پوور و مام؟ یان کامه خزمی؟" ـ چونکه ڕۆزالیا دایک و باوکی نه‌مابوون ـ پووره‌که‌ی باسی نه‌کرد. چونکه گفتی به ڕۆزالیا دابوو ئه‌و نهێنییه لای که‌س نه‌درکێنێ.
ماوه‌یه‌ک ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌م شتانه قسه‌یان کرد، له نێو قسه‌کاندا پووره‌که‌ی ڕۆزالیا له هه‌نریکی پرسی: '' ئه‌تۆ دڵنیای له‌وه ئه‌و کچه به جورێک دڵی نه‌شکابێ و زیز نه‌بووبێ؟" هه‌نریکیش زۆر به پشتئه‌ستوورییه‌وه دڵنیای کرد که شتی وا نه‌بوه و ڕووینه‌داوه.
پووری ڕۆزالیا گوتی: "ئه‌رێ، هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ کچێکی که‌م ته‌مه‌ندا کارێکی دژواره ئه‌ویش به بێداهاتێکی سه‌ربه‌خۆ. به‌ڕێز فاڵک، تۆ ده‌زانی له‌ڕاستیدا ده‌زگیرانداری بۆ کچێکی حه‌ڤده ساڵان ئێجگار زووه، بۆ جاریکی تر ده‌بێ زۆر وریا بی."
له ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ ماڵه‌وه و ته‌نانه‌ت چه‌ند سه‌عات دواتریش، ههنریک زۆر به‌وردی به ژیانی ڕابردووی خۆیدا چۆوه. ئه‌و ده‌بوو پێ له‌وه بنێ، هه‌ندێ کات له ژیانیدا هه‌بووه که ئیستا له ڕاستیدا هیچ بۆیان په‌شیمان نییه، که‌چی به‌سه‌رهاتی ئه‌م دهزگیرانییهی زۆر په‌رۆش و دڵشکاوی کردبوو. ئه‌مه‌ش له به‌ر ئه‌وه نه‌بوو که ههنریک که‌موکووڕییه‌ک یان خه‌وشێکی له ڕۆزالیا دیبێته‌وه، بۆیه ئێستا به ژیانی ڕابردوویدا ده‌چێته‌وه. ئه‌و له‌خۆی ده‌پرسی ئه‌وه چبوو له‌ودا، که جاروبار نه‌یده‌هێشت قه‌دری به‌ختی سه‌ر ڕێگای ژیانی خۆی بزانێ. له ڕاستیشدا به‌هۆی ئه‌م سپڵه‌ییه بوو، بۆی گران بوو له هه‌ست و سۆزی پێشووی خۆی تێبگات.
ههنریک کاتێ له دڵی خۆی ده‌کۆڵیه‌وه، بیری ده‌هاته‌وه هه‌ر وه‌ک دوێنێ بووبێ ڕۆزالیای وه‌ها هاسان چنگ که‌وتبوو. ئه‌وان که‌مێک دوای ته‌واو بوونی زانکۆکه‌ی ههنریک له کۆڕێکی هه‌ڵپه‌رکێدا پێکه‌وه ئاشنا ببوون؛ دواییش چه‌ند دیدارێکی به‌ڕێکه‌وت، پیاسه‌یه‌ک و ڕوویه‌کی خۆش و چه‌ند قسه‌ی شیرین که پێکه‌وه کردبوویان ههنریک که‌وتبووه به‌ردڵی ڕۆزالیا. چاره‌نووس و نێوچه‌وان به‌خته‌وه‌رییه‌کی هێنابووه سه‌ر ڕێگای، زۆر زیاتر له‌وه‌ی هه‌تا ئێستا پێیزانیبێ. به‌ڵێ کێشه‌که ئه‌مه بوو. ئه‌و قه‌دری ئه‌م به‌خته چاکه‌ی خۆی نه‌زانیبوو؛ له دڵیدا ههستمردوویییهک هه‌بوو، نه‌بوونی هێز و وره‌یه‌ک، حه‌ز و تینێکی وه‌ها که بێگومان ڕۆزالیا سه‌رنجی دابوویه و ئێستاش به‌مجۆره سزای ده‌دا. سزایه‌کی زۆر بێبه‌زه‌ییانه بەڵام به‌جێگا.
ئا له‌م حاڵه‌دا ڕۆزالیا به‌و هه‌موو جوانی و ناسکی و دڵڕفێنییه‌وه ده‌هاته به‌رچاوی ههنریک، که لهمهوپێش چاوی لێ قونجاندبوو. ئه‌و ئێستاکه ڕۆزالیای به چاوی بیر و هۆش زۆر ڕوونتر له‌وه‌ی ده‌بینی که به چاوه‌کانی سه‌ری دیبووی. به‌ڵام ئێستاکه ئیتر هه‌ر هه‌موو شتێک به‌سه‌رچووه!
له نێو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه سروشتیانه‌ی ڕۆزالیادا، که تا ئێستا ههنریک زۆر به زه‌حمه‌ت سه‌رنجی دابوونێ یان نرخی بۆ دانابوون، دانه‌یه‌کیان زۆر له‌روو و به‌رچاو بوو: ئه‌ویش ئه‌مه بوو که ڕۆزالیا، کچێکی ڕه‌وشتبه‌رز و به‌بڕیار بوو. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م
ئارمانخوازی و لووتبه‌رزی و که‌شخه‌یی ژنانه‌ی و نه‌بوونی مه‌کر و نازی بوو، که خێرا دڵی به ههنریک سپاردبوو و ئه‌وی کێشکردبووه نێو زه‌لکاوی ئه‌م چیرۆکه وشک و ناخۆشه.
تا ماوه‌یه‌ک ههنریک زۆر دڵته‌نگ و خه‌فه‌تبار بوو. ئه‌گه‌رچی به به‌سه‌رچوونی زه‌مان خه‌موخه‌فه‌ت هه‌ر که‌متر و که‌متر ده‌بۆوه به‌ڵام ئه‌م مه‌راقه‌ی هه‌ر له دڵدا ما و ئاڵوگۆڕێکی گه‌وره‌ی له‌ودا پێکهێنا.
ههنریک له پێشدا له خوێندنی ئایینی ده‌ستی هه‌ڵگرت. ئه‌م حه‌ز لهدهستکێشانهوهیشی وه‌کوو ده‌زگیران گرتنه‌که‌ی له‌ناکاو و کوتوپڕ بوو. له‌گه‌ڵ ڕۆزالیا له ژیانی لادێ، خانووبه‌ره و مووچه‌ی که‌شیش و خۆشی و شادی دووابوو، به‌رله‌وه‌ی بزانێ ئه‌م شتانه‌ی ئه‌و به‌م شێوه‌یه قسه‌یان لێده‌کا، گفتێکه به‌ره‌و یه‌کلابوونه‌وه‌ی ده‌با و به‌ڵێنێکه بۆ بردنی رۆزالیا بۆ خانووبه‌ره کهشیشیهکهی. ئه‌مانه ببوونه هۆی هه‌ڵبژاردنی خوێندنی ئایینی بۆ ئه‌و.
به‌ڵام ئێستا هیچ هۆیه‌ک نه‌مابوو، پاڵی پێوه‌نێ دوای ئه‌م کاره بکه‌وێ. هه‌موو ئه‌و حه‌ز و ئاره‌زووانه‌ی هه‌یبوو بۆ کاری که‌شیشی و خانووبه‌ره‌که‌ی و ژنهێنان، له ڕاستیدا هه‌موو جۆره ژنهێنانێکی له‌به‌رچاو که‌وت. بۆیه بڕیاریدا دهسبداته خوێندنێک که پێی باشتره و له‌م ره‌وشه‌ی ئێستادا بتوانێ له ده‌س پلانه‌کانی پێشووی ڕزگاری بکا، واته، پزیشکی.
پاش پێنج ساڵ و نیو، زه‌حمه‌ت و تێکۆشان، ههنریک خوێندنی ته‌واو کرد و ئاماده‌بوو، وه‌ک پزیشکێکی گه‌نج ده‌سبه‌کار بێت؛ بریاریدا له ناوچه‌یه‌ک، له شارێکی دوور نیشته‌جێ بێت؛ ئه‌مه‌ش له راستیدا به پێی ئه‌و هه‌سته خهیاڵپڵاویهی بوو که له درێژه‌ی زه‌ماندا له‌لای په‌ره‌ی گرتبوو.
هه‌موو شتێکی ژیان له کۆپێنهاک له‌به‌رچاوی ئه‌ودا وشک و ناخۆش بوو، له حاڵێکدا چاوه‌ڕوانی ده‌رفه‌تی ژیانێکی ئاسایی و بێ فڕوفێڵ، ڕۆمانتیک و شاعیرانه‌ی له شارێکی بچووک و لادێکانی ده‌وروبه‌ری ده‌کرد.
بیستبووی له شاره چکۆله‌که‌ی ''یووتلاند'' ئومێد به په‌یدا کردنی مشته‌ری زۆره، بۆیه خێرا گواستییه‌وه بۆ ئه‌وێ. به‌ڵام ئه‌گه‌رچی پزیشکێکی گه‌نج و ئێسکسووکی وه‌ک ئه‌و، به‌و زه‌رده‌خه‌نه شیرینه‌ی سه‌ر لێوانیه‌وه، ده‌یتوانی کار بکاته سه‌ر خه‌ڵکانی ده‌وروبه‌ری، که‌چی هه‌ر زوو ڕووبه‌ڕووی کۆسپ و ته‌گه‌ران بۆوه. له ''یووتلاند'' خانووبه‌ره‌ی به‌کرێی زۆر لێنه‌بوو، ئه‌و چه‌ند خانووه‌ش که بۆ کاره‌که‌ی ئه‌و له‌بار بوون، خاوه‌نه‌کانیان له‌به‌ر هاوکاره‌کانی که له‌وه پیش له‌وێ بوون به‌کرێیان نه‌ده‌دایێ.
هه‌ر له‌م سه‌روبه‌نده‌دا پزیشکێکی ئاژه‌ڵان مرد. ههنریک فاڵک به‌و پاره‌ی هه‌یبوو خانووه‌که‌ی له بێوه‌ژنی ئه‌و مردووه کڕیه‌وه و گواستییه‌وه بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌که.
زۆری پێنه‌چوو، ڕۆژێک کابرایه‌ک له گوندێکی نزیکه‌وه هات و داوای لێکرد له‌گه‌ڵیا بچێت بۆ مه‌زرای ئاغاکه‌ی. ههنریک فاڵک خۆشحاڵ له‌وه‌ی که هه‌واڵی دامه‌زراندنی گه‌یشتۆته نێو جووتیاره‌کانی ناوچه، هه‌ر زوو کورسییه بهکارنههێنراوهکهی خسته نێو واگوونهکه و به بێده‌نگی به‌ره‌و دێ ڕێکه‌وتن.
کاتێ له شار چوونه ده‌ر، فاڵک له لێخوڕه ڕووگرژهکهی پرسی: ''نه‌خۆشه‌که‌تان چییه‌تی؟ پێتوایه کێشه‌که‌ی چییه؟''
کابرا وه‌ڵامی دایه‌وه:'' ئێسقان له قوڕگی گیراوه.''
''باشه نهتانکێشا به پشتیدا؟''
کابرا به‌سه‌یره‌وه ئاوڕێکی له فاڵک دایه‌وه وگوتی:'' له‌وانه‌یه''
لێره گفتگۆکهیان دوایی هات. دوای ماوه‌یه‌ک گه‌یشتنه مه‌زراکه، که که‌وتبوه که‌ناری ده‌شتێکی چۆڵ.
کابرای خاوه‌ن مه‌زرا به پیر دوکتۆره‌وه هات و پێشی که‌وت بۆ دیوه‌خان. ناردی ساندویچ و براندی بۆ بهێنن. به‌ڵام فاڵک حه‌زی له خواردن نه‌بوو؛ ئه‌وه‌ی ڕاست بێ هه‌ستی به ئارامی نه‌ده‌کرد.
سه‌رئه‌نجام کاتی ئه‌وه هات نه‌خۆشه‌که ببینێ، فاڵک لای سه‌یر بوو که خاوه‌ن ماڵه‌که پێشی که‌وت بۆ حه‌وشه و له‌وێوه به نێو گهوڕهکانا بردی بۆ تاقه ماڵێک له زه‌لکاوێکدا، که بۆنێکی ئێجگار ناخۆشی لێده‌هات.
خاوه‌ن ماڵه‌که ده‌رگایه‌کی کورته‌ڵه‌ی کرده‌وه و دوکتۆری برده سه‌ر به‌رازێک و گۆتی: ''ئه‌مه نه‌خۆشه‌که‌یه.''
ههنریک فاڵک له‌بیری چووبۆوه که گواستویه‌تیه‌وه بۆ خانووی پزیشکێکی ئاژه‌ڵان.
خوێن هوروژمی هێنایه کوڵمه‌کانی و نه‌ڕاندی: ''چـــــــــی، ئێوه چاوه‌ڕوانن من بهرازهکهتان بۆ ده‌رمان که‌م؟"
خاوه‌ن مه‌زراکه هاته وه‌ڵام و گوتی:'' به‌ڵێ، به‌رله‌وه تۆ بێی، ناردمان له دوای "جه‌س پهرسهن" بۆ چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌سپه‌که‌مان، جارێکی تر خوا حه‌زکا ئه‌سپه‌که‌ش چاره ده‌که‌ی، جارێ ئه‌مڕۆ هه‌ر به‌رازه‌که به‌سه.''
بڕۆن... به خۆتان و به‌راز و ئهسپهکهشتانهوه."
خاوه‌نماڵ، ڕه‌نگی تێکچوو و گۆتی: "ئه‌تۆ نابێ وشه‌ی وا ناشیرین به زارتا بێ."
دوکتۆر نه‌ڕاندی و گۆتی: "به‌ڵێ، هه‌ر ئه‌وه ده‌بێ بڵێم، جارێکی تر که ئاژه‌ڵتان نه‌خۆش ده‌که‌وێ، بنێرن به شوێن پزیشکی ئاژه‌ڵاندا، نه‌ک پزیشکی مروڤ. بیستوومه ده‌ڵێن ئێوه‌ی جووتیار هیچ شتێکتان لا چاکتر له ئاژه‌ڵ نییه، به‌ڵام به ده‌گمه‌ن ده‌نێرن به شوێن پزیشکێکی ئاژه‌ڵدا کاتێک مروڤێکتان نه‌خۆش ده‌بێ.''
جووتیاره‌که کوتی: ''وایه".
''به‌ڵێ وایه و ئیستا زووکه‌ن بمبه‌نه‌وه بۆ شار.''
جووتیاره‌که کوتی: ''فه‌رموو بڕۆ! که‌س تۆ ناباته‌وه بۆ شار، نه خۆت و نه قسه ناشیرینه‌کانت. چاکتره هه‌موویان له‌گه‌ڵ خۆتا به‌ریه‌وه."
ههنریک به ده‌نگێکی نه‌رم و له‌سه‌رخۆ گوتی:'' ئه‌ها! هاته‌وه بیرم، ده‌بێ له شوێنێک به هه‌ڵه تێگه‌یشتنێک هه‌بێ؛ من گواستوومه‌ته‌وه شوێنه‌که‌ی "هانسه‌ن" پزیشکی ئاژه‌ڵان، لێره‌وه‌یه هه‌ڵه‌که ده‌سپێده‌کات."
کابرای جووتیار گۆتی: "ڕه‌نگه وابێ''.
که وایه توخوا بێزه‌حمه‌ت واگۆنێکم بۆ بنێره.
" نا، ئه‌سپه‌کانی ئێمه تۆ و قسه ناشیرینه‌کانت لێره بۆ هیچکوێ ناگوێزنه‌وه ـ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له پێشدا به‌رازه‌که‌مان ده‌رمان بکه‌ی."
'' له به‌رازه پیس و بۆگه‌نه‌که‌تان هه‌ر قسه مه‌که.''
به‌بێ ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌کی تر بکرێ، جووتیاره‌که باوه‌شی کرد به دوکتۆرا و ده‌سته‌کانی له که‌مه‌ری قایم کرد و به‌رزی کرده‌وه و بردی تا گه‌یشته شوێنێکی ته‌ختایی.
به‌م چه‌شنه کابرای جووتیار هه‌نریکی له مه‌زراکه نه‌ختێ دوور خسته‌وه و داینا و هاواری کردێ: "ڕووت ڕه‌ش بێ بۆ خۆت‌و ئه‌و زمانه چهوتهت!"
به‌ده‌م نرکه‌ی ئازار و ڕقه‌وه ههنریک نه‌ڕاندی، ''تۆ ده‌بێ من به‌ریته‌وه بۆ ماڵه‌وه. کورسییهکهیشم لیره ماوه؛ ئه‌گه‌ر ڕایگری ده‌بیته دز."
کابرای جووتیار گه‌ڕاوه ماڵه‌وه و کورسییه‌که‌ی بۆ هێناوه و دوو کڕۆنی بۆ له‌سه‌ر دانا و گۆتی: "فه‌رموو، جاریکی تریش ڕووت ڕه‌ش بێ!''
دوکتۆر زانی ئیتر دۆڕاندوویه‌تی. هاته سه‌ر ئه‌و بڕیاره به پێیان بگه‌ڕێته‌وه شار، هه‌ر وه‌ها هه‌وڵیش بدا که‌سێک به‌کرێ بگرێ کورسییه‌که‌ی بۆ هه‌ڵگرێ.
ههنریک شاره‌زای ئه‌و شوێنه نه‌بوو، ته‌نیا ئه‌مه‌ی هاته‌وه بیر، له کاتی هاتنا به ده‌ستی چه‌پدا لایدابوو بۆ نێو مه‌زراکه، که واته له گه‌ڕانه‌وه‌دا ده‌بێ به ده‌ستی ڕاستا لابدا. به‌ڵام ئه‌و ئه‌مه‌ی له‌بیر چووبوو که له‌و دیو گەلەخانهکهوه هێنابوویانه ده‌ر، ئه‌نجامه‌که‌ش ئه‌وه‌بوو ڕێگاکه‌ی هه‌ڵه کرد.
له پێشدا له‌به‌ر ده‌روونی شپرزه و ئاڵۆزی سه‌رنجی نه‌دایه ده‌ور و پشتی خۆی، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ک ڕێبڕین لای سه‌یر بوو بۆچی ناگاته ڕێگا گه‌وره‌که، ئێستا ئیتر نه‌یده‌توانی ئه‌و کوێرهڕێگایهش که پیایدا هاتبوو ببینێته‌وه؛ ته‌نیا ڕێچکه‌ی پێچکه ئوتومبیلێک دیار بوو که چووبووه نێو چه‌قڵ و دڕکی ئه‌و ده‌شته چۆڵه‌وه.
بێجگه له‌مه، هه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌بوو که تاریکایی خه‌ریکبوو دائه‌هات، بارانێکی توندیش دایکردبوو، بایه‌کی ساردیشی ئه‌هات.
ههنریک ده‌مێک که‌وته ڕامان، ده‌یهه‌ویست هێزێک بێته‌وه به‌ری، که جوان له‌و شتانه‌ی ڕوویاندابوو وردبۆوه، بیری هاته‌وه جووتیاره‌که له ده‌روازه‌ی پشتی گه‌وڕه‌که‌وه ئه‌وی هێنابوه ده‌ر؛ بۆیه پێی زانی که ڕێگاکه‌ی هه‌ڵه کردوه و دبێ هه‌موو ئه‌و ڕێگایه‌ی که هاتووه بگه‌ڕێته‌وه دواوه. به‌ڵام ئه‌و ئیتر نه‌یده‌ویست جارێکی تر به‌لای ئه‌و گه‌وڕ و مه‌زرایه‌دا بڕواته‌وه؛ لای خۆی وای لێکداوه، ئه‌گه‌ر مه‌زراکه که‌وتبێته لای ده‌سته ڕاستییه‌وه، شار له باشووری زه‌ویوزار و خانووبه‌ره‌ی مووچه‌که هه‌ڵکه‌وتووه، بۆیه ده‌بێ ڕاست داکشێ به‌ره‌و باشووری خۆرهه‌ڵات. پاش ماوه‌یه‌کی کورت ههنریک ڕێی لێ ونبوو، له حاڵێکدا تا سه‌ر ئێسک ته‌ڕ ببوو تاریکیش ته‌واو ده‌وری دابوو.
جله‌کانی له ئاوا خووسابوون، له سه‌رمانا هه‌ڵئه‌له‌رزی، به‌زۆر خۆی به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌برد، ڕاسته‌و ڕاست ده‌ڕۆی به ڕێدا، نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیوای به دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاکه بێت، به‌ڵکوو زیاتر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌رم بێته‌وه و به لادا نه‌که‌وێ.
له ناکاو له‌و ده‌شته چۆڵه‌دا که‌وت به‌سه‌ر مێرگ و چیمه‌نێکدا، له دووره‌وه ڕووناکیی چرای ماڵێکی به‌دی کرد، به‌ڵام بڕێکی زۆر ئاو له نێوانیاندا بوو. فاڵک له حاڵێکدا خه‌ریکبوو ده‌بوورایه‌وه به‌ره‌و ماڵه‌که چوو.
ئاله‌م کاته‌دا دوو ژن، یه‌کیان خانمێکی به‌ساڵاچوو و ئه‌ویدیکه‌یان کچێکی ته‌مه‌ن بیست و دوو یان بیست و سێ ساڵان، له دیوه‌خانێکی کۆن و به‌رفراوانی زه‌ویوزاری
'لوندتۆفت' دانیشتبوون. پیرێژنه‌که ئافره‌تێکی ژیر و له‌سه‌رخۆ دیار بوو، کچه‌که‌ش به‌و سه‌روچاوه گه‌ش و شاده‌یه‌وه، له قاره‌مانی داستانێک ده‌چوو له‌سه‌ر زه‌مینێکی ته‌ریک و دابڕاودا!. نیگای خه‌یاڵاویی ئه‌م کچه و هه‌موو له‌شولاری ساکارییه‌کی دڵڕفێنی پێوه دیاربوو. له به‌ژن و باڵایا، له چاوه‌کانیا، له ڕه‌نگوڕووی و قژه‌کانیا، به‌و شێوازه‌ی ئه‌و له‌سه‌ر سه‌ری خۆی تۆپه‌ڵه‌ی کردبوون، شتێکی نادیار هه‌بوو؛ به‌بێ دووان ده‌ریده‌خست، خه‌ڵکی ئه‌و ده‌وروبه‌ره نییه و نهێنییه‌کی له دڵدایه و سه‌رکێشه به‌رانبه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر میوانی چاوه‌ڕواننه‌کراو، هه‌ر چه‌ند نه‌ناسراویش بێت، ده‌روازه‌کان هه‌ڵده‌پێکن. بۆ ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌م زمانه تێده‌گه‌یشت، ئه‌م به‌ژن و باڵایه، نه‌ک به نووسراوێکی ڕوون، به‌ڵکو به مووزیکیکی بێگۆرانی ئه‌مه‌ی ده‌رده‌بڕی، که‌ئه‌و به چاوێکی لێگه‌ڕان له میوانان نزیک بۆته‌وه، به‌ڵام هه‌ر جار که پرسی به دڵی کردوه پاشگه‌ز بۆته‌وه و ئاگادار کراوه‌ته‌وه که جارێ ڕاوه‌ستێ.
ئه‌و خه‌یاڵه شاعیرانه‌یه‌ی ئه‌وی داگرتبوو، چاوه‌ڕوانی لێده‌کرا؛ چاوه‌ڕوانیی چیرۆکانێک، په‌یدابوونێک، گومانیکی دڵته‌نگی هێنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌م خه‌یاڵه‌ی هه‌رگیز دێته دی؟ هه‌روه‌ها ویستێکی به‌هێزیش بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی ئه‌م داستانه له ماڵێکی دیکه‌دا، هه‌ر چه‌نده له‌م چاوه‌ڕوانییه‌دا گۆناکانیشی زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕێن.
گه‌وره‌ی ماڵ چووبوو بۆ ڕاو، ئه‌و نابێ پیاوێکی زۆر سه‌رنجڕاکێش بێ، به‌ڵام ته‌نانه‌ت پیاوێکی که‌متر له‌ویش سه‌یر، که که‌سێک خووی پێوه گرتبێ، له نه‌بوونیا هه‌ست به که‌لێنێک یان بۆشایییه‌ک ده‌کا، که پڕکردنه‌وه‌ی زۆر زه‌حمه‌ته، به‌تایبه‌ت له گوندێکا که پۆستچی بۆ یه‌ک یان دوو ڕۆژ نایه‌ت و خزمهتکارهکهیش له گه‌ڕانه‌وه‌ی له سه‌فه‌ری شاردا ره‌نگه کتێبی دڵخواز له کتێبخانه نه‌هێنێ یان هه‌ر کتێب نه‌هێنێ.
خۆشبه‌ختانه 'لوندتۆفت' کتێبخانه‌ی خۆی هه‌بوو. دوای نه‌ختێ نائارامی ڕۆزالیا ده‌رزی و دروومانه‌که‌ی خۆی دانا و هه‌ڵسا چوو کتێبه شیعره‌که‌ی' ئۆلهنسلاگر' ی هێنا و له‌سه‌ر داوای پیرێژنه‌که به ده‌نگی به‌رز ده‌ستیکرد به خوێندنه‌وه. داستانێک بوو له باره‌ی ' ئۆگه' و 'ئێلسه'. پێش ئه‌وه‌ی داستانه‌که ته‌واو بکات له‌ناکاو خوێندنه‌وه‌که‌ی بڕی و هاواری کرد: '' زۆرم لام سه‌یره ئه‌م ئه‌فسانانه له باره‌ی ئه‌و دڵدارانه‌وه که له گۆڕه‌کانیانه‌وه دێنه ده‌ر، له کوێ سه‌ریان هه‌ڵداوه؟ دڵنیام له ژیانی به‌ڕاستیدا وه‌رنه‌گیراون. ''قسه‌کانی خانمه‌که له وه‌ڵامیدا باسه‌که‌ی کێشایه سه‌ر خێو و جنۆکان؛ تا ڕۆزالیا پرسی:'' زۆر گرینگه له ژیاندا تووشی که‌سێک ببین دوای مردن بێته‌وه نێومان.''
پیرێژنه‌که وتی؛ ''ئه‌وانه‌ی که ئه‌م کاره ده‌که‌ن، ئێمه ناتوانین له ژیاندا بیانبینین، مه‌گه‌ر له گۆڕه‌کانیاندا.''
دوایی بێده‌نگ بوون و هه‌ر کام که‌وتنه‌وه نێو گێژی خه‌یاڵاتی خۆیان.
له‌پڕ خزمه‌تکاره‌که هاته ژوور و گوتی: "کابرایه‌ک له ده‌ره‌وه‌یه داوای جێگا و په‌نایه‌ک ده‌کا.''
پیرێژنه‌که پرسیاری کرد: ''چ جۆره پیاوێکه؟''
''نازانم. پیاوێکی سامناکه، له‌وه‌ده‌چێ هه‌موو گیانی نوقمی ئاو بووبێ،''
''کرێکاره؟''
''نا، کراسێکی سپیی له‌به‌ردایه، دیاره ئیستا ئیتر سپی نییه.''
''سه‌یره، ده‌بێ کێ بێ؟ بپرسه بزانه کێیه.''
خزمه‌تکار چووه ده‌ره‌وه و هه‌ر خێرا گه‌ڕایه‌وه و گوتی:'' له ده‌ره‌وه که‌وتووه''.
''مه‌به‌ستت چییه؟''
''ئه‌رێ ، له ده‌ره‌وه که‌وتووه. ده‌ترسم مردبێ''.
هه‌ر هه‌موو هه‌ڵاتن بۆ داڵانه‌که. کچه‌که به‌دیتنی هنریک فاڵک هاواری به‌رز بۆوه،ـ خۆ ئه‌وه پزیشکه گهڕۆکهکهمانه ـ هه‌ر وه‌ک تۆی خوێنه‌ر ڕه‌نگه گومانت بۆی چووبێ. پیرێژن وتی: خێرا ژوورێکی بۆ ئاماده بکه‌ن جێ‌وبانی گه‌رمی بۆ دانێن. چه‌ند ڕۆژێکی پێچوو تا دوکتۆر هاته‌وه سه‌رخۆ. به ڕوودانی ئه‌مه ههنریک شتێکی تاقیکردبۆوه که ڕه‌نگه له ژیانی هه‌ر که‌سدا بۆ جارێک هاتبێته پێش، واته ڕووداوێکی نائاسایی یان موعجیزهـــ شتێکی واسه‌یر و ناسک له‌وه ناچێ له ڕێبازی ئاسایی هێزه سروشتییه‌کانه‌وه یان به ڕێکه‌وت تووشی ببین، مه‌گه‌ر له ڕێی ڕه‌حمی خواوه.
ڕۆزالیا له ته‌نیشت هنریک فاڵکهوه دانیشتبوو، دڵڕفێنتر له هه‌میشه، ڕازاوه به له‌خۆبردووییه‌که‌ی، به‌رز و مه‌زن به‌و هه‌موو به‌سه‌رهاته کوتوپڕی و سه‌یر و ئه‌فسووناوییه‌ی.
ئه‌م دوانه چۆن دوای پێنج سال ئه‌م په‌یوه‌ندییه پچڕاوهیان لێک گرێدایەوه با خوێنه‌ر خۆی لێکیبداته‌وه.
ئه‌مجۆره ئاشتبوونه‌وه و یهککهوتنهوانه به وشه‌گه‌لێ سازکراون که تین و کارتێکه‌رییه‌کی ئێجگار سه‌یر ده‌خه‌نه سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌م چێرۆکانهیان سازکردوه و ئه‌وانه‌ی مه‌به‌ستی ناوه‌رۆکی ئهچێرۆکانهن، به‌ڵام بۆ که‌سانی دیکه ئه‌م تین و گه‌رمییه‌یان وا نامێنێ.
ده‌کرێ بشوترێ که ئه‌م پێکهاتنه‌وه زۆر ئاسایی بوو، چونکه ڕۆزالیا قه‌ت بیری له‌وه نه‌کردبۆوه که ئه‌م پێوه‌ندییه، وه‌ک دێته به‌رچاو، بۆ هه‌میشه ده‌پسێ. ئه‌وکاته‌ی ڕۆزالیا یادداشته‌که‌ی بۆ ههنریک نارد هه‌ستیده‌کرد ئه‌م دابڕانه بۆ هه‌میشه نابێ و ته‌نیا ماوه‌یه‌کی نادیار ده‌خایه‌نێ.
با له‌وه گه‌ڕیین چۆن لێکئه‌درێته‌وه، چونکه ئه‌مه له‌م ڕاستییه گرینگتر نییه که هه‌ر زوو بۆ هه‌نریکیش هاته پێش. ههنریک بۆخۆیشی هه‌ستێکی وای لا دروست ببوو.
به‌هه‌ر حاڵ له‌وانه‌یه ئه‌مه‌ش بێت، دوای ئه‌وه‌ی شهیداییهکهی پێشووی ڕؤزالیا دامرکابۆوه، شتێکی قه‌ت له بیر ده‌ر نه‌ده‌چوو، ئه‌ویش: بیرهاتنه‌وه‌ی دڵخۆشییه‌کی گه‌وره به دامه‌زراندن و بووژانه‌وه‌ی ژیانی ژن و مێردایه‌تی بوو. ئه‌م دڵخۆشییه بوو که ڕؤزالیای هێنابووه سه‌ر ئه‌م بڕوایه که ، ئه‌مه ئه‌وین و خۆشه‌ویستیی ئه‌و بووه ، ئه‌م ده‌شته چۆڵ و هۆڵه‌ی به ههنریک بڕیوه؛ هه‌رچه‌ند به ناشاره‌زایی و نابه‌دڵی و به ئازار و ڕه‌نجیش بووبێ. له‌و وابوو که به چاوی خۆی بینیویه‌تی ئه‌و خه‌یاڵ و هه‌سته ناسکه‌ی به‌ڕاست گه‌ڕاوه. له پاڵ هه‌نریکه‌وه، ده‌ست له‌سه‌ر شانی، به‌و ده‌شته‌دا ده‌یبرد بۆ لای ئه‌و به‌خته‌وه‌رییه‌ی که زه‌مانێک لێکترازابوو. ئه‌م بیره‌وه‌ریانه هه‌میشه سه‌رچاوه‌یه‌کی خۆشی بوون بۆ ئه‌و، هه‌ر جارێکیش یادکردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕابردووه ده‌کرا، زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی سپاس و پێ‌زانین ده‌که‌وته سه‌رلێوه‌کانی دوکتۆر. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتاش شتێک هه‌بوو هه‌ستێکی ناخۆشی ده‌خسته دڵی هه‌نریکه‌وه که زۆر به وریایی ده‌یشارده‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دڵی ئه‌وه‌ی نه‌بوو ڕاست و ڕه‌وان به ژنه‌که‌ی بڵێ: ئه‌م وه‌رچه‌رخانه خۆش و پیرۆز و رۆمانتیکه به هۆی به‌رازێکه‌وه بوو که ئێسقانێکی له بین گیرابوو.