دەق ـ تێکەڵ'رۆڵان بارت' ی پۆست سترۆکتوریست لە یەکێک لە بەرهەمەکانیدا دەنووسێ: "هەر دەقێک، دەق ـ تێکەڵە. واتە دەقەکانی تر تێیدا هەن، جا لە ئاستی جیاوازدا، لەو فۆڕمانەیدا کە کەم تا زۆر دەتوانین بیانناسینەوە،..."١ کەواتە دەق ناتوانێ بە تەواوی مانا تەنیا خۆی بێت بە بێ هیچ خاڵێکی هاوبەش لە گەڵ دەقەکانی تر. لە دەقێک دا هەمیشە دەقەکانی تر حوزوریان هەیە. ئەم بۆچوونەی بارت زۆر واقعیانە دەنوێنێ، نەک تەنیا سەبارەت بە دەق وەک بەرهەمێک لە زمان، بەڵکو لە ژیانی رۆژانە و واقعیش دا. بۆ وێنە با مرۆڤ خۆی لەبەرچاو بگرین. لە چ مرۆڤێک دا دەتوانین هەبوونی مرۆڤەکانی تر نەبینین؟ چ کەسایەتییەک دەتوانێ ئەوەندە سەربەخۆ و ئەوەندە خۆی بێت کە نەتوانین بڵێین رەگەزەکانی کەسایەتییەکانی تر تێیدا نیە؟ هەڵبەت پۆست سترۆکتوریستەکان لەگەڵ ئەمە، باوەڕیان بە تیۆرێکی تریش هەیە، ئەویش ئەوەیکە لە دەق دا هیچ بەشێکی شاراوە وجوودی نیە، واتە دەق ژێر و سەری نیە و دەق تەنیا بریتییە لە دەق! جا پێیان وایە بۆ ئەوەی دەقێک راڤەبکرێ دەبێ دەقێکی تر لە پاڵیدا بەرهەم بهێنرێ یاخود لەپاڵ ئەو دەقانەی تردا راوەستێ کە دەتوانن یارمەتی ئەم خوێندنەوەیە بدەن). گەر ئەمە دیسان گرێ بدەینەوە بە ژیانی رۆژانە و بە خودی مرۆڤەوە، دەتوانین بڵێین کە بۆ خوێندنەوەی کەسایەتی مرۆڤێک دەتوانین لە کەسایەتی ئەو مرۆڤانەی تر کەڵک وەرگرین کە لەپاڵ کەسایەتی مرۆڤی یەکەمدا حوزوریان هەیە. دەق ـ تێکەڵی ئیتر ئەو دەرفەتە دەدا کە بۆ خوێندنەوە و ناسینی مرۆڤێک، مرۆڤەکانی تریش ببنە سەرچاوە. دەق ـ تێکەڵی، سەرچاوەیەکی گەورەی خوێندنەوە و ناسینە.
سایتی قەڵەم
٢٥ نۆڤێمبری ٢٠١٦
سەرچاوە:
1- Litteraturteori, Av. Mads B. Claudi, side 94.