ما 5362 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رزگار لوتفی

هێشتا دوا وشەکان زارە لارو کەفاوییەکەیان جێ نەهێشتبوو قیامەتێک بەرگی ئەفسانەی خۆی دڕی و ڕووت و قووت، جەستەی ئایدیای خۆی نواند. 

 

تا ئەمڕۆ، سەرلە بەیانی دوای ئەوەی پیرە پیاوەکە دووکانەکەمی جێ‌نەهێشت و مۆجیزەکە ڕووی‌ نەدا، هەرگیز بوونی خودام بۆ نەسەلمابوو و وامدەزانی ئەوەی ئەزموون نەکرێ و لە رێگای دەزگای کارامەی هەستەکانمەوە دەرکی پێنەکرێت لۆ بیر لێکردنەوە نابێ و، شیاوی خۆخەریک کردن و بایەخ پێدان نی‌یە. بەڵام ئێستا کە دوالەرەکانی مۆجیزەکە روو لە کزین و جیڕەجیڕی چوارچیوە و ستایلی بینا بەرزەکەی لە ژێریا، پەشۆکاوانە گیانم خستبووە سەر دەست و بیرم لە دەرچوونی دەکردەوە بەرەو هێوری و رەوینەوە دەڕوا، چیتر بە تەواوی هەست دەکەم؛ پێویستیم بە هۆکاری عەقڵی نەماوە و باوەڕم هێناوە کە گەرچی ناتوانرێ لە نزیکەوە هەیبەت و شەمایلی خودا ئەزموون بکرێت، بەڵام نابێ بە هیچ شێوەیەک گومان لە هەبوونی بکەیت و، تا مۆجیزەکانی بتلەرێننەوە، خەیاڵی خاوە پێویستیت بە هۆکارێکی هزری هەبێت.

کاتێک پیرەپیاوەکە بە یارمەتی گۆچانە لارو لەوێرەکەی پلەی دەم دووکانەکەمی بڕی و پێی نایە سەر یەکەم سەرامیکە شووشەئاساکەی ژوورەکەم، هێشتا زەمەن چەند چرکەیەکی مابوو بزێ‌و مۆجیزەکەی بە دنیا بێنێت. ریپۆقەکانی سووچێکی چاوە سوورو داهێزراوەکانی کەمێڵەیان کردبوو و لە پێش خۆیەوە، هاڵاوێکی دڕناوی سەرکاسکەری دۆزەخی هەناردە دەکرد و ئارام ئارام ژوورەکەی مڵەمڕدەدا. سەرێکی نیومەتری لە پشتوێنە چیتە لۆچە شلەکەشی، شەماتەئاسا بە نافەکیەوە دەلەرایەوە.

کاتێک تەواو لێم نێزیک بووەوە؛ دەستە بە تاڵە پڕچینەکەی ڕاداشت و بە بوغزێکەوە گووتی:

ــ دا یارمەتیەکم بکە کوڕی خۆم!.

 هێشتا دوا وشەکان زارە لارو کەفاوییەکەیان جێ نەهێشتبوو قیامەتێک بەرگی ئەفسانەی خۆی دڕی و ڕووت و قووت، جەستەی ئایدیای خۆی نواند. ئەو قیامەتەی دەبوا بە موولەرزەکان دەست پێ‌ بکات و بناغەی کێوەکان بلەرێنێتەوە، کەچی سەرلێشێواوانە سەرەتا لە دووکانەکەی منەوە سەری هەڵدا و دەستبەجێ قاپە وێنەی دیوارەکانی سەرەوبن کرد. بە  دووهەنگاو گەییشتمە لای و نەمهێشت زیاتر لە سەر دۆخی ژیانی خۆی بئاخفێ و، گەریش بمتوانیبا و دەست و بردم هەبا نەمدەهێشت باسی دواکەوتنی کرێ سەدهەزارتمەنیەکەی ژوورە شێدارەکەیان و سەرپەرەستی پیرێژنە نەخۆشەکەی بکاو پاشان بە زوویی بەرەودوا وەکشێت و حاڵ و ئەحواڵ و، دووکانەکەشم بە ڕماوی و کەلاوەیی جێ بێڵێت.

دەرکەوتنێكی برووسکە ئاسای وا، کە سووتمانی ئاگری رۆحمی ساپۆڕت کرد و ئەگەری روودانەوەی مۆجیزە کۆنەکانی پشت ڕاست کردەوە. ئەو مۆجیزانەی لە لایان خودا نوێکانەوە بەردەوام هەناردە دەکرێن، بۆ ئەوەی بوون و ئۆتۆریتەی خۆیانی پێ بسەلمێننەوە.

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت