ما 1810 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

لە ئینگلیزییەوە: شاهۆ حەسەنپوور
فاشیستەکان بەرەو ئاوایی ئێبرۆ لە پێشڕەویدا بوون. ئەو ڕۆژە تەمێکی خۆڵەمێشی نەوی بە سەر هەموو وەڵات داکشابوو و بۆیە فرۆکەکان بە ئاسمانەوە نەبوون؛ و ئەو ڕاستییەی کە پشیلەکان دەیانتوانی ئاگایان لە خۆیان بێت لە دۆخێکی وا دا تەنیا هیوا و ئاواتی ئەو کابرا بەساڵدا چووەدا بوو. 

 

پیرە پیاوێک لەلای پردەکە

ئێرنێست هێمینگوێی

لە ئینگلیزییەوە: شاهۆ حەسەنپوور

پیاوێکی پیر کە قالبی چاویلکەکەی لە ستیل بوو، بەجلی تۆزاوییەوە لە قەراغ جادەکە دانیشتبوو. لە قەراغ ڕووبارکەوە پردێکی سەرئاوی، ڕایەڵی ئەو بەری ڕووبارەکە کرابوو. کالیسکە، زیلی سەربازی، ژن، منداڵ و پیاوان بەسەریدا دەپەڕینەوە ئەو بەر. وەڵاغەکان، عەرەبانە و کالیسکەکانیان بە زەحمەت بە هەورازەکەی لای ڕووبارەکە دا دەکێشا و سەربازەکان پاڵیان بە چەرخەکانی کالیسکەکانەوە دەنا بۆ ئەوەی لە هەورازەکە وەسریان بخەن. گڕەی زیلە سەربازییەکان دەهات کە رێگاکەیان دەبڕی و جوتیارەکان لەسەرەخۆ و بە هەنگاوە قورس و ماندووەکانیانەوە کە پێیان هەتا گوێزنگ نوقمی تەپوتۆز بوو بە ڕێگادکەدا دەرۆیشتن. بەڵام پیاوە پیرەکە لەوێ دانیشتبووو زۆر لەوە ماندووتر دیاربوو بتوانێ درێژە بە ڕێگاکەی بدا.

پێم سپێردرابوو بچمە ئەوبەری پردەکە و چاوەدێری مۆڵگەی ئەوبەری پردەکە کە بورجی چاوەدێری پردەکە بوو، بکەم و هەوروەها بزانم دوژمن چەندە پێشڕەوی کردووە. ئەرکەکەم بەجێ گەیاندوو و گەڕامەوە ئەوبەر. کالیسکەکان وردە وردە تەنکەیان کردبوو و خەڵکی پیادەش کەم ببوونەوە، بەڵام کابرا پیرەکە هەر لەوێ بوو.

پرسیارم لە پیرە بەساڵداچووەکە کرد:" لە کوێیوە هاتوون؟"

بە بزەیەکەوە وەڵامی دامەوە: "لە سان کارلۆسەوە."

دیار بوو سان کارلۆس ئەو شارە بوو کە لێیەوە هاتبوو و، هەر بۆیە بە بزەوە وەڵامی دامەوە.

ـ "لەوێ مابوومەوە ئاگاداری ئاژەڵانم دەکرد."

لە وەڵامدا گوتم:

ـ "ئەها!"

لە راستی دا باش لێی تێنەگەیشتم.

وتی:

ـ "مابوومەوە بۆ ئەوەی ئاگاداری ئاژەڵەکان بکەم و ئاخرین کەس بووم شارم بەجێ هێشت."

کابرا نە لە شوان دەچوو، نە لە مەڕدار. بەدەم چاو لێکردن لە جلو بەرگە ڕەشە تۆزاییەکەی، ڕوخساری تۆز لێ نیشتوو و چاویلکە شکڵ کەوانییە ئیستیلەکەیەوە لێم پرسی:

ـ "ئاگات لە چ جۆرە ئاژەڵێک دەبوو؟"

بەدەم لەقاندنی سەریەوە وتی:

ـ  "ئاژەڵی جۆراوجۆر. بەڵام ناچار بووم بەجێیان بێڵم."

 چاوێکم لە پردەکە و لادێی ئێبرۆ دێلتا کە لە لادێیەکی ئەفریقایی دەچوو کردەوە. بیرم لەوە دەکردەوە بڵێی ئەو جارە چەندی مابێ دوژمن دەربکەوێ و گوێم هەڵخستبوو گوێبیستی یەکەم دەنگی پڕ لە ڕاز و رووداو بم کە هێمای گەیشتن بوو و ئەو پیاوە پیرەش هەتا ئێستاش لێرە دانیشتبوو.

جارێکی دیکە پرسیارم لێ کردەوە:

ـ "چ جۆرە ئاژەڵێک بوون؟"

ـ "سێ جۆر ئاژەڵ بوون، پشیلەیەک و دوو بزن و هەروەها چوار جووت کۆتر."

ـ "ناچار بووی بەجێیان  بێڵی؟"

ـ "بەڵێ، بە هۆی تۆپخانەوە. کاپیتانەکە فەرمانی پێدام دەبێ شار لەبەر ئەوەی ئگەری ئەوە هەبوو تۆپباران بکرێین."

ـ "کەس و کارت هەیە؟" و بەدەم پرسیارەکەمەوە چاوم لە ئەوپەڕی پردەکە دەکرد کە چەنددانە زیلی سەربازی بە خێرایی سەرەوژێری قەراغ ئاوەکەیان دەبڕی.

لە وەڵام دا گوتی:

ـ  "نە"، "بەس ئاژەڵم هەبوون."

پاشان گوتی:

ـ "پشیلەکە کێشەی نابێ. پشیلە حەیوانێکە دەتوانێ خۆی بژێنێ، بەڵام دڵنیا نیم لەوانی دیکە."

پرسیارم سەبارەت بە بیروبۆچوونی سیاسی لێکرد. لە وەڵامدا گووتی:

ـ "هیچ ڕوانگەیەکی سیاسیم نیە و تەمەنم ٧٦ ساڵە و هەتا ئێرە ١٢ کیلۆمەتر ڕۆیشتووم، بەڵام پێم وانیە چی دیکە بڕ بکەم."

پێم وت:

ـ "ئێرە شوێنێکی ئەمین نیە بۆ وەستان و ئەگەر توانات هەبێ هەتا سەر سێ‌ڕێیانەکە بڕۆیزیلی لێن کە بەرەو تورتسا لە ڕێدان.

لە وەڵامدا گوتی:

ـ "قەیرێکی دیکەش دەمێنمەوە و پاشان وەڕێ دەکەوم."

 پاشان وتی:

ـ "زیلەکان بەرەو کوێ دەچن؟"

وتم:

ـ "بەرەو بارشێلۆنا."

وتی:

ـ "لەوێ کەس ناناسم." و " سەرەڕای ئەوەش گەلی سپاس."

بێ مەبەست و بەماندووییەوە تێمەوەڕاما و پاشان وتی دەبێ خەمەکانم بە کەسێ هەڵڕێژم.

ـ "پشیلەکە چی بەسەر نایەت، دڵنیام لەوە و هیچ پێویست ناکات بۆی خەمبار بم. بەڵام ئەوانی دیکە. بە ڕای تۆ چ بە سەر ئەوانی دیکە دێ؟"

وتم:

ـ "لەوانەیە خۆیان لەم دۆخە قوتار بکەن."

وتی:

ـ "پێت وایە؟"

پێم وت:

ـ "بۆ نا؟" و چاوم لەو پەڕی قەراغەکانی ڕووبارەکە دەکرد کە ئیدی کالیسکەی لێ نەدەبینرا.

ـ "تۆ بڵێ چییان بەسەر هاتبێ لە کاتی تۆپباراندا؟ ئاخر بە منیان گووت دەبێ ئەوێ لە بەر تۆپباران بەجێ بێڵم؟"

لێم پرسی:

ـ "دەرگای قەفەزی کۆترەکانت خۆ بە قفڵ کراوی بەجێ‌ نەهێشتووە."

وتی:

ـ "نا دانەخراوە."

وتم:

ـ "کەواتە بۆ خۆیان دەفڕن."

ـ "بێ گومان ڕاست دەکەی ئەوان دەفڕن، ئەی ئەوانی دیکە، وا باشترە بیر لەوانی دیکە نەکەمەوە."

پێم وت:

ـ "ئێستا کە ماندوویت دەرکردوە ئەمن دەبێ بڕۆم و تۆش هەستە و وەڕێ بکەوە."

وتی:

ـ "سپاست دەکەم." و هەستا سەر پێ و چەند هەنگاوێکی بە لاترە لاتر ڕۆشت و پاشان بەپشتەوەدا لە نێو خۆڵەکەدا دانیشتەوە و لە بەرە خۆیەوە و، بە ناڕەحەتییەوە وتی: "من تەنیا ئاگاداری ئاژەڵانم دەکرد."

هیچم بۆ ئەم کابرایە لە دەست نەدەهات. ئێوارەیی یەکشەممە ومەراسیمی جەژنی پیرۆزی مەسیح بوو و فاشیستەکان بەرەو ئاوایی ئێبرۆ لە پێشڕەویدا بوون. ئەو ڕۆژە تەمێکی خۆڵەمێشی نەوی بە سەر هەموو وەڵات داکشابوو و بۆیە فرۆکەکان بە ئاسمانەوە نەبوون؛ و ئەو ڕاستییەی کە پشیلەکان دەیانتوانی ئاگایان لە خۆیان بێت لە دۆخێکی وا دا تەنیا هیوا و ئاواتی ئەو کابرا بەساڵدا چووەدا بوو.

 

لێکدانەوە

بە قەڵەمی وەرگێڕ

فۆرمی گێرانەوەی ئەم چیرۆکە کەسی یەکەمی تاکە. داستانەکە لە لایەن نیگابانی بورجەکە دەگێڕدرێتەوە. چیرۆکەکە بە دیمەنی پیاوێکی پیر و تەپوتۆزاوی کە قالبی چاویلکەکەی لە ئیستیلە و حەشیمەتێکی زۆر کە نووقم لە تەپووتۆزدان و بە بێدەنگی بە سەر پردێکی سەر ئاویدا دەپەڕنەوە دەست پێدەکات. جوتیارەکان کە خۆڵ هەتا سەر گوێزینگی لاقیان هاتووە بە هاوئاهەنگی، تۆز لەسەرنیشتوو، بە دوای زیلە سەربازییەکان و هەروەها کالیسکەکان کە ئەسپ و وەڵاغەکان ڕایان دەکێشن دەڕۆن. لە نێو ئەو  بێدەنگییەدا داستان بێژ دەگەڵ پیرە پیاوەکە دەکەوێتە گفتوگۆ کە لە قەراغ ڕێگاکە دانیشتووە. لە گفتگۆی نێوان داستان بێژ و پیرەپیاوە لە ئازار و خەمی پیرە پیاوەکە ئاگادار دەبین و بەم جۆرە دەنگی خەڵکە زوڵم لێکراو و شەڕلێدراوەکە لە ڕێگای گێڕانەوەی پیرە پیاوەکە بە خوێنەردەگات.

ژینگە جوگرافی ناوچەیەکی، سان کارلۆس و ئاواییەکانی دەورووبەری، شەڕلێدراوە کە دەگەڕێتەوە سەردەمی شەڕی نێوخۆیی ئیسپانیا لە ساڵەکانی ١٩٨٠.

کارەکتەری سەرەکی پیاوە پیرەکەیە کە تەمەنی ٧٦ ساڵە و هیچ کاری بە سیاسەت نیە و تەنیا خەریکی بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیەتی. شەڕ ئەم پیاوەی وەک زۆر کەسی دیکە لە شوێنی خۆی هەڵقەندووە و لە ژیانی ئاسایی خۆی دایبڕیوە. پیاوەکە لەم دابڕانەی خۆیدا ڕەنج دەبا و ئەو و هەڵبڕانی لە ئاژەڵەکان و شوێنی ژیانی بۆ ناچێتەوە سەریک. کابرا ماندوویە و تاقەتی نەماوە بڕوا و لەوەناچێ بتوانی چی دیکە بڕوات.

ناوی چەند ئاژەڵێک هاتووە کە هەر یەکەیان ڕمزن لەم چیرۆکەدا. پشیلەکە وەک ئاژەڵێکی گیان سەخت کە لەوە دەچێت لەم شەڕەدا قووتاری بێت و بە سڵامەتی دەرچێت. کۆترەکان کە دەتوانن بفڕن و لە شەڕ دووربکەونەوە یان ئەوەی کە بڕە هیواییەک بن بۆ سوڵح. بزنەکان لەم چیرۆکەدا ئەو ئاژەڵانەن کە دەمێننەو و دەبنە قوربانی. هەروەها ئێوارەی جێژنی پاک لە رۆژی یەکشەممەدا لە شەڕەکەدا ئیشارەی پێکراوە وەک کۆنتراستێک هاتووە. لەم ڕۆژەدا خەڵک بە پێی نەریتی ئاینی جەژنی زیندووبوونەوەی مەسیح دەگرن کەچی ئێستا لە شەردان، لێکدانەوەی دیکەش دەتوانرێ بکرێت.

 

پەیام و تێمی داستانەکە باس لە قوربانیانی شەڕ دەکات. ئەو قوربانیانەی کە هیچ پێوەندییەکیان بە سیاسەتەوە نیە، بەڵام یەکەمین کەسانن دەبنە قوربانی. ستایلی چیرۆکنووسی داستانی هێمینگوێی بە  تیۆری کێوی سەهۆڵ ناسراوە کە بەشێکی کەمی دیارە و بۆ تێگەیشتن لە داستانەکانی نووسەر، خوێنەر دەبێت ڕۆچنە بکاتە بەشی نادیار. تێگەیشتن لە مانای شاردراوەی پشتی دەق لە کاری هێمینگوێیدا لە ڕێگای تیکنیکی نووسینی ئاسانتر دەبێت. وێنا داستانییەکان، ڕەمز و وێنەکانن کاری تێگەیشتن لە کارەکانی هێمینگوێی ئاسانتر دەکەن و هەروەها ئاشنایی بە کارەکانی دیکەی نووسەر کاری لێکدانەوەی ئەدەبی داستانی هەر نووسەرێک خۆشتر دەکەن.

Bilderesultat for broen kunst

گەڕان بۆ بابەت