نه ژاد عزیز سورمێ
گوڵەکان هاتن پێچەکی بارانییان لەسەر نابووبە چل ئاواز دەیانخوێندو دەیانگێڕابەڵام ئەوان باران شۆر بوون، ڕانەچەنین
کەش و هەوا
نه ژاد عزیز سورمێ
(1)
ئەسپەکان تەراتێنیانە
گەردەلوولی سمەکانیانم لێ دیارە
گێژەنێکی سەرەوژوورە
گیزەی بەفر
لە هەناسەی سواری ڕێبواران وەردەدا
کۆستی ماری ئارەزووشکێن
دێ دەبێتەوە ئەفسانە و
بەیانیی مێژوو بەردەدا.
(2)
چ ئەستێرە لە ئاسمانێدا نەڕژا بوو
چ کیژێ پرچی نەبڕیبوو
نە ئەو مەلی بێ مەفتەن بوو
نە ئاشیانەی تورەکەڕێژ..
بەیداخە ڕەش و سپییەکان چۆن هەڵدران ؟
مێرگی سۆتەڵ و ئەرخەوان
ئەو هەموو شیعرە جوانانەی چۆن لێ ڕوان ؟
(3)
ئاسکەکانم تارماییان دی و
تێیان تەقاند
خوایە هەرگیز
ئاگرودوویان لە ماڵێدا نەکرێتەوە
ئاسکەکانمیان ڕاچڵەکاند .
(4)
گوڵەکان هاتن
پێچەکی بارانییان لەسەر نابوو
بە چل ئاواز دەیانخوێندو دەیانگێڕا
بەڵام ئەوان باران شۆر بوون، ڕانەچەنین
گریان
پێکەنین
گریان
بە نەورۆز کەوتن
خەونیان دی:
ڕووبارێ زێڕ
بە ناو تاسەی تینوویەتییان ڕێى گرتووە
کولێرەی سووری پێدا دێ
گریان
پێکەنین
بە نەورۆز کەوتن
باران شۆر بوون ڕانەچەنین
بەردەوام بوون لە خەوبینین.