سەباح رەنجدەر
دەنگێک بەو ناوەدا تێپەڕى بیستمکەس لەناو نوێندا نەماوەکێڵگە و باخ چاوەڕوانن جۆگەلەکان بکرێنەوە
مەسیحى دووەم ئاگرى بۆ شاعیران لە خوداوەند دزى
سەباح رەنجدەر
چیا سینگى چل پەرییە و زەماوەند ڕادەگرین
تەرمى نوێژ بۆ نەکراوى مەسیحى دووەم
بە ئاوێنە و مۆمى داگیرساوەوە لە شاڕێى شارى ئەفسووناوى دادەنێین
تیشک لە ناوى پشوو دەدا و خۆى تێدا بەهێز دەکات
دەست لەسەر شانى گۆڕهەڵکەن لادەدا و وزە دەداتە باڵى باڵندە و درەخت و گژوگیا
وزەى باڵى باڵندە
تفەنگ و ئەسپى سواران دەلاوێنێتەوە
باڵندەیێکى ڕەوانبێژ دەنووکى لە تەڕایى درەخت و گژوگیا نا
باڵى بەسەریاندا شۆڕ کردەوە و تێنەپەڕى
هەر بەسەریاندا سووڕایەوە و بڕواى بە هەموو شتێکى کردن
لە هاواریان گوێچکە ماسییەکى هەڵدایەوە ناو ڕووبار
دەنگێک بەو ناوەدا تێپەڕى بیستم
کەس لەناو نوێندا نەماوە
کێڵگە و باخ چاوەڕوانن جۆگەلەکان بکرێنەوە
تەرمەکانمان چاویان لە کێڵگە و باخ داڕێژراون
شاعیرانى شەرم لە فرمێسک کردوو
لە چاوەڕوانیى بەروبوومیدا دوا بەشى کتێبى نەرم و نیانی شار و شانازییانە
لەمەوبەدوا دەچنە ناو خاوبوونەى ڕک و ژیان بێزار و بێدار ناکەن
حەزدەکەن لە کاتى نووسین و نووستندا پەنجەرەکان کراوەبن
وەرن ئاوێنەى سەر ڕووى بەردى سڕ و خوداوەندى گۆزەى باڵندە بە دەمەوە
لە چاوى ماتى گوڵەبەڕۆژە ورد ببنەوە
تا خوێن لە گورچیلەى منداڵە ڕوومەت داچۆڕاوەکانمان
نەبووەتە دڵۆپەى شووم و بەدەم ترسەوە نەنوون
لەیلوک و ڕەوڕەوەى ڕەنگ تێکچوویان بنەخشێنینەوە و ڕەنگ
لە ئەستێرەى سەرخۆشى بەرەبەیان بخوازین
ماچیش لە دەمیان بخۆینەوە
ببینین کە لە چیا دێنە خوارەوە
گەرد بە پێیانەوە نییە و بە گۆرانییەکانیان بریندارمان دەکەن
خەونم پێیانەوە بینیوە ڕووناکى لە سیماى دەدان
ئەگەر هەنگاوێک بە سووکى بەناو ڕووناکى سیمایان هەڵێنین
هیوایەک بۆ شارى خاڵی و خەواڵوو دێتەدی
دەرگاى ماڵ بەماتى دڵ و چاو پێداخشانەوەیان دەکرێنەوە
کڵاوڕۆژنە پێش خۆیان هەناسەیان دەباتە ژوورەوە
لەسەر کەل و پەل و سینى و پیاڵە و فەخفوورى دەنیشێ
چیا کە سینگى چل پەریت
ماڵ دەزانێت باسى جۆلانە و جەژنى خۆى بکات
پارچە گۆشتێکى گەرم و بە شەکر و شیر داپۆشراوە
لە تۆدا دەبێتە دڵ و ژیانى ئەو دەژى
بە ناوى تۆوە لە ئاو و ئاسۆ دەپەڕێتەوە و ئاماژەی زەمین سوور هەڵدەگەڕێمان دەداتێ
دەمەوێ وێنەى درەختێکى نەرم و نیان بۆ باڵندە بکێشم
دوو دەستى کراوە بەسەریەوە بێت
درەخت خۆى بە باڵندە مەست دەکات و دەمار و خوێنى فڕین دەڕژێتە دەموچاوى
منیش باڵندەى دەمى گۆزە دەهێنمە سەرشانم و دێمە ناو چیا
چرایەک تانوپۆمە و چاوى پاکدەکەمەوە
لەمەوبەدوا باڵندە بەرپێمان ئاوڕشێن دەکات و تەپوتۆز دەکوژێ
بەردێک لەو بەردانە هەڵدەگرێتەوە بۆ کوشتنى هەڵماندا
دەیکەینە ڕوخسارى پەیکەرمان
باڵندە لە خوانى خوداى خوارد و چەکى هەڵگرت