لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان
که له‌به‌ر خانوه‌که تێپه‌ڕین، کچه‌که به پێکه‌نینه‌وه سه‌رێکی بۆ پیاوه‌که له‌قاند، ڕووی له ئاسمان کرد و ده‌ستیکرد به گۆرانی کوتن. هه‌روا که پاڵیدابوو به کۆڵه‌که‌ی به‌له‌مه‌که‌وه گۆرانی ده‌گوتن و چاوه‌کانی بڕیبوه ئه‌و هه‌ورانه‌ی با به ئاسمانا ده‌یڕفاندن... گۆرانییه‌ک پڕ له خۆشیی سه‌رکه‌وتن.
یه‌نس په‌ته‌ر یاکووبسه‌ن
لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان
جاکووبسەن لە ژێر کاریگەری هانس کریستیان ئاندێرسەندا نووسینی دەستپێکرد، هەر زووش بوو بە رۆماننووس و چیرۆکنووسێکی بەتوانا. ئەو هەرئەوەندە کە هۆگری ئەدەب بوو، هۆگری زانستە سروشتییەکانیش بوو. یاکووبسەن لە ژیانی کورتی خۆیدا وەک نووسەرێکی خاوەن بەهرە و بەدەسەڵات دەناسرا.
'دوو دنیا' نموونەیەکی بەرز و جوانە، لە توانایی و شێوەی کاری ئەو لە نووسینی کورتە چیرۆکدا. H.Knudsen ئەم چیرۆکەی کردۆتە ئینگلیسی. (لە رووی ئەمەشەوە کراوەتە کوردی)
دوو دنیا
سالزاک، چۆمێکی خۆش و دڵگر نییه، به‌لای ڕۆژهه‌ڵاتیه‌وه گوندێکی چکۆله‌ی لێیه. ئه‌م گونده ئێجگار تاریک و دڵته‌نگ، زۆر هه‌ژار و بێده‌نگ دیاره؛ وه‌ک ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک هه‌ژاری به‌ڵالێدراو و چاره‌ڕه‌ش، به‌بێگوزه‌ران له‌م قه‌راغه گیرسابێتنه‌وه. خانوه‌کان هه‌تا دوور له لێواره‌کانی ئه‌م چۆمه کشاون. شانه پۆڵکاو و ڕووخاوه‌کانیان پاڵیان وێک داوه؛ کۆڵه‌که‌ی ڕزیوی بن دیواره‌کان له دارشه‌قی کوێران ده‌چن که له‌م گوێچه‌مه‌دا ڕێ ده‌کوتن.
په‌نجه‌ره خه‌مگرتوه‌کانیشیان له‌ژێر بانه زه‌ق و قوڕینه‌کانیان به‌ڕوویه‌کی گرژ و بێزارییه‌وه ده‌ڕوانن بۆ ئه‌و ماڵه خۆشانه‌ی ئه‌و‌به‌ری چۆم که تاقه تاقه یان دوو دوو، له شوێنێکی خۆش سه‌ریان هه‌ڵداوه و له‌و ده‌شته به‌رین و سه‌وزه‌ڵانه‌دا تا دووره‌ده‌ست لێره و له‌وێ بڵاو بوونه‌ته‌وه.
له ده‌ور و به‌ری ئه‌م ماڵه فه‌قیرانه چرایه‌کی لێ نییه، ته‌نیا تاریکی و بێده‌نگییه‌کی خه‌مهێنه‌ره، له پاڵ ده‌نگی ئه‌م چۆمه دا که به ئارامی و به‌بێوه‌ستان به‌ره‌وخوار تل ئه‌خوا و له‌به‌ر خۆیه‌وه بۆڵه‌بۆڵیه‌تی؛ سه‌نگینی ئه‌خاته سه‌ر ژیانی پڕ له ماندوویی و په‌رێشانیان.
خۆر له داچووندا بوو. هه‌وا پڕ بوو له ده‌نگی فڕه‌فڕی کوللان که بایه‌کی توند له‌وبه‌ره‌وه ئه‌یهێنان؛ ده‌نگی فڕه‌یان له کاتی تێپه‌ڕین به‌سه‌ر قامیشه‌ڵانی که‌نار چۆم به‌رز و نزم ده‌بۆوه.
که‌مێک لای ژوورووی چۆمه‌که‌وه لۆتکه‌یه‌ک خه‌ریکبوو نزیک ده‌بۆوه. ژنێکی کز و ڕه‌قه‌ڵه له دانه‌یه‌ک له‌و ماڵانه‌ی قه‌راخ چۆمه‌که به‌سه‌ر ته‌یمانه‌ی هه‌یوانه‌که‌دا ،خۆی شۆڕ کردبۆوه و به‌ره‌و لۆتکه‌که ده‌یڕوانی. به ده‌سته بێڕه‌نگه‌کانی سێبه‌ری بۆ چاوه‌کانی کردبوو؛ چونکه له‌و شوێنه‌وه لۆتکه‌که ده‌هات، تیشکی خۆر له ئاوه‌که‌دا ده‌گه‌ڕایه‌وه و بریسکه تونده‌کانی توانای چاوی له بینین بڕیبوو، وه‌ک ئه‌وه‌ی لۆتکه‌که له سه‌ر ئاوێنه‌یه‌کی زێڕیندا ده‌ڕۆی.
له تاریک و ڕوونی ئه‌م ئێواره‌دا ڕوومه‌تی زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوی ئه‌م ژنه، وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی ڕوو ناکایی به‌جوانی دیاربوو؛ وه‌ک چۆن که‌فی سپیی شه‌پۆله‌کانی ده‌ریا، له تاریکایی شه‌وانا دیاره.
چاوه بێهومێده‌کانی به‌ترسه‌وه به‌ملاولادا ده‌گێڕا؛ به‌حاڵ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ک نیشته سه‌ر لێوه‌کانی، به‌ڵام هێشتا چرچی نێوچاوه زه‌قه‌که‌ی سایه‌ی بریارێکی ناهومێدانه‌ی ده‌خسته سه‌ر روخساری.
ده‌نگی زه‌نگی کلیسا چکۆله‌که‌ی دێ هات. ژنه‌که پشتی کرده ڕۆژداچووون، سه‌ری بۆ پێش و دوا گێڕا، وه‌ک ئه‌وه‌ی بیهه‌وێ خۆی له ده‌نگی زه‌نگه‌که بدزێته‌وه، به منگه‌منگ له وه‌ڵامی درێژه‌ی زه‌نگی کلیساکه‌دا وتی:'' ناتوانم ڕاوه‌ستم. ناتوانم ڕاوه‌ستم.''
به‌ڵام ده‌نگی زه‌نگه‌که هێشتا هه‌ر ده‌هات.
ئه‌م ژنه وه‌کوو ئه‌وه‌ی ئازاری هه‌بێ، له وه‌ره‌نداکه‌دا هه‌ر ده‌هات و ده‌چوو. سایه‌ی ناهومێدی له سه‌ری هه‌ر زۆرتر ده‌بوو. هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵی هه‌ڵکێشا، وه‌کوو که‌سێک مه‌جبوور به‌گریان بێت به‌ڵام نه‌توانێ بناڵێنێ....
ساڵانێکی زۆر به‌ده‌ست ئه‌م نه‌خۆ شییه‌وه ئێش و ئازاری دیبوو؛ چ ڕێی کردبێ یان ڕاکشا بێ هه‌رگیز بۆ تاوێک حه‌سانه‌وه‌ی نه‌بوه.
ته‌گبیر و ڕای به ژنانی شاره‌زا و لێزانیش کردبوو؛ چاک و پیرانیش هه‌ر زۆر چووبوو، به‌ڵام هیچ فایده‌یه‌کی نه‌به‌خشیبوو.
سه‌رئه‌نجام له مانگی سه‌پتامبه‌ردا چووبوه زیاره‌تی ''پیر بارته‌لمیۆ''؛ له‌وێ کابرایه‌کی پیری یه‌کچاو پێی ده‌ڵێ: چه‌پکێک گول و نه‌ختێ ورده شیشه و لێوه‌چێ گه‌نم و هه‌ندێ کڕێژه‌به‌رده‌ی نێو گۆڕستان و چه‌ند تاڵ له کزیه یان په‌لکه‌ی خۆی ببڕێ و له‌گه‌ڵ چه‌ند ته‌ڵاشێک له داری تابووت پێکه‌وه‌یان ببه‌ستێ و بیخا بۆ ئافره‌تێکی گه‌نج و شاد، که له‌سه‌ر ئاو به‌ره‌و ئه‌و دێت. ئاوا نه‌خۆشییه‌که ئه‌و به‌رده‌دا و ده‌چێ بۆ یه‌کیتر.
ئێستاکه ئه‌م ژنه هه‌موو ئه‌م شتانه‌ی ئاماده کردوه و له ژێر کۆڵوانه‌که‌یدا شاردوویه‌تیه‌وه. لای ژوورووی چه‌مه‌که‌شه‌وه لۆتکه‌یه‌ک خه‌ریکبوو ده‌هاته خوار، یه‌که‌م دانه‌یشه له‌دوای به‌ستنی ئه‌م چه‌پکه گوڵه سیحراوییه‌دا دێ. ژنه‌که دیسان هه‌نگاوی هه‌ڵێنایه‌وه به‌ره‌و ته‌یمانه‌ی هه‌یوانه‌که. لۆتکه‌که ئه‌وه‌نده نزیک ببۆوه که ده‌یتوانی شه‌ش که‌سی تێدا ببینێ. ئه‌وانه وه‌ک بێگانه ده‌هاتنه به‌رچاو. له لووتکه‌ی پێشه‌وه لۆتکه‌وانه‌که ڕاوه‌ستا بوو. له کلکی لۆتکه‌که‌وه ژنێک دانیشتبوو، پیاوێکی گه‌نج له‌لای ده‌ستییه‌وه بوو. ژنه‌که لۆتکه‌که‌ی به‌و لایه‌دا ده‌برد که لۆتکه‌وانه‌که پێی ده‌گوت. ئه‌وانیتر له نێوه‌راستی لۆتکه‌که دانیشتبوون.
ژنه نه‌خۆشه‌که خۆی دا به‌سه‌ر ته‌یمانه‌ی هه‌یوانه‌که‌دا. هه‌موو چرچ و لۆچی ده‌م و چاوی ڕه‌ق و وشک ببوون. ده‌ستی له ژێر چارۆکه‌که‌یه‌وه بوو. خوێن زیابوه نێو چاوانی. هه‌ناسه‌ی لێ‌بڕابوو. به کونه‌لووتی له‌رزۆک و گۆنای سوور و گڕگرتوو،چاوی زه‌ق و ده‌رپه‌ڕیویه‌وه، چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی لۆتکه‌که‌ی ده‌کرد.
هه‌ر ئێستا ده‌نگه‌ده‌نگی خه‌ڵکی نێو لۆتکه‌که ده‌بیستراـ جارێک به‌ڕوونی و جارێک به‌کپی. یه‌کیان ده‌یگوت:'' به‌خته‌وه‌ری، وشه‌یه‌کی ته‌واو بێدینانه‌یه. له هیچ شوێنێکی ئینجیلی تازه دا ئه‌م وشه‌یه ناتوانین ببینین.
یه‌کی تر پرسی: ''ئه‌ی ڕزگاری؟"
ئه‌ویدی گوتی: "نا، جارێ گوێڕاگرن؛ گفتگۆکه خه‌ریکه له باسه‌که دوور ئه‌که‌وێته‌وه، پێموایه باشتره بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی که ده‌ستمان پێ‌کرد.'' زۆر چاکه، که وایه با له یۆنانییه‌کانه‌وه ده‌سپێبکه‌ین."
"له پێشدا له فه‌نیقییه‌کانه‌وه."
"له باره‌ی فه‌نیقییه‌کان چیده‌زانی؟"
"هیچ! به‌ڵام له‌به‌رچی هه‌میشه به‌سه‌ر فه‌نیقییه‌کانا باز ده‌ده‌ن؟"
له‌م کاته‌دا لۆتکه‌که گه‌یشتبوه به‌رانبه‌ر ماڵه‌که و خه‌ریکبوو تێده‌په‌ڕی. له نێو لۆتکه‌که، که‌سێک سیگارێکی داگیرساند. بۆ ماوه‌یه‌کی کورت رووناکییه‌ک که‌وته سه‌ر ئه‌و خانمه‌ی له سوککانی لۆتکه‌که بوو. پیاو ده‌یتوانی له رووناکییه‌کی سووردا
ڕوومه‌تێکی گه‌ش و کچانه ببینێ، زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ک له‌سه‌ر لێوه‌کانیه‌تی و به‌چاوێکی کراوه‌وه ده‌ڕوانێ بۆ تاریکایی ئاسمان. ڕۆشنایی نه‌ما، شڵپه‌یه‌کی سووک هاته گوێ، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌سێک شتێک بخاته نێو ئاو، لۆتکه‌که تێپه‌ڕی. ساڵێک دوای ئه‌مه، له رۆژێکدا که خۆر له‌درزی نێوان چه‌ند په‌ڵه هه‌وریکی سوورداگیرساوەوە، تیشکی ده‌خسته سه‌ر ئاوه ڕه‌شه‌کانی ئه‌م چۆمه، بایه‌کی فێنک به‌سه‌ر ئه‌و ده‌شتانه‌دا ده‌خشا؛ کولله‌یه‌کیش به ئاسمانه‌وه نه‌بوو، ته‌نیا خشه‌خشی قامیشان ده‌هات، له دووره‌وه لۆتکه‌یه‌ک به‌چۆمه‌که‌دا ده‌هاته خوار.
پیرێژن له که‌نار چۆمه‌که‌وه به‌ره‌وخوار دائه‌کشا. دوای ئه‌وه‌ی چه‌پکه گوڵه ئه‌فسووناوییه‌که‌ی به‌ره‌و ئه‌و کچه گه‌نجه فڕێدابوو، بوورابۆوه. هه‌ستێکی به‌هێز یان خۆ پزیشکێکی تازه‌گه‌یشتوو له دراوسێیه‌تی، کاری کردبوه سه‌ر نه‌خۆشییه‌که‌ی. چه‌ند مانگێک به‌ره‌و چاکبوونه‌وه چووبوو، دواییش چاک چاک ببۆوه. له پێشدا ئه‌م چاکبوونه‌وه ئێجگار دڵخۆشی کردبوو. به‌ڵام ئه‌م ئه‌م دڵخۆشییه‌ی زۆری نه‌خایاند. دڵشکاوی و خه‌مۆکی، بێ‌ئارامی و ناهومێدی رووی لێنابوو؛ چونکه وینه‌ی ئه‌و کچه‌ی نێو به‌له‌مه‌که‌ی هه‌ر له‌به‌ر چاو بوو. ده‌یبینی ئه‌و کچه له‌به‌ر پێیدا چۆکی داداوه و لێی ده‌پاڕیته‌وه. دوایی ئه‌م خه‌یاڵه‌ی گه‌رچی له‌به‌رچاو ون ببوو، به‌ڵام ده‌یزانی ئه‌م کچه هه‌ر له‌وێیه و هه‌میشه ده‌ناڵێنێ. کوتووپڕ کچه‌ی ده‌هاته‌وه به‌رچاو، ڕه‌نگ په‌ڕیو، زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاو ، به‌چاوێکی سه‌یر و نائاسایییه‌وه لێی ده‌ڕوانێ.
به‌م ئێواره ئه‌م ژنه به‌م گوێچه‌مه‌دا ده‌چوه خوار. گۆچانێکی به‌ده‌سته‌وه بوو. له‌سه‌ر لمی نه‌رمی قه‌راخ چه‌مه‌که یه‌ک له دوای یه‌ک خاچی ده‌کێشایه‌وه؛ جارجار ڕاست ده‌بۆوه و گوێی هه‌ڵده‌خست؛ دوایی دائه‌مووکاوه و ده‌ستی ده‌کرده‌وه به خاچ کێشان.
له ناکاو ده‌نگی زه‌نگی کلیسا به‌رز بۆوه. به‌هێواشی دوادانه خاچی کێشایه‌وه، گۆچانه‌که‌ی دانا و ئه‌ژنۆکانی خسته سه‌ر زه‌وی و ده‌ستی به دۆعا خوێندن کرد. پاشان هه‌نگاوی هه‌ڵێنا به‌ره‌و چه‌مه‌که، تا ئاو گه‌یشته بن هه‌نگڵی. ده‌سته‌کانی نووشتانه‌وه و خۆیدا به‌ده‌م ئاوه‌که‌وه. ئاو هه‌ڵیگرت، کێشایه قووڵاییه‌که‌ی و تلی پێدا، وه‌ک هه‌میشه قورس و مه‌لوول به‌لای دێکاندا، به نێو کیڵگه‌کاندا، بردی بۆ دوور.
لۆتکه‌که زۆر نزیک ببۆوه. هه‌ر ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی له نێودا بوون که ساڵی ڕابردوو به یارمه‌تی یه‌کتر لۆتکه‌که‌یان لێده‌خوڕی. ئه‌وان له گه‌شتێکی زه‌ماوه‌ندا بوون. پیاوه‌که له‌سه‌ر سوککانه‌که بوو؛ کچه‌که له نێوه‌ڕاستی لۆتکه‌که ڕاوه‌ستابوو، چارۆکه‌یه‌کی گه‌وره‌ی بۆری له خۆی ئاڵاندبوو، له‌چکه‌یه‌کی سووری له سه‌ر کردبوو... پاڵی دابوو به کۆڵه‌که‌ی لۆتکه‌که‌وه و له‌به‌ر خۆیه‌وه گۆرانی ده‌گوت.
که له‌به‌ر خانوه‌که تێپه‌ڕین، کچه‌که به پێکه‌نینه‌وه سه‌رێکی بۆ پیاوه‌که له‌قاند، ڕووی له ئاسمان کرد و ده‌ستیکرد به گۆرانی کوتن. هه‌روا که پاڵیدابوو به کۆڵه‌که‌ی به‌له‌مه‌که‌وه گۆرانی ده‌گوتن و چاوه‌کانی بڕیبوه ئه‌و هه‌ورانه‌ی با به ئاسمانا ده‌یڕفاندن... گۆرانییه‌ک پڕ له خۆشیی سه‌رکه‌وتن.