ما 2376 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نه ژاد عزیز سورمێ

بەرەو من بێى
هەموو شتێکت دەست دەکەوێ
هەموو شتێک
بە (مردن)یشەوە
کە ئەوە ساڵەهایە لە شەڕ بەجێ ماوە!

 

چەند کۆتەڵێکى جەنازەیى

نه ژاد عزیز سورمێ

 (1)

هەر چیمان کرد

بەشى ئارەزووى

شازادە تەنپەروەرەکانى نەکرد

هەر چیمان کرد بۆ (سبەى)

(ئەمرۆ) لەسەر شەقامە خوارەکانى سەدەى بیستەم

وەک چۆلەکەیەکى سڕ یارى پێ دەکەن...

وەرە با پەیمانێک لەگەڵ ئەشکەوتە کوێرەکان مۆر بکەین

وەرە با لە کۆتەڵى بێ تاراى ئەبەدییەتدا بنووین.

 

(2)

ئێمە ئاسمانمان

بۆ کۆتەڵى یادگاریى ئەوانە

ئێمە خۆرمان

بۆ باخچە هەڵواسراوەکانى ئەوانە

ئێمە مانگمان

ئەستێرەکانمان

بۆ مەدارى بەتاڵى ئەوانە.

(3)

بەرەو من بێى

هەموو شتێکت دەست دەکەوێ

هەموو شتێک

بە (مردن)یشەوە

کە ئەوە ساڵەهایە لە شەڕ بەجێ ماوە!

بەرەو من بێى

دەتوانى بەرامبەرى دابنیشى

یا لەگەڵى بئاخڤێى

حیکایەت و سەربردەت بۆ بگێڕێتەوە

مەگەر ئەو تەواوى چیرۆکى (پێشێل کردنى گوڵەکان)ت

بۆ باس بکا.

(5)

ئەو هەموو چاووانە

ئەو هەموو گوێیانە

ئەو هەموو زمانانە

دەستم بوو… خواردیان

قاچم بوو… خواردیان

چاوم بوو… کۆڵیان

ئەوەتا تەمەنى بێ کڵاوڕۆژانە و بێ پەنجەرە و بەژواریشم.

شەڕى پێدا دێتە خوار

ئاژاوەى لەبەر دەڕوا

هاتبووم بڵێم:

ئەم درەختە بەشێکە لە مێژووى

هەتاوو سێبەرمان

پێویستە بمێنێ.

دەستم بوو، خواردیان

قاچم بوو، خواردیان

چاوم بوو، کۆڵیان

ئەو هەموو چاوانە

ئەو هەموو گوێیانە

ئەو هەموو زمانانە.

(6)

لەم ئەلبومەدا یادگارى مناڵیتان کوشت

لێرە، لەم سنوورەدا:

گۆرانییەکانمان

لەشەڕێکى دەستەویەخەى نابەرابەردا تیاچوون

لە تونێڵە تاریکەکانى ئەم پایتەختەدا

شیعرەکان

شینیان بۆ پاڵەوانەکانمان گێڕا

پێمانەوە دیارە

هەموو فریشتەو شەیتانەکانمان تۆراندووە

تا لە ئەفسانەیەکى سیلاکبوودا دەرکەوین.

(7)

بەداخەوە ڕایدەگەیێنم:

گوڵەگەنمەکان پیر بوون

دەم و چاو لۆچ … ماندوو

وەک لەشکرێک لەشەڕدا

بە دۆڕاوى گەڕابنەوە

لە گوێى ڕووبارەکان کۆبونەتەوە

نوێژ بۆ شاراى دزراو دەکەن.

 

Image result for lik kunst 

گەڕان بۆ بابەت