ما 2123 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەباح رەنجدەر

تەنیا منداڵانى ڕاز و ناڵە شەرحکراو دەزانن باڵندەى مەلەوان لەناو قەفەس یان لەناو ئاو و ئاسمان دەنگى زوڵاڵ و خۆشگۆ ترە و دەڵێت تۆ پێشکەوە و ئومێد دەبینیت قەفەسەوانیش باوەشێنەى دەور دووراو لەدەست هەڵدەسووڕێنێت و باى سەرباڵى باڵندە بۆ خۆ فێنککردنەوە دەدزێت.

 

سێ پەخشانە شیعر

 

سەباح رەنجدەر

 

جارێکیان بەڕێگاى ناوچەواندا ڕۆیشتم

 

لەو چۆڵایییەى تەنیا ڕەگى درەخت لەناو خۆڵ ى بەهێزدا ئارامى گرتووە بەبێ ڕاسپاردە و وەسیەت دەمرم سەرم لەناو شکۆى تەشتێک ئاو کە بە منداڵى تێیدا دەشۆرام دەحەسێنمەوە ئاگر داوات لێ دەکەم ڕاسپاردە و وەسیەتم بنووسی بەخشراوێک بووم بە ئاگرى دڵ و ناوچەوانم بۆ با کردبووەوە هێند گەورەبووم چاوى چاودێرەکانم داپۆشت با لەسەر برۆى لالە مەست و پیاڵە لەدەست دڵى گەرم دەبێت و هەر لەخۆوە دەبێتە باى پاڵە و لە کێڵگەکانمان دەمێنێتەوە ڕەگى ناو خۆڵى بەهێز ڕۆشنایى گەشە بەناو خۆیدا دەگێڕێ دڵ ڕێ دەکات و دەچێتە ناو جیلوەى ڕوخسارى خۆڵ و ئاو و ئاگر و با جیلوەى چوار ڕوخسار زۆر نییە کەمیش نییە مانەوەش لەناویان شتێکى گران نییە چۆنم بیرکردەوە گەشتەکەم وابوو لە چیاى پارێزراودا دڵ پێش ڕووکار هاتە لام ئامان بەلاى جیلوەى ڕوخساردا بڕۆ دەگەى بە نەرمایی دڵ و دەپشکوێى وا لە ئەستێرەکان دەکەیت بەسەر ڕوخسارەکاندا بڵاوببنەوە کێو جەستەى یارى بێڕەنگە ناتوانم گوێ لە ئاواز و دەنگى ناو کێو نەگرم کە لە ئاشناترین برین دەدوێ و پرسیارى یەکەمین جێگا دەکات

 

 

تێکەڵبوونى ئاو و ئاگر

 

تەنیا منداڵانى ڕاز و ناڵە شەرحکراو دەزانن باڵندەى مەلەوان لەناو قەفەس یان لەناو ئاو و ئاسمان دەنگى زوڵاڵ و خۆشگۆ ترە و دەڵێت تۆ پێشکەوە و ئومێد دەبینیت قەفەسەوانیش باوەشێنەى دەور دووراو لەدەست هەڵدەسووڕێنێت و باى سەرباڵى باڵندە بۆ خۆ فێنککردنەوە دەدزێت یەکەمین هێلانە یەکەمین بەرزبوونەوە بۆ فڕین ڕەگى دەفژەنى و دەست خستنە سەردڵى شەوى بەرات و کپى زەوییە مانگ هێلانەى باڵندەیە هەموو شەوێ هێلکەى دەترووکێ و ئەستێرە بەرزدەبنەوە لە ماوەى بەرزبوونەوەیان ئاو و ئاگر تێکەڵ دەبن شاى زەمین لاسایى یەکەمین بەرزبوونەوەی باڵندەى کردەوە و کەوت گیانێکى هارى تێدا ڕسکا و بووە قەفەسەوان ڕووناکى لەناوەوەى لە دەوروبەرى تێپەڕ ناکات و چرایەکیشى لەبەردەمى قەفەس پێ داناگیرسێ بەناو گۆڕستاندا بڕۆ تریفەى مانگت لێ دەدا مانگ دەتوانێت بە برا بچووکى خۆیم بزانێ و دامگیرسێنێت خەمێکى پڕم شەو ماندوو دەکەم ئەرێ تۆ لەکوێ چاوەڕێم دەکەى ئەى خودا لەتۆ چوانتر قەت نەبووە                           

                                             

 

ڕێگا هێشوویەک ترێ بوو هەموومان شەرابیمان خواردەوە

 

 

هێشتان سینگى زەوى گەرمە و ناوچەوان و ڕوخسارى پڕن لە ئاگر لە درەنگانى شەودا ئاگر ئەفسوونێکى تاقانە و ئەشقى بەخشین دەداتە ئەلبوومى ڕێبەرى شار مۆتەکەش لەناو قەفقەفى مار قاچەکانى گەرم کردووە و دەری دەکات خوداوەند بە پرچە سپی و درێژەکەیەوە بەناویدا تێدەپەڕێ و دێتە شەقامى شارى خرۆشان ڕێبواران وەک جلى سەرتەناف لەناویدا دەجووڵێنەوە واى دابنێین لەگەڵ ئەودا هەموو زەوى وا خەریکە بێتە سەر دەستى سروەیەک پێوەیە پەردەکان لادەدا شوێنپێیەکانى لە شەقامە گشتییەکەدا سڕایەوە شوێنێک لە دڵدا هەیە کە هەرگیز پڕنابێتەوە پێیەکانى لەناویدا جێهێشت و ڕۆیى ئەو بووە ڕووناکى و مردن مایەوە ڕێگا بێ مەترسییەکانم بە سەرنج و نیگایەوە لەگەڵدا ببڕێ باڵى لە خەونێکدا کردووەتەوە لەسەرم دەگەڕێت بەسەریدا بنیشێتەوە  دەشێ نیشتنەوە ئاسوودەم بکات باڵندەیەکى ڕووگەرم پەڕێکى لێ هەڵوەریوە لەوناوەدا دەسووڕێتەوە زەینى ماندووە دەیبەمەوە سەر زەینى خۆى دەچێتە سەر ئاوێکى بە شەختە بەندکراو بیر لە گەرمایی چاوى ئەوانە دەکاتەوە کۆچیان کردووە لە دڵیدایە بچێتە سەردانى گۆڕستان ئاسوودەی بکات.   

درەختێک ناوى لەناو دارستان نییە و لە پیتەکانى ناوى خۆیدا ڕواوە یان لە پیتەکانى ناوى خۆیدا لەدایکبووە و خۆى خۆشدەوێ و ڕەگى لە هەناسەى جەنگ و کۆچ لادەدا و خۆى گەرمدەکاتەوە چەشنى باڵندە و هەور حەزى لە کۆچە و لەسەر ئاگر پێکدەگەن لە شەوی هەڵواسینى چرا بە پرچى سپى و درێژى خوداوەندەوە دەرکەوتنى ئەستێرەیەک گوڵاوى لە گوڵى تەڕی زستان بۆ دەگوشێت ڕووەک لە گوڵاودا دووجار لەدایک دەبێت و تەڵەى مەرگ دەتەقێنێتەوە پەرژینێک بە دەورى گوڵى گوڵاو لێچۆڕاودا دەکێشێت یان تۆڕێک لە کەشى دووجار لەدایکبوو دەچنێت   

ڕابردوو و ئێستا هەریەکەیان بزەیەکى تاڵ و تاریکیان بۆ بە ڕێکردنى ئەوى دى کرد و کەوانەیان بەکراوەیی جێهێشت هەردووکیشیان دەمى درۆبێژیان ناکەوێتەوە سەر یەک ئەو ئەمى بە تەرمێکى نەنێژراو زانى و ئەمیش ئەوى بە دەروێشێکى دەست بەتاڵ پڕ بەپێ لەم ئاوازە تووڕەیە ڕادەکەم هەژارى دەستى بەرداوم دەتوانم بچمە ئەو شەقامانەى کۆگاى گەورە و کتێبخانەى دەوڵەمەند و دووکانى بۆنفرۆشى لێیە    پێم ناوەتە ڕێگایەکى بێ گەڕانەوە لە دۆزینەوەى ڕێگاى گەڕانەوەش دەگەڕێم نێوان گەڕانەوە و نەگەڕانەوە ڕێگایەکى وێران و پێچراوە نییە و هێڵى نادیار و تەنکى ژیان دەکێشێت ئەوانەى بەناو هێڵى نادیار و تەنکدا ڕەتبوون خۆشاوى میوە دەخۆنەوە و پاشماوەیەکى کەم بێرەدا دێنەوە ژیان گۆشەیەکى بچووک نییە و لە بێدەنگیدا نامێنێتەوە کرێکارانى شارەوانى چەترى چراى شەقامەکان دەسڕنەوە گۆزەى هەنگوین دێتە سەرڕێى کارپاکییان ئەوەندە ناخۆن بێزاربن  و هێڵنج بدەنەوە خۆشخۆش بەو شەقامانەدا تێدەپەڕن داریان بەسەر بەردەوە نەماوە لە دوایین ساتەکانى مانەوەیان لە شەقامەکاندا بە دەستکێشى باخەوانییەوە دار لەسەر بەرد دادەنێنەوە بۆنى خۆشى شوێنپێ بڵاو دەبێتەوە     کەڵەباب وێنەى هەموو بەیانیانى لە زەینیدا کێشاوە و ملیشى لەسەر زەوییەکى نەرم ڕاگرتووە چەقۆش لەسەر ملی مردووە نائومێدیى بۆ ڕیشاڵى دڵ درێژنابێتەوە شەکرشکێن بەسەرهاتى بۆ شار دروست کردەوە و سواران چوونەوە ناو چرا داگیرساوەکان و ترووسکەى چاوى کەمتیار و مۆرانە و قڕنە و کەرکەدەنیان تێدا دەتوێتەوە و لە تاریکى خۆیاندا جێیان دەهێڵێت گوڵاوەکەى لە گوڵەکەدا چۆڕا چى بەسەرهات    ئەستێرەکە لە خۆى دا و چووە ناو باخچەیەکى بەئاگا کارپاکى گوشین و پاڵاوتنى بۆ گێڕانەوە گوڵەکان چۆنیەتى ئاوخواردنەوەى خۆیانیان نەدرکاند بە بۆنەى ئەم نەدرکاندنەوە سینگى زەوى هێشتان گەرمە و باڵندە حەز دەکەن بۆ بەرزبوونەوە بچنە ناوى و سەریان بە سینگی گەرم کەنەوە ئەى باڵندەى بەرزبوونەوە باڵت لە خەونێکدا کردووەتەوە لەسەرم دەگەڕێیت بەسەریدا بنیشیتەوە و جەژنى نیشتنەوەت ڕێکخستووە دەشێ نیشتنەوە ئاسوودەت بکات و دەست لە قووڵایی دڵت بدەیتەوە من دڵم بۆ نازى هەوا لەسەر باڵەکان دەگەڕێنمەوە    هەموومان دەچینە ڕێگاى نێوان گەڕانەوە و نەگەڕانەوە هەواى نازدارى سەر باڵەکان لێمان دەدات و شەرابى بەختەوەریى دەخۆینەوە  لە پیتەکانى ناوى خۆشماندا لەدایک دەبینەوە ڕێگا بە بۆنى خۆشى شوێنپێى ڕێبوارەکانى سەرخۆشە و ڕێبواران لە بێئاگاییەکى درێژخایەن بێداردەکاتەوە دووبارە خۆمانمان خۆشدەوێتەوە خۆخۆشویستنمان دەبێتە چیرۆک و گوێى لێدەگرین پاش ڕەگ کۆکردنەوە و ئاگردان گەرمکردنەوە بە باڵی تەڕی باڵندە و هەور لە ئاسمان دەمێنینەوە ژیان هەیە و دڵ هیی خودا ڕێ دەهێنمەوە سەر هێشوویەک ترێ کە هێشتان تەماشاى ڕەگەکانى خۆى و بزە بۆ گەرمى سینگى زەوى دەکات و نەخراوەتە کووپەوە بەسەد چاو دەگرى و بەدووسەد دەمیش پێدەکەنێ لاپەڕەیەکى سپى بە دەستەوەیە بۆ ئەفسوونى تاقانە و ئەشقى بەخشین.

                                               

 

 Image result for vann og brann kunst

 

 

گەڕان بۆ بابەت