ما 8996 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

فەڕۆخ نێعمەتپوور

خودا دەستەکانی بەرزکردەوە،... داوای لە هێزە بێ سنوورە پرش و بڵاوەکانی ناو هەموو 'بوون' ی کرد بگەڕێنەوە لای. شەو خەستتر هەڵگەڕا، ئوباما و پوتین لەو گەرما پەنجا پلەیەدا کتوپڕ هەستیان بە سەرمایەکی سەیرکرد، نەبی ئەلئەکڕەم بەسەر تەختی ناو شانەکانیدا کەوت و پرخەی گەیشتە ئاسمان.

 

نەبی ئەلئەکڕەم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

'باراک ئوباما' کە لە تەنیشت یەکێک لە پەنجەرە گەورەکانی کۆشکی سپی، پشیلە سپییەکەی بە باوەشەوە، دانیشتبوو، لە کاتێکدا بە وردی سەیری دەرەوەی دەکرد  و دەستی بە سەروپشتی پشیلەکەدا دەهێنا، گوتی "بە سەری ئەم پشیلەیە گەر خەڵاتی ئاشتیی ئۆسلۆ نەبوایە، بێگومان دەستبەجێ فرمانی دەست تێوەردانی سەربازیم لە سوریا، هەر ئەو کاتەی وا هەواڵی بەکارهێنانی چەکی شیمیایی لە ئەسەدەوە گەیشت، دەردەکرد، بەڵام بڵێم چی! ئەم خەڵاتە قۆڕە قۆلبەستی کردم! جۆرج بۆش گوتەنی ئەورووپای پیر کاری خۆی کرد!" ئەوانەی لە پشتییەوە لەو سەری ژوورەکە دانیشتبوون، سەریان لقاند (کەس نەیزانی بە ئەرێنی یان بە نەرێنی). پاشان یەکیان هەڵیدایە و گوتی "پێویستی نەدەکرد وەک کردەوەی جۆرج بۆشیش بێت، یەک دوو بۆمباران کاری خۆی دەکرد، ورەی هێزەکانی ئەسەد کە بە تەواوی لە خوارەوە بوو، تێکدەشکا و دەبووە هۆی پێشڕەوەی خێرای هێزی ئۆپۆزیسیۆن، ئیتر بە توش ئەم رۆژگارە دژوارەوە نەدەهاتین،... کەرامەت و گەورەییمان نەدەشکا!"

لەو کاتەیدا ئۆباما دەستی بە سەر پشیلەکەیدا دەهێنا، 'پوتین' لە کۆشکی 'کرملین' لە کاتێکدا بە دەستێکی شتێکی واژۆ دەکرد و بە دەستەکەی تری دەستی بە سەری سەگە زەلامە رەشەکەی تەنیشتی دا دەهێنا، رووی لە ژن و پیاوەکانی ناو ژوورە گەورەکەی خۆی کرد و، گوتی "هەڵەی رۆژئاوا ئەوەیە کە بەردەوام پێیان وایە سەرمای رووسیا ناپلیۆن و هیتلەری شکاند، نەک ورە و ئازایەتیی سوپا و خەڵکی روسیا. بۆیە دەبێ کارێکی وەها بکەین ئەمجارە لە شوێنێکی گەرمی وەک سوریا کە زۆربەی بیابانە و پلەی گەرما تێیدا تا پەنجا دەرەجەیش دەگا، جارێکی تر رۆژئاوا بشکێنین. بەم کارەمان دوو ئامانج دەپێکین: یەکەم ئەوەیکە سەرئەنجام ئەوان باوەڕ بە هێزی ئێمە دێنن و شێوازی نووسینی مێژوویش  بۆ هەمیشە دەگۆڕن، دووهەم ئەوەیکە سەردەم دەکەین بە سەردەمی خۆمان."

'نەبی ئەلئەکڕەم' کە نیوە عەرەب نیوە کوردێکی یەکێک لە گەڕەکەکانی دەورووبەری شاری حەلەب بوو، لەم ساڵانەی ئاخردا بە تەواوی باوەڕی بەوە هێنابوو کە سەردەمی تەک خودایی تەواو بووە و سەردەم سەردەمی جووت خوداییە. ئەو کە بە جوانی نەیدەزانی ناوی پوتین و ئوباما بێنێ دەیگوت "ئەلبۆدن و ئەلووباما دیا باژێڕێ حەلەبێ گا!" ئەوسا دەستی بۆ ئەو سەگ و پشیلە بەڕەڵایانە رادەداشت کە لە دەشتایی نێوان گەڕەکە خۆڵاوییەکەی ئەوان و ئاسۆی تەم و مژاویدا خۆیان لە دوپشکەکان مڵاس دەدا. لەو کاتەوە شەڕ و بۆمبارانەکان دەستی پێکردبوو، ئەوان ئیتر روویان لە گەڕەکەکان و لە مرۆڤەکان نەدەکردەوە. نەبی ئەلئەکڕەم نەیدەزانی لەم دونیایەدا سەگ و پشیلەی وا هەن کە ئاگایان لە ئاخافتن و قسەکردنی خوداکان رێک لە ژوورەکانی خۆیانەوە هەیە.

خودا کە زانی نەبی ئەلئەکڕەم چیدی باوەڕی بە خوایەتی ئەو نەماوە و شەڕ و نەهامەتییەکانی دونیا ورەی پێ شل کردووە و کردوویەتی بە کافر، بە فریشتەکانی گوت چەند شەو لەسەر یەک بە بێ ئەوەی نەبی ئەلئەکڕەم بە خۆی بزانێ ژەمێکی باشی بۆ لە پشت پەنجەرەکەیدا دابنێن. خودا دەیویست بەم کارەی خۆی نەبی لە رێگای گومڕاهی و کافرایەتی بگەڕێنێتەوە. نەبی ئەلئەکڕەمیش لە کاتێکدا دزداشەکەی تا ئەژنۆکانی هەڵدەدایەوە، چوارمیلکە بەو گەرمای نیوەڕۆیە دادەنیشت و لە کاتێکدا لە دوکەڵ و گڕی بەرەکانی شەڕی دەڕوانی، کەوچکی لە خواردنە بەلەزەتەکەی دەدا و بە دەنگی بەرز دەیگوت "ئەز نزانم ئەلبۆدنی ئەلووبامای، لێ هوون سپاسیێ ژ منڤە نابینن!"

هەواڵ بە ئوباما و پۆتین گەیشت (فڕۆکەوانەکان بەمەیان زانیبوو)، کە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی دەورووبەری حەلەب پیاوێکی کەتەی تەنیا بە رۆژ بە بێ ئەوەی گوێ بداتە شەڕ و کوشتاری بێ روحمانەی دەورووبەری، لەبەر دیسێک پڕ لە خواردنی جۆراوجۆر و بەلەزەت، کە دەستکەوتنی لەم دەورانەدا یەکجار ئەستەم بوو، دادەنیشێ و بە لەزەوە دەخوا و لەبەر خۆشییەوە دەدوێ (ئەو قسە و رستانەی وا تەیارەکان بۆیان زەبت نەدەکرا)، تەنانەت جاروبار دەستیش هەڵدێنێ و بەردێکیش دەهاوێ. ئوباما و پوتین ئەمریان دەرکرد کە لە گەشتێکی فڕۆکەکانیاندا بە پەڕەشوت دابەزن و ئەو پیاوە سەیر و سەمەرەیە ببینن.

بە تێپەڕینی رۆژەکانیش کاتێک خودا بینی کە خواردنە بەلەزەتەکان هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لە سەر نەبی ئەلئەکڕەم نیە، بڕیاری دا لە سەر باڵی مەلایکەکانی دابەزێتە سەر زەوی و سەردانێکی نەبی بکا.

بەم شێوەیە ئوباما و پۆتین و خودا لە یەک کات و چرکەدا بێ ئەوەی کەسیان ئاگای لە پلانەکەی ئەوی تر بێت گەیشتنە خانووە پەرپوت و وێرانەکەی نەبی ئەلئەکڕەم.

کاتێک ئەوان گەیشتن، شەو درەنگانێ بوو. دونیا تاریک تاریک. لە دوورەوە چەخماخەی ئەو بۆمب و تۆپ و هاوەنانە دەبینران کە ئاوریان لە دونیا بەردەدا. نەبی ئەلئەکڕەم لە سەر دۆشەک و سەرینە پیس و چڵکن و دوکەڵاوییەکەی لە سەر لاشان پاڵکەتبوو و، پێش ئەوەی خەو بیباتەوە سەیری دووا وێنە ترسناکەکانی ئەو رۆژەی دەکرد کە چیتر لای ئەو ترسناک نەمابوون. ئاخر نەبی ئەلئەکڕەم بەو ئاکامە گەیشتبوو کە لە نێوان ئەم دیمەنە ترسناکانە و خواردنە خۆشەکانی پشت پەنجەرەکە کە نەیدەزانی لە کوێوە دێن، پەیوەندێکی گرینگ هەیە.

ئۆباما و پوتین لە یەک کاتدا دابەزین، ئەوەندەی پێ نەچوو خودایش دابەزی. ئوباما و پوتین لە کاتێکدا بەردەوام بە گومانەوە سەیری یەکتریان دەکرد، پەڕەشوتەکانیان کۆکردەوە. بەڵام خودا بە بێ خەیاڵ لە سەر باڵی فریشتەکانی دابەزی و خۆی کێشایەوە و، سەرئەنجام بە فریشتەکانی گوت "بڕۆن تا ئاگادارتان دەکەمەوە!"

ئەوسا هەر سێکیان لەیەک کاتدا گەیشتنە سەر نەبی ئەلئەکڕەم کە بە قوڵی خەوی لێکەوتبوو و، تەواو ئاگای لە دونیا بڕابوو. سەرەتا ویستیان خەبەری بکەنەوە، بەڵام هەر سێکیان لە یەک کاتدا پەشیمان بوونەوە. هۆکارەکەیشی ئەوە بوو کە پیاوێکی کەتەی هەژاری بێ دەرەتانیان بینی کە هیچ چەشنە هێمایەکی تایبەتی وەهای تیا نەبوو دەسەڵاتی ئەوان بخاتە مەترسییەوە. وەک بڵێی تێکڕا لە سەفەرەکەیان پەشیمان بووبنەوە، بەرەو دوواوە هەنگاوێکیان هەڵێنا، بەڵام راوەستان. دەیانویست تازە لەم سەفەرە سەیر و سەمەرەیەی خۆیان، سودێک ببینن.

ئوباما هەڵیدایە و گوتی "پێم وابێ من سەرۆکی یەکەمین زلهێزی دونیام و ئەو مافەم هەیە لە گەڵ خۆمی ببەم!" پوتین وەک ئەسپ پڕمەیەکی کرد و گوتی "لەمەبەدوا نیت، ئەم پیاوە هی منە. مەگەر نایبینی چەند بێ ترسانە لە شەڕی سوریا دەڕوانێ؟" خودا کە لە لەخۆباییبوون و لوتزلیی ئەو دووانەوە یەکجار توڕە هەڵگەڕابوو، گوتی "وەک هەمیشە من بڕیاردەدەم، یاڵڵا بکشێنەوە." ئوباما و پوتین کە تائیستا پێیان وابوو خودا پیاوی ئەوی ترە و لە گەڵئەوی تر هاتووە، بە سەرسوڕمانەوە سەیری خودایان کرد و ئەوسا بە نیگای پڕ لە پرسیارەوە لە یەکتریان رووانی. پاشان ئۆباما کە یەکجار لە لێهاتوویی خۆی بۆ قسەکردن و خیتابەدان رازی بوو، بە دەمە زل و دیانە سپی و زۆرەکانییەوە گوتی "تۆ کێی،... تۆ کێی لەم شەوەزەنگەدا و لە کاتی گەورەترین شەڕی سەردەمدا کە شتێکی وای لە شەڕی یەکەمی جیهان کەمتر نیە، لەگەڵ ئێمە گەیشتوویتە سەر عەرزی داخ و پڕ لە گرمە و خوێناویی ئێرە؟" پوتینیش بۆ ئەوەی دووانەکەوتبێ، گوتی "با بڕۆمەوە، فرمان ئەدەم حەکت کەن تا جەرگ و ریخۆڵەت بخەمە سەر مێزی دونیا!" خودا کە چاوەڕوانیی ئەمەی نەدەکرد، پێی چوو هەتا سەروبنی وەزعەکە بێنێتەوە یەک. ئەوسا پاش ئەوەی هەستی متمانە بە خۆی بەدەستهێنایەوە، بە بزەیەکی تاڵەوە گوتی "ئیستا دەزانم چ باسە!... ئیستا دەزانم. نازانم ئەو فریشتە گێلانەم ئەم ماوەیە خەریکی چی بوون،... نازانم!"

پوتین و ئوباما بە بیستنی ناوی 'فریشتە' لە ناکاو و تێکڕا دایانە قاقای پێکەنینێکی سەیر. وەها وەک بڵێی گڕە دووردەستەکانیش بە شەپۆلی ئەو پێکەنینە لەرینەوە و ئەوانیش پێکەنین. ئەوسا ئوباما گوتی "نەکا جەنابت بڵێی خودای؟... ها،... نەکا؟ هەرچەند لە دیمۆکراسیی ئامریکادا کە پێشکەوتووترین دیموکراسیی دونیایە دەکرێ کەسانێ باس لەوە بکەن خودان، یاخود ئەوەیکە خودایش بڵێ خودام! بەڵام ئەم قسانە لێرە ناخوات، ئێرە سوریایە، لێرە دەبێ هەموو کەس وەک خۆی بێت و بەس." پوتین بە توڕەییەوە هەڵیدایەوە و روو لە خودا گوتی "هەموو کەس لێرە وەک خۆیەتی و بەس؟!! قسەی قۆڕ!... لەمە بێ ماناترم لە ژیانمدا نەبیستووە. نەکا باوەڕیشت بە بەم قسانەی خۆت هەبێ؟... نەکا؟"

ئوباما کە باوەڕی نەدەکرد کەس بەم شێوەیە گومان لە دیموکراسیی وڵاتەکەی بکا، گوتی "هەر ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی ئێمە لێرە بە یەک نەگەین،... هەر ئەمەیە! بەڵام گرینگ نیە، گرینگ ئەوەیە سەرئەنجام و لە دووا قسە و لەدووا قۆناخدا هەر ئێمەین دەیبەینەوە، مێژوو ئەمەی سەلماندووە. هەرچەند زۆر حەزم لەبەکارهێنانی وشەی 'مێژوو' نیە و زیاتر ئەمە  بیری فەلسەفەی قێزەونی ئاڵمانم دەخاتەوە کە کۆمۆنیزم و فاشیزمی لێکەوتەوە!"

خودا سەیرێکی ئاسمانی پان و بەرین و قوڵی کرد و هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا و، گوتی "هەمیشە وەها بووە. لەو کاتانەیدا ئەم قسانە ئەکەن گەر کەمێک سەر بەرزبکەنەوە و لەوێ بڕوانن، بێگومان ئاهەنگی قسەکانتان ئەگۆڕدرێ، بەڵام کێشەی ئەم مرۆڤە نەگبەتەی من دروستم کردووە ئەوەیە کە لە کاتی قسەکردن و ئاخافتندا تەنیا یان لە بەردەمی خۆی دەڕوانێ، یان لە سیمای کەسەکەی بەردەمی."

لێرەدا نەبی ئەلئەکڕەم تلێکی دا و لە سەر شانی چەپ بە سەر شانی راستدا کەوت. هەرسێکیان لێیان رووانی. ئوباما وتی "لەم قسانە گەڕێن! پێم وابێ هەرسێکمان بە نیازی بردنی ئەم برادەرە هاتووین. وەک وتم ماف بە منیشە. ئەگەر بەگوێم نەکەن فرمانی دەرکردنی شەڕی ئەتۆمی دەدەم و، خاکی روسیا بە تورەکە دەبێژم و (لێرەدا رووی لە خوا کرد)، ئەو زەوییەیش خاپوردەکەم کە تۆ دەڵێی دروستت کردووە، هەرچەند کاتێک گەڕامەوە دەبێ بە هێزە جاسووسی و سیخوڕییەکانم بڵێم کەمێک لە سەرت بکۆڵنەوە، ئاخر لە دیموکراسیی ئامریکادا ئەوە راستە کە هەموو کەس مافی قسەکردن و دەربڕینی رای هەیە، بەڵام ئەوەندەیش وڵاتێکی بێ سەرەوبەرە نیە." پوتین زۆر بە توڕییەوە هەڵیدایە و گوتی "تەحح! هەڕەشەی چەکی ئەتۆمی دەکەی! حەتمەن بە گاڵتەیە! وادیارە لەبن گوێی گادا نوستووی، وادیارە ئاگات لێ نیە ئیمە چیمان هەیە!" ئوباما کە بە جۆرێک لە جۆرەکان چاوەڕیی ئەم قسەیە بوو، پاش کەمێک بیرکردنەوە گوتی "دەی کاکە! چ بکەین باشە؟ بەو حسێبە نە تۆ وازدێنی و نە من. جا چارمان چییە؟ من پێم وایە..."

لێرەدا خودا قسەکانی پێ بڕی و گوتی "وادیارە ئێوە لە سەر هەوای خۆتانن و ناتانەوێ لە من بگەن، هەڵبەت تێدەگەم، من بە چیرۆکی لادانی مرۆڤی نەگبەت ئاشنام، ئەمەیش تەنیا نموونەیەکی تریەتی. گوێ گرن نەگبەتینە! با رقی پیرۆزم نەجوڵێ، خودایش سنووری تەحەمولی خۆی هەیە. ئەم مرۆڤە هی منە و دەشگەڕێتەوە بۆ لای من، تەنیا ئەوەندەی جیاوازە کە ئەمجارە خۆم هاتووم و بیبەمەوە، نەک ئیزرائیل، جا بکشێنەوە، هەر ئەوەندەی گیانی ئێوەیش ناکێشم، بڕۆن شوکری خو... شوکری خۆتان بکەن!"

ئوباما و پوتین ئەوەندە پێکەنین کە سەرەتا لە سەر ئەژنۆ و پاشان لە سەر ئەرز کەوتن. وەک منداڵ لنگە فرتێیان دەکرد. نەرمەتۆزێک لەو نیوەشەوە ئەنگوستەچاوەدا جەستەی داپۆشین. پاشان ئوباما خێرا هەستایەوە سەرپێ و خۆی تەکاند و ئەوسا گوتی "لە دیموکراسیی ئێمەدا مافی ئیعدامکردن هەیە، بەڵام رەوتی یاسایی خۆی هەیە و بۆیە ئەم قسانەی تۆ دژی یاسا و رێسا مودێڕن و پێشکەوتووەکانی ئێمەیە. جا وا باشترە دوور بکەویتەوە پێش ئەوەی بدەمە دەست پۆلیسی نێونەتەوەیی بە تاوانی هەڕەشە لە سەرۆکی گەورەترین هێزی دونیا!" پوتینیش کە چاوەڕوانی ئەم هەڕەشەی نەدەکرد، هەر بە راکشانەوە و لە کاتێکدا هەر دوو دەستی لە پشت ملی قفڵ کردبوو، گوتی "تۆ دەبێ بە مووشەکی پاپۆڕە بن ئاوییەکانمان لە رووبەری دونیا، ببورە رووبەری ئاسمان، پاک بکەینەوە!... خخخخخخخ"

خودا دەستەکانی بەرزکردەوە، چاوەکانی قونجاند و داوای لە هێزە بێ سنوورە پرش و بڵاوەکانی ناو هەموو 'بوون' ی کرد بگەڕێنەوە لای. شەو خەستتر هەڵگەڕا، ئوباما و پوتین لەو گەرما پەنجا پلەیەدا کتوپڕ هەستیان بە سەرمایەکی سەیرکرد، نەبی ئەلئەکڕەم بەسەر تەختی ناو شانەکانیدا کەوت و پرخەی گەیشتە ئاسمان، بەڵام کتوپڕ خودا دەستەکانی هێنایەوە خوارەوە، چاوەکانی کردەوە و دونیا لە یەک چرکەدا گەڕایەوە دۆخی خۆی. خودا پەشیمان ببووەوە. وەک هەمیشە کاری عەبدەکانی خۆی دابوویەوە دەست خۆیان. ئەو دەیزانی کەس بەقەدەر خۆیان، خۆیان سزا نادەن.  ئەوەندەی پێنەچوو فریشتەکان گەڕانەوە و خودا لە سەر پشتیان دانیشت و لە پانتایی تاریک و قوڵی ئاسماندا ون بوو.

ئوباما و پوتین کە سەریان لە رووداوەکەی بەردەمیان سوڕمابوو، تا چەند چرکەیەک هەروا بێدەنگ لە ئاسمانیان رووانی، بەڵام پرخەیەکی سەیری نەبی ئەلئەکڕەم هێنانییەوە سەر هۆش.

 لە یەکتریان رووانی. لە چاوە بێدەنگەکانی یەکتریان خوێندەوە "نیوە بە نیوە." ئەوسا جەستەی نەبی ئەلئەکڕەمیان لە کاتێکدا پرخەی دەگەیشتە عەرشی ئەعلا، لە ناو قەددا کرد بە دوو لەتەوە. ئوباما گوتی لە کەمەر بەرەوەسەر بۆ من و لەکەمەر بەرەوخوار بۆ تۆ. پوتین پێکەنی. جەستەکەیان بە یەکەوە نایەوە و ئەمجارە لە تۆقی سەرەوە تا خوارەوە کردیان بە دوو بەش. چەپ و راست. هەر کامەیان بەشێکیان هەڵگرت و ئەوەندەی پێ نەچوو هلیکۆپترەکان پەیدا بوون. نیوەی نەبی ئەلئەکڕەم لەم کۆپتەرەدا و نیوەکەی تری لەوی تردا بۆ هەمیشە ون بوو.

ئەو بەیانییە دووا بەیانیی ناردنی خواردن بوو بۆ بەر پەنجەرەکەی نەبی ئەلئەکڕەم. ئەو خواردنەی مایەوە و بۆنی کرد و سەرئەنجام پشیلە و سەگە بەڕەڵلاکان خواردیان.

 

 Bilderesultat for putin og obama karikatur

 

 

گەڕان بۆ بابەت