لەئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان
سهعیدجا زۆر گریا بۆ گامێشهکهی. له‌مێژ بوو خووی پێوه گرتبوو، بۆ چه‌ند ڕۆژانیش هیچی بۆ نه‌خورا، نابێ له بیرمان بچێ که سهعیدجا هێشتا مناڵ بوو. گامێشه تازه‌که هه‌ر زوو له‌گه‌ڵ ئه‌م کوڕه ئاشنا بوو و جێگه‌ی ئه‌وی پێشووی له دڵی سهعیدجادا گرته‌وه.
سەعیدجا
ئیدوارد داوس دێککهر
لەئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان
دێکەر بۆ چەند ساڵان جێگری رەسمی فەرمانداری حکومەتی هۆلەندی بووە لە جاوە. ئەو، جیا لە بەسەرهاتە تاڵەکانی، رۆمانی ماکس هاڤلۆرMax Havelaar ی نووسی، کە تێیدا باسی ستەمکاری و گەندەڵیی کاربەدەستانی هۆلەندی، بەرانبەر بە دانیشتوانی دوورگەی جاوە، لە ئەندونێزیا دەکا.
دێکەر شانۆنامەنووسیش بووە، بەڵام ناوبانگی زیاتر لەبەر رۆمانەکەیەتی .
چیرۆکی سەعیدجا قەوارەیەکی تەواو، لەو رەنج و ئازارە ئەخاتە بەرچاو، کە جاوەییەکان لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هۆڵەندی چەشتوویانە و لە ماکس هاڤلۆردا باسی لێ کراوە.
الفۆنس ناهویس ئەدینبورگAlphonse Nahuys, edinburg ساڵی ١٨٦٨ رۆمانی ماکس هاڤلۆر کردۆتە ئینگلیسی (لە رووی ئەم دەقەشەوە کراوەتە کوردی.)
داستانی سه‌عید جا
باوکی سهعیدجا تاقه گامێشێکی هه‌بوو، که په‌ڵه زه‌ویه‌که‌ی خۆی پێدهکێڵا. کاتێ گه‌وره‌ی ناوچه‌ی 'پارانگ ـ کوچانگ' گامێشهکهی لێساند، وا خه‌م دایگرت بۆ چه‌ند ڕۆژان قسه‌ی بۆ نه‌کرا. چونکه وه‌رزی جووتکردن بوو. ئه‌و ده‌یزانی ئه‌گه‌ر زه‌ویه‌که‌ی زوو نه‌کێڵێ و ئاماده‌ی نه‌کا، ده‌رفه‌تی تۆ وه‌شاندنی نامێنی و ئیتر نه مهرهزهیهکی ده‌بێ بۆ بڕینه‌وه و نه برینجێکیان ده‌بێ له ماڵه‌وه هه‌ماری بکا.
لێره‌دا با من ئه‌مه بۆ خوێنه‌ر ڕوونکه‌مه‌وه، ئه‌وانه‌ی وا شاره‌زای ' جاوه' هه‌ن نه‌ک 'بانتام'، ده‌زانن له‌م ناوه‌نده زه‌ویوزار هی خاوه‌ن موڵکه. ئه‌م سیسته‌مه له شوینه‌کانی تردا نییه.
باوکی سهعیدجا ئێجگار به په‌رۆش بوو، ده‌ترسا ئه‌گه‌ر ئاوا بڕواته پێش نه ژنه‌که‌ی برینجێکی ده‌بێ بۆ خواردن، نه سهعیدجا که هێشتا منداڵ بوو، نه خوشک و برا چکۆله‌کانی ئه‌ویش. ئه‌گه‌ر له‌وه‌ش زیاتر باج و پیتاکی میریش دوا بخا، کوێخای گونده‌که ده‌یناسێنێ به گه‌وره‌ی هه‌رێمه‌که، ئه‌مه‌ش به پێی یاسا سزای خۆی هه‌یه.
باوکی سهعیدجا ناچار خه‌نجه‌رێكی که له باوکییه‌وه بۆی به‌جێمابوو هه‌ڵگرت و بردی بۆ پایته‌خت. ئه‌م خه‌نجه‌ره زۆر جوان نه‌بوو، به‌ڵام چه‌ند ته‌وقی زێوین به ده‌وری کالانه‌که‌یه‌وه بوو. نووکهکهیشی هه‌ر له زیو گیرابوو. له پایته‌خت خه‌نجه‌ره‌که‌ی به کابرایه‌کی چینی فرۆشت. به به‌های ئه‌م خه‌نجه‌ره که بیست و چوار' گیڵدر' بوو گه‌رایه‌وه ماڵه‌وه و له‌وێ گامێشێکی تری پێ کڕی.
سهعیدجا له‌م کاته‌دا حه‌وت ساڵان بوو، هه‌ر زوو له‌گه‌ڵ ئه‌م گامێشهدا بوو به هاوڕێ. به ئه‌نقه‌ست ده‌ڵێم'' بوونه هاوڕێ'' چونکه له ڕاستیدا ده‌ست لێدانێکی ئه‌م منداڵه به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی بزانی ئه‌م بێزمانه چه‌ند هۆگری سهعیدجآ بوو، که ڕۆژانه ده‌یبرد بۆ له‌وه‌ڕ و ئاگاداری لێده‌کرد. له‌م هۆگریه‌ی من نموونه‌یه‌کتان بۆ ده‌هێنمه‌وه. به ده‌س ههڵتهکانێکی ئه‌م منداڵه ئه‌م چوارپێ زل و زه‌مه‌ند و به‌هێزه ملی خۆی بۆ لای راست یان چه‌پ یان به‌ره‌وخوار راده‌کێشا و به‌و لایه‌دا ده‌ڕۆی که قامکی سهعیدجا پیشانی ده‌دا.
سهعیدجای بچکۆڵه هه‌ر زوو توانیبووی ئاوه‌ها هاورێیهتییهک له گه‌ڵ ئه‌م تازههاتووهدا دامه‌زرێنێ؛ وادیابوو له‌کاتی جووتکردندا ده‌نگی هانده‌ری ئه‌م منداڵه هێز و توانایه‌کی زیاتری ده‌دا به شان و ملی ئه‌م گیانداره که چۆن ئه‌م زه‌ویه وشک و ڕه‌قه‌ی هه‌ڵده‌دڕی و هێڵی ده‌کیشا بۆ پێشه‌وه، هه‌ر که ده‌گه‌یشته سنووری زه‌ویه‌که‌ش بێ ئه‌وه‌ی بستێک شوێنی نه‌کێڵراو به‌جێ بهێڵێ به ئاره‌زووی خۆی هه‌ر له پاڵ هێڵه‌که‌ی پێشووتره‌وه درگهڕاوه؛ وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌زرا برینجه باخێک بووبێ و دێوێک ته‌ختی کردبێ.
مه‌زراکه‌ی تهنشتیان مه‌زرای باوکی ' ئادیندا' بوو. (ئادیندا ئه‌و کچه بوو، که ده‌ست نیشان کرا بوو ببێته ژنی سهعیدجا)
برا چکۆله‌کانی ئادیندا که ده‌هاتنه قه‌راخ مه‌زراکه و باوکی سهعیدجایان ده‌بینی خه‌ریکی جووتکردن بوو، به خۆشحاڵییه‌وه ده‌یانڕوانییه ئه‌و گامێشه و ستایشی هێز و تواناکه‌یان ده‌کرد. به‌ڵام من پێموایه ئه‌گه‌ر گامێشهکهی سهعیدجا یه‌ک له‌و گامێشه باشانه بوو، ڕه‌نگه له‌به‌ر ئه‌وه بووبێ خاوه‌نه‌که‌ی ده‌یزانی چۆنی له‌گه‌ڵ بدوێ، چونکه ئه‌م حه‌یوانه به‌رانبه‌ر به قسه‌ی نه‌رم و خۆش زۆر به هه‌سته.
کاتێ گه‌وره‌ی ناوچه‌که ئه‌م گامێشهشی له باوکی سهعیدجا که زۆر نه‌دار و هه‌ژار بوو ساند، سهعیدجا نۆ ساڵان و ئادینداش شه‌ش ساڵان بوو. باوکی سهعیدجا به ناچار دوو قولاپی زێوینی په‌رده که میراتی ژنه‌که‌ی بوو به‌و پیاوه چینییه فرۆشت به هه‌ژده' گیڵدر' و به‌و پاره‌یه گامێشێکی تری پێ کڕی. سهعیدجا ئێجگار په‌ست ومهلوول بوو. چونکه له برا چکۆله‌که‌ی ئادیندای بیستبوو، که گامێشهکهیان بۆ شار بردوه، بۆیه له باوکی پرسی: له شار که قولاپه‌که‌ی فرۆشت گامێشهکهی نه‌دیبوو؟
باوکی بم پرسیاره وه‌ڵامی نه‌دابۆوه. بۆیه سهعدجا ترسی لێ‌نیشت که ڕه‌نگه گامێشهکهیان وه‌ک ئه‌و گامێشانه‌ی تر که له جووتیاره‌کانیان سه‌ندبوو، سه‌ربڕیبێ.
سهعیدجا زۆر گریا بۆ گامێشهکهی. له‌مێژ بوو خووی پێوه گرتبوو، بۆ چه‌ند ڕۆژانیش هیچی بۆ نه‌خورا، نابێ له بیرمان بچێ که سهعیدجا هێشتا مناڵ بوو. گامێشه تازه‌که هه‌ر زوو له‌گه‌ڵ ئه‌م کوڕه ئاشنا بوو و جێگه‌ی ئه‌وی پێشووی له دڵی سهعیدجادا گرته‌وه. داخی گرانم نیشان له‌سه‌ر مۆمی دڵ زوو دهسڕییتهوه بۆ ئه‌وه‌ی جێی خۆی بدا به نیشانێکی تر.
ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش وابێ که، گامێشه تازه‌که وه‌ک ئه‌وی پێشوو به‌هێز نه‌بوو: له ڕاستیدا نیرهکۆنهکه بۆ ملی ئه‌م ، هه‌م زۆر گه‌وره و هه‌م زۆریش قورس بوو، به‌و حاله‌ش ئه‌م به‌سزمانه هه‌ر پێی قایل بوو. سهعیدجا کاتێ براکانی ئادیندای له سنووری مه‌زراکه ده‌بینی ئێستاش پێی وابوو گای که‌س له هی ئه‌و باشتر نییه، ئه‌گه‌ر هێڵه‌کانیش وه‌ک جاران ڕاست نین، یان کڵۆکان ورد نابن قه‌یناکا، ئه‌و بۆ خۆی به پێمه‌ڕه‌که‌ی وردیان ده‌کا. بێجگه له‌وه‌ش هیچ گامێشێک ئه‌ستێره‌یه‌کی وه‌ک هی ئه‌وی به نێوچه‌وانه‌وه نییه، مه‌لای دێ بۆ خۆی فه‌رمووبووی: ئه‌م مووه لوولانه به شانه‌کانیه‌وه به‌ختی چاکیان پێوه‌یه.
جارێکیان سهعیدجا له مه‌زرا به خۆڕا لهگامێشهکهی خوڕی که خێراتر بڕوا، گامێش له جێی زۆی وه‌ستا و نه‌جووڵا. سهعیدجا له‌م سه‌رکێشییه‌ی زۆر تووڕه بوو، نه‌یتوانی زمانی خۆی له جنێوی پیس ڕاگرێ. بانگی کردێ هه‌ی س... ئه‌وه‌ی له هیند ژیابێت له‌م قسه‌م تیده‌گا. ئه‌وه‌یش له‌وێ نهژیانێ باشتره هه‌ر لێکینهدهمهوه.
سهعیدجا مه‌به‌ستێکی خراپی نه‌بوو. ئه‌و ئه‌م وشه‌یه‌ی بۆیه بهزارا هات، چونکه زۆرجار له خه‌ڵکی تری بیستبوو کاتێ له گامێشهکهیان تووڕه ده‌بوون. به‌ڵام ئه‌م جنێوەش هه‌ر بی که‌ڵک بوو، گامێش له جێی خۆی نه‌بزووت؛ سه‌ری خۆی ڕاده‌وه‌شاند، وه‌ک بیهه‌وێ نیره‌که‌ی سه‌ر ملی فڕێ‌دا، دهیپڕماند و هه‌ڵده‌له‌رزی. شڵه‌ژاوی و په‌شۆکاوی به چاوه شینهکانیهوه دیار بوو. لچی سه‌روی لوول ده‌کرد و پووکه‌کانی ده‌رده‌خستن.
براکانی ئادیندا له دووره‌وه هاواریان کرد:'' سهعیدجا! هه‌ڵێ، هه‌ڵێ، ڕاکه ئه‌وه به‌بره!'' هه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی خه‌ریکی جووتکردن بوون نیرهکانیان له‌ملی گامێشه‌کان کرده‌وه و سوار پشته پانه‌کانیان بوون و به غار به نێو مه‌ره‌زه و جۆگه و شی‌و و قوڕ و چڵپاواندا، به‌سه‌ر گژ و گیا و دار و دهوهناندا، به لای مه‌زرا و ڕێگه و باناندا، به‌ره‌و ماڵ ڕایانکرد. به‌ڵام کاتێک به ههناسهبڕکی و ئاره‌ق چۆڕان گه‌یشتنه گونده‌که‌ی ' بادوور' سهعیدجایان له‌گه‌ڵ نه‌بوو. چونکه کاتێک سهعیدجا نیره‌که‌ی سه‌ر ملی گامێشهکهی لابرد و سواری بوو که وه‌ک ئه‌وانیتر هه‌ڵبێ، کوتوپڕ قه‌ڵمبازێکی له ناکاوی گامێشه‌که جێی پێ شل کرد و له‌سه‌ر پشتی که‌وته خواره‌وه.
به‌بره‌که زۆر نزیک ببۆوه.... گامێش، که به گوڕمی قهڵهمبازهکهی، نه‌ک به‌ویستی خۆی، به‌ره‌و پێشه‌وه چووبوو، به ئاسته‌م توانی خۆی ڕاگرێتهوه. له کاتێکدا سهعیدجای به‌جێهێشتبوو، گه‌ڕاوه و ئه‌و لاشه زله‌ی خۆی کرده بانێک به‌سه‌ر منداڵه‌که‌وه و شاخه‌کانی گێڕا بۆلای به‌بره‌که که دوابازی دابوه سه‌ریان. گامێشه‌که به شاخه‌کانی بهبرهکهی گرتەوە، به‌بره‌که ته‌نیا نه‌ختێ گۆشتی له لاملی گامێشەکە پچڕیبوو.
به‌بر له‌ولاوه به سکی دڕاوه‌وه که‌وته سه‌ر زه‌وی و سهعیدجا ڕزگاری بوو.
بێگومان ئه‌وه له به‌ختی ئه‌و ئه‌ستێره بوو به نێوچه‌وانی گامێشهکهوه
که ئه‌م گامێشهشیان له باوکی سهعیدجا ساند و سه‌ریان بڕی، سهعیدجا دوانزه ساڵان بوو، و ئادینداش سارانگی له‌به‌ر ده‌کرد و نیگاری له سه‌ر ده‌کێشاوه. ئێستاکه ئادیندا فێرببو مه‌لوولی و دڵته‌نگی له نیگاره‌کانی سه‌ر قوماشه‌کان، پیشانبدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌م و په‌ژاره‌ی سهعیدجای بینیبوو. باوکی سهعیدجاش هه‌ر زۆر دڵی خه‌مبار بوو، دایکی له‌ویش زیاتر.
دایکی برینی ملی گامێشه‌که دڵسۆزه‌که‌ی ده‌رمان کردبوو، چونکه کوڕه‌که‌ی به‌ساغی هێنابۆوه ماڵه‌وه. هه‌رجارێکیش ئه‌و ئه‌م برینه‌ی ده‌بینی بیری له‌وه ده‌کرده‌وه: ددانی تیژی ئه‌م به‌بره ئاخۆ برینێکی چه‌ند قووڵی کردبایه له‌شی ناسکی منداڵه‌که‌ی. هه‌ر جارێکیش قوماشێکی تازه‌ی ده‌خسته سه‌ر برینه‌که‌ی، ده‌ستی به سه‌ر ملیدا ده‌هێنا و زۆر به نه‌رمی له‌گه‌ڵیدا ده‌دوا، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م گیانداره بزانێ ئه‌م دایکه چه‌ند مه‌منوونی چاکهکهیهتی.
دایکی سهعیدجا هێواداربوو ئه‌م حه‌یوانه لێی تێ‌بگا. ده‌بێ زانیبێتیشی، بۆیه له‌کاتی بردنیشیدا ئه‌وه‌نده‌ی بۆ گریا. چونکه ئه‌و نه‌ببوه هۆکاری سه‌ربڕینه‌که‌ی.
باوکی سهعیدجا میراتێکی وای بۆ نه‌مابۆوه که بیفرۆشێ و گامیشێکی دیکه‌ی پێ بکڕێ. دایک و بابی شتێکی که‌میان بۆ به‌جێ هێشتبوو.
ساڵانێک دوای ئه‌وه‌ی گامێشهکهیان لێساند، به کرێ جووت هه‌ر زه‌ویه‌که‌ی کێڵا و کاری له سه‌ر کرد. به‌ڵام ئه‌مه کارێکی بێ خێر بوو، جگه له‌وه‌ش خه‌م هێنه‌ر به‌هوو بۆ که‌سێک که له پێشدا گای خۆی هه‌بووبێ. ورده ورده نه‌داری و ده‌سکورتی باڵی کێشا به سه‌ر ماڵیاندا. دایکی سهعیدجا له خه‌فه‌تا مرد، باوکیشی له دڵشکاوی و خه‌مباریدا' بانتام'ی به‌جێهێشت و به دوای کاردا رووی له ناوچه‌ی' بۆتهنزورگ' کرد. له 'بوتهنزورگ' له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سنووری به‌بێ پاسپۆرت بڕیبوو گرتیان؛ دوای ئه‌وه‌ی به قه‌مچی لێیاندا، گه‌ڕاندیانه‌وه بۆ' باڵدوور'. له‌وێش له زیندان کرا، چونکه لایان وابوو پئاوێکی شێته، که من چاک ده‌زانم وایه و ترسی ئه‌وه هه‌بوه کاتێ به سه‌ریا بێ په‌ت بپچڕێنێ و ده‌ست بداته پیاو کوشتن.
باوکی سهعیدجا زۆر له زینداندا نه‌مایه‌وه چونکه زۆری پێنه‌چوو مرد. خوشک و براکانیشی چی‌یان لێ به‌سه‌ر هات من نازانم. ئه‌و خانووه‌ی له 'بادوور' ئه‌وانی لێ ده‌ژیان ماوه‌یه‌ک چۆڵ بوو، دواییش تێکچوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له دار حه‌یزه‌ران دروست کرابوو، بانهکهیشیان به قامیش داپۆشیبوو. ئه‌و شوێنانه‌یش که زۆر خراپ بوون به قوڕ و خۆڵ داپۆشرابوون.
سهعیدجا پانزه ساڵان بوو که باوکی چوو بۆ 'بوتهنزورگ' (Buitenzorg). ئه‌و له گه‌ڵیا نه‌چوو، چونکه پلانی تری له سه‌ردا بوو؛ بیستبووی له 'باتاویا' پیاوانێکی ده‌وڵه‌مه‌ند هه‌ن به کالیسکه هاتوچۆ ده‌که‌ن. بۆ لاوێکی وه‌ک ئه‌و کارێکی وا ئاسان په‌یدا ده‌بێ؛ چونکه ئه‌وانه بۆ ڕاکیشانی کالیسکه‌ی دوو پێچکه، بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌نگییان نه‌شێوێ، کوڕانی لاو و به هێز به‌کار ده‌هێنن. ده‌وترا ئه‌گه‌ر بێتوو ڕه‌وشتی جوان بنوێنێ، ده‌توانێ به سێ سال پووڵی دوو گامێشان په‌یدا بکا. ئه‌مه بۆ سهعیدجا زۆر دڵخۆشکه‌ر بوو. ڕۆژێک دوای ڕۆیشتنی باوکی به که‌شوفشی که‌سێکه‌وه که بیرێکی گه‌وره‌ی له سه‌ردایه، هه‌ستا چوو بۆ ماڵی' ئادیندا' و پلانه‌که‌ی خۆی له گه‌ڵدا باس کرد.
سهعیدجا به ئادیندای گوت: ''بیر بکه‌ره‌وه کاتێ ده‌گه‌ڕێمه‌وه ئه‌وه‌نده گه‌وره بووین بتوانین زه‌ماوه‌ند بکه‌ین، ئه‌وه‌نده‌ش پاره‌مان هه‌یه دوو گامێشانی پێ بکڕین!''
"ئه‌رێ، سهعیدجا کاتێ گه‌ڕایته‌وه خۆشحاڵ ده‌بم شووت پێبکه‌م. تا ده‌شگه‌ڕێیته‌وه، منیش 'سارۆنگ و سڵیندانگان' ده‌چنم.''
''ئه‌رێ ئادیندا، بڕوات پێده‌که‌م، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گه‌ڕامه‌وه و تۆ شووت کردبوو؟''
''سهعیدجا تۆ ده‌زانی بێجگه له تۆ شوو به که‌س ناکه‌م. باوکم به‌ڵێنی داوه به باوکت.''
''ئه‌تۆ خۆیشت؟''
''من شووت پێده‌که‌م دڵنیابه''
''که گه‌ڕامه‌وه له دووره‌وه هاوارت لێده‌که‌م.''
''کێ ده‌نگت ده‌بیستێ ئه‌گه‌ر ئێمه له برینجکوتان بین.''
'' ئه‌رێ ڕاسته، که وایه ئادیندا باشتره له نێو ئه‌و نزاره له ژێر داره' کهتاپان'ه‌که، ئه‌و شوێنه‌ی گوڵه‌که‌ت داپێم چاوه‌ڕوانیم بکه.''
'' به‌ڵام سهعیدجا، چۆن بزانم که‌ی ده‌بێ بچمه لای ئه‌و داره؟''
سهعیدجا که‌مێ بیری کرده‌وه و گوتی: '' مانگه‌کان بژمێره، به بێ ئه‌م مانگه که تێیداین، سێ‌جار دوانزه مانگ من له ده‌ره‌وه ده‌بم. بڕوانه ئادیندا، هه‌موو مانگێک له سه‌ر کۆته‌ی برینجکوتانهکهتان نیشانێک هه‌ڵکه‌نه. هه‌ر کاتێک سێ جار دوانزه نیشانه‌ت هه‌ڵکه‌ند ڕۆژی دواتر من له‌لای داره‌که ده‌بم. به‌ڵێنم ده‌ده‌یتێ له‌وێ بیت؟''
ئه‌رێ سهعیدجا له ژێر داره 'کهتاپانه'که ده‌بم له نزیک 'جاتیسهکه' کاتێ گه‌ڕایته‌وه.''
دوای ئه‌وه‌ی سهعیدجا نه‌ختێک له مێزه‌ره کۆنه‌که‌ی خۆی دڕی و دای به ئادیندا، هه‌ستا ڕۆی و 'بادوور'ی به‌جێهێشت. سهعیدجا چه‌ند ڕۆژان به‌ڕێوه بوو. له ڕانکاس ـ بهلۆنگ (Rankas-belong) که هێشتا نه‌ببوه پاته‌ختی 'لهبهک' (lebak)، تێپه‌ڕی. رۆژی دوایی له ڕێی 'واڕونگ ـ گوونۆنگهوه' (warong-goonong) گه‌یشته ماڵی یاریده‌ری فه‌رمانداری ناوچه‌که، که له نێو باخێکدا هه‌ڵکه‌وتبوو. ڕۆژه‌که‌ی تر هاته 'ساڕانگ' (sarang). له گه‌وره‌یی ئه‌و شاره و ئه‌و هه‌موو خانووه به ئاجوور دروستکراوانه‌دا سه‌ری سووڕ مابوو. هه‌تا ئه‌و کاته شتی وای به چاو نه‌دیبوو. ڕۆژێک له‌وێ مایه‌وه. چونکه زۆر ماندوو بوو. به‌ڵام له فینکایی ئێواره‌دا که‌وته‌وه ڕێ. ڕۆژی دواتر گه‌یشته ' تانگهرانگ' (tangerang). له‌وی له چۆمێکدا خۆی شۆرد و له ماڵی ئاشنایه‌کی باوکی بۆ حه‌سانه‌وه لایدا. له‌و ماڵه خانه‌خوێکه‌ی فێری کرد چۆن کڵاوی حه‌سیری، له‌وانه‌ی له مانیللا ده‌ست ده‌که‌ون دروست بکا. ڕۆژیکیش بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هونه‌ره به جوانی فێر بێت، له‌وێ مایه‌وه. چونکه بیری له‌وه کرده‌وه ڕه‌نگه دواڕۆژ به‌کاری بێت، ئه‌گه‌ر هاتوو له 'باتاویا' کاری ده‌ست نه‌که‌وت.
ئێواره‌ی ڕۆژی دواتر سپاسی خانه‌خوێکه‌ی کرد و ڕێی گرته‌وه به‌ر. هه‌ر که تاریکی داهات و که‌سی لێ دیار نه‌ما، ئەو گوڵه‌ی کە ئادیندا پێی دابوو ده‌رهێنا و به دڵێکی پڕ له خه‌مان بیری له‌وه کرده‌وه ئیتر تا ماوه‌یه‌کی زۆر ئادیندای به چاوان نابینێ.
نه یه‌که‌م ڕۆژ و نه دووهه‌م ڕۆژی هاتنی، سهعیدجا هه‌ستی به ته‌نیاییه‌که‌ی خۆی نه‌کرد بوو، ئه‌وه‌نده مێشکی به پلانه گه‌وره‌که‌ی خۆیه‌وه خه‌ریک بوو؛ پووڵ په‌یدا بکا و دوو گامێش بکڕێ، له حاڵێکدا باوکی له گامێشێک زیاتری نه‌بوو. ئه‌وه‌نده‌یش هه‌ستی به دیمه‌نی بینینه‌وه‌ی ئادیندا خرۆشابوو خه‌می جێهێشتنه‌که‌ی و ته‌نیاییه‌که‌ی خۆی له بیر چووبۆوه. ئه‌و ئادیندای به په‌رۆشه‌وه به جێهێشتبوو. له هاتنه ده‌ره‌وه‌یدا له' بادوور' که له دار 'کهتاپانهکه' تێپه‌ڕی ، تاسه‌ی بینینه‌وه‌ی دووباره‌ی ئادیندا وه‌ها دڵ و ده‌روونی گڕ دابوو، هه‌ستی ده‌کرد هه‌موو ئه‌وانه یه‌ک سه‌رچاوه‌ی خۆشین بۆ ئه‌و، هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌و سی و شه‌ش مانگه هه‌ر ئێستا به سه‌ر چووبێ و ته‌نیا ئه‌وه ماوه بگه‌ڕێته‌وه و ببینێ ئادیندا له ژێر داره کهتاپانهکهدا چاوه‌ڕوانیه‌تی. به‌ڵام هه‌ر چی زۆرتر ده‌ڕۆی زیاتر هه‌ستی به درێژی زه‌مانه‌که‌ی به‌رده‌می ده‌کرد.
شتێک له ناخیه‌وه وای لێده‌کرد زۆر هێواشتر هه‌نگاو هه‌ڵگرێ ـ له ئه‌ژنۆکانیدا هه‌ستی به ئازار و ماندوو بوون ده‌کرد، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه دڵشکاوی نه‌بوو به‌سه‌ریا زال ببوو، به‌ڵکوو ئه‌وه شیوه‌نی خه‌مه گه‌وره‌که‌ی بوو. بیری له‌وه کرده‌وه بگه‌ڕێته‌وه دواوه، به‌ڵام ئاخۆ ئادیندا چی بڵێ به‌م بێ جه‌رگی و بێ غیرهتییهی؟
که وا بوو درێژه‌ی به ڕۆیشتنه‌که‌ی دا، ئه‌گه‌ر نا به خێرایی رۆژی پێشوو. گوڵه‌که‌ی هه‌ر له ده‌ستدا بوو، جار جاره‌ش ده‌ینا به سینگیه‌وه. ئه‌و له‌م چه‌ند رۆژه‌ی ڕابردوودا زۆر پیر ببوو و نه‌یده‌توانی تێ‌بگا چۆن له پێشدا وا به ئارامی ژیابوو . ئه‌و کاته‌ی له ئادیندای نزیک بوو، هه‌ر کاتێک پێی خۆشبا ده‌یتوانی بیبینێ. ئه‌ی ئێستا ئه‌و ئارامییه‌ی بۆ بۆناگهڕێتهوه؟ له خۆی ده‌پرسی دوای خواحافیزی له ئادیندا له‌به‌رچی جارێکی تر نه‌گه‌ڕابۆوه، چاوی پێی بکه‌وێ؟
بیری هاته‌وه چۆن له‌و دواییانه‌دا له سه‌ر به‌نێک که ئادیندا بۆ کۆلاره‌ی براکه‌ی دروست کردبوو، له‌گه‌ڵیا به‌شه‌ڕ هاتبوو. به‌نه‌که زوو پسابوو، چونکه له کاره‌که‌یدا هه‌ندێ ناته‌واوی هه‌بوو. ئه‌مه ببوه هۆی دۆڕاندنی گره‌وێک که له‌گه‌ڵ کوڕانی 'جیپووردا' کردبووی.
بیری ده‌کرده‌وه'' چۆن ده‌بوو، له سه‌ر شتێکی وا له ئادیندای تووڕه بێ؟'' ئه‌گه‌ر که‌موکووڕییه‌کیش له بهنهکهدا هه‌بوو یان گره‌وه‌که‌ش دۆڕا بوو، بۆ ده‌بوو ئه‌وه‌نده نه‌زان بێ، قسه‌ی ناشیرین له زاری بێته ده‌ر؟ ئه‌ی هاتوو له باتاویا مرد، بێ ئه‌وه‌ی داوای لیبووردنی لە ئادیندا کردبێ. ئه‌مه ئه‌و ناکاته پیاو خراپ؟ کاتێک له 'بادوور' هه‌موو زانیان سهعیدجا مردوه، ناڵێن ''چاکتر که مرد ـ وا بێشه‌رمانه له‌گه‌ڵ ئادیندای ده‌دوا!''
به‌م قسانه‌وه خه‌یاڵ بردی. له پێشدا به هێواشی و بێ ئانقه‌س، دوایی به دوانێکی له‌سه‌رخۆ له‌گه‌ڵ خۆ‌یا و سه‌رئه‌نجام به گۆرانییه‌کی خمبار.
که گه‌یشته ' باتاویا' batavia چووه لای کابرایه‌کی ساماندار و داوای لێکرد وه‌ک کالیسکه‌چی ڕایگرێ. کابراش ئه‌مه‌ی له‌گه‌ڵ کرد. سهعیدجا زمانی مالایایی نه‌ده‌زانی ـ ئه‌مه‌ش بۆی به قازانج گه‌ڕا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌م زمانه‌یان نه‌ده‌زانی، وه‌ک ئه‌و که‌سانه خراپ و به‌د ڕه‌فتار نه‌بوون که له‌م زمانه تێده‌گه‌یشتن و ماوه‌یه‌کی زۆر له‌گه‌ڵ ئهورووپییاندا تێکه‌ڵ بوون. به‌ڵام سهعیدجا زوو مالایایی فێربوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕه‌فتاری جوان و ڕێکوپێک بوو. چونکه هه‌میشه له بیری دوو گامیشان بوو که ده‌یهه‌ویست بیانکڕێ.
سهعیدجا باڵای به‌رز کرد و جوانێکی به‌هێزی لێده‌رهات؛ چونکه هه‌موو رۆژێ خواردنی باشی ده‌خوارد ـ نه‌ک وه‌ک خواردنه‌کانی لای خۆیان.
له‌و ماڵه خۆشیانده‌ویست. ئه‌گه‌ر بیویستایه ده‌ستی کچی خاوهنکارهکهیشی بگرێ بێگومان ده‌ستیان به ڕووه‌وه نه‌ده‌نا.
خاوه‌ن کاره‌که‌ی زۆری خۆش ده‌ویست، هه‌ر بۆیه خێرا پایه‌ی به‌رز کرده‌وه و کردیه خزمه‌تکاری ماڵیان. کرێی ڕۆژانه‌شی بۆ زیاد کرد. هه‌میشه‌ش خه‌ڵاتی ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی پیشانبدا چه‌ند لێی ڕازییه. که‌یبانووی ماڵیش چیرۆکی 'سو‌و' (sue) ی خوێندبۆوه که بۆ ماوه‌یه‌ک زۆر باو بوو؛ هه‌میشه‌ش بیری له شازاده جاڵما (djalma) ده‌کرده‌وه کاتێک سهعیدجای ده‌بینی.
کچانی گه‌نجیش باشتر له پێشوو تێگه‌یشتن له‌به‌ر چی نیگارکێشی جاوه‌یی 'ڕادین سالح' ـradin saleh ـ ئه‌وه‌نده له پاریس سه‌رکه‌وتوو بوو.
به‌ڵام کاتێک سهعدجا پاش سێ ساڵان کار، داوای رۆیشتن و بڕوانامه‌ی خۆشرهفتاری کرد، پێیان وابوو زۆر بێ ئه‌مه‌که. دیاره ئه‌مه‌یان له‌گه‌ڵ کرد و سهعیدجا به دڵێکی خۆشه‌وه سه‌ر ڕێکه‌وت.
ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌یبرده‌وه بۆ ماڵه‌وه ژماردی. پاسپۆرته‌که‌ی و بڕوانامه‌ی کرداره‌که‌ی له لووله‌یه‌کی قامیشدا هه‌ڵگرتبوون. له تووره‌که‌یه‌کدا که به‌سترابۆوه به قایشی سه‌ر شانیه‌وه، شتێکی قورس ده‌له‌ریه‌وه و ده‌درا به شانه‌کانیدا، ئه‌مه‌ش هه‌ستێکی خۆشی ده‌گه‌یانده گیانی. سه‌یر نییه! ئاخۆ ئادیندا بڵێ چی!؟ له‌م تووره‌که‌دا سی پیاستری تێدابووـ به‌س بوو بۆ کڕینی سێ گامێشان! ئه‌مه‌ش هه‌مووی نه‌بوو: کالانیکی له زیو گیراو له‌گه‌ڵ خه‌نجه‌رێک به پشتییه‌وه بوو. ده‌سکی خه‌نجه‌ره‌که ئێجگار جوان بوو، هه‌ر بۆیه له ده‌سره‌یه‌کی هاوریشمیندا پێچابوویه‌وه. گه‌نجینه‌که‌ی هێشتا له‌مه‌ش زیاتر بوو. له توێی خاولییهکهیدا کهمهرهیهکی زیوی هه‌ڵگرتبوو، ئاڵقه‌کانی له زێڕ بوون. ڕاسته ئه‌م که‌مه‌ره کورت بوو، به‌ڵام خۆ ئادینداش باریکه‌ڵه بوو. په‌ڕی گوڵه سیس بووه‌که‌ش له کیفێکی ئاوریشمیندا له ژێر جله‌کانیه‌وه به به‌نێک به ملیه‌وه هه‌ڵواسیبوو.
زۆر سه‌یر نه‌بوو، ئه‌و ئیتر له سارانگ ڕانه‌وه‌ستا سه‌رێک له ئاشناکه‌ی بدا؛ ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌و کڵاوه حهسیرییه جوانانه‌ی دروست کردبوون! له ڕێگه‌دا زۆر که‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و کچانه‌دا قسه‌ی ده‌کرد که لییان ده‌پرسی: له‌کوێوه هاتوه و بۆ کوێ ده‌چێ. له‌و جۆره سڵاوه ئاساییانه.
ئیتر بیری نه‌ده‌کرده‌وه 'سارانگ' ئه‌وه‌نده جوانه (ئه‌و که باتاویای دیتبوو)، ئیتر وه‌ک سێ ساڵ پێش له پشت پهرژینهکانیشهوه خۆی نه‌شارده‌وه، کاتێک فه‌رمانداری بینیبوو به سواری ده‌گه‌ڕا. (ئه‌و که ئه‌و هه‌موو پیاوه گه‌ورانه‌ی له' بووتینزۆرگ' دیبوو. وه‌ک: باوه‌گه‌وره‌ی سولوی قه‌یسه‌ر). زۆر که‌میش سه‌رنجی دابوه مێژووی ئه‌مانه که به‌شێک له ژیانی ئه‌میشی گرتبۆوه و هه‌واڵی له بانتام ده‌دا.
سه‌یر نه‌بوو، چونکه ئه‌و خه‌یاڵێکی مه‌زن و به شکۆی له مێشک‌دا بوو. هێشتا زۆری مابوو بگاته ' بادوور' به چاو له نێو هه‌وره‌کانا به دوای داره کهتاپانهکهدا ده‌گه‌ڕا. وه‌ک ئه‌وه‌ی له ئاسمانا دۆزیبوویه‌وه و ئه‌و په‌یکه‌ره‌ی له باوه‌ش گرتبوو که به هیوا بوو له ژێر داره‌که‌دا بیبینێ. ئه‌و سیمای ئادیندای هێنابوه به‌ر چاو: سه‌ری، شانه‌کانی، ئه‌و باوه‌شه پۆڕه ڕه‌شانه‌ی به پشت ملیا ساف و لووس ڕژابوونه خوارێ ئه‌و لووتبه‌رزییه منداڵانه‌یه‌ی له کاتی زیز بووندا؛ سووچی لیوه‌کانی له کاتی زه‌رده‌خه‌نه کردندا، سه‌ره‌نجام مه‌مکه‌کانی، بیگومان ئێستا له ژێر چارۆکهکهیدا بههرز بوونه‌ته‌وه.
ئه‌و ده‌یتوانی بیریش بکاته‌وه ئادیندا چی ده‌ڵێ:'' به‌خێر بێیته‌وه سهعیدجا! هه‌میشه بیرم لێدهکردیهوه، له کاتی ڕستندا، له کاتی چنیندا و له کاتی برینج کوتاندا. سێ جار دوانزه نیشانم به‌م ده‌ستانه‌ی خۆم له کۆته‌ی برینجکوتانهکه هه‌ڵکه‌ند. به‌خیر بێیته‌وه سهعیدجا مێردت پێده‌که‌م.'' له هه‌موو ڕێگه‌دا ئه‌م مووزیکه له گوێیدا ده‌زرینگایه‌وه و نه‌یده‌هێشت له ده‌نگ و باسی ده‌ور و به‌ری خۆی ئاگادار بێت.
سه‌ره‌نجام 'کهتاپانهکهی' دییه‌وه، تارماییه‌کی گه‌وره و ڕه‌ش، ئه‌ستێره‌یه‌کی زۆری به سه‌ره‌وه. ئه‌وه ده‌بێ نزاره‌که‌ی 'جاتی' له نزیک داره‌که‌وه بێ، که سبه‌ی دوای ڕۆژهه‌ڵاتن ئادیندای لێ ببینێته‌وه. له‌و تاریکاییه‌دا گه‌ڕا، ده‌ستی بۆ زۆر بنکهداران برد، شوێنێکی زبر و سه‌ختی له به‌ری باشووری دارێکدا بینیه‌وه. په‌نجه‌ی خسته کونێکه‌وه که'سیپانته'(si-panteh) به چه‌قۆکه‌ی ههڵیکۆڵیبوو، بۆ ئه‌وه‌ی جنۆکه و دێ‌و و درنجی به‌دکار ، که ماوه‌یه‌ک پیش له دایکبوونی براکه‌ی، ببوونه هۆی دانئێشه و ئازاری دایکی، دوور بخاته‌وه. ئه‌وه دار کاتاپانهکه بوو که بۆی ده‌گه‌ڕا.
ئه‌رێ، له ڕاستیدا ئه‌وه هه‌ر ئه‌و شوێنه بوو که بۆ یه‌که‌مجار به چاوێکی جیاوازه‌وه ڕوانیبوویه ئادیندا. ئادیندا ئیتر جیاواز بوو له هاوڕێکانی تری. له‌و جێگه ئادیندا گوڵه‌که‌ی پیدابوو.
له بن داره‌که دانیشت. چاوی بڕیه ئه‌ستێره‌کان. یه‌که‌م ئه‌ستێره که له ئاسمان کشا، وه‌ک به‌خێرهاتنه‌وه‌ی خۆی بۆ 'بادوور' خوێنده‌وه. بیری له‌وه کرده‌وه: ئاخۆ ئادیندا نووستبێ؟ ئاخۆ ژماره‌ی مانگه‌کانی له‌سه‌ر داره‌که ڕاست هه‌ڵکه‌ندبێ؟ چه‌ند ناخۆشه ئه‌گه‌ر مانگێکی له‌بیر چووبێ، وه‌ک ئه‌وه‌ی سی و شه‌ش مانگ به‌س نه‌بێ! ده‌بێ' ساڕۆنگ و سلیندانگی' جوانی دروو بێ؟ له ماڵه بابی ده‌بێ ئێستا کێ مابێ؟ دوایی بیری چوو بۆ منداڵی خۆی، بۆ لای دایکی، بۆ گامێشهکهیان، که چۆن له‌و به‌بره ڕزگاری کرد. ئه‌گه‌ر گامیشهکه ئه‌وه‌نده به‌وه‌فا نه‌بوایه، ئاخۆ ئادیندا چیی به‌سه‌ر ده‌هات؟
ئاگای لێ‌بوو ئه‌ستێره‌کان یه‌ک یه‌ک له چاو ون ده‌بوون. هه‌ر ئه‌ستێره‌یه‌کیش که ئاوا ده‌بوو، لێکیئهداوه چه‌ند له ئادیندای نزیک بۆته‌وه. دڵنیا بوو که ڕۆژ بۆوه له‌گه‌ڵ یه‌که‌م تیشکی خۆردا ئادیندا خۆی ده‌گه‌یه‌نه‌ته ئه‌وێ. ئه‌ی بۆ ڕۆژی پێشووتر نه‌هاتوه؟
سهعیدجا دڵی هاته ژان، بۆ ئادیندا چاوه‌ڕوانی ئه‌و ده‌مه خۆشه‌ی نه‌بووه، ده‌مێک که بۆ ماوه‌ی سێ ساڵان به شیوه‌یه‌ک که نایه‌ته باس، دڵی ئه‌وی هیوادار و گه‌شاوه ڕاگرتبوو. هه‌ق وابوو ئادیندا چاوه‌ڕوانی بێ. به‌مجۆره سهعیدجا که هێشتا خۆر به‌رز نه‌بووبۆوه، به ناڕه‌وا له‌گه‌ل دڵی خۆ‌یا سکاڵای ده‌کرد.
ئه‌ستێره‌کان له ڕهنگپهڕیندا بوون. ڕهنگانێکی سه‌یر و نامۆ به سه‌ر لووتکه‌ی چیاکانه‌وه بوون، که تاریک‌تر به‌ر چاو ده‌که‌وتن به‌رانبه‌ر به‌و شوێنانه‌ی تر که ڕوون ببوونه‌وه.
لێره و له وێ شتیک له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه ده‌دره‌وشایه‌وه ـ تیشکی زێڕین و ئاگرین له ئاسۆوه ده‌رده‌چوون و خێرا له چاو ونده‌بوون. وادیاربوو ده‌که‌وتنه پشت ئه‌و دیواره سه‌خته‌ی که خۆری شاردبۆوه.
ده‌ور و پشت ورده ورده ڕوون و ڕوونتر ده‌بۆوه: ئێسته سهعیدجا ئه‌و ده‌شت و ده‌ره‌ی ده‌بینی و ده‌یتوانی ئه‌و به‌شه له نزاره‌که، که 'بادوور' له پشتییه‌وه هه‌ڵکه‌وتبوو بناسێته‌وه. ئادیندا له‌وێ خه‌وتبوو.
نا، بیگومان نه‌خه‌وتووه! چۆن ده‌توانێ بنوێ؟ نازانێ سهعیدجا چاوه‌ڕێیه‌تی؟ به دڵنیاییه‌وه شه‌وگاری دوێشه‌و خه‌و نه‌چۆته چاوی. کێشکی شه‌و له ناو دێ له درگای ماڵیانی داوه و پرسیویه بۆ چی تا ئه‌م دره‌نگانه چراکه‌ی هه‌ر ده‌گڕێ. ئه‌ویش به‌ده‌م زه‌رده‌خه‌نه‌وه وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه، ئاخر به‌ڵێنی داوه پێش یه‌که‌م ڕۆژی مانگی تازه سلاندرێک بچنێ و ئاماده‌ی بکا. یان ڕهنگهههموو شه‌ویش به تاریکی له دیوی برینجکوتانهکه دانیشتبێ و به په‌رۆشه‌وه سی و شه‌ش نیشانه‌ی به قامک ژماردبن. یان له‌وانه‌یه خۆی به‌وه خه‌ریک کردبێ، وا پیشان بدا له ژماردنا به هه‌ڵه چووه و هه‌ر جاره سه‌رله‌نوێ نیشانه‌کان ژمارهبکاتهوه و خۆشحاڵ بێ له دڵنیابوونهکهی که سی و شه‌ش مانگ هات و ڕۆیشت به سه‌ر ئه‌و کاته‌ی سهعیدجا به‌جێی هێشتبوو.
ئێسته وا هه‌وا ڕوون ده‌بێته‌وه، ئادیندا ده‌بێ خۆی به شتی هیچ و پووچه‌وه خه‌ریک کردبێ و جار جار به دوای خۆرا چاویک به ئاسۆدا بگێڕێ، تهمبهڵهی خاو و خلیچکه!
هۆ ئه‌وه هه‌وران تیرۆژی خۆریان لێدرا، هێڵیکی سووری ئاماڵ شین که‌ناری هەورەکانی ئاسۆی ڕوون کردەوە. تیشکی ئاورین هه‌ر به‌رز و به‌رزتر ده‌بنه‌وه و ده‌ڕژێن به‌سه‌ر زه‌ویدا و ئاسمانی به‌رینی زه‌وی ڕوون دەکەنەوە. وەی خوای ئاسمانان ئەوە بەرەبەیانە! ئادیندا!
سەعیدجا قەت فێر نەببوو نوێژ و نزایان بکا، حەیفیش بوو ئەمانەی فێرکەی: نوێژکەرێکی دیندارتر لەو، و دڵ و دەروونێکی پێزان و ئەمەکناستر لەو، هەر نابێ. ئەو له بن داره کهتاپانهکه دانیشت، چاوی به ده‌وروبه‌ردا گێڕا، سروشت به‌ده‌میه‌وه پێده‌که‌نی، وه‌ک چۆن دایکێک به‌خێرهاتنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌که‌ی بکا. سهعیدجا به بینینه‌وه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی ژیانی ڕابردوویان ده‌هێناوه بیری زۆر دڵشاد بوو. ئه‌گه‌ر چی چاو و بیری به‌ملاولادا ده‌خولانه‌وه، به‌ڵام هه‌ر هه‌میشه به په‌رۆشه‌وه ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ لای ئه‌و ڕێگایه‌ی له 'بادوورهوه' ده‌هات بۆ لای ئەوداره کهتاپانهه و هه‌موو هۆشی به‌لای ئادینداوه بوو. له ده‌سته چه‌پیه‌وه چاڵێکی قووڵی بینی، خاکه‌که‌ی زه‌رد بوو. ئه‌و شوێنه که جارێکیان جوانه گایه‌کی تێکه‌وتبوو؛ هه‌موو خه‌ڵکی ئاوایی به گوریسی ئه‌ستووره‌وه هاتنه خواره‌وه. باوکی ئادیندا ئازاترینی ئه‌م ده‌سته‌ی فریاکه‌وتنه بوو، ئادیندا به ده‌سته‌کانی خۆی چه‌ند چه‌پڵه‌ی بۆ لێدا! نه‌ختێ دوورتر له‌و، به‌ره‌وه لای ئه‌و کۆمه‌ڵه دار کاکاووانه،که گه‌ڵاکانیان به‌لای دێ‌دا ده‌شه‌کێنه‌وه،' سی ـ پانتا' له دارێک که‌وتبوه خوار و مرد. ئای دایکی چه‌ندی بۆ گریا ـ ئه‌و ده‌یگوت، له‌به‌ر ئه‌وه بۆی ده‌گری: چونکه' سی ـ پانتا' زۆر منال بوو. وه‌ک بڵێی خه‌فه‌تی که‌متر ده‌بوو ئه‌گه‌ر گه‌وره‌تر بوایه! له ڕاستیدا ' سی ـ پانتا' مناڵ بوو، مناڵتر و ناسک‌تر له ئادینداش.
له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگایه‌ی له' بادوورهوه' ده‌هات بۆ لای داره‌که که‌س دیار نه‌بوو. سهعیدجا له‌به‌ر خۆیه‌وه وتی: زۆری پێناچێ ده‌گاتێ، هێشتا زۆر زوویه.
له‌م کاته‌دا سمۆره‌یه‌ک به بنکه دار نارگیلێکدا به قه‌ڵه‌مباز به‌بێ ماندوو بوون ده‌هات و ده‌چوو. سهعیدجا جووڵه‌ی له خۆی بڕی، بۆ ئه‌وه‌ی جوان سه‌یری بکا. به‌مکاره‌ی بیره‌کانی خۆی که له به‌یانییه‌وه پێیانه‌وه خه‌ریک بوو هێناوه سه‌رخۆ. دواییش به گۆرانی ڕژانه ده‌ر.
هێشتا که‌س له‌سه‌ر ڕێگاکه نه‌ده‌بینرا. ئه‌مجا چاوی به په‌پووله‌یه‌ک که‌وت، که له‌و گه‌رما ڕوو له زیاد بوونه‌ی به‌یانییه‌دا به‌ملاولادا ده‌فڕی. ئێستاش هه‌ر که‌س له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگایه دیار نه‌بوو... که‌س.
ده‌بێ ده‌مه‌و به‌یانی خه‌وی لێکه‌وتبێ، بێزار و ماندوو بووه له‌و شه‌ونخوونی و جاوهڕوانییانهی ئه‌م شه‌وانه. حه‌وتوویه‌که نه‌نووستوه. ئه‌وه بۆیه!
هه‌ڵسێ و بچێ بۆ ' بادوور'؟ وه‌ک ئه‌وه‌ی گومانی بۆ هاتبێته پێش له هاتنه‌که‌ی... ئه‌و پیاوه هۆ له‌وێ زۆر دووره و سهعیدجا پێی خۆش نه‌بوو له باره‌ی ئادیندا له‌گه‌ڵ که‌س قسه بکا. ئه‌و ده‌یهه‌وی به ته‌نیا بیبینێ. به دڵنیاییه‌وه زوو دێت! ده‌بێ چاوه‌ڕوان بێت...
به‌ڵام چی ئه‌گه‌ر نه‌خۆش بێ ـ یاخۆ مردبێت؟
وه‌ک ئاسکه نێری له پڕ بزوا و به‌ره‌و دێ که‌وته ڕێ. ئه‌و نه هیچی ده‌بینی و نه هیچی ده‌بیست. به‌شێوه‌یه‌کی ئاسایی ده‌نگیک ده‌هاته گوێی، چونکه چه‌ند که‌سێک له‌به‌ر دێ، له‌سه‌ر ڕێدا ڕاوه‌ستا بوون و بانگیان ده‌کرد سهعیدجا، سهعیدجا.
ئه‌مه ئاره‌زوو یان حه‌زی زۆری ئه‌و بوو یان چی، که ڕێگر بوو له دۆزینه‌وه‌ی ماڵی ئادیندا؟ ڕای‌کرد بۆ ئه‌و سه‌ری دێ، له‌و سه‌ره‌وه وه‌ک شێتان گه‌ڕابۆوه . له نائومیدیدا ده‌یدا به سه‌ری خۆیدا و وایده‌زانی له ماڵیان تێپه‌ڕیوه. به‌ڵام هه‌ر زوو خۆی له ڕێگای پشت دێوه بینیه‌وه. ئه‌مه خه‌ون بوو! دیسان ماڵه‌که‌ی نه‌دۆزیه‌وه. جاریکی تر گه‌ڕایه‌وه دواوه . له ناکاو ئارام و بیده‌نگ ڕاوه‌ستا و سه‌ری خۆی به هه‌ر دوو ده‌ستان گرت و گووشی. وه‌ک ئه‌وه‌ی بیهه‌وێ کاسی و وڕی له سه‌ریدا ده‌رکا.
''سه‌رخۆشم، سه‌رخۆش!'' ئه‌و به ئازاره‌وه هاواری کرد. ''من سه‌رخۆشم!''
ژنانی بادوور له ماڵ هاتنه ده‌ر، به په‌ژاره‌وه سه‌یریان کرد سهعیدجا له‌وێ ڕاوه‌ستاوه. ژنان ده‌یانزانی ئه‌و بۆ ماڵی ئادیندا ده‌گه‌ڕێ، که له‌مێژ بوو ماڵیان له‌وێ نه‌مابوو.
کاتێ گه‌وره‌ی 'پاڕانگ ـ گووجانگ' (parang-goodjang) گامێشهکهی باوکی ئادیندای بردبوو، دایکی ئادیندا له خه‌فه‌تا مرد. خوشکه گچکه مناڵکهیشی هه‌ر دوای دایکی مرد، چونکه که‌س نه‌بوو مه‌مکی بداتێ. بابی ئادینداش له ترسی سزای نه‌دانی باجی زه‌ویه‌که له ناوچه هه‌ڵاتبوو و ئادیندا و براکانیشی له‌گه‌ڵ خۆ‌یا بردبوون. ئه‌و بیستبووی که چۆن باوکی سهعیدجا له 'بوتهنزورگ' به شه‌لاق لێدان سزا درابوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که بادووری به‌بێ پاسپۆرت به‌جێهێشتبوو.
هه‌ر بۆیه ئه‌و نه‌چووبوو بۆ' بوتهنزورگ'، بۆ پرینگان(preangan) و 'بانتام' (bantam) یش هه‌ر نه‌چووبوو. یه‌کسه‌ر ڕایکردبوو بۆ 'جیلانگاهان' له‌سه‌ر سنووری ده‌ریا. له‌وێ له نێو جه‌نگه‌ڵدا خۆی شاردبۆوه و چاوه‌ڕوانی هاتنی: 'پائینتۆ' 'پالونتا'، 'سی ـ پانتا'، ' پا ـ ئانسیڤ'، 'عهبدولئهسما' و ئه‌وانی تر که گه‌وره‌ی ـ پارانگ کوجانگ ـ گامێشهکانیانی بردبوون، مایه‌وه. هه‌موو ئه‌مانه له‌به‌ر نه‌دانی باج و پیتاکی زه‌وی له سزادان ده‌ترسان.
شه‌و له‌وی هه‌ر چی‌یان هه‌بوو هه‌ڵیانگرت و به سواری که‌شتییه‌کی ماسی گرتن به‌ره‌و ڕۆژاوا تا ئه‌وسه‌ری جاوه ئاژووتن. له‌وێوه به‌ره‌و باکوور لایاندا تا دوورگه‌ی 'پرینس'یان لێده‌رکه‌وت. به که‌ناری رۆژهه‌ڵاتی ئه‌و دوورگه‌دا روویان له 'لامپوون' نا. ئه‌مه لانی که‌می ئه‌و شته بوو که خه‌ڵکی 'لهباک' ـlebak ـ به گوێی یه‌کتریان ده‌چرپاند کاتێک گرفتێک له‌باره‌ی گامیشهکان یان باج و پیتاکی زه‌ویه‌کانیان بۆ پێش ده‌هات.
سهعیدجا به ئاسته‌م ده‌یتوانی تێ‌بگا ئه‌و خه‌ڵکه چیی پێ ده‌ڵێن. وزهوزێ له گوێی ده‌هات، وه‌کوو زه‌نگێ له مێشکیدا ده‌نگ بداته‌وه. هه‌ستی ده‌کرد خوێن له لاجانگیدا پرتهپرتیهتی و سه‌ری خه‌ریکه شه‌ق ده‌با. هیچی نه‌ده‌گوت، به واق و وڕماوییه‌وه به‌ملاولادا ده‌یڕوانی و هیچی نه‌ده‌دی. سه‌ره‌نجام به شێوه‌یه‌کی ترسناک دایه قاقای پێکه‌نین.
پیرێژنێک بردیه‌وه بۆ ماڵه‌که‌ی خۆی. ئه‌و به‌زه‌یی هات به‌م بهسزمانهدا. دوای ماوه‌یه‌ک پیکه‌نینه‌که‌ی هێواش بۆوه، به‌ڵام هێشتا قسه‌ی بۆ نه‌ده‌کرا. ئه‌و شه‌وه خێزانی ئه‌و ماله له‌به‌ر ده‌نگه ده‌نگی سهعیدجا خه‌ویان لینهکهوت. سهعیدجا هه‌تا به‌یانی یه‌کنه‌وا گۆرانی گوتن: ''نازانم له کوێ ده‌مرم.''
چه‌ند که‌سێک له خه‌ڵکی دێ، نه‌ختێ پاره‌یان کۆ کرده‌وه که قوربانییه‌ک به 'کوروکودیل' پێشکه‌ش بکه‌ن، به‌ڵکوو سهعیدجا که وایان ده‌زانی مێشکی تێکچووه، چاک بێته‌وه.
به‌ڵام ئه‌و شێت نه‌ببوو، بۆیه له شه‌وێکی مانگه‌شه‌ودا له جێگاکه‌ی هه‌ستا، به‌بێ چرپه هاته ده‌ره‌وه. چوو بۆ ئه‌و شوێنه‌ی ماڵی ئادیندای لیبوو. به‌ڵام په‌یدا کردنی خانووه‌که‌ی باوکی ئادیندا کاریکی هاسان نه‌بوو، چونکه زۆر له ماڵه‌کان ڕووخابوون. سهعیدجا له‌به‌ر تیشکی مانگه‌شه‌و که له نێو داره‌کانه‌وه ده‌هاتن شوێنه‌که‌ی ناسییه‌وه ـ هه‌ر وه‌ک چۆن ده‌ریاوانان رێگا و شوێنی خۆیان به فانۆسی ده‌ریایی و لووتکه‌ی كێوهکانا ده‌ناسنه‌وه ـ ئه‌وه ئه‌و شوێنه بوو که ئادیندای لێ ده‌ژیا.
به لاره لار و سهرسمدان به سه‌ر له‌ت و په‌تی بانی ڕماو و چرپ و چاڵه نیوه ڕزیواندا، ڕێگای خۆی بۆ ئه‌و شوێنه پیرۆزه کرده‌وه که بۆی ده‌گه‌ڕا. چه‌ند دانه‌یه‌ک داری پاشماوه‌ی په‌رژینه‌که‌ی دییه‌وه که هێشتا به پێوه مابوون. ئه‌وه ژووری ئادیندا بوو. ئه‌و سنگه قامیشه‌ی شه‌وانه له کاتی حه‌وانه‌وه‌دا، ئادیندا جله‌کانی خۆی پێدا هه‌لده‌واسی هه‌ر مابوو. دیواره‌کانی خانووه‌که ببوونه تۆز. مستێ له‌و خۆڵه‌ی هه‌ڵگرت و بردی بۆ لێوی و به هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵ هه‌ڵیمژی.
ڕۆژی دوایی له پیریژنهکهی پرسی ژووری برینجکوتانهکهی ماڵی ئادیندا له کوێیه. پیرێژن خۆشحاڵ له‌وه‌ی سه‌ره‌نجام هاتۆته‌وه زمان، ڕای‌کرد بۆ نێو دێ، بۆ ئه‌وه‌ی پاشماوه‌ی ژووره‌که‌ی بۆ وه‌دۆزێ. خاوه‌نی تازه‌ی ماڵه‌که‌ی به سهعیدجا پیشاندا. سهعیدجا به‌بێده‌نگی وه‌دووی که‌وت. هاته سه‌ر ژووره‌که ، سی و دوو نیشان له کۆته‌ی برینجکوتانهکه هه‌لکه‌ندرا بوو.
سهعیدجا چه‌ند پیاسترێکی که بۆ کڕینی گامێشێک به‌س بوو، دای به پیرێژن و ڕۆی و بادووری به‌جێهێشت. له جیلانگاهان به‌له‌مێکی ماسیگرتنی کڕی، دوای دوو ڕۆژان گه‌یشته دورگه‌ی' لامپوون'. له‌وێ شۆڕشگێڕان دژی ده‌سه‌ڵاتی هۆڵه‌ندا هه‌ستا بوون.
سهعیدجا چووه نێو ده‌سته‌یه‌ک له سه‌بازانی بادوورهوه، زیاتر به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ئادیندا تا شه‌ڕ کردن؛ سهعیدجا به سروشت کوڕێکی دڵنه‌رم بوو. ده‌یهه‌ویست کۆتایی به خه‌م بێنێ نه‌ک تاڵی خه‌فه‌ت بخوڵقێنێ.
ڕۆژێکیان دوای ئه‌وه‌ی شۆڕشگێڕان له شه‌ڕێکدا تووشی شکان ببوون، سهعیدجا له گوندێکدا که تازه له‌شکری هۆڵه‌ندی گرتبوویان و ئاگریان تێبه‌ردابوو ده‌گه‌ڕا. سهعیدجا بینی ئه‌و پێشمه‌رگه شکاوانه زیاتریان خه‌ڵکی' بادوور' بوون. وه‌ک خێو به نێو ئه‌و خانوانه‌دا که هێشتا نه‌سووتابوون ده‌گه‌ڕا. له یه‌کێک له‌و خانوانه‌دا لاشه‌ی مردووی باوکی ئادیندای بینیه‌وه. برینێکی ڕمی تفه‌نگی به سه‌ر سینگه‌وه بوو. له ته‌نشتییه‌وه ته‌رمی سێ براکه‌ی ئادیندا که‌وتبوون، که هێشتا زۆر منداڵ بوون. نه‌ک زۆر دوور له‌وانیشه‌وه ته‌رمی ئادیندا به‌ڕووتی که‌وتبوو، که به شێوه‌یه‌کی ترسناک که‌له‌لا کرابوو. په‌ڕۆیه‌کی که‌تانی شین خرابوه کونی برینه‌که‌ی سنگی. دیار بوو دوای پهلقاژهیهکی زۆر کۆتایی به ژیانی هاتبوو.
سهعیدجا چوو بۆ لای چه‌ند سه‌ربازێکی هۆڵه‌ندی که شۆڕشگێڕانیان ـ ئه‌وانه‌ی که مابوون ـ به‌رده‌م خۆیان دابوو و ده‌یانبردن بۆ نێو ئاوری ئه‌و خانوانه‌ی که ده‌سووتان. سهعیدجا چووه به‌رده‌م یه‌ک له‌و سه‌ربازانه و سنگی خۆی نا به نووکی سهرهنێزهکهیهوه. به هه‌موو هێزی، پاڵی خۆی نا بۆ پێشه‌وه تا ده‌سکی نیزهکه له سنگیا نوقم بوو.
زۆری پێنه‌چوو له ' باتاویا'به بۆنه‌ی ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌وه شاییه‌کی گه‌وره‌یان گێڕا. مه‌دالیای شانازییان به له‌شکری هۆڵه‌ندی ـ هیندی به‌خشی. حکوومه‌ت نووسی: هێمنی ئارامی گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ' لامپوون'. شای هۆڵه‌ندا له ڕێگای کاربه‌ده‌ستانیه‌وه دووباره پاداشی ئه‌م هه‌موو قاره‌مانیه‌تییه‌ی به فه‌رمانی خه‌ڵاتی شاسواری دانه‌وه.