فەڕۆخ نێعمەتپوور
بۆ پاییز، مامۆستا لەبەر تەختەڕەشەکە بە دارەکەی دەستی ئاماژە بە نەقشەی دونیا دەکا و، دەڵێ ئێرە رۆژهەڵاتە، ئێرە رۆژئاوا، ئێرە باکوورە و ئەوێیش باشوور. من بیری ئەو رۆژەی هاوین دەکەمەوە، دەست هەڵدەبڕم و دەپرسم داخۆ ئەگەر فڕۆکەیەک لە پشت دیوارەکەی ماڵی ‘خا سوعدا’وە بەرەو ماڵی حاجی برایمی بەزاز بفڕێ، لە رۆژهەڵاتەوەیە بەرەو رۆژئاوا، یان بەپێچەوانەوە؟ هێشتا پرسیارەکەم تەواو نەبووە کە منداڵ دەستدەکەن بە پێکەنین. مامۆستا تووڕەدەبێ و، بێدەنگیان دەکا. پاشان بە تاوانی پرسیاری بێ ئەدەبانە دەمباتە بەر تەختە رەشەکە، رێک لە ژێر نەقشەی دونیا چەند شووڵی چاکم تێدەسرەوێنێ و لە پۆل دەرم دەکا. کاکی مودیریش دەمنێرێتەوە بۆ ماڵەوە و، دەڵێ دەبێ بۆ سبەی لەگەڵ باوکم بێمەوە.