فەڕۆخ نێعمەتپوور
ئەوەی وا منداڵترە، دەستی دەکا بە کەپری چاوەکانی و هەوڵدەدا تا چاو بڕدەکا لە دیمەنەکەی بەردەمی خۆی بڕوانێ. یەکەم جارە دەگاتە ئێرە و لێرەوە سەیری سروشت دەکا. هەموو شتێک چەند کتوپڕ جۆرێکی تری لێدێت. بێکۆتایی وەک رۆحێکی سامناک و لە هەمان کاتدا سەرنجڕاکێش بە دەروونیدا دەچێتەخوارەوە. ئەوی تر دەڵێ چۆنە، ها پێت چۆنە… خۆش نیە… جوان نیە؟ ئەم جارێکی تر چاو بە دیمەنە بێکۆتاییەکەدا دەگێڕێتەوە. ئەوسا بێ ئەوەی جواب بداتەوە تەنیا لێی دەڕوانێ. ئەویش کە وەک بڵێی بۆی گرینگ نەبووە وەڵامی بدەنەوە یان نا، بە دەنگی بەرز دەڵێ مەحشەرە… مەحشەر! من کە قەت لێی تێرنابم! گەر بە من بێت هەر ئا لێرە لەسەر ئەم بڵینداییە خانوویەک درووستدەکەم و، بۆ هەمیشە لێرە دەژیم. چی لەمە خۆشتر!